لێدە، بیکوتە
01/07/2022
لێدە تەپڵی شادمانی جەنگ با دەنگی بەرزتر بێت… بیکوتە دەهۆڵی شەڕی بەرژەوەندیی، تا صەدا و زرمەی بڵندتر بێت ، با لێدانی کەڕەنای جەنگ دڕ بە تاریکی و لێڵی و بێ دەنگی ئاسمانی سووری ڕەنگگرتوو بە خوێن، زیاتر بدات …. با قەڵای لاشە و کەلەسەری کوژراوان و قوربانیانی جەنگ باڵابەرزتر و بەهێز تر بێت … با لافاوی خوێنی سەربازانی بەزۆرگیراو و خەڵکانی بێ تاوان ڕەنگەکەی, سووری تۆختر بێت…. با قوڕی گیراوەی سەری باوکان و دایکان و ئازیزانی قوربانییەکان لە هەموو کات زیاتر خەستتر بێت ….. با فرمێسکی زیاتری چاوی دایکان و خوشکان جۆگەلەکەیان بە خوڕتر بێت…. با دەروازەی جبەخانەکان و کارخانەکانی جەنگ بۆ هەمیشە ئاوەڵاتر بێت ….با مامەڵەی کڕیاران و بازرگانانی جەنگ و خوێن هەمیشە لە برەودا بێت….. تا سامان و سەرمایەی زیاتری کەڵەکەبووی سامانداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکان زیاتر بێت ……..
چۆن بڕیارێك دەردەکەن بیکەن …. چۆن هاوکاری جەنگ و خوێن دەکەن بیدەن….دەی چی لە ئێوە دێت ئەی بڕیاردەران و سەرکردەکانی جەنگ… پوتین ، بایدن ، بۆریس، ئیمانوێل و ئەوانی ترتان؟ خوێنتان لەبەر ناڕوات ، تەنانەت دڵۆپێك عارەقیشتان لێ ناچۆڕێت…. منداڵ و ئازیزانتان بە بەلاش تیاناچێت… با لەوان بڕوات … بۆچی نەڕوات؟ … ئەوان لە کاتی ئاشتیدا با سامان و سەرمایە دروست بکەن و لە کاتی جەنگیشدا با پارێزگاری لێبکەن…. ئەوان هەر بۆ ئەوە باشن و مەخلوقێكن بۆ ئەوە دروستکراون .. زیندەوەرانێکن بۆ بارکێشان و کارکردن و بەکارهێنان خولقێنراون ….. دەی با دەهۆڵ و کەڕەنای جەنگ دەنگیان بڵند تر صەدایان ترسناکتر و کاراییان مەترسیدارتر بێت …..
پەمپی کەن … پارەی زیاتری تێخەن… هاوکاری چەك و تەقەمەنی زیاتری بکەن….بوغرایی ژێلینیسیکی و هاندانی ئێوەی سەرکردەکان و بڕیاردەرانی جەنگ و فاشییەتی پوتین با وڵاتێك وێرن بێت … با گۆمی خۆێن قووڵتر بێت ….با کاری زیاتر بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان پەیدا بێت … با بەخەڵکانی بەیەکەوە ژیاوی چەند سەد ساڵە لە یەك بترازێن و بەش بەش بن …. چی لە ئێوە دێ؟ ئێوە چ دەربەستێكن؟…
ئێوە جەنگێك بەڕێوە دەبەن کە هەژاران زیاتر هەژار دەکات … کە جەرگسوتاوان زیاتر خەمناك و وێڵی ژیانی مندالەکانیان دەکات ….. ژینگەی سروشتی و ژینگەی ژیانی دانیشتوانی چەند وڵاتێك وێران دەکات …..ئێوە جەنگێکی ئاوا بەڕێوەدەبەن.
سەخاوەتی ئێوە لە بن نایەت..، بە ملیار دۆلار و پاوەند و یورۆ دەخنە ئەم پرۆژە گەورەیەوە … پرۆژەی جەنگ و خوێن … بۆ یەك چرکەش بیر لەوە ناکەنەوە کە بوجەکەتان کەم و کەمتر دەبێتەوە … کەسێك لە پەڕلەمانتارەکانیشتان گلەیی و بناشتێك ناکات … بۆ ئەم بازرگانی و جەنگە ئێوە دەستکراوەن .. پارەتان زۆرە … ئیدی گرنگ نییە لە ئەمەریکا زیاتر لە 30 ملیۆن کەس ئەکسێسی چارەسەری بەلاشی نەبێت … گرنگ نییە ڕۆژانە بە سەدان کەس هەر لەوێ یا بکوژرێت یا خۆی بکوژێت … با پیشەسازی چەك و تفاقی کوشتن بەردەوام بێت.. گرنگ نییە لە وڵاتەکەتا ئەی بایدن بە ملیۆن کەس لە هەژاری و بێ خانووبەرەدا بژین … بۆ هەموو ئەمانە پارە هیچ نییە … لە بریتانیاش با هەر ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە سەرکەوێت ، با کولفەی ژیانی دانیشتوانەکەی گرانتر بێت … با کرێکارانی ڕێگاو هاتووچۆ و بەشی تەندروستی و فڕۆکەخانەکان و مامۆستایان و پۆست و گواستنەوەی پێویستییەکان و بەشەکانی خزمەتگوزاری و ئەوانی دیکە هەر شەقام بکوتن بۆ زیادکردنی مووچە … با هەر مانبگرن بۆ چەند پاوەنێکی زیاتر …با 6.5 ملیۆن نەخۆش هەر لە ئینگلتەرەدا لە لیستی چاوەڕوانی دکتۆر و نەشتەگەریدا بن….. بۆ هیچ یەکێك لەمانە پارە نییە بەڵام بۆ بەردەوامدان بە شەڕ … بەردەوامدان بە کوشتن و بڕین و وێرانکردنی خاك و نیشتمانی ئۆکرانییە داماوەکان پارە کێشە نییە .. بوجەی تایبەتی ناردنی چەکی قورس و هەموو کەرەستە و ماتریالیەکانی جەنگ گرفتێك نییە …
ئێوە هەموو ئەمانە دەکەن ئەی بڕیاردەرانی جەنگ و وێرانکاریی … بەڵام ئەوەی کە ئەم جەنگە دەباتەوە تەنها و تەنها دوو کەسە لە ناوتانا : پوتین و ئەردۆگان لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکان . جەنگێکتان دەستپێکردوە کە ناتانەوێت کۆتایی پێبهێنن، داخوازی و پێشنیار و چاوەڕوانیتان بەزاندنی پوتین و گۆڕینی ڕژێمە … بەڵام خۆتان دەزانن کە پوتین وا بە ئاسانی ناچیتەوە دواوە .. بەهای ڕۆبل لە ئێستادا بەرزترە لە سەردەمی پێش شەر، ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لەوێ کە 8.1 هێشتا نزمترە لە بریتانیا و تورکیا و هەندێك وڵاتی دیکەی ناتۆ.. ڕێژەی پەسەندکردنی کەسایەتی پوتین-یش زیاترە لە پێش جەنگەکە.