دوای ساڵێك لە جەنگەکەی ناتۆ و ئۆکرانیا چی دەبینم و چی پێشنبینی دەکەم
19/02/2023:
+ هێڕشەکەی ڕوسیا و داگیرکردنی بەشێکی ئۆکرانیا بێ کلکەقونێی ئەمریکا و بریتانیاو ناتۆ نەبوو وەکو چۆن میدیای وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا پێماندەلێن . وتنی ئەمەش پاساودانی هێڕشی دڕندانەی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نییە. من دژ بە شەرم نەك دژ بە لایەنێکیان دژ بەوی تریان.
+ شەڕەکە شەڕی نێوانی ئۆکرانیا و ڕوسیا نییە وەکو میدیای ئەم وڵاتانە پێماندەڵێن ، بەڵکو شەڕی ناتۆ و ڕوسیایە . ئەم ڕاستییە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕووندەبێتەوە.
+ بوون بەئەندامی ناتۆ لە لایەن ئۆکرانیاوە من وای دەبینم هۆکاری تەواوی شەرەکە نەبوو بەڵکو گۆڕینی ڕژێم بوو لە ڕوسیا بەڵام هەنگاو بە هەنگاو لە دروستکردنی جەنگەکەدا.
+ ئەمەریکاو بریتانیا و ناتۆ بەم گەمە خۆیناوییەیان دەیانویست کە هەموو حوکمداران بکەونە بەرەی ئەوان و هەر واشیان دەزانی کە ئاوا دەبێت ، بەڵام کاتێك کە گردبوونەوە داوای هەڵوێست و سەرزەنشتی ڕوسیا کرا 34 وڵات لە کۆی ئەوانەی کە کۆبووبوونەوە جگە لە ئێران و سوریاش یان دژ بەو بریارە و ناتۆ بوون یاخود بێ لایەن مانەوە. لەوانە تورکیا، ئیسرائیل، هیندستان ، سعودییە ، باشووری ئەفریقا ، چین و کۆریای باکور و بەمەش ئەمەریکا و بریتانیا و ناتۆ جارێکی تر حوکمڕانانیان دووبەشکردەوە .
+ تاکە یەك توێژینەوە و زانیاری لەسەر بارودۆخی ئابوریی ڕوسیا و سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوسیا لە لایەن ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە بەڕاست دەرنەچوو ، هەروەکو لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا و لیبیا زانیارییەکانیان ڕاست دەرنەچوو لە ئۆکرانیاش هەر ئاوا بوو . یاخود ڕەنگە بە ئەنقسەست ئەمەیان وتبێت تاکو ئۆکرانیا بۆ شەرەکە زیاتر هانبدرێت و پشتگیریی لە لایەن ئەوەی کە پێی دەڵێن کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتی بەدەستبهێنێت.
+ ناتۆ و ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا وایان دەزانی کە جەنگ دەستی پێکرد پوتین یەکسەر دێتە ناوجەرگەی ئۆکرانیا و هەوڵی گرتنی کیڤ دەدات و ئیتر سوپاکەی حاتە دەدرێت و لەناو دەبرێن. ئەمە جگە لەوەی کەوایان دانابوو کە بەشی زۆری سوپاکەی پوتین لە یاسا و فرمانەکانی سەرکردەکانیان دەردەچن و یاخی دەبن و پەیوەندەی بە سوپای ئۆکرانیاوە دەکەن . هاوکاتیش وایاندەزانی بە دەستپێکردنی شەر ناڕەزاییەکی ئاوا گەورە لە ڕوسیادا دروست دەبێت کە پوتین بەرگەی شەڕکردن لە کردنەوەی دووبەرەدا ناگرێت . نەیاندەزانی کە پوتین ئەوندە دیکتاتۆر و فاشییە مێش بجوڵێتەوە باڵی دەکات .
+ چەکی گەمارۆدان و بۆیکۆتکردنی ئابووریی : ئەمان وایان دەزانی بە کردنی ئەم تاکتیکە ئیتر ئابوری روسیا هەرەس دەهێنێت و پوتین ئامادەی سازش دەبێت ئەو کاتە ئەمان دەتوانن مەرج و بەندەکانی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن. بەڵام ئابڵوقەی ئابووری و کاردانەوەکەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، هاووڵاتیانیان زۆر زۆر زیاتر کەوت تاکو روسیا. لە بریتانیادا بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆ، 21/02 دەڵێت هەر یەكێكك لە سەروو 18 ساڵەوە لە بریتانیا بە هۆی جەنگەکەوە ساڵی 1000 پاوەند هەر زیادە نرخی کارەبا و غاز دەدات لە چاو ساڵی پێش جەنگەکە . ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی هەموو پێداویستیەکانی دیکەی ژیان.
بۆ زانیاری هاوەڵان لە دوێنێوە، 20/02 هەندێك لە سوپەرمارکێتەکان لە بریتانیا ڕەفەکانیان لە سەوزە و کەرەسەی نەباتی و میوە بەتاڵ بووە لەبەر ئەوەی ئەم وڵاتە بۆ ئەو بەرهەمانە متمانەی سەرەکی لەسەر ئیسپانیا و مەغریبە ، ئەوانیش بە تایبەت مەغریب بە هۆی کەش و هەوای خراپەوە بەرهەمەکانیان زۆر کەمی هێناوە و هەروەها بە هۆی تۆفان و زریانیشەوە پاپۆڕەکان و لۆری و شاحینەکان نەیانتوانیوە فریای گەیاندنی ئەو کەرەسانە بکەون ، بێ گومان جەنگی ناتۆ و ڕوسیاش کارایی خۆی هەر دەمێکە داناوە.
هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی ئەمڕۆ کولفەی زێدە نرخی وزە لە سەر دەوڵەت بۆ هاوکاری دانیشتوانی لە 50 ملیار بۆ 60 ملیار پاوەند دەکەوێت کە ئەمە 10 ملیار پاوەند زیاترە لە ساڵی پارەکە ، 20200 . من لە مانگی ئازاری پارەکەد لە وتارێکی درێژدا پێشبینی ئەمەم کرد ئێستاش لینکەکەی لە خوارەوە دادەنێم هەر کەس تاقەتی هەبوو و ویستی دەتوانێت بیخوێنێتەوە.
+ لە ئێستادا ئەمەریکا و بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسە و پۆڵۆنیا ئەوەی لە توانایاندا بووە بۆ هاوکاری سەربازی و دارایی و هاوکاری هاووڵاتیانی ئۆکرانی کردویانە . ئەمەریکا بە سەدەها ملیار دۆلار هاوکاری کردووە . بریتانیا هەر لە بواری سەربازییدا 2.3 ملیار پاوەند هاوکاری ئۆکرانیای کردووە ئەمە هەر لە مانگی سێبتەمبەری پارەکەوە تاکو ئێستا. لە کۆنفرانسی زەمانەت و ئەمنییەتدا کە لەم ڕۆژانەدا لە ئەڵمانیا گیرا بۆ هاوپشتی ئۆکرلانیا هەموو سەرانی شەڕخواز بڕیار و پەیمانی هاوکاری زیاتری ئۆکرانیان دا لەوە دەکات کە فڕۆکەی جێتی 16 ی جەنگیشی بۆ بنێرن .
+ جەنگی ناتۆ و ئۆکرانیا سەراپای چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان و تەنانەت بڕێک لە ئەنارکستەکانی ئۆکرانیا و بەلەروس و ڕوسیاشی کردە دوو بەشەوە . بەشێكیان شەڕخوازیی بە پاساوی بەرگری لە نیشتمانی داگیراو و گەلی زوڵملێکرا و بینینی ڕوسیا وەکو ئیمپریالیست ، بەشەکەی تریان دژ بە شەڕ ، دژ بەدەوڵەت و دەسەڵات ، دژ بەسیستەمی سەرمایەداریی .
+ مێژوو نیشانمان دەدات جەنگ لە هەر شوێنێك و هەر زەمەنێکدا ڕویدابێت هەر کۆتایی هاتووە هەمیشەش لایەکیان سازشی بۆ لایەکەی تریان کردووە و لایەکیان شتێکیان دۆڕاندووە و ئەوی دیکەیان شتێکی برۆدۆتەوە ، بەڵام دۆڕاوی سەرەکی خەڵکە هەژار و نەدارەکان بوون هەر وەکو لەم جەنگەی ئەمڕۆشدا دەیبینین . ئەوە جەنگی ئێران و و عێراق پێشتر جەنگی فۆکلەندی نێوان بریتایا و ئەرجەنتین ، جەنگی کەنداو و داگیرکردنی ئەم دواییەی عێراق ، 2003 ، زۆری تر ، ئەمەیان سەلماندوو.
+ ئەم جەنگەی نێوانی ناتۆ و ئۆکرانیاش هەرچەند بخایەنێت هەر دەبێت کۆتایی بێت لەوە ناکات نە پوتین بڕوخێ و نە ناتۆش دەستبەرداری هاوکاری و هاپشتی ئۆکرانیا بێت . بۆیە ئەمەش لە خاڵێکدا کۆتایی هەر دەبێت بێت . ئەوە سوپای ڕوسیایە کە تا ئێستا خاكی ئۆکرانیای داگیرکردووە و هاتۆتە ناوەوە. ئەمە جگە لە داگیرکردنی دۆنباس و کرایمیا [ قەڕم ] پێشتر . بە گوێرەی ڕوداوەکان لە ئێستادا و جەنگەکە، ڕەنگە شەرەکە کۆتایی بێت بە کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و گەڕاندنەوەی بەرەو جەنگی گەرم و بوونی ڕوسیا بە برابەشی گەورە وەکو جاران و لەسەر ڕووداوەجیهانییەکان دەبێت حساب و پرس و ڕای پێبکرێت دوای ئەوەش وەکو وتم گەر وا بڕوات پوتین بە ئاسانی ناچێتە دواوە تاکو ئەو کاتەی کە ئەمریکا و وبریتانیا و ناتۆ ئەم دوو مەرجەی ئەو قەبوڵ دەکەن: گەرەنتی نەکردنی ئۆکرانیا بە ئەندامی ناتۆ و بە فەرمی داننان بە کریمیا و دۆنباس کە بەشێكە لە ڕوسیا. کەواتە ناتۆ ، ئەمریکا و بریتانیا بۆ ڕیش چوون و سمێڵیشیان نایە بانی ، هەرچیش ئۆکرانیای هەژاریشە تڕێک و دوو تۆپ جاو قەرزار بوو. خەڵکی نەگبەتی ئۆکرانیا سەرگەردان و ماڵوێران و جەرگبراو بوون بەداخەوە لە پێناو و لە سای گەمەی خۆێناوی ناتۆ و فاشییەتی پوتین-دا.
http://www.zaherbaher.com/%D8%B3%D8%B2%D8%A7-%D9%88-%DA%AF%DB%95%D9%85%D8%A7%D8%B1%DB%86%DB%8C-%D8%A6%D8%A7%D8%A8%D9%88%D9%88%D8%B1%DB%8C%DB%8C-%D9%88-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%D8%A7%DB%8C%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D9%84%DB%95%D8%B3%DB%95-2