شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی دره‌نگ یاخود زوو ، باکوری کوردستان، ڕاده‌ماڵێت
زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
20/11/2014
ئه‌مه‌ی له‌م وتاره‌دا دێت به‌رئه‌نجامی هه‌فته‌یه‌ك بینینی بارودۆخی ئێستای کوردستانی تورکیایه (باکوری کوردستان) که له‌گه‌ڵ 4 که‌سی دیکه‌دا، دوو پیاو و ژنێکی نقابی و ژنێکی فێمێنیستی ئه‌نارکست هاوکات چالاکوانێکی نقابیشه که له ڕۆژی 02/11/14 چوین بۆ ئه‌وێ. چونمان بۆ کوردستانی باکور کهمپپهینێك بوو له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا که له لایه‌ن که‌مپی ئاشتی له کوردستان و پارتی دیمۆکراتی خه‌ڵک و کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیمۆکراسی، ڕیکخرابوو، که له هه‌ر وڵاتێک کۆمه‌ڵێك له چالاکوانی سیاسی و نقابی بۆ بینین و ئاشنابوون به بارودۆخه‌که و به مه‌به‌ستی کردنی که‌مپه‌ینی یارمه‌تیدانی هه‌مه‌جۆره به تایبه‌ت له‌یارمه‌تیدانی ئاواره‌کانی شه‌نگاڵ و کۆبانیدا، ڕێکخرابوو.
له سه‌فه‌ره‌که‌ماندا خه‌ڵکانێکی زۆرمان دیت و کۆبونه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵ لایه‌نگه‌لێکی زۆری وه‌کو : پارتییه سیاسییه‌کان، نقابه‌کان ، هاوسه‌رۆکی شاروانی ئامێد و شاری سروس (Suruc ) ی دهمسنوری کۆبانی ، لیژانه مرۆییه‌کانی هاوکاری و یارمه‌تیدانی که‌مپه‌کانی په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان، گونده‌کانی سه‌ر سنوری کۆبانی، نوێنه‌ره‌کانی بزونته‌وه‌ی ئازادی دیمۆکراسی ئافره‌تان، کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ ، نوێنه‌ره‌کانی پارتی دیمۆکراتی ناوچه‌که، کۆمه‌ڵه‌ی پارێزه‌رانی ئامێد و دواتریش دانیشتن له‌گه‌ڵ فیدراسوێنی خانه‌وادانی به‌ندکراوان.
له داننیشتنهکانماندا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکان و سه‌رجه‌می ئه‌و ده‌زگایانه‌ی سه‌ره‌وه ته‌واوی ئازدی و سه‌ربه‌ستیمان له کردنی پرسیاری په‌یوه‌ست به بارودۆخه‌که و به‌رپرسیارییان و هه‌روه‌ها چۆن ڕوبه‌ڕوی کێشه‌کان و پلانی ئێستا و داهاتویان، ده‌بنه‌وه ، هه‌بوو .
گومان له‌وه‌دا نه‌بوو که هه‌ر یه‌که‌و لایه‌نێك له‌و ڕێکخراو و دهزگهیانهی که له سه‌ره‌وه ناوم هینان ، له ئه‌رك وکار و به‌رپرسیاریدا قورساییه‌کی زۆریان له‌سه‌ر شان بوو، له‌وانه : بێ پاره‌یی ، که‌می ژماره‌ی یارمه‌تیده‌ران و هاوکاریکردن له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌نده‌وه ، لایه‌نێکی دیکه‌ی کێشه‌کانیان، بوون . هه‌بوونی ئه‌م کێشانه‌ش ، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌م هۆکارانه‌ی خواره‌وه:
- هێڕشی داعش له شه‌نگال و کۆبانی گه‌وره‌ترین کێشه‌ی له ناوچه‌که‌دا دروستکردوه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی هاتنی ژماره‌یه‌کی زۆر له ئاواره‌کانی ئێزیدیییه‌کان و کانتۆنی کۆبانییه‌وه ، که له خۆیدا کێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و دهزگهیانهی سه‌ره‌وه دروستکرده‌وه
- هێواشی پرۆسه‌ی ئاشتی نێوانی په‌که‌که و حکومه‌تی تورکیا ، که له حاڵی حازردا ئه‌و پرۆسه‌یه له خانه‌ی ڕاوه‌ستاندایه . ئاشکرایه ئه‌مه‌ش خه‌ڵکی توڕه و بێ ئومێد و هیوابڕاو کردووه
- به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕ له کۆبانیدا یانی به‌رده‌وامبوونی کوشتن و هه‌ڵکه‌ندنی زیاتری خه‌ڵکی له شوێنه‌کانی خۆیان، ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که هیچ نیشانه‌یه‌کی تێکشکانی داعش به ئاشکرا، دیارنییه ، هاوکاتیش به‌ڵگه‌ی هاوکاری و یارمه‌تیدانی حکومه‌تی تورکیا بۆ داعش له ئارادایه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ڕۆڵی خۆیان له خۆپیشاندانه‌کان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زاییه‌کاندا، ده‌بینن ، که پۆلیسی ڕژێمیش به دڕنده‌ترین شێوه وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش بارودۆخه‌که ئاڵۆزتر و شلۆقتر ده‌کات
گرنگتیرین تێبینیمان بۆ بارودۆخه‌که ئه‌وه بوو که چه‌نده‌ها ده‌زگه و لیژان و گروپی دیکه له شوێن و کاتی جیا جیادا دروستبووبون که سه‌ربه‌خۆ له ده‌زگه ده‌وڵه‌تییه‌کان، کاره‌کانی خۆیانیان ئه‌نجامده‌دا. هه‌ندێك له‌مانه له کۆنداو هه‌ندێکی دیکه‌یان له‌م دوو سێ ساڵانه‌ی پێشوودا دامه‌زرابوون . هه‌ر یه‌که‌ش له‌مانه بۆ پێشه‌وه‌چونی کۆمه‌ڵ و به‌ره‌و سه‌قامگیرکردنی بارودۆخه‌که ، بۆ به‌رپاکردنی ئاشتی، ئازادی، دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ، مافی مرۆڤ، کاری جددیان ده‌کردو هاوکاتیش په‌یوه‌ندی پته‌و و هاوکاری پێویست، له نێوانیاندا هه‌بوو.
زۆربه‌ی زۆری ئه‌م ڕێکخراو و کۆمه‌ڵانه به زۆره‌ملێی یا خۆسه‌پاندن، دروستبووبوون ، واته خۆیان، خۆیان به‌سه‌ر بارودۆخه‌که و حکومه‌تی ناوه‌ندیشدا، سه‌پاندبوو. ئه‌مه‌ش هۆکاری بینین و هه‌بوونی ئه‌و کرژی و ئاڵۆزییه بوو که له نێوانی ئه‌وان و حکومه‌تی تورکیادا، هه‌بوو. جێگای سه‌رسوڕمان نییه بگره له بارێکیشدا مایه‌ی خۆشحاڵیه ، که ده‌بینیت په‌یوه‌ندی له نێوانی والی شاری ئامێد و سه‌رۆکی پۆلیسی ئه‌وێ له‌گه‌ڵ شاره‌وانی و لیژنه‌ی شاره‌وانییدا نییه. ئه‌م دیارده‌یه ته‌نها له‌ماندا ناوه‌ستێت به‌ڵکو له نێوانی گه‌لێك له ده‌زگه‌کانی دیکه‌و ده‌زگه ده‌وڵه‌تییه‌کانیشدا، هه‌یه. بۆ نموونه کاتێك که پرسیارمان له لیژنه‌ی مافی مرۆڤ کرد ، ئایا نوسراو و نامه‌یان بۆ پۆلیس سه‌باره‌ت به خوڵق و مامه‌ڵه‌یان و هه‌راسانکردنی خه‌ڵکی ئه‌وێ ، ناردوه؟ له وه‌ڵامدا وتیان ” پێویست ناکا ت بۆیان بنوسین چونکه هه‌رگیز وه‌ڵاممان ناده‌نه‌وه ” . له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه گه‌لێك قوتابخانه‌ی کوردی هه‌یه که به زمانی کوردی ده‌خوێنن، به‌ڵام له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ناناسرێن ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵکی زۆر به جددی و به وره‌وه هاوکاری قوتابخانه‌کان ده‌که‌ن و بڕوایان وایه‌و دڵنیان له‌وه‌ی که ڕۆژێك دێت و ده‌توانن حکومه‌ت ناچار بکه‌ن به دانپیانان و ناسینی قوتابخانه‌کانیاندا.
کاتێك پێشتر ئاماژه‌م به‌وه کرد که وتم تا ڕاده‌یه‌ک جێگای خۆشحاڵییه که په‌یوه‌ندی له نێوانی گه‌لێك له‌و دهزگهیانه و ده‌وڵه‌ت و دهزگهکانیدا ، نییه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئه‌مڕۆ له‌وێ پاوه‌ر، ده‌سه‌ڵاتێک هه‌یه له‌شانی ده‌سه‌ڵاتیكێ دیکه‌وه ، خه‌ڵکی له‌وێ ڕووبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت به شێوازی خۆیان ده‌بنه‌وه و ته‌حه‌دای ده‌که‌ن. له‌وێ ده‌سه‌ڵات و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری گه‌لی، خه‌ڵکی ، هه‌یه ده‌سه‌ڵاتێك که خه‌ڵکی باوه‌ڕیان پێی هه‌یه و کاری تیادا ده‌که‌ن ، به گوێره‌ی ده‌سه‌ڵاتیان خۆیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی که‌مایه‌تی ده‌سته‌بژێردا ، سه‌پاندووه وایان له ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان کردووه که هێزو توانایه‌کی ئاوای هه‌بێت، که ده‌توانێت کاره‌کانی ڕاپه‌ڕێنێت. له‌م ڕێگایه‌وه که باوه‌ڕیان پێی هه‌یه به‌ره به‌ره پاوه‌ر و ده‌سه‌ڵات له که‌مینه‌ی ده‌سته‌بژێر وه‌رده‌گرنه‌وه ، ئه‌م جۆره خه‌باته‌ش، له کاتێکدا که سه‌رجه‌می شاره‌کانی کوردستان یا هه‌ر هه‌موویان، یاخود زۆربه‌یان کوردن و باوه‌ڕێیان به گۆڕانکارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان هه‌یه ، گران نییه . ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشانده‌دات که چۆن شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له بنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه ده‌ستپێده‌کات نه‌ك له سه‌ره‌وی کۆمه‌ڵ.
دوای 28 ساڵ له جه‌نگ ، په‌که‌که تێگه‌یشت که پێویسته خۆی بگۆڕرێت ، پێویسته ئاراسته‌ی خۆیان، خه‌باتی سیاسیان ، ئامانج و ستراتیجیان بگۆڕن ده‌نا ئاینده‌یان له ئایندهی هاوچه‌شنه پارت و بزوتنه‌وه‌کانی دیکه ، باشتر نابێت.
به بۆچونی من په‌که‌که، یان لانیکه‌م ئه‌و باڵه‌ی که پاوانه‌ی بزوتن و بڕیاره‌کانی په‌که‌که ده‌کات ، ڕێگه‌یه‌کی ڕاستیان گرتۆته‌به‌ر ، بڕیارێکی دروستیانداوه به بێده‌نگکردنی چه‌که‌کانیان و ئاوه‌ڵاکردنی مێشکیان ، به گۆڕینیان له هێزێکی سه‌ربازی و گه‌ریلانه‌وه بۆ هێزی خه‌ڵک، هێزی گه‌ل، له شۆڕشی پارتایه‌تیه‌وه بۆ شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی. لێره‌دا ئه‌وه ده‌بینرێت که هێزی بڕوابوون به شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌نده به‌هیزه ، شکاندنی ئه‌و هێزه یا هه‌تا به‌رگرتن و ڕێگه لێگرتنیشی له لایه‌ن هه‌ر که‌سێکه‌وه یا هه‌ر هێز و پارتێکه‌وه زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت. بڕوابوون به شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌و به‌شه‌ی کوردستان بوه‌ته کولتور و نه‌رێت به تایبه‌ت بۆ نه‌وه‌ی نوێ ، ئه‌وان باشده‌زانن ئه‌وه تاکه ڕیگایه له ته‌حه‌داکردنی ده‌سه‌ڵاتدا، له ته‌حه‌داکردنی سیسته‌مه‌که و کردنی گۆڕانکارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان.
له قسه‌کردن و لێدوان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا ، بۆمان ده‌رکه‌وت که گه‌لێك دڵنیا و جددین و باوه‌ڕیان وایه که ده‌توانن گۆڕنکاری بکه‌ن . له کۆبونه‌وه‌مان له‌ته‌ك بزوتنه‌وه‌ی ئازادی دیمۆکراسی ژنان ، که 9 ژنیان له دانیشتنه‌که‌دا، ئاماده بوون ، باسی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌کردین که چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی ئافره‌تان له‌ناو کۆمه‌ڵدا، وه‌کو توندوتیژی خێزانی ، لاقه‌کردنی جنسی و کێشه‌کانی دیکه ، ده‌که‌ن ، چۆن یارمه‌تی ئه‌و تاکانه که ڕووبه‌ڕووی گرفته جیا جیاکان ده‌بنه‌وه ، ده‌ده‌ن و به ڕێگه‌و شیوازی جیاواز هاوکارییان ده‌که‌ن تاکو متمانه‌یان به‌خۆیان له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیاندا، هه‌بێت. له‌و دانیشتنه‌دا هه‌ندێکیان باسیان له گرفته‌کانی پێشتری خۆیان ده‌کرد ، باسی ئه‌زمونه تاڵه‌کانی خۆیان ده‌کرد ، وتیان له‌و کاته‌وه‌ی که به‌شداری له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌که‌دا ده‌که‌ن ، بوونه‌ته مرۆڤێکی دیکه. ئه‌م ئافره‌تانه به‌شداری له که‌مپی ئاشتیخوازیدا ، چالاکیییه هاوبه‌شه‌کان، لێدوان و مشتومڕی ئه‌و په‌رتوکانه ده‌که‌ن که ده‌یخوێننه‌وه ، کار له‌گه‌ڵ فیدراسۆنی دیمۆکراتی ژنانی کۆبانی ده‌که‌ن و هاوکارییان پێده‌که‌ن . کاتێک که پرسیارمان کرد ئایا هیچ گروپێکی هاوڕه‌گه‌زباز له ئامێددا هه‌یه ؟ له وه‌ڵامدا وتیان ” دوو گروپ له ئامێددا هه‌یه، به‌ڵام زۆر ئاشکرا نین . ئێمه په‌یوه‌ندیمان له‌ته‌کیاندا هه‌یه و هاوکارییان ده‌که‌ین” جێگای دڵخۆشییه که له شارێکی ئاوای وه‌کو ئامێددا بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئافره‌تان هه‌یه که ژنانێکی زۆر ئازا و جه‌سوور و مێشكکراوه و کۆمه‌ککاری ، به‌خۆوه گرتوه و ده‌توانن بڕیاره‌کان به‌خۆیان بده‌ن.
فیدراسۆێنی خێزانی به‌ندکراوان، یا فیدراسوێنی خانهوادانێك که به‌ندکراویان هه‌یه، گروپێکی دیکه بوون و بۆ ماوه‌ی دوو کاژێر دانیشتنمان له‌گه‌ڵیاندا کرد. ئه‌م گروپه له ساڵی 1996 دا له‌به‌ر لوتی ڕژێمی دیکتاتۆری تورکیادا دروستبوون و 14 که‌سی خۆبه‌خشیان هه‌یه که نیوه‌یان پیاون و نیوه‌که‌ی دیکه‌یان ژنن که ماندوونه‌ناسانه کارده‌که‌ن . زۆربه‌ی ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م گروپه ته‌جروبه‌یه‌کی تاڵیان له ژیانیاندا و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی تورکیادا هه‌یه که گیراون و ئه‌شکه‌نجه‌ی سه‌خت دراون و بۆ ماوه‌یه‌کیش به‌ندکراون ، تا ئێستاش هاوسه‌رۆکی گروپه‌که‌یان له به‌ندیخانه‌دایه. ئه‌م فیدراسوێنه زۆر چالاکه‌و به‌به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییان به‌و خانه‌وادانه‌وه هه‌یه که به‌ندییان له به‌ندیخانه‌کانی ڕژێمدا هه‌یه. له کانی پێویستدا به‌ده‌میانه‌وه ده‌چن و یارمه‌تییان ده‌ده‌ن، پارێزه‌ریان بۆ ده‌دۆزنه‌وه و ده‌ستگرۆیی ئه‌و خێزانانه که پاره‌ی کرێی هاتوچۆی سه‌رلێدانی گیراوه‌کانیان له به‌ندیخانه، نییه، ده‌که‌ن.
ئه‌م گروپه په‌یوه‌ندییان له‌ته‌ك گروپی لۆکا‌ڵی و بێیانه‌دا له ده‌ره‌وه‌ی تورکیا هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ گروپه‌کانی مافی مرۆڤیش‌دا. له کۆبونه‌وه‌که‌ی له‌گه‌ڵ مافی مرۆڤدا کردمان، ئه‌وه‌یان پشتڕاستکرده‌وه که پۆلیس خه‌ڵکێکی زۆریان له خۆپیشاندانه‌کانی ڕۆژانی 6/10 و 07/10 دا گرتووه. ئه‌م خۆپیشاندانانه له سه‌رده‌می ڕاکردنی ده‌یه‌ها هه‌زار خه‌ڵك له کۆبانییه‌وه بوون که حکومه‌تی تورکیا سنوری به‌سه‌ردا داده‌خستن و ڕێگای پێنه‌ده‌دان که بێنه ناو خاکی تورکیاوه . خۆپیشاندانه‌کان دژی سیاسه‌تی بێده‌نگی تورکیا بوون، هه‌روه‌ها له هه‌بوونی په‌یوه‌ندی نێوان ڕژێم و داعش و هاوکاریکردنی نێوانیاندا . له‌و دانیشتنه‌دا سه‌رۆکی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ وتی ته‌نها 5 خولهك پێشگه‌یشتنی ئێمه دوو باوك به هه‌ڵه‌داوان خۆیان به ئۆفیسه‌که‌یاندا کردوه و ده‌ستگیرکردنی له ناکاوی کوڕه‌کانیان که ته‌مه‌نیان ته‌نها 16 و 17 ساڵ بووه ، پێڕاگه‌یاندون. هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا ئاگه‌داریان کردین که له‌و خۆپیشاندانانه‌دا 42 له خۆپیشانده‌ران و 2 پۆلیس، کوژراون و 1128 که‌سیش ده‌ستگیرکراون که 53 له‌مانه منداڵن و هێشتا 221 که‌سیان به‌رنه‌دراون.
له دانیشتنماندا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆکی یه‌کێك له نقابه‌کاندا که خۆشی له خه‌سته‌خانه کاریده‌کرد و نوێنه‌ری کرێکاران و کارمه‌ندانی ئه‌وێ بوو ، وتی “128 که‌سی زۆر نه‌خۆش و بریندارمان له کۆبانییه‌وه بۆ هاتووه ، به‌م هۆیه‌شه‌وه پۆلیس داوێتی به‌سه‌ر ئۆفیسی نهقابهکهمان و خهستهخانهکهشدا، به‌دووی ئه‌و نه‌خۆش و بریندارانه‌دا ده‌گه‌ڕان که به‌ڕێگای نایاسایی له ده‌ره‌وه‌ی تورکیاوه گه‌یه‌نراونه‌ته خه‌سته‌خانه‌که، هاوکات به دووی ئه‌و که‌سانه‌شدا ده‌گه‌ڕان که یارمه‌تی و هاوکارییان کردون. کاتێك که ده‌یانبینی خه‌ڵکانێك له خه‌سته‌خانه‌ن که له کۆبانی و شوێنه‌کانی دیکه‌وه هاتون ده‌یانبردن و کرێکار و کارمه‌ندی خه‌سته‌خانه‌که‌شیان هه‌راسان ده‌کرد و سوکایهتیییان پێده‌کردین و شوناسنامه‌و دۆکۆمێنتی شه‌خسییان لێوه‌رده‌گرتین و لای خۆیان گلیاندهدایهوه”.
له دانیشتنێکی دیکه‌ماندا له‌گه‌ڵ ژوری پارێزه‌رانی ئامێددا که 5 له پارێزه‌ره‌کانیان ئاماده‌بوون، وتیان ئه‌وان نزیکه‌ی 1000 پارێزه‌ریان له ده‌ڤه‌ری کوردستاندا هه‌یه و کار له لقی جیا جیای وه‌کو : مافی ژنان و منداڵان و سێنته‌ره‌کانی ئامۆژگاری و یاساناسی، ده‌که‌ن ، وتیشیان که کۆمه‌ڵه‌که‌ی ئه‌وان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌ستگرۆیی ده‌کرێت. ئه‌وانیش وه‌کو لایه‌نه‌کانی دیکه جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که له‌و کاته‌وه‌ی که پرۆسه‌ی ئاشتی له ئارادایه هیچ جۆره گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی ڕوینه‌داوه، به‌ڵام گه‌شبین بوون له‌وه‌ی که له ساڵی ئاینده‌دا دوای گۆڕینی ده‌ستور گۆڕانکاری گه‌وره به‌ڕێوه ده‌بێت. هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا ئه‌وه‌شیان دووپات کرده‌وه که پرۆسه‌ی که‌فاله‌ت و به کهفیلبوونی گیراوان بوونی هه‌یه به‌ڵام ئه‌مه گیراوانی سیاسی ناگرێته‌وه ، بۆیه ده‌بێت که‌یسی سیاسییه‌کان بگاته دادگه‌و ، دادگه‌ش تاکه جێگایه‌که که مه‌سه‌له‌که‌ی تیادا یه‌کلایی، ده‌کرێته‌وه . کاتێک که پرسیاری ئه‌وه‌مان لێکردن ئایا ئه‌وان هیچ گله‌ییه‌کیان له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی پۆلیس و شێوازای ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا ، تۆمار کردوه؟ له وه‌ڵامدا وتیان ” باوه‌ڕناکه‌ین ئه‌وه بهێنێت ، چونکه پۆلیس نه گوێ ده‌گرن و نه سیاسه‌تیشیان ده‌گۆڕن”. سه‌باره‌ت به قوتابیان و چالاکییه‌کانیان وتیان ژماره‌ی گیراوه‌کانیان 2000 که‌سن که له سه‌رانسه‌ری تورکیادا گیراون، هه‌روه‌ها 3000 تا 4000 که‌سیش هێشتا هه‌ر له به‌ندیخانه‌دان . ئه‌وه‌شیان دووپات کرده‌وه که گه‌رچی ده‌ستوری ئه‌وێ دان به‌وه‌دا ده‌نێت که ئازادی بیرکردنه‌وه‌و ڕا ده‌ربڕین هه‌یه‌و که‌س له سه‌ر چالاکی سییاسی ناگیرێت و به‌ند ناکرێت، به‌ڵام گه‌ر که‌سێك سه‌ر به پارتێکی سیاسی دیاریکراو بیت یاخود دروشمێك به‌رزبکه‌یته‌وه که ڕق و کینه بوروژێنێت و باس له توندووتیژی بکات ، یاخود له‌گه‌ڵ یاسادا جوت نه‌بێت، ئه‌وا پۆلیس ده‌توانێت ئه‌و که‌سه بگرێت و بیدات به دادگه.
محنه‌تی ئاواره‌کان به‌رده‌وامه:
له‌و کاته‌وه‌ی که داعش موسڵی گرتوه و ئێزیدییه‌کان کۆمه‌ڵکوژی کراون، له‌و کاته‌وه‌ی که جه‌نگ له کانتۆنی کۆبانی ده‌ستیپێکردوه ، باکوری کوردستان شه‌پۆلی ئاواره‌و په‌نابه‌رانی کۆبانی و شه‌نگالی لێنه‌بڕاوه. زیاتر له 200 هه‌زار ئێزیدی ئاواره بوون که هه‌ندێکیان له باشوری کوردستان خۆیان گرتۆته‌وه‌و نزیکه‌ی 180 هه‌زاریشیان به‌ره‌و باکور ملیان ناوه. 4000 له‌مانه له که‌مپێکدا له ده‌ره‌وه‌ی ئامێد ده‌ژین. هاوسه‌رۆکی شاره‌وانی ئامێد ، له‌و دانیشتنه‌ی که له‌گه‌ڵیدا کردمان، وتی ئه‌وان هیچ هاوکارییه‌کیان له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی یه‌کگرتوی گه‌لانه‌وه ،UN ، پێنه‌کراوه ، هه‌موو یارمه‌تی و هاوکاری ئاواره‌کان له‌سه‌ر پیتاكی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌یه هه‌ر له خواردن و خوارنده‌وه و جله‌وه تا ده‌گاته دابینکردنی چادر. ئه‌و وتی له %90 ی ئه‌و پیتاکانه له لایه‌ن دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه‌وه‌یه و له %10 ی له ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه. ئه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کرده‌وه که ئه‌وان زۆر لێبڕاوانه کار له‌سه‌ر دابینکردنی هه‌موو پێویستییه‌کانی ئاواره‌کان وه‌کو هه‌بوونی دکتۆر و کارمه‌ندی ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ر ، ئاوی گه‌رم و گه‌رمی و خواردن و کاره‌با و قوتابخانه بۆ منداڵانیان ، ده‌که‌ن. له هه‌مان کاتیش‌دا دانی به‌وه‌شدا نا که ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی سه‌ختترین بارودۆخ بوونه‌ته‌وه له پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کاندا به‌هۆی که‌می ژماره‌ی خه‌ڵکانی خۆبه‌خش و زۆری ژماره‌ی ئاواره‌وه و که‌می خه‌ڵکانی پرۆفیشناڵ و دکتۆر و که‌می داووده‌رمان و قه‌ره‌وێڵه‌ی نه‌خۆش و هه‌روه‌ها که‌می ژماره یا هه‌رنه‌بوونی سه‌یاره‌ی فریاگوزاره‌وه. به‌شی زۆری ئه‌م گیروگرفتانه به‌هۆی یارمه‌تی نه‌دانی حکومه‌تی تورکیاوه‌یه، له‌به‌ر ئه‌مه‌ش هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌کان ده‌بێت له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌کانه‌وه دابین بکرێت.
هه‌مان ڕۆژ دانیشتنێکمان له‌ته‌ك نقابه‌ی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵدا کرد که فیدراسۆێنی گاب، Gabb ، سه‌رپه‌رشتی یارمه‌تییه مرۆییه‌کانی ئاواره‌کانی ، ده‌کرد . ئه‌م فیدراسوێنه له 286 ئه‌ندام پێکهاتوه‌و که له % 30 یان ئافره‌تن ،له نێو ئه‌مانه‌شدا 7 که‌سیان بۆ کۆمیته‌یه‌کی چالاک هه‌ڵبژاردووه. نیوه‌ی بودجه‌ی ئه‌م ڕێکخراوه له شاره‌وانیییه‌کانی ناوچه‌که‌وه دابین ده‌کرێت و به‌شێکی دیکه‌ی یارمه‌تی له ڕێگای ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌وه که هه‌یانه له‌ته‌ك ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه که له ده‌ره‌وه‌ی تورکیان ، بۆیان دێت. گاب جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که ئه‌وان پلانی 3 مانگیان هه‌یه له‌وانه : پێکهێنانی په‌یوه‌ندی نێوانی که‌مپه‌کانی ئاواره‌کان، له نێوانی په‌نابه‌رانی کۆبانی ئێزیدییه‌کانی شه‌نگال، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ تورکیاشدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و یارمه‌تی مرۆییانه . ئه‌وان زانینی ژماره‌ی جێنده‌ر و نه‌خۆشان و په‌ککه‌وتوان و منداڵانی ناو که‌مپه‌کان و گیروگرفته‌کانیان ، به پێویست ده‌زانی، بۆ ئه‌مه‌ش پلانی خۆیان هه‌بوو. ئه‌وه‌یان پشتڕاستکرده‌وه که 6000 له ئێزیدییه‌کان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ کوردستانی باشور به‌ڵام هاوکات 96 هه‌زار په‌نابه‌ری دیکه‌یان بۆ هاتووه، که زۆربه‌یان له شاری سروس ،Suruc ، نیشته‌جێبوون و 2840 که‌سیشیان له شاری ماردینن.
له ڕۆژی ئاینده‌دا سه‌ردانی که‌مپی ئێزیدییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاری ئامێدمان، کرد که 4000 ئاواره بوون. ئه‌مان گله‌ییه‌کی زۆریان له جۆری خواردن و ئاوی گه‌رم و سه‌رما و نه‌بوونی ژماره‌ی کافی دکتۆر و کارمه‌ندی ته‌ندروستی و هه‌ندێك شتی دیکه ده‌کرد. هه‌روه‌ها به‌هۆی نه‌بوونی سه‌یاره‌ی فریاگوزار و سه‌یاره‌ی گواستنه‌وه بۆ خه‌سته‌خانه‌کانی شار له کاتی پێویستدا ، زیاتر له 15 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت تاکو هه‌واڵه‌ی خه‌سته‌خانه بکرێن ، ئه‌مه له کاتێکدا ، که له‌وێش ده‌بوایه بۆ چاره‌سه‌ریان ، پاره بده‌ن ، که پاره‌یان نییه.
له شاری سروس پاش دانیشتن له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆکی شاره‌وانی ، سه‌ردانی که‌مپی ئاواره‌کانی کۆبانیمان کرد که له ڕۆژی 15/09/14 دروستکرابوو. ئه‌مانیش هه‌مان پێداویستی ئێزیدییه ئاواره‌کانیان بۆ دابین کرابوو به‌ڵام حاڵی ئه‌مان له‌وه‌ی ده‌کرد که باشتر بێت له ئێزیدییه‌کان . له‌وێ دڵنیایان کردینه‌وه که 15 دکتۆر و 20 کارمه‌ندی ته‌ندروستی و هه‌ندێکی دیکه که ده‌توانرێت له‌کاتی پێویستدا په‌یوه‌ندییان پێوه بکرێت، ئاماده‌ی خزمه‌تگوزارین ، . ئه‌مان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێزیدییه‌کاندا گه‌شبینتر و دڵخۆشتر، ده‌بینران ، که به ڕای من ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ی خواره‌وه بێت:
- نزیکی‌یان له شوێنی هاتنیانه‌وه که کۆبانییه، ئه‌مه‌ش کارایی سایکۆلۆجییان له‌سه‌ر داده‌نێت به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێزیدییه‌کاندا که یه‌کجار دوورن له‌و شوێنه‌ی که لێوه‌ی هاتوون.
- هه‌رچی ئاواره‌کانی کۆبانی هه‌ن واهه‌ست ده‌که‌ن که مانه‌وه‌یان له کهمهپهکاندا کاتییه و به‌زووترین کات ده‌گه‌ڕینه‌وه بۆ شوێنی خۆیان، به‌ڵام ئێزیدییه‌کان ئومێدێکی زۆر که‌میان به گه‌رانه‌وه‌یان هه‌یه چونکه تائیستاش ناوچه‌که‌یان له‌ژێر ده‌ستی داعشادایه.
- ئاواره‌کانی کۆبانی له کاتی ده‌ربازبوونیاندا وه‌ختێکی که‌میان به‌ده‌سته‌وه هه‌بووه له ئاماده‌کردنی خۆیان و ماڵ و منداڵیاندا ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ك توانیبێتیان شته به‌هاداره‌کانیان یا خود پاره‌یه‌ک که له ماڵه‌وه هه‌یانبووبێت ، له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابێتیان، به‌ڵام ئێزیدییه‌کان نه‌ك هه‌ر وه‌ختیان نه‌بووه به‌ڵکو ده‌سته‌ویه‌خه‌ی کۆمه‌ڵکوژی بوونه‌ته‌وه ، له بارێکی ئاواد بوون که یا ده‌بێت سه‌ر ده‌رکه‌ن یا دره‌نگ بکه‌ون و ڕووبه‌ڕوی کوشتار ببنه‌وه . هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه هه‌موو شتێکیان نه‌ك هه‌ر به جێهێڵاوه به‌ڵکو له‌ده‌ستداوه و زۆربه‌ی زوری خزم و که‌سوکاریان کوژراون. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که داعش به سه‌ده‌ها ئافره‌تیانی دیلکردهوه و کردونی به کاره‌که‌ر و ناچاری به سێکس له‌گه‌ڵ چه‌کداره‌کانی خۆیاند کردوون ، ئه‌وانه‌شیان که ماونه‌ته‌وه بۆ فرۆشتن له مه‌زاتی بکڕانی ئافرتدا هه‌ڕاجکراون.
- ئاواره‌کانی کۆبانی خه‌ڵکانێکیان له دوای خۆیان بهجێهێڵاه که که هه‌ر یه‌که‌یان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به‌رگری له کۆبانی و جه‌نگی دژه داعش ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش سه‌ربه‌رزێتی بۆ تۆمارکردون و مایه‌ی شانازییانه، هه‌رچیش ئاواره ئێزیدییه‌کان هه‌یه هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن که خیانه‌تیان له لایه‌ن بارزانی و پێشمه‌رگه‌کانییه‌وه، لێکراوه . هه‌ندێکیان له که‌مپه‌که‌دا ئه‌و هه‌سته‌یان نه‌ده‌شارده‌وه و به ئاشکراو به ده‌نگی به‌رز به زمانی ئینگلیزی و سۆرانی هاواریان ده‌کرد که گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه کۆمه‌ڵکوژی بۆ ئه‌وان هێنا و حاشای کوردبوونیان له خۆیان ده‌کرد ، ده‌یانگوت گه‌ر کورد بوونایه به‌رگرییان لێده‌کرا و ده‌پارێزران. هاوکاتیش ڕۆلی یه‌په‌گه و یهپهژهیهیان پاڵه‌وانانه ده‌ناسی له به‌رگریکردن لێیان و کۆمهكپێکردن و گواستنه‌وه‌یان له شۆوێنه مه‌ترسیداره‌کانه‌وه. بێ گومان گه‌ر به ویژدانه‌وه گوێ له گله‌ییه‌کانیان بگرین ، ئه‌مه ڕاستییه‌که و تا ئێستاش من به‌شبه‌حاڵی خۆم سه‌ری لێدهرناکهم . که ئایا ئه‌وه‌ی که که ڕویدا به فرمانی بارزانی بوو؟ ڕێککه‌وتنی نێوانی ئه‌و و داعش و حکومه‌تی تورکیا بوو؟ بوده‌ڵه‌یی و ترسنۆکی پێشمه‌رگه‌کانی بارزانی بوو؟ یاخود پلانێکی شاراوه‌ی دیکه‌ی له پشته‌وه هه‌بوو؟!!!! . ئه‌وه ده‌بێت بهێڵینه‌وه بۆ ڕۆژگاری داهاتو تاکو بۆمان ئاشکرا ببێت.
حکومه‌تی تورکیا هه‌ر تاکتیکه‌کانی دژی کورد گۆڕیوه، نه‌ك ستراتیجییه‌که‌ی:
له‌و سه‌فه‌ره‌ماندا هه‌ر شوێنێك چوبێتین و هه‌رکه‌س و لایه‌نێکمان بینیبێت ، له خاڵێکدا یه‌کیان گرتۆته‌وه که ئه‌ویش ” له ده‌ستپێکردنی سیاسه‌تی ئاگربه‌ستی مانگی دیسه‌مبه‌ری 2012 وه تا ئێستا گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی ڕوینه‌داوه” تۆقاندن و توندوتیژی و سه‌رکوتکردن به‌رده‌وامه، تا ئێستاش کۆمۆنێتی کوردی په‌راوێز خراوه، هێشتا جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوانی شاره‌کانی کوردستان و ئه‌وانی دیکه‌دا به ئاشکرا ده‌بینرێن. هاوکاری و یارمه‌تیدانی والیییهکانی شار و حکومه‌تی ناوه‌ند و شاره‌وانییه‌کانی که له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه کۆنترۆڵکراون ، یا هه‌ر نییه، یا زۆر ده‌گمه‌نه، کۆمۆنێتی کوردی له‌سای بێ‌کاری و گیروگرفتی ته‌ندروستییه‌وه ، زۆر به خراپی ده‌ناڵێنن ، هێشتا خه‌ڵکی له‌وێ له ترس و خۆفێکی گه‌وره‌ی به‌رده‌وامدا هه‌م بۆ ژیانی خۆیان و هه‌م بۆ ژیانی ڕۆڵه‌کانیان، ده‌ژین، هه‌راسانکردنیان له لایه‌ن پۆلیسه‌وه، به‌رده‌وامه ، ده‌ستگیرکردن و گرتن و به‌ندکردنیان بۆ ماوه‌ی دوور و درێژ بێ هۆکارێک بێ دادگایی کردنیان ، به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستانه .
ئه‌مه ڕاسته که کورد له ئێستادا کۆنترۆڵی گه‌لێک له شاره‌وانییه‌کانیان کردوه ، ڕێکخراو و گروپی لۆکا‌ڵی و لیژان و نقابه و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی زۆریان، دروستکرده‌وه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، یارمه‌تییه‌کی زۆر که‌م له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ده‌درێن و هاوکاری زۆر ده‌گمه‌نه. ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت کورد له‌وێ خۆیان ، خۆیان سه‌پاندووه حکومه‌تی تورکیایان ناچار کردووه که ملیان بۆ بدا، هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌کی دیکه‌یان بۆ حکومه‌ت نههێڵاوتهوه جگه له‌سه‌رکوتکردن و کوشتن و بڕین که ئه‌وانه‌ش دادی حکومه‌تی نه له ساڵانی ڕابوردوودا، داوه و نه له ئێستا و ئاینده‌شدا ده‌دات. کورد له‌وێ ئه‌و بارودۆخه‌ی ژیانی ڕابوردووی ، ڕه‌تده‌کاته‌وه و ئاماده نییه به‌رده‌وامی پێبدات، ده‌یه‌وێت به‌رگری له خۆی و مافه‌کانی بکات ، نایه‌وێت شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی که له سه‌ره‌تادایه، بوه‌ستێنرێت. هۆکارێکی دیکه‌ش لێرهداڕهنگه ڕۆڵی خۆی ببینێت که ئه‌ویش ئومێدی تورکیایه به چوونه ناو یه‌کێتی ئه‌وروپاوه .
ئه‌و شتانه‌ی که ده‌توانرێت له وه‌رچه‌رخاندنی ئه‌م شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا، ڕووبده‌ن، به‌ڵام نابێت ڕوو بده‌ن:
بار‌و دۆخه‌که یه‌کجار کرژو ناسکه. پرۆسه‌ی ئاشتی له‌وه‌ده‌کات وه‌ستابێت، کۆبانی هێشتا له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی داعشدایه، داعش‌یش تا ئێستا مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ ناوچه‌که و لابردنی ئه‌سه‌دیش له ئێستادا له‌وه ناکات کارێکی ژیرانه و پراکتیکانه بێت و رووبدات. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژاوا له‌وه ده‌کات سیاسه‌تێک له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش یا پوچکردنهوهیاندا، له هه‌گبه‌که‌یاندا نه‌ما بێت، هاوکاتیش حکومه‌تی تورکیاش له پرۆسه‌ی وتووێژدا، له‌گه‌ڵ په‌که‌که جددی نییه . ئه‌م فاکته‌رانه هه‌ر یه‌ک به ده‌وری خۆیان کارایی خۆیان له‌سه‌ر بارودۆخه‌که‌ی تورکیا داده‌نێن.
به‌ڕای من ئه‌و فاکته‌رانه‌ی که گرنگن له وه‌رچه‌رخاندنی ئه‌م شؤڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
- کۆتاییهێنانی پرۆسه‌ی ئاشتی له لایه‌ن په‌که‌که‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ جه‌نگی گه‌ریلا ئاسا ، که ئه‌مه‌ش کاره‌سات ده‌هێنێت هه‌م بۆ کۆمه‌ڵی تورکی و هه‌م بۆ کۆمۆنێتی کوردیش ، ئه‌مه ڕاستیه گه‌ر ئه‌مه ڕووبدات ، کوشتن و بڕینی زیاتر و ، وێرانکردنی پتر، هه‌ڵکه‌ندنی خه‌ڵکانێکی زیاتر له جێگا‌و ڕێگای خۆیان ، خولقاندنی هه‌ستی کینه‌دۆزی له نێوانی کورد و تورك، زیادبوونی شه‌پۆلی رایسیزم کاراییه‌کی نێگه‌تیڤانه له‌سه‌ر ناوچه‌که به گشتی و کوردستانه‌کانی به‌شی عیراق و ئێران و سوریا به‌تایبه‌تی، داده‌نێن.
- هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌ك په‌که‌که که وه‌ك هێزێکی تیرۆریست، ده‌یده‌نه قه‌ڵه‌م ، یارمه‌تیده‌ر ی بارودۆختی ناوچه‌که نییه . ئه‌م وڵاتانه ده‌بێت سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی خۆیان له به‌رامبه‌ر په‌که‌که‌دا بگۆڕن، به‌رده‌وامبوون به‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستایان نه له به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌و نه هاوپه‌یمانه‌کانیانه . ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ن که په‌که‌که هه‌مان پارت و ڕێکخراوی سه‌رده‌می نه‌وه‌ده‌کان نییه ، ده‌بێت حسابی ئه‌وه بۆ په‌که‌که بکه‌ن که هێزێکی سه‌ره‌کییه له ناوچه‌که‌دا و زۆریش جه‌ماوه‌رییه، که له ڕستیدا ئه‌مان گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا هاتووه و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌نگاوی گه‌وره‌یان ناوه و گه‌لێك له سیاسه‌ته کۆنه‌کانیان وه‌لاوه ناوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ناتوانرێت په‌که‌که په‌راوێز بخرێت. ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا ده‌بێت حکومه‌تی تورکیا ناچار بکه‌ن تاکو پرۆسه‌ی ئاشتی فه‌رامۆش نه‌کات و ئاگربه‌ستی به خاڵی لاوازی په‌که‌که نه‌زانێت، هه‌ر هه‌موویان ده‌بێت ئه‌م هه‌له مێژوییه، هه‌لی ئاگربه‌ستی، بۆ کۆتاییهێنان به‌م کێشه مێژوییه، بقۆزنه‌وه.
- حکومه‌تی تورکیا په‌یوه‌ندییه‌کی گوماناوی له‌گه‌ڵ داعش و ڕێکخراوه تیرۆریسته‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌دا هه‌یه، له‌م حاڵه‌ته‌دا حکومه‌تی تورکیا بۆ شه‌ڕکردن وه‌کو وه‌کیلێك به‌کاریانده‌هێنێت که ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش به زیانێکی گه‌وره له‌سه‌ر خودی تورکیا بگه‌ڕێته‌وه. ئۆردگان و حکومه‌ته‌که‌ی ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری خه‌ونی دێرینی دامه‌زراندنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی، له چه‌رخی بیست و یه‌کدا ، ببن و له جیاتی ئه‌وه گرنگی به کێشه ناوخۆییه‌کانی تورکیا بده‌ن ،به تایبه‌ت کێشه‌ی کورد.
- تا ئستاش ململانێیه‌کی توند له نێوانی جێنڕاڵه سه‌ربازییه‌کان و سیاسیه‌کان له تورکیادا هه‌یه. هه‌موانیش ئه‌وه ده‌زانین که پرۆسه‌ی ئاشتی هه‌رگیز له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌کرده و جێنڕاڵه سه‌ربازیییه‌کان نه‌بووه، گه‌رچی له ئێستادا ئه‌و کێشـمانکێشه خاوتر بووه‌ته‌وه و ڕۆڵێکی که‌می هه‌یه ، به‌ڵام مه‌ترسییه‌که‌ی هه‌ر له‌وێدایه که له کاتێکدا ده‌ستتێوه‌ردانی تۆڕه سیخوڕییه‌کانی ناوچه‌که‌و ده‌ره‌وه‌ی وه‌کو ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و ئه‌وانی دیکه‌شیان، له ئارادایه، به ئاسانی ده‌توانن ئه‌م ململانێیه‌ی نێوانی عه‌سکه‌رییه‌کان و سیاسییه‌کان که له حاڵه‌تی نوستندایه ، به ئاگا بهێننه‌وه و کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی به‌رپا ببێت. گه‌ر ئه‌مه‌ش رووبدات دیاره له به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌ی ئاشتی و شۆڕشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که نابێت چونکه سه‌رئه‌نجام سیاسه‌تی کۆنی سه‌رکوتکردن و داپڵۆسین و کوشتن و بڕینی خه‌ڵکانی بێ‌تاوان ، له ئێستا خراپتر ، دێنێته‌وه و هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی که هه‌وڵ و کۆششێکی زۆری تیادا نراوه و کراوه ، ده‌گێڕێته‌وه بۆ گۆڕه‌پانی یه‌که‌م.