بەداخەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران شەڕی وێرانکاری دەکات
21/03/2026
ئەوەی کە حوکمڕانانی ئێران لە ئێستادا دەیکەن شەڕی وێرانکاری ، شەڕی کاولکاری فەرهەنگ و سروشت و سەراپای دامەزراوە کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پیشەسازییەکانییەتی . شەڕێکی دۆڕاو دەکات کە لە پێناوی مانەوەی خۆیدا ئامادەیە قوربانی بە هەموو شتێك بە خاك، بەگەل، بە سروشت، بە فەرهەنگ بە هەموو شتیکی دیکە دەدات، تەنانەت ڕەنگە دوو تا سێ نەوەی داهاتوو گرفتاری دەردی کوشندەی شێرپەنجە بن بەهۆی ئەم هەموو باروت و کیمیاوی پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەمینەوە و هەروەها گەر شەڕەکە دەوام بکات بە بۆمباردکردنی شوێنە ئەتۆمییەکان ڕەنگە مادە تیشکدەرەکان دزەبکەن. بەداخەوە ئەو وڵاتە جوانە کە نیمچە کیشۆرێکە بۆ خۆی بووەتە مەیدانی شەڕی نێوانی سێ ئەهریمەنی سەرەکی ، سێ دیکتاتۆری بەدناو ، سێ کوشندەی بێ باك لە هیچ شتێك .
شەڕەکە ئەوە بە دەیەها جار دەسەلمێنیتەوە کە دیکتاتۆرەکان لە پێناوی مانەوەیان و دەستبەردارنەبوونی دەسەڵات باك و سۆز و پەرۆش ڕۆحی مرۆڤبوون لە ناخیاندا بزرە، شەڕێک دەبەن بەڕێوە یاخود ئیدارە دەدەن کە مانەوەی سیستەمی جەنگ و هەژاری و کۆچکردن و هەڵکەندن لە زێدی باوباپیران و لەیەك دابڕان و کوشتن و بڕین و زۆری ترە.
من تا سەر ئێسقان دژ بە شەڕم و ئەوەش دەزانم کە هیچ وەختێك هێزی داگیرکەر نەك هەر دیمۆکراتی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی و دادووەری کۆمەڵایەتی بۆ گەلی داگیرکراو ناهێنێت، بەڵکو بەشێکی نەوەکانی داهاتووش بە ئیفلیجی و کەمئەندامی دو بێ باوك و برا دێنێتە بوون .
ئەوەی لە ئێستادا ئاشکرایە حوکمڕانانی ئێران لە نێوانی دوو بژاردەدان : یەكەم: دەستبەرداربوونی دەسەڵات و ڕادەستبوونی ئەمری واقیع. دوو: مانەوەیا بە لاوازی و زەلیلی و بێ دەسەڵاتییەك کە دەبێت مل بدات بە هەموو مەرج و داخوازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا. لە نێوانی دوو بژاردەی خراپدا بەڵام یەکێکیان خراپترینیانە کە تیاچوونی خۆیان و بەشێکی زۆری خەڵکەکەشیانن.
بۆ خودی سەرکردە و ڕابەر و جێنڕاڵەکان 47 ساڵە دەیخۆن و لە هیچیان کەم نەبووە، گرنگ نییە ئێستا ئەگەر بیشڕۆن زەرەریان نەکردووە ناکەن ئەوەی کە زیان لێکەوتوی سەرەکیییە خەڵکی هەژار و چەوساوە و زەحمەتکێشی ئێرانن کە 47 ساڵ و چەند ساڵی دیکەی ئایندەش هەر باجە قورسەکە دەدەن . ئەم خەڵکە بە ڕۆیشتنی ئەمانیش رەنگە ئەگەر خراپتریان لە خەڵکی عێراق لە سای حوکمێکی دیکە بەسەر نەیەت ئەوە ڕەنگە هەر وەکو ئەمان بن .
زۆر بە داخەوەم بۆ گەلی ئێران بە هەموو نەتەوە و کەمایەتییە نەتەوەیەکانییەوە ، دڵ و هۆش و بیرم زۆربەی وەخت لە لایانە و هیوادارم ئەم شەڕە بەزوترین کات کۆتایی بێت ، لای من گرنگ نییە کێ و چ لایەکیان سازش بۆ ئەوی تریان دەکەن ، چونکە لایەنگری هیچ لایەکیان نیم ، ئەوەی کە بۆ من گرنگە وەستانی شەرەکەیە.