لاوازبوونی سەربازیی لاوازبوونی سیاسیی بەدوادا دێت
17/01/2025
ئەو ڕێکخراو و پارتانەی کە هێزی سەربازییان هەیە و متمانەی تەواویان لەسەرایانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، کاتێك لە ڕووی سەربازییانەوە شکست دەهێنن سەرەتایەك دەبێت بۆ شکستی تەواوی هێزی سیاسیشیان.
هەر دوور نەڕۆین با تەماشایەکی حەماس و حیزبووڵا بکەین . ئەم دوانە دوای تێشکانێکی گەورەی هێزی سەربازییان ئەوە بە دڵنیاییەوە هێزی سیاسیشیان گەر لاواز نەبووبێت بە هۆی لە دەستدانی سەرکردە مێژوییەکانیانەوە ئەوە بەرەو لاواز بوون دەڕۆن.
ئەو لاوازبوونە سەربازییەش دەرگا بۆ کەرتکاریی و داڕمان و دەستەکاریی و کێبڕكیی نێوانی سەرکردەکان و نەگەیشتنە بریارێکی سەرەکی دەکاتەوە . هەر بۆ نموونە حەماس دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بوونە دوو کەرتەوە گەرچی لە ناو یەك ڕێکخستندا تا ئێستا ماونەتەوە . هەرچی ئیسماعیل هەنییە بوو نەرم و نیانتر بوو لە یەحیا سینوار ، هەنییە لەگەڵ هەندێك لە سەرکردەکانی حەماسی دەرەوەی فەلەستین تا رادەیەك ڕایان زۆر دوور نەبوو لە یەکەوە . هەرچیش ئەوانەی ناوخۆی فەلەستین وەکو یەحیا سینوار و هەندێكی تریان رایان زۆر جیاواز بوو ، وەك دەڵێن هەنییە و جەماعەتەکەی لەگەڵ هێڕشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا نەبوون .
ئێستاش کە ئاگربەستی کراوە و ئاگربەستییەکەش هەدەفی هەرە سەرەکی بەردانی دیلەکانی ئیسرائیلە ، کە تا ئێستاش نە سەرکردەکانی دەرەوەی فەلەستین نە خودی ئیسرائیلیش نازانن چەندیان ماون و چەندیان دەتوانرێت رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە . هەر لەبەر ئەمەش ئاگربەستییەکە پرۆسەیەکی زۆر ناسکە .
لە ئێستادا حەماسی ناو فەلەستیین لە لایەن محەمەد سینواری برای یەحیا سینوار رابەرایەتی دەکرێت کە زۆر توندڕەوە هەر ئەویش بەر پرسە لە دیلەکان و کەسیش ناتوانێت لەوانەی دەرەوەی فەلەستین هیچی بەسەردا بسەپێنێت. هەر ئەوەشە کە سەرکردەکانی حەماسی دەرەوەی فەلەستین شتێکی ئاوا سەبارەت بە ژیان و مان و نەمانی ئەو دیلانە نازانن.
لەگەڵ ئەوەشدا موحەمەد سینوار و جەماعەتەکەی هەرچەندە توندڕەو بن بەڵام ناچارن بە هۆی دوو هۆکارەوە گەر ئایدۆلۆجییەت فەرامۆش بکەن دەبێت بەم ئاگربەستییە و ئایندەی خۆشیان رازی بن.
یەك : ئەوانەی هاوکاریان بوون وەکو حیزبوڵا و ئەسەد و میلیشیاکانی عێراق و خودی ئێران و حوسییەکانی یەمەن یا نەماون یاخود زۆر لاوازن و چی تر ناتوانن هاوکاری حەماس بکەن ، گەر ئەوەش بکەن ئەمەریکا و ئیسرائیڵیش ئەوەیان لێ قەبوڵ ناکات.
دوو: وەکو Mkhaimar Abusada کە زانستی سیاسی لە زانکۆی ئەزهەری غەزە دەڵێتەوە ، دەڵێت خەڵکی غەزە زۆر ماندو و بێزارن دەیانەێت غەزە ئاواەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزارییەکان بکەونەوە کار بۆ ئەمەش دەزانن کە ئەگەر حەماس حوکم بکاتەوە ئەوە هیچ جۆرە یارمەتییەکی دەرەکی لە لایەن ئەوەی کە پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی نادرێن ، بۆیە نایانەوێت غەزە لە لایەن حەماسەوە حوکمبکرێت .
ئەم دوو خاڵەش ئەوە دەسەلمێنێت کە حەماس کە لە ڕوی سەربازییەوە شکستی هێناوە ئەوە لە ڕووی سیاسیشەوە شکستی گەورەی هێناوە و دەهێنیت .