Categories
Kurdish

ناڕەزایی و ڕاپەڕینەکان بەو ئاراستەیەدا ناڕۆن کە ئێمە دەمانەوێت

ناڕەزایی و ڕاپەڕینەکان بەو ئاراستەیەدا ناڕۆن کە ئێمە دەمانەوێت

16/06/2025

ناڕەزایی و ڕاپەڕینەکان گەر جەماوەری بن بەو ئاڕاستەیەدا ناڕۆن کە ئێمە دەمانەوێت چونکە جەماوەر کاتێک کە دەڕژێتە سەر شەقامەکان هەر هەموویان بە هەمان دافیع و هەمان هۆکار نایەنە سەر شەقام . جەماوەر بریتی نییە لە چینێک یا توێژاڵێکی دیاری کراو، بەڵکو دەیەها توێژاڵ بە خۆیەوە دەگرێت،  هەر یەكەشیان بە هۆکارێك و بۆ مەبەستێك دێتە سەر شەقام ، هەیە بۆ نان و ئاو و پێداویستیی سەرەکیی، هەیە بۆ چاککردنی بارودۆخی پەککەوتەیی و بەدیهێنانی ئامانجی خاوەن پێداویستی تایبەتی ، هەیە بۆ پرسی ژینگە، هەشە بۆ کێشەی بێ خانوویی ،  بۆچارەسەری نەخۆشی و دەرمان و خەستەخانە  و خوێندنی بەلاش … ئیتر هەر کۆمەڵە و توێژاڵێک ئامانجی خۆیانیان هەیە و ئەسبەقییەتیش دەدات بەوەی کە لای خۆی گرنگە.

گرنگە بە جددی گوێ لەم دەنگ و دروشم و داواکاریانە بگیرێت کاریان لەسەر بکرێت، نابێت بیر لە رابەرایەتی و سەرکردایەتییان  بکرێتەوە و ئەوانە داخوازی جەماوەرن ، جەماوەر ئەوانەی دەوێت نەك سۆشیالیزم کە ئێمە دەمانەوێت .  گەر چاوەڕوانی ئەوە بکەین گەر راپەڕینەکە کرێکارانە  نەبێت و ئامانجی دروستکردنی حکومەتی کرێکاری یا دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاری نەبێت ، ئیتر پشتی تێبکەین و  هەر لە دوورەەوە چاودێری بکەین .

ئێمەی چەپ لە وەهمدا دەژین کە نائومێد بین لەوەی کە خەڵکی داوای سۆشیالیزم ناکەن یاخود بەوەی کە بزوتنەوەیەکی کرێکارانە بەو شێوەیەی کە ئێمە دەمانەوێت نییە تاکو ئیحتیوای ڕاپەڕینی خەڵکی بکات و بەرە و حکومەتی شوورایی و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا و دەوڵەتی سۆشیالیستییان بەرێت، ئەمە لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا نییە و هەرگیزیش شۆڕش، شۆڕشی کرێکاران نابێت. شؤڕش یا هەر نابێت یا جەماوەریی دەبیت . دەبێت واقیعانە بیربکەینەوە.  ئەوەی کە لەم دەرفەتەدا بۆمان دەکرێت ئەوە بکەین .  ئەمەش مانای ئەوە نییە کە تۆ هاوکاری یەککەوتنی جەماوەر و ڕێکخستنیان نەکەیت، پێشنیارت نەبیت ، جەدەل و لێکدانەوەت لە سەر بارودۆخەکە نەبێت ، ململانێ و بەیەکادانی مشتومڕانە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا نەبێت .  کردنی ئەمەش  ئەوە نییە کە تۆ سازشت کردووە و لە داخوازییە سەرەکییەکەت یا مانیفێستەکەت پاشەکشەت کردووە . بەڵکو ئەمە ئەوەیە زەمینەیەك هاتۆتەپێشەوە یا دێتە پێشەوە بەدەر لە ویستی ئێمە ، بەڵام بارودۆخێکی خولقاندووە یاخود دەخولقێت کە دەکرێت هۆشیاری تەواو بە خەڵکی بدات ، ئەزموونێکی نوێیان پێبدات ، هاوپشتی نێوانی خەڵکی دروست بکات ، زانیاری و مەعریفەی زیاد لە حەد بە دەستەوە بدات ، کەش و هەوایەکی برایانە، خوشکانە، ئازادانە بهێنێتە ناوەوە، گەلێک لە زانیاری و ئەزموونە کۆنەکان دەداتە دواوە، خودی بزوتنەوەکە هی نوێ و نوێتر دروست دەکات.

هەمیشە جەماوەر لە ئێمەی خوێنەرەوەی کتێب و دانیشتوی پشتی کۆمپیتەر و خەڵکانی حیزبیی  زیرەكتر و هۆشیارترن ، چونکە ئەوان ژیان فێری کردون و فێریان دەکات ، نەك کتێب و بڕگەی ئەم و هی ئەو ، ئەوان دەستەویەخە و چنگاوشی ژیان بوونەتەوە ، نەك دەستەویەخەی کتێب ، ئەوان ژیان مامۆستایانە نەك کتێب و ئەم ڕابەر و ئەو بیرمەند .  جەماوەر گەمژە نییە ، مەڕ نییە وەکو زۆرێك دەڵێن، بەڵام بارودۆخ و زەمینەیەك خولقاوە کە ئەوانی ناچار بە بێ دەنگی کردووە ، بەڵام هۆکاریان هەیە بۆ ئەوە ، هیچ شتێک بێ هۆ نییە ، نە بە بێ هۆ بێ دەنگە و بەرەو ڕووی شکست دەبێتەوە ، نە بێ هۆش سەرکەوتن بەدەست  دەهێنیت.  ئەوەی گرنگە هاوکاریکردن و بەشداریکردنە بەڵام بێ سەپاندنی هیچ بەرنامەیەکی حیزبی و خەڵکانی دەسەڵاتخواز.

بەرای من مامەڵەی دروست لە ئایندەی ئێراندا ئەمەیە.  من خۆم باوەڕم پێی هەیە و ئاواش تەعامولی لەگەڵ دەکەم.

Leave a Reply