نێستۆر ماخنۆ : پیاوێكی ئەفسانەیی
19/02/2024
نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ، ڕێبەری پارتیزانی ئەنارکیست، لە ڕەنگاویترین و قارەمانترین کەسایەتییەکانی شۆڕش و شەڕی ناوخۆی ڕووسیا بوو. بزووتنەوەکەی لە ئۆکرانیا نوێنەرایەتی یەکێك لەو کەمترین دەرفەتە مێژووییە دەکات کە ئەنارکیستەکان خاکێکی گەورەیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کۆنترۆڵ کرد. زیاتر لە ساڵێك لەسەر ڕوووبەری زەوی هێزێکی گەورەتر بوو لە ترۆتسکی و دێنیکین. ماخنۆ سەرکردەیەکی سەربازیی کە دەتوت بۆ ئەوە لە دایکبووە، لە یەك کاتدا لە چەندین بەرەدا شەڕی کردووە، دژایەتیکردنی سوورەکان و هەروەها سپییەکان و داگیرکەرانی نەمسا و ناسیۆنالیستە ئۆکرانیاییەکان، باسی ئەو گرووپە بێشومار و باندە ڕێگرانە ناکەم کە بەدوای تاڵان و تاڵانچێتییەوە زەوییان تەی دەکرد. بە گوتەی ڤیکتۆر سێرج، Victor Serge ، ئەو ” پیاوێکی خاوەن ستراتیجی بە توانای بێهاوتا” بووە، کە سوپای جووتیاران خاوەندارێتی لێدەکرد “توانایەکی بەڕاستی چامانەی (مەلحەمیانە) بۆ ڕێکخستن و شەڕ” بووە. ئیما گۆڵدمانیش بە “وێنەکێشترین و گرنگترین کەسایەتی کە شۆڕش لە باشووردا هێنایە پێشەوە” ناوی بردووە. [1]
ماخنۆ لە 27ی تشرینی یەکەمی 1889 لە خێزانێکی هەژاری جوتیار لە شارۆچکەی گیولای-پۆلیێی، Gulyai-Polye ، ئۆکرانیا لەدایک بووە، کە دەکەوێتە پارێزگای ئێکاتێرینۆسلاڤ، Ekaterinoslav ، لە نێوان ڕووباری دنیپەر، Dnieper ، و دەریای ئازۆڤ، Azov. تەمەنی بەزەحمەت ساڵێك دەبوو کاتێك باوکی مرد و پێنج کوڕی بچووکی بۆ پەروەردەکردنیان بەسەر دایکیدا بەجێهێشت. ماخنۆ لە تەمەنی حەوت ساڵیدا خرایە بەر کار بە بەخێوکردنی مانگا و گاو گوێلك و مەڕ بۆ جوتیارانی دەوروبەر، دواتر وەك کرێکاری کێڵگە و لە بەشێکی تواندنەوەی مەعدەن دا کاری دۆزیەوە.
لە ساڵی 1906 و لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا، ماخنۆ پەیوەندی بە گرووپێکی ئەنارکیستی گیولای-پۆلیەوە کرد. دوای دوو ساڵ بەهۆی بەشداریکردنی لە هێرشێکی تیرۆریستیدا کە گیانی ئەفسەرێکی پۆلیسی ناوچەکەی لێکەوتەوە، درا بەدادگە. دادگە سزای هەڵواسینی بەسەردا سەپاند، بەڵام بەهۆی گەنجیی ماخنۆوە سزاکە بۆ ماوەیەکی نادیار لە زیندانی بیوتیرکی (Butyrki ) لە مۆسکۆ، گۆڕدرا.
ماخنۆ سەلماندی کە زیندانییەکی کێوی و بەرهەڵستکار بوو کە ناتوانێت دیسیپلینی ژیانی زیندانی قبوڵ بکات و لە ماوەی نۆ ساڵی دەستبەسەرکردنیدا زۆرجار لە ژوری ئاسنین یان لە ژووری تاکەکەسیدا دانراوە. بەڵام بۆ ماوەیەک لەگەڵ ئەنارکیستێکی بەتەمەنتر و بەئەزموونتر بە ناوی پیتەر ئارشینۆڤ،Peter Arshinov، لە ژوورێکدا بوون، کە بنەماکانی بیروباوەڕی ئازادیخوازانەی فێرکرد و لە باوەڕی باکونین و کرۆپۆتکین پشتڕاستی کردەوە.
ماخنۆ دوای شۆڕشی شوباتی ساڵی 1917 لە زیندان ئازاد بوو، گەڕایەوە گوندی زێدی خۆی و ڕۆڵی پێشەنگی لە کاروباری کۆمۆنێتییەکەدا گرتە ئەستۆ. یارمەتی ڕێکخستنی سەندیکای کرێکارانی کێڵگەی دا و وەك سەرۆکی سەندیکاکە دەستی بە کارکردووە. زۆری نەخایاند بە سەرۆکی سەندیکای دارتاش و کانزاکارانی ناوچەکە و هەروەها بە جێگری شوورای گیولای-پۆلیێی کرێکاران و جووتیاران هەڵبژێردرا. لە مانگی ئابی ساڵی 1917دا، وەك سەرۆکی شوورا، ماخنۆ کۆمەڵێك جوتیاری چەکداری دروست کرد و دەستی کرد بە دەستبەسەرداگرتنی موڵكی ئاغاکانی دراوسێ و دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر جوتیارەکاندا. لەو کاتەوە خەڵکی گوندەکە ماخنۆیان وەکو ستێنکا ڕازین، Stenka Razin ، یان ئیمیلیان پوگاچێڤ، Emelian Pugachev ، دەبینی کە نێردراون بۆ بەدیهێنانی خەونی دێرینیان بە خاك و ئازادیی.
بەڵام چالاکییەکانی ماخنۆ لە بەهاری دواتردا ڕاگیران، کاتێک حکومەتی سۆڤیەت پەیمانی برێست لیتۆڤسک-ی، Brest-Litovsk ، واژۆکرد و هێزێکی زۆری سەربازانی ئەڵمانیا و نەمسا چوونە ناو ئۆکرانیا. ماخنۆ توڕەیی و بێزاری سەبارەت بەم سازشە لەگەڵ ” ئیمپریالیزمی ” ئەڵمانیدا، کە لەگەڵ هاوڕێ ئەنارکیستەکانیدا هاوبەش بوو یەكخست، بەڵام دەستە پارتیزانییەکانی زۆر لاواز بوون تاکو بەرخۆدانی کاریگەر پێشکەش بکەن. ئەمە ناچاری کرد کە خۆی حەشاردا و ڕێگەی خۆی بۆ ڕووباری ڤۆڵگا، Volga ، گرتەبەر، پاشان بەرەو باکوور بەرەو مۆسکۆ ڕۆیشت و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1918 گەیشتە ئەوێ.
لە سەردانە کورتەکەیدا بۆ پایتەخت، ماخنۆ بینەرێکی ئیلهامبەخشی لەگەڵ کەسە زۆر خۆشەویستەکەیدا، پیتەر کرۆپۆتکین، هەبوو، بەریەککەوتنێك بوو کە لە بیرەوەرییەکانی ماخنۆدا بە شێوەیەکی ڕوون باسکراوە. هەروەها لە کریملین لەلایەن لینینەوە پێشوازی لێکرا و ئەوەی لەسەر هەڵوێستی جووتیارانی ئۆکرانیا بەرگوێ کەوت بەرامبەر بە بەلشەفییەکان و دۆخی سەربازی باشوور و جیاوازی نێوان چەمکە بەلشەفییەکان و ئەنارکیستەکانی شۆڕش دەنگی دایەوە. لینین لە دانیشتنەکەی لەگەك ماخنۆدا وتی : “زۆرینەی ئەنارکیستەکان بیر لە داهاتوو دەکەنەوە و دەنووسن، بەبێ ئەوەی لە ئێستا تێبگەن. ئەوە ئێمەی کۆمۆنیست لەوان جیا دەکاتەوە.” هەرچەندە ئەنارکیستەکان پیاوانی “خۆنەویست” بوون، لینین بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی بەڵام “فانتیازاتی بەتاڵ”یان و دیدی ئەوانی بۆ ئێستا و داهاتوو بۆ یەکسانیی ناڕوونە. بە ماخنۆی گوت: “بەڵام هاوڕێ پێم وایە کە تۆ هەڵوێستێکی واقیعبینانەت هەیە بەرامبەر سوتاندنی شەیتانەکانی ئەو سەردەمە. ئەگەر تەنها یەك لەسەر سێی ئەنارکیست-کۆمۆنیستەکان وەك تۆ بوایەن، ئێمەی کۆمۆنیست لە سای هەلومەرجە زانراوەکاندا ئامادە دەبووین بەرەو ڕێکخستنی ئازادی بەرهەمهێنەران کاریان لەگەڵدا بکەین.” ماخنۆ لە وەڵامدا وتی ئەنارکیستەکان خەونبینی یۆتۆپیا نین بەڵکو پیاوی واقیعی چالاکیین. دوای ئەوە بیری لینینی خستەوە، ئەوە ئەنارکیستەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان بوون نەك بەلشەفیکەکان کە لە ئۆکرانیا ناسیۆنالیست و چینە ئیمتیازدارەکانیان بەزاند، لینین وەڵامی دایەوە، “ڕەنگە من هەڵە بم”. دواتر پێشنیاری کرد یارمەتی ماخنۆ بدات بگەڕێتەوە بۆ باشوور[2]
کاتێک ماخنۆ لە مانگی تەمموزی ساڵی 1918دا گەڕایەوە بۆ گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye ، ناوچەکە لەلایەن سەربازانی نەمسا و لەلایەن میلیشیاکانی بوکەڵە ئۆکراینیەکەیانەوە، هیتمان سکۆرۆپادسکی، Hetman Skoropadsky ، داگیرکرابوو. ماخنۆ بە ڕێکخستنی دەستەیەکی پارتیزانیی لە ژێر ئاڵای ئەنارکیستدا، زنجیرەیەك هەڵمەتی بۆ سەر سوپاکانی نەمسا و هتمانیەکان و دژی کۆشکەکانی نوجەباکان (نوبەلاکان) دەستپێکرد. جووڵەی لەپڕ و زۆر نائاسایی و بارێك لە فێڵە زیرەکەکانی هێڕشبردن، کەرەسە تاکتیکییە سەرەکییەکانی ماخنۆیان پێکدەهێنا. بە سواری ئەسپ و بە عەرەبانە سووکەکانی جووتیاران کە پێیان دەوتن تاچانکی- tachanki، کە چەکەمەنییان لەسەر دانرابوو، هاوەڵەکانی بە خێرایی زەوییە ڕووتەنەکەی نێوانی ڕوباری دنیپەر، Dnieper و دەریای ئازۆڤ-یان بڕی و لە کاتی ڕۆیشتنیاندا بە دەستەی بچووک و بە قەبارە گەورە ئیلهامی تیرۆریان بە نەیارەکانیان بەخشی .
پێشتر دەستە گەریلا سەربەخۆکان فەرماندەیی ماخنۆیان قبوڵ کرد بوو و لە پشت ئاڵا ڕەشەکەیەوە گردبووبوونەوە. گوندنشینەکان خواردن و ئەسپی دیکەی بە توانایان بۆ دابین دەکردن، ئەمەش وایکرد کە ماخنۆڤیستەکان ڕۆژانە چل یان پەنجا میل بە زەحمەتێکی کەمەوە ڕێبکەن. لەناکاو ڕووبەڕووی هێزێکی دوژمن دەبوونەوە لەو شوێنەی کە کەمترین چاوەڕوانییان لێدەکرا، هێرشیان دەکردە سەر نوبەلاکان و ئەو بەشە سوپایەی کە بۆ پارێزگاری شارۆچکە و ناوچەکە بنکەیان دانابوو، پاشان بەو خێراییەی کە هاتبوون هەر بەو خێرایە لەبەرچاو ون دەبوون. بە دەستبەسەراگرتنی جلوبەرگی دوژمنەکانیاندا دزەیان دەکردە ناو ڕیزەکانیان و دەیانتوانی پلانەکانیان بزانن یان لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لێبکەن.
لە بۆنەیەکدا ماخنۆ و هاوڕێکانی کە خۆیان وەک پاسەوانی هیتمانیتی، Hetmanite پۆشی بوو، چوونە ناو جەرگەی ئاهەنگ و سەمای خاوەن زەوییەکەوە، لە ناوەڕاستی ئاهەنگەکانیاندا کەوتنە میوانەکان. کاتێکیش ماخنۆڤیستەکان گۆشەگیر و لە شەردا نەدەبوون، چەکەکانیان لە حەشارگەیەکدا دەشاردەوە و بە تاك ڕێگەی خۆیان دەگرتەبەر بۆ گوندەکانیان و لە کێڵگەکاندا دەستیان بە کار دەکرد و چاوەڕێی ئیشارەتێك بوون بۆ دۆزینەوەی شوێنی نوێی شاردنەوەی چەک و دووبارە لە شوێنێکی پێشبینی نەکراودا دەردەکەوتنەوە . ماخنۆ وەکو لە چیرۆکی سوارە سوورەکانی ئیسحاق بەیبل، هاتبوو ” سوارچاکێکی زۆر باش بوو زۆر سروشتیانە دەیتوانی هەڵسوکەوتی سوارچاکەنە بکات . عەرەبانە هایکارتەکان کە لە بەرەی شەڕدا و لە گرتنی شارۆچکەکاندا هەروەها لە کاروانی هاوسەرگیریدا بەکاردەهێنران لە بارەگای دەستەی بەڕێوەبەری دەڤەرێك نزیك دەبێتەوە لەناکاو ئاگرێکی چڕ دەکاتەوە، قەشەیەکی بچووک، ئاڵایەکی ڕەش کە بەدەستییەوەیە دەشەکێنێتەوە . ئاڵای ڕەشی ئانارشی، و فەرمان بە دەسەڵاتداران دەکات کە خزمەت بە بۆرژوازی و پرۆلیتاریا بە شەراب و مۆسیقا بکەن. سوپای tachankas [ سوپای عەرەبانە سووکەکانی جوتیاران] مناوەریەك نمایش دەکەن کە لە خەونیشدا نەبینراون.“[3]
دەستەکەی ماخنۆ بچووک بەڵام بەجووڵە و یەکگرتوو بوو. ئەو سەرکردەیەکی بە توانا و بە سەلیقە بوو کە ئیرادەیەکی ئاسنینی لەگەڵ هەستی نوکتەبازیدا تێکەڵ بەیەك دەکرد، پەرۆشی و خۆتەرخانکردن و بێ گومانیی شوێنکەوتووانی بەدەستهێنا. لە ئەیلوولی ساڵی 1918دا، دوای ئەوەی لە گوندی دیبریڤکی، Dibrivki,، هێزێکی باڵای نەمساوییەکانیان شکست پێهێنا، دەستەکەی نازناوی سۆزدارییان پێبەخشی کە ‘ باتکۆ’ بوو، “باوکی گچکە” . دوای دوو مانگ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم کە بووە هۆی کشانەوەی هێزەکانی نەمسا و ئەڵمانیا لە خاکی ڕووسیا، ماخنۆ توانی دەست بەسەر بەشێک لە چەکەکانیان وکەرەسە و جیهازەکانی جەنگدابگرێت.
دوای ئەوە ماخنۆ جامی غەزەبی بەسەر شوێنکەوتوانی ڕێبەری ناسیۆنالیستی ئۆکرانیا پێتلیورا، Petliura ڕژاند. لە کۆتایی مانگی دیسەمبەردا لە دەرکردنی سوپای نیشتەجێی پێتلیوریست لە ئیکاتێرینۆسلاڤ، Ekaterinoslav، سەرکەوتوو بوو. چەکدارەکانی ماخنۆ کە چەکەکانیان لە ناو جلوبەرگەکانیاندا شاردبووەوە، بە شەمەندەفەرێکی ئاسایی نەفەرهەڵگرەوە چوونە ناو وێستگەی سەرەکی شەمەندەفەر و ناسیۆنالیستەکانیان بە سەرسوڕمانەوە گرت و لە شار دووریان خستەوە. بەڵام ڕۆژی دواتر دوژمن بە هێزێکی بەهێزەوە دەرکەوتەوە و ماخنۆ ناچار بوو لە ڕوباری دنیپەر،Dnieper ، بپەڕێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ بنکەکەی لە گولیای-پۆلیێ، Gulyai-Polye ، هاوکاتیش پێتلیوریستەکان، Petliurists ، دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن سوپای سوورەوە دەرکران.
لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 1919دا، لە ڕاستیدا ناوچەی گیولای-پۆلیێ دوور بوو لە دەسەڵاتی سیاسی. نەمساوییەکان و هیتمانیەکان و پێتلیوریستەکان هەموویان دوورخرابوونەوە و نە سوورەکان و نە سپییەکانیش ئەوەندە بەهێز نەبوون کە بۆشاییەکە پڕبکەنەوە. ماخنۆ سوودی لەم هێوربوونەوە وەرگرت بە هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە لەسەر بنەما و هێڵی ئازادیخوازانە. لە مانگەکانی کانوونی دووهەم و شوبات و نیساندا، ماخنۆڤیستەکان زنجیرەیەك کۆنگرەی ناوچەیی جوتیاران و کرێکاران و یاخیبووانیان سازکرد بۆ تاووتوێکردنی بابەتە ئابووری و سەربازییەکان و لێدووان و سەرپەرشتیکردنی ئەرکی ئاوەدانکردنەوە.
پرسی زاڵبوو بەسەر کۆنگرەکانی هەرێمدا بەرگریکردن بوو لە ناوچەکە لەوانەی کە ڕەنگە هەوڵی دامەزراندنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەریدا بدەن. کۆنگرەی دووەم کە لە 12ی شوباتی 1919 دا گیرا، دەنگی بە “گردبوونەوەی خۆبەخشانە“ دا، کە لە ڕاستیدا بە مانای بانگکردنی ڕاستەوخۆی سەربازیی بوو، کە هەموو پیاوە بەتواناکان کاتێك بانگ دەکرێن پێویست بوو خزمەت بکەن. نێردراوەکان بۆ کۆنگرە نوێنەرانی ئەنجومەنی شۆڕشگێڕی سەربازیی هەرێمی جوتیاران و کرێکاران و یاخیبووانیان لە گوند و شارۆچکەکاندا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنگرە دەورییەکان هەڵبژارد. شورای نوێ هانی هەڵبژاردنی سۆڤێتات ی ” ئازاد” دی لە گوندەکان و شارۆچکەکان دەدا، ئەو سۆڤیەتانەی کە ئەندامانی پارتە سیاسییەکان لێیان دوور خرابوونەوە. هەرچەندە ئامانجی ماخنۆ لە دامەزراندنی ئەم ئۆرگانانەدا نەهێشتنی دەسەڵاتی سیاسی بوو، بەڵام ئەنجومەنی شۆڕشگێڕانەی سەربازیی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆنگرە ناوچەییەکان و سۆڤیەتییە ناوخۆییەکان کاری دەکرد، لە ڕاستیدا حکومەتێکی شل و شێواویان لە خاکی دەوروبەری گیولای-پۆلیێدا پێکهێنا.
سوپای یاخیبووی ئۆکرانیاش وەکوو ئەنجوومەنی شۆڕشگێڕی سەربازیی، هەر وەك هێزەکانی ماخنۆڤیست ناویان دەبرا، لە ڕووی تئیوریەوە ملکەچی سەرپەرشتی کۆنگرە ناوچەییەکان بوو، بەڵام به کردەوه کۆنترۆڵی دەسەڵات له دەست ماخنۆ و دەستەکەیدا بوو. سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ ئەوەی خۆی لە هەر شتێك بەدوور بگرێت کە نیزامێکی بەهێزی سەربازیی بێت، ماخنۆ ئەفسەرە سەرەکییەکانی دانا و (ئەوانەی دیکە لەلایەن بەشداربووان خۆیانەوە هەڵدەبژێردران) و سەربازەکانی ملکەچی ئەو دیسیپلینە سەربازییە توندەی کە نەریتی لەنێو لیژنە کۆزاکییەکانی ناوچەی زاپۆرۆژیان-ی ، Zaporozhian نزیکدا هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا سوپای یاخیبووان هەرگیز کارەکتەری ئاسایانەی خۆی لەدەست نەدا. هەموو ئەفسەرەکانی جوتیاران بوون یان لە چەند حاڵەتێکدا کرێکاری کارگە بوون یان لە دوکاندا کاریان دەکرد. کەسێك بێ هودەو بێ پەروا لەم حاڵەتەدا بۆ فەرماندەیەك دەنواڕێت کە لە چینی سەرەوە یان ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە، یاخود تەنانەت لە ڕۆشنبیرە ڕادیکالەکانەوە هاتبێت.
بۆ ماوەیەك مامەڵەی ماخنۆ لەگەڵ بەلشەفیکەکان بە دۆستانە مایەوە و ڕۆژنامەکانی سۆڤیەت بە “سەرکردەیەکی شؤڕشگێڕی پارتیزانیی بوێر” ستایشیان دەکرد. پەیوەندییەکان لە مانگی ئازاری ساڵی 1919دا لە باشترین ئاستدا بوون، کاتێك ماخنۆ و کۆمۆنیستەکان پەیماننامەیەکیان بۆ چالاکیی سەربازی هاوبەش لە دژی سوپای خۆبەخشی ژەنەڕاڵ دێنیکین، Denikin، ئەنجامدا، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، سوپای یاخیبووانی ئۆکرانیا بوونە بەشێك لە سوپای سوور، ملکەچی فەرمانی فەرماندەیی باڵای بەلشەفیکەکان بوو، بەڵام ئەفسەر و پێکهاتەی ناوخۆی خۆی و هەروەها ناو و ئاڵای ڕەشی خۆی هێشتەوە.
بەڵام ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە نەیانتوانی دوژمنایەتی بنەڕەتی نێوان ئەو دوو گرووپە بشارنەوە. کۆمۆنیستەکان چێژێکی کەمیان لە پێگەی ئۆتۆنۆمی سوپای یاخیبووان دەبینی، یاخود ئەو سەرنجڕاکێشییە بەهێزەی کە بۆ جوتیارە تۆمارکراوەەکانی خۆیان هەیانبوو، بۆ ئەمان نەیان بوو. ماخنۆڤیستەکانیش لە لای خۆیانەوە ترسیان لەوە هەبوو کە درەنگ یان زوو سوپای سوور هەوڵی ئەوە بدات بزووتنەوەکەیان پەكبخات. لەگەڵ زیادبوونی ناکۆکییەکاندا، ڕۆژنامەکانی سۆڤیەت وازیان لە ستایشەکانیان بۆ ماخنۆڤیستەکان هێنا و وەك “باند” دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەریان. لە نیسانی ساڵی 1919 کۆنگرەی سێیەمی ناوچەیی جووتیاران و کرێکاران و یاخیبووان بە سەرپێچی لە قەدەغەکردنێك کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سۆڤیەتەوە دانرابوو، گیرا. لە مانگی ئایاردا دوو سیخوڕی دەسگەی ‘چێکە’ کە بۆ تیرۆرکردنی ماخنۆ نێردرابوون، گیران و لە سێدارە دران. دوا سەرپێچی یا پێشێڵکاری کاتێك ڕوویدا کە ماخنۆڤیستەکان بانگهێشەی کۆنگرەی چوارەمی ناوچەیی بۆ 15ی حوزەیران کرد و سەربازانی سوپای سووریان بانگهێشت کرد بۆ ناردنی نوێنەر. بەڵام ترۆتسکی فەرماندەی گشتی هێزەکانی بەلشەفیکەکان لەمە تووڕە بوو. لە 4ی حوزەیراندا بڕیاری قەدەخەکردنی کۆنگرەی داو و ماخنۆی نایاسیی کرد. سوپای کۆمۆنیستەکان هێرشێکێیان بە خێرایی ڕەشەبا بۆ سەر گیولیای-پۆلیێ ئەنجامدا و ئەو کۆمونە کشتوکاڵیانەی کە لەلایەن ماخنۆڤیستەکانەوە دامەزرابوون هەڵیانوەشاندەوە. پاش چەند ڕۆژێکیش هێزەکانی دێنیکین، Denikin ، گەیشتن و کارەکەیان تەواو کرد و سۆڤیتە ناوخۆییەکانیشیان پاکتاو کرد.
هاوپەیمانییە لەرزۆکەکەی نێوانی ماخنۆڤیستەکان و بەلشەفیکەکان لەو هاوینەدا بەخێرایی دەستی پێکردەوە، کاتێك کە دێنیکین بەرەو مۆسکۆ ملی نا کە هەردوك لە کۆمۆنیستەکان و ماخنۆڤیستەکانیشی تووشی شۆك کرد. لە ماوەی مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا گەریلاکانی ماخنۆ بەرەو سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا پاشەکشەیان پێکرا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە 26ی ئەیلولدا، ماخنۆ هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی سەرکەوتووی بۆ سەر گوندی پێرێگۆنۆڤکا، Peregonovka ، لە نزیك ئومان، Uman ، دەستپێکرد و هێڵەکانی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژەنەراڵی سپیپێستی بڕی و ترس و دڵەڕاوکێ و نائارامی لە دوای خۆیەوە دروستکرد. ئەمە یەکەم تێشکانی جددی دێنیکین بوو لە پێشڕەوییەکەی بۆ ناو دڵی ڕووسیا و هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ وەستاندنی تاودانەکەی بەرەو پایتەختی بەلشەفیکەکان. لە کۆتایی ساڵدا، دژە هێرشێکی سوپای سوور، دێنیکینی ، Denikin ، ناچار کرد کە بەرەو کەنارەکانی دەریای ڕەش پاشەکشە بکات.
لە کۆتایی ساڵی 1919دا ماخنۆ فرمانی لە فەرماندەی سوپای سوورەوە پێدرا بۆ گواستنەوەی سەربازەکانی بۆ بەرەی پۆڵەندا. ئەم فرمانە بە ڕوونی بۆ ئەوە دەرکرابوو کە سوپای یاخیبووان لە خاکی ناوخۆی خۆی دوور بخاتەوە و شوێنەکان بەجێبمێنن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی بەلشەفیکەکان. ماخنۆ فرمانەکەی ڕەتکردەوە. ترۆتسکی، وتی، دەیەوێت هێزەکانی دێنیکین بە سوپای سوور و خاوەن زەوییە بێ دەسەڵاتکراوەکان بە کۆمیساری سیاسی جێبگرێتەوە، ئەو سوێندی خواردبوو کە ڕووسیا لە ئەنارکیزم “بە دەستێکی پۆڵایین”،[4] پاكبکاتەوە بەمەش ماخۆنۆڤیستەکانی لە بەرەکە دەرکرد و یاساخی کردن . ئەم هەشت مانگە ململانێی تاڵی بەدوای خۆیدا هێنا و زیانەکانی هەردوولا قورس بوون. لە پاڵ ئەمەشدا پەتایەکی توندی گرانەتاش ژمارەی قوربانیانی زیاد کرد. لایەنگرانی ماخنۆ بە شێوەیەکی خراپ ژمارەیان کەم بووبوەوە، خۆیان لە شەڕی بەرە و چەقبەستوو بەدوور دەگرت و پشتیان بەو تاکتیکە گەریلایانە دەبەست کە زیاتر لە دوو ساڵ شەڕی ناوخۆدا کارامەیی و ئەزموونیان تێدا پەیدا کردبوو.
دوژمنایەتییەکان لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1920 کۆتایی هات، کاتێك بارۆن ڕانگێل، Baron Wrange، جێنشینی دێنیکین، Denikin ، لە باشوور، هێرشێکی گەورەی دەستپێکرد و لە کرایماوە بەرەو باکوور هێرشی برد. ئەمە وایکرد کە جارێکی دیکە سوپای سوور داوای هاوکاری لە ماخنۆ بکات و لە بەرامبەردا کۆمۆنیستەکان ڕازی بوون بە لێبوردنێك بۆ هەموو ئەنارکیستەکان لە زیندانەکانی ڕووسیا و ئازادی پڕوپاگەندەیان بۆ ئەنارکیستەکان فەراهەم کرد بە مەرجێک خۆیان لە پرسی ڕووخاندنی حکومەتی سۆڤیەت بەدوور بگرن.
ئەم ڕێکەوتنە بەزەحمەت مانگێکی تێپەڕاند، دوای ئەوەی کە سوپای سوور دەستکەوتی پێویستی بەدەستهێنابوو بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لە سەرکەوتن لە شەڕی ناوخۆدا، ئیدی سەرکردەکانی سۆڤیەت ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ماخنۆدا هەڵوەشاندنەوە. ماخنۆڤیستەکان هەر مانەوەیان هاوپشتێکی بەسوودی سەربازی بوون بۆ بەلشەفیکەکان، بەڵام بۆ بەلشەفیکەکان تا ئەو کاتەی کە ‘باتکۆ’ [ باوکە گچکەکە] زیندوو بێت ئەوە ڕۆحییەتی ئەنارکیزم و مەترسی ڕاپەڕینی جووتیاران دەمێنێتەوە و ڕاوی ڕژێمی بەلشەفیکەکان دەکات. لە 25ی تشرینی دووەمی 1920دا فەرماندەکانی ماخنۆ لە کرایمیا کە تازە لە عیشوەی سەرکەوتنیاندا بوون بەسەر ڕانگێلدا، Wrangel ، لەلایەن سوپای سوورەوە گەمارۆ دران و دەستیان بەسەردا گیرا و تەقەیان لێکرا. ڕۆژی دواتر ترۆتسکی فەرمانی هێرشکردنە سەر بارەگای ماخنۆ لە گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye ، داو لەوێدا چەکدارەکانی ماخنۆ دەستگیرکران و زیندانیکران یاخود هەر لە شوێنی ڕووداوەکەدا بەر تەقە دران. بەڵام خودی ‘باتکۆ’ لەگەڵ پاشماوەی ئەو سوپایەدا کە ڕۆژێك ژمارەیان دەیان هەزار بوو، توانی خۆی لە هێڕشبەرانی و ڕاونەرەکانی ڕزگار بکات. دوای سووڕانەوە و سەرگەردانیبوونی لە خاكی ئۆکرانیا بۆ ماوەیەکی باشی ساڵە کە، سەرکردەی گەریلا بە ماندووبوون و بەدەست برینێکی ساڕێژنەبووەوە، لە ڕووباری دنیستەر، Dniester ، پەڕییەوە بۆ ناو ڕۆمانیا و دواجار ڕێگەی خۆی بۆ پاریس گرتەبەر.
بە لەبەرچاوگرتنی کەسایەتییە ڕەنگاوڕەنگەکەی و درامای دەوڵەمەندی پیشەیەك، کە ژیانی بوو، هەموو ئەمانە جێی سەرسوڕمانێکی کەمە کە ماخنۆ دەبێ ببێتە بابەتی ئەدەبێکی گەشەسەندوو. تا ئەم دواییانە، باسەکانی بزووتنەوەکەی بە دەگمەن نەبێت، پێکهاتبوون لە تێکەڵەیەك لە ڕاستی و خەیاڵیی، لە مشتومڕی دوژمنکارانە و هەندێکجاریش خراپەکارانە، لە ڕۆژنامەگەری هەستیار یاخود وێنەیەکی ڕۆمانسیانەی دوور لە رەخنە و نزیك لە پۆرتریای قەدیسێك. ڕەنگە حەتمی بێت کە کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێش و مشتومڕاوی بۆ کەسێکی وەك ماخنۆ مامەڵەیەکی لەو شیوەیە بۆی دەستبدات .
تا ڕادەیەك کێشەکە لە سەرچاوەی ناتەواوەوە سەرچاوە دەگرێت. دەستکەوتنی یادەوەری و مانیفێستەکانی بزووتنەوەی ماخنۆ سەختە، چونکە بەشێکی زۆری لە گێژاوی شەڕی ناوخۆدا ون بوون یان لەناوچوون. لەوەش زیاتر، بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکانی ناو ئەرشیفی سۆڤیەت لە لایەن پسپۆڕانی ڕۆژئاواییەوە تا ئێستاش دەستیان پێدا ڕانەگەیوە. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی من ئەرشیفی ڤۆلین، Volin ، هاوکارەکەی ماخنۆ (کە کوڕەکانی لە پاریس لەبەردەستیاندایە) نەخراوەتە بەردەستی کەسانی تایبەتمەند بە زانست، گەر چی بە دڵنیاییەوە مادەی گرنگ لەخۆدەگرێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم سنووردارکردنانەشدا، سەرچاوەکان زۆرن و دەمێننەوە تاکو هێشتا بە تەواوی لێیان وەربگیرێت.
ئەم سەرچاوانە چی لەخۆدەگرن؟ بۆ دەستپێك، ئێمە بیرەوەرییە کەسییەکانی ماخنۆمان تا مانگی کانوونی دووەمی 1918 هەیە کە لە چاپێکی سێ بەرگیدا لە نێوان ساڵانی 1929 و 1937دا بڵاوکراونەتەوە، دوو بەرگی کۆتایی بە پێشەکی و تێبینییەکانی ڤۆلین، Volin [5] پێداچونەوەی کراوە. جگە لەوەش یازدە جاڕنامەی/ڕاگەیاندنی ماخنۆڤیست لەلایەن یگۆ فێدێلی، Ugo Fedeli ، ئەنارکیستێکی ئیتاڵی کە لە ساڵانی 1920 لە کاتی سەردانەکانی بۆ مۆسکۆ و بەرلین و پاریس بەدەستی هێناوە، پارێزراو بوون ، کاتێك کە لەوێ بە شێوەیەکی شەخسی بە ماخنۆ ئاشنا بووە. ئەم ڕاگەیاندنانە بە زمانی ڕووسی ئەسڵ بڵاوکراونەتەوە و هەروەها لە چاپی ئینگلیزی مێژووی بزووتنەوەی ماخنۆڤیستی پیتەر ئارشینۆڤدا، Peter Arshinov ، هاتووە[6] . ئەرشێفی زیاتری ماتریاڵەکان کە دواتر دووبارە باس دەکرێتەوە دەکرێت لە کۆکراوەکانی تچێریکۆوەر، Tcherikower ، لە پەیمانگای یڤۆ، YIVO ، بۆ لێکۆڵینەوەی جولەکەکان لە نیویۆرك پەیدا بکرێت. لەمانەش زیاتر، مێژوو و کۆکراوە بەڵگەنامەییەکانی سۆڤیەت، هەرچەندە بەبێ دەستکاری دوژمنایەتی و بەهایەکی سنوورداریان هەیە، بەڵام زانیاری بەسوودیان تێدایە، هەروەك چۆن بابەتەکانی ماخنۆ لە گۆڤارە ئەکادیمییەکانی سۆڤیەتدا هەیانە. بەدەر لەمانەش، بەڵگەنامەی زیاتر و وێنەی زیادە لە دەستی هاوڕێیانی ڕزگاربووی ماخنۆ لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەدا ماونەتەوە. هەروەها فایلە پەرشوبڵاوەکانی ڕۆژنامەکانی ماخنۆڤیست لە کتێبخانەکانی ڕۆژئاوا، چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربووانی سوپای یاخیبووان و لەگەڵ کەسانێك کە لە دەربەدەریدا ماخنۆیان ناسیوە، مێژووی شایەتحاڵەکانی ئارشینۆڤ، Arshinov ، و ڤۆلین، Volin ، و لە خانەی دووەمدا گێڕانەوەی دەیڤید فۆتمان، David Footman و مایکل پالیج، Michael Palij ، و کەسانی دیکەش هەیە .
بەڵام تا ئەمڕۆ هیچ لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لەسەر ماخنۆ بە پشتبەستن بە تەواوی سەرچاوە بەردەستەکان نەکراوە. بەرئەنجامی ئەمەش کۆمەڵێك پرسیار قوتدەبنەوە و بەردەوامن، ئایا ماخنۆ دیکتاتۆرێکی سەربازیی بوو، وەك ئەوەی ڕەخنەگرانی دەڵێن؟ باند و دژە شۆڕش بوو، وەک نووسەرانی سۆڤیەت باسی دەکەن؟ “یاخیبوویەکی سەرەتایی” بوو، بە دەستەواژەی ئێریک هۆبسبام، Eric Hobsbawm؟ [7] ئایا ئەو سەرخۆشێکی چارەسەرنەکراو بوو؟ دژە ڕۆشنبیر بوو؟ دژە جوولەکە بوو؟ خوێنخۆرێك بوو؟ هەوڵە سەربازییەکانی تا چەند بایاخدار بوون لە ڕزگارکردنی شۆڕش لە دەست سپییەکان؟ ئایا ئامێر و تاکتیکە ناپێشکەوتووەکانی لەبەردەم سوپایەکی پیشەیی ناوەندیدا مەحکومی کرد بە شکست؟ هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری لۆکاڵی/ ناوخۆیی لە گوند و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا تا چەند سەرکەوتوو بوون؟ بەڕاستی ئێمە چی دەزانین دهربارهی ئهو؟ چەندێك ئەفسانە و فانتازیا، چەندێك ڕاستییە کە جێی مشتومڕ نییە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، مرۆڤ دەبێ بە پرسیاری بنەڕەتی ئەنارکیزمیی ماخنۆ بگات. بە بڕوای ئیما گۆڵدمان ئامانجی ماخنۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادیخواز بوو لە باشوور کە مۆدێلێك بیت بۆ هەموو ڕووسیا. ئەوەی جێگای سەرنجە، ترۆتسکی جارێك ئاماژەی بەوەدا کە ئەو و لینین یارییان بە بیرۆکەی تەرخانکردنی پارچە خاکێك بۆ ماخنۆ کردووە بۆ ئەم مەبەستە،[8] بەڵام پڕۆژەکە کاتێک دامەزرا کە شەڕ لە نێوان گەریلا ئەنارکیستەکان و هێزە بەلشەفیکەکان لە ئۆکرانیا ڕوویدا.
بەڵام ئایا لە ڕاستیدا ماخنۆ ئەنارکیست بوو، یان تەنیا یاخیبوویەکی دیکەی “سەرەتایی” بوو لە سنووری بەرەکانی باشوورەوە، کە بە دیدگای فیدراڵیزمی کۆزاکی ، Cossack ، و دیموکراسییەکی زبر و ئامادەوە دەگەڕایەوە بۆ ڕازین، Razin و پوگاچۆڤ،؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەو هەردووکیان بوو. هیچ دژایەتییەکیش نییە لە نێوانیاندا، چونکە یاخیبوونەکانی جوتیارانی کۆزاکی سەدەی حەڤدە و هەژدە خاوەنی کارەکتەری یەکسانیخوازی و بەهێزیی هەستی دژە دەوڵەتیی بوون، بەشداربووانیان هێرشێکی سەرتاسەرییان کردە سەر نەجیبزادێتی ( نوبەلایەتی) و بیرۆکراسی و بێزارییان لە دەوڵەت کە وەك شەیتانێکی ستەمکاریان دەبینی کە ئازادییە جەماوەرییەکانی خستۆتە ژێر پێیەوە. ئەنارکیزمی ماخنۆ لەگەڵ ئەم هەستانە و بە گشتی لەگەڵ خواستەکانی جووتیاراندا دەگونجا. جووتیاران زەوییان دەویست، دەیانویست لەلایەن چینی باڵادەست و بەرپرسەکان و باجوەرگرەکان و پۆلیسی تازە دامەزراوەوە و هەمو کارمەند و پیاوە دەرەکییەکانی دەسەڵاتەوە، وازیان لێ بهێنرێت. ئەمانە هەمووی بە کۆمەڵگەی ” چەوساوانی ئازاد” جێگەیان بگیرێتەوە. کە وەك ماخنۆ دەریبڕیوە، “بە ئاوازی گۆرانی ئازاد و خۆش کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی شۆڕش بوون، دەست بە کارکردن دەکەن.”[9 ]
بەم شێوەیە، ماخنۆ جەستەی حەقیقی ئەنارکیزمی جووتیاران بوو، سەرکردەی پارتیزانی و لە نزیکترین پەیوەندیدا بوو لەگەڵ بەنرخترین هیوا و هەستەکانی گوندەکەدا. ئەو، بە گوێرەی وەسفەکەی جۆرج وودکۆك، George Woodcock، “ڕۆبن هود ئەنارکیستێک” بوو،[10] کەسایەتییەکی ناسراو بوو لە کۆمەڵگەی جووتیاران و پیشەرییەکانی دیکەدا، بەتێبینیکراوی لە ئیسپانیا و لە ئیتاڵیا، کە ئەنارکیزم ڕەگێکی قووڵ و بەردەوامی هەبوو. ( هەر ئاواش لە مەکسیکیشدا لەلایەن هاوتاکانی وەکو ە ئیمیلیانۆ زاپاتا، Emiliano Zapata و ڕیکاردۆ فلۆریس ماگۆن، Ricardo Flores Magon .) ئەو بۆ لایەنگرانی وەکو ڕازین، Razin ، یان پوگاچۆڤی، Pugachev، مۆدێرن بوو، هەوڵی بۆ ڕزگارکردنی هەژاران لە ستەمکارەکانیان دەدا و بۆ ئەوەی زەوی و ئازادییان پێببەخشێت. هەر وەك لە ڕابردوودا بزووتنەوەکەی لە سنوورەکانی باشوور سەری هەڵدا و دژی سامانداران و دەسەڵاتدارەکان بوو. ئەلێکساندەر بێرکمان، Alexander Berkman ، نووسیویەتی، ماخنۆ بوو بە “فریشتەی تۆڵەسەندنەوەی کەسانی خوارەوەی کۆمەڵ و لە ئێستادا وەك ڕزگارکەری گەورە سەیر دەکرێت، کە هاتنی ئەو، لەلایەن پوگاچۆڤەوە، Pugachev ، لە چرکەکانی مردنیدا پێشبینی کرابوو “.[11]
ماخنۆ بە شوێنکەوتنی نموونەی کەسانی پێش خۆی، خاوەنزەوییەکانی دەرکرد و بەرپرسەکانی دوورخستەوە و “کۆمارێکی” لەسەر شێوازی کۆزاکی، Cossack ، لە سەر چەقی زەویەکی ڕووتەن دەستبەکاربوو و لەلایەن شوێنکەوتووانیەوە وەك باوکی چاکەکارییان ڕێزی لێدەگیرا.
ماخنۆ داوای لە جوتیاران کرد کە دژی “کەتافێتی زێڕین”ی، golden epaulettes، ڕانگل، Wrangel ، و دێنیکین، Denikin ، ڕاپەڕن و بۆ سۆڤیەتات و کۆمونە ئازادەکان خەبات بکەن. لە هەمان کاتدا دژی “کۆمۆنیست و کۆمیساری“ بوو، هەر وەك چۆن ڕازین، Razin ، و پوگاچۆڤ، Pugachev ، دژایەتی “بۆیارس و بەرپرسان”* boyars ” یان کردبوو. ئەوانیش لای خۆیانەوە سەرزەنشتیان کردو بە ڕێگر ناویان دەبرد، ئەوە تایتڵێك بوو کە مۆسکۆ لە سەدەی حەڤدەهەمەوە بەو ناوە خراپە نەیارانی خۆی ناودەبرد. جگە لەوەش هەمان ئەفسانە سەبارەت بە ماخنۆ سەری هەڵدا وەك چۆن لەبارەی ڕازین، Razin و پوگاچۆڤەوە، Pugachev . وەك هاوسەرەکەی بە ئیما گۆڵدمانی وتووە، “لە نێو خەڵکی وڵاتدا ئەو باوەڕە ڕواوە کە ماخنۆ براوەیە و نەدۆڕاوە، چونکە لە ماوەی هەموو ساڵانی شەڕدا هەرگیز بریندار نەبووە سەرەڕای ئەوەی کە هەمیشە بە شێوەیەکی شەخسی سەرکردایەتی هەموو هێڕشێكی دەکرد.[12]
لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەکی گرنگ هەبوو، ئەو وەك ڕازین، Razin و پوگاچۆڤ، Pugachev و ئەتامانەکانی “atamans” ی وچەرخی خۆی، لە ئۆکرانیا نەبوو، ماخنۆ بیرۆکەیەکی ئەنارکیستی تایبەت پاڵنەری بووە. بە درێژایی ژیانی بە شانازییەوە لەیبڵی ئەنارکیستی دەدا لەخۆی وەك نیشانەی دژایەتیکردنی دەسەڵات. هەر لە ساڵی 1906دا، تێبینی ئەوە کراوە، پەیوەندی بە گروپێکی ئەنارکیستەوە لە گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye کردووە. تێگەیشتنی لە ئەنارکیزم لە ساڵانی زینداندا لە ژێر چاودێری ئارشینۆڤدا، Arshinov ، گەشەی کرد و بەهۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ڤۆلین، Volin و ئارۆن بارۆن، Aaron Baron و ڕۆشنبیرانی دیکەی ئەنارکیست کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا پەیوەندییان بە بزووتنەوەکەیەوە کرد، قووڵتر بووەوە. لە بیرمەندە کۆنەکان، سەرچاوەی سەرەکی ئیلهامەکەی پیتەر کرۆپۆتکین، Kropotkin بوو، کە لە ساڵی 1918دا دیدەنی کرد، وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا هاوکاتیش بە توندی سەرسامی باکونینیش بوو، بە یاخیبوویەکی “گەورە” و “ماندوو نەناس” ناوی دەبرد، بە زۆرییش ڕاگەیاندنەکانی کە لە شێوەی لیفلێتد/بەیاندا کە لە کەمپەکەیەوە دەردەچوو زۆرجار تامێکی باکونینی بەخۆیەوە دەگرت.
سەرەڕای ئەمانەش ئەنارکیزمی ماخنۆ تەنیا لە پڕوپاگەندەی زارەکیدا قەتیس نەبوو، گەر چی ئەمە بۆ بەدەستهێنانی لایەنگرانی نوێ، گرنگ بوو. بە پێچەوانەوە، ماخنۆ پیاوێکی کرداریی/عەمەلی بوو کە تەنانەت لە کاتێکدا سەرقاڵی هەڵمەتە سەربازییەکان بوو، لەو کاتەشدا هەوڵی دەدا بیرۆکە ئەنارکیستییەکانی خۆی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکەم کردەوەی لە چوونە ناو شارۆچکەیەکدا — دوای کردنەوەی دەرگای زیندانەکان — ئەو بڕوایەی دەڕەواندەوە کە ئەو هاتووە بۆ ناساندنی فۆرمێکی نوێی حوکمڕانی سیاسی. ڕاگەیاندنەکانی بڵاودەکرانەوە و دانیشتووانیان ئاگادار دەکردەوە کە ئێستا ئازادن ژیانیان بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەزانن بۆ خۆیان ڕێکبخەن، سوپا یاخیبووەکەی “دیکتەیان ناکات و فەرمانیان پێنادات هیچ کارێك بکەن“. ئازادی قسەکردن و ڕۆژنامەگەری و کۆبوونەوە ڕاگەیەندرا، هەرچەندە ماخنۆ حەزی بەهاندانی ئەو ڕێکخراوانە نەدەکرد کە لە هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسییاندا بوون، بەگوێرەی ئەوە کۆمیتە شۆڕشگێڕییەکانی بەلشەفیکەکانی هەڵوەشاندەوە و ئەندامەکانیانی ڕاسپارد کە “هەندێك مامەڵەی ڕاستگۆیانە ئەنجام بدەن” [13 ]
لێرەدا ئامانجی ماخنۆ توڕدانی هەژموونی هەموو جۆرەکانی هەیمەنەکردن بوو، ئامانجی ئەو هاندانی چارەنووسی ئابووری کۆمەڵایەتی و بڕیاردانی خۆیی بوو . لە یەکێک لە جاڕنامەکانی لە ساڵی ١٩١٩دا دەڵێت: ” ئەوە کاری جوتیاران و کرێکاران خۆیانن بۆ خۆڕێکخستنی خۆیانە تاکو بگەنە لە یەكتێگەیشتنی یەکتر لە هەموو بوارەکانی ژیانیانادا و بەهەر شێوەیەك کە خۆیان بە ڕاستی دەزانن“.
بە پشتیوانی چالاکانەی ئەو، کۆمونە ئەنارکیستەکان لە هەرێمی ئیکاتێرینۆسلاڤ، Ekaterinoslav ، ڕێکخران، هەریەکەیان نزیکەی دەیان ماڵیان هەبوو کە کۆی گشتی سەد بۆ سێ سەد ئەندامیان هەبوو. چوار لەو جۆرە کۆمونانە لە دەوروبەر و نزیکی گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye ، بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی ماخنۆ و ژمارەیەکی دیکە لە ناوچەکانی دەوروبەری پێکهاتبوون. ماخنۆ خۆی کاتێك کە وەختی هەبوایە لە لەیەکێك لە کۆمونەکانی گیولای-پۆلیێ، Gulyai-Polye کاری دەکرد.
هەر کۆمونێك ئەوەندە زەوی بۆ دابین دەکرا کە ئەندامەکانی توانیویانە بیکێڵن بەبێ ئەوەی کرێکاری زیادە بەکرێ بگرن. زەوییەکە و هەروەها کەرەستە و مریشك وئاژەڵدارییەکان بە بڕیاری کۆنگرە هەرێمییەکانی جوتیاران و کرێکاران و یاخیبووان تەرخانکرابوون و بەڕێوەبردنی کۆمونەکەش بە کۆبوونەوەی گشتی ئەندامەکانی بەڕێوەدەچوو. زەوییەکە بە هاوبەشیی بەڕێوەدەبرا و چێشتخانە و ژووری نانخواردنەکانیش هاوبەش بوون، ئەوانەشی لەو ئەندامانەی کە دەیانویست بە جیا خواردن دروست بکەن یان خواردن لە چێشتخانەکە وەربگرن و لە شوێنی خۆیان بیخۆن، ڕێگەیان پێدەدرا ئەو کارە بکەن. گەر چی تەنها چەند ئەندامێک لە ڕاستیدا خۆیان بە ئەنارکیست دەزانی، بەڵام جووتیاران لەسەر بنەمای یەکسانی تەواو (“لە هەریەکەیانەوە بەپێی توانای خۆی، بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی خۆی”) کۆمونەکانیان بەڕێوەدەبرد و بنەمای یارمەتیدانی یەکتری ‘کرۆپۆتکینیان’ وەک بنەمای بنەڕەتی خۆیان قبوڵ دەکرد. جێگای سەرنجە کە یەکەمین کۆمونەی لەو جۆرە، لە نزیک گوندی پۆکرۆڤسکۆیە، Pokrovskoye ، بۆ ڕێزلێنان ناوی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ-ی لێنراوە، کە ئەنارکیست نەبوو، بەڵکو مارکسیست و شەهیدێکی ئەم دواییەی شۆڕشی ئەڵمانیا بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی ناسکتاریانەی ماخنۆیە بۆ بیری شۆڕشگێڕانە و پراکتیکی شۆڕشگێڕانە .
ماخنۆ لە هەوڵەکانیدا بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە هەرکاتێك دەرفەتێك دەهاتە پێشەوە، بە گوێرەی بنەمای ئازادیخوازانە، هانی تاقیکردنەوەکانی خۆبەڕێوەبردنی کرێکارانی دەدا. بۆ نموونە کاتێك کرێکارانی هێڵی ئاسنی شاری ئەلێکساندرۆڤسک ، Aleksandrovsk ، گلەیی ئەوەیان کرد کە چەندین هەفتەیە مووچەیان پێنەدراوە، ئامۆژگاری کردن کە کۆنترۆڵی هێڵی ئاسن بکەن و ئەو نرخە لە بەکارهێنەران وەربگرن کە پێدەچێت نرخێکی دادپەروەرانە بێت بۆ خزمەتگوزارییەکانیان. ئەم جۆرە پڕۆژانە هەرچەندە داوای لێکۆڵینەوەی وردتر دەکەن لەلایەن مێژوونووسانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنێکی سنوورداریان هەبوو. بەڵام ئەوان نەیانتوانی زیاتر لە کەمینەیەکی کرێکاران بەدەست بهێنن، چونکە وەکو جووتیاران و پیشەوەرانی گوندەکە کە بەرهەمهێنەری سەربەخۆ بوون و خوویان بە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی خۆیانەوە گرتبوو نەبوون، دەستەکانی نێو کارگە و ئەوانەی کە لە کانەکانی وەکو کانی خەڵوز و کانی تر وەك بەشێکی وابەستە بە یەکتر لە ئامێرێکی پیشەسازی ئاڵۆزدا کاریان دەکرد و بەبێ ڕێنمایی پسپۆڕانی تەکنیکی لە تاریکیدا دەبوون و گرفتیان دەبوو. زیاتر لەوەش جوتیاران و پیشەوەران دەیانتوانی بەرهەمی کارەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، لەکاتێکدا کرێکاران بۆ مانەوەیان پشتیان بە کرێ دەبەست. لەمانەش زیاتر ماخنۆ ئاڵۆزتری کرد کاتێك دانی نا بە هەموو پارە کاغەزییەکانی کە لەلایەن کەسان و لایەنەکانی پێش خۆیەوە دەرچووبوو، لەو پارانەش پارەی — ناسیۆنالیستە ئۆکرانیاییەکان، سپی پێستەکان و بەلشەفیکەکان بە هەمان شێوە-. ماخنۆ هەرگیز لە ئاڵۆزییەکانی ئابووریی شارستانی نەدەگەیشت و ، گرنگی بە تێگەیشتنیان نەدەدا. ئەو لە هەر ڕووداوێکدا کاتێکی کەمی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە ئابوورییەکانی دەدۆزیەوە، ئەو هەمیشە لە بزوتن و پێشکەوتندا بوو. سوپاکەی “کۆمارێک بوو لەسەر تاچانکی**”، وەک ڤۆلین، Volin ، باسی دەکات و “ناسەقامگیری دۆخەکە ڕێگری لە کاری ئەرێنی دەکرد” [14]
لە ئۆکرانیا لە ساڵانی 1918-1920، وەك لە ئیسپانیای ساڵانی 1936-1939، تاقیکردنەوەی ئازادیخوازانە لە سەردەمی بارودۆخی شەڕی مەدەنی و لاوازبوونی ئابووری و سەرکوتی سیاسی و سەربازیدا ئەنجامدرا، بۆیە نەیتوانی بەردەوام بێت. هۆکارەکەش لەبەر نەبوونی هەوڵدان، یاخود نەبوونی خۆتەرخانکردن و پەرۆشیبوون بۆ ئەنارکیزم نەبوو. لە هەموو هەڵمەتەکانی ماخنۆدا ئاڵایەکی ڕەشی گەورە، هێمای کلاسیکی ئەنارشی، بەسەر سوپاکەیدا دەشەکایەوە، کە بە دروشمی “ئازادیی یان مەرگ” و “زەوی بۆ جوتیاران، کارگەکان بۆ کرێکاران” نەخشێنرابوو. کۆمیسیۆنی ڕۆشنبیری-پەروەردەیی پێكهاتبوو لە ڤۆلین، Volin ، ئارشینۆڤ، Arshinov ، و بارۆن، Baron سەرنووسەری گۆڤارەکانی ئەنارکیستی و ڕاگەیاندن و بەیانی ئەنارکیستییان دەردەکرد و وتاریان لەسەر ئەنارکیزم پێشکەش بە سەربازەکان دەکرد. لەوەش زیاتر، کۆمیسیۆنەکە شانۆیەکی ئەنارکیستی دامەزراند و پلانی دانا قوتابخانەی ئەنارکیستی بە مۆدێلی ئێسکولا مۆدێرنای فرانسیسکۆ فێرێر، Francisco Ferrer’s Escuela Moderna ، لە ئیسپانیا بکاتەوە.
لەگەڵ ئەوانەشدا، لە بوارێکدا، ماخنۆ سازشێکی بەرچاوی لەگەڵ بنەما ئازادیخوازەکانیدا کرد. وەک سەرکردەیەکی سەربازیی، تێبینی ئەوە کراوە کە ناچار بووە فۆرمێکی وەرگرتنی سەربازی دەستپێبکات بۆ ئەوەی هێزەکانی پڕبکاتەوە؛ و لە بۆنەیەکدا بەو کەسە ناسراوە کە ڕێوشوێنی توندی دیسپلینی سەربازیی سەپاندووە، لەوانەش لەسێدارەدان بووە. هەندێک پێیان وایە مەیلە توندوتیژەکانی بەهۆی جاروبار خواردنەوەی مەیەوە زیاتر بوو. ڤۆلین، Volin ، جەخت لەسەر سروشتی خواردنەوەی ماخنۆ وروژاندنی دەکاتەوە. ڤیکتۆر سێرج ، Victor Serge بە “مەشروبخۆر، خۆبەزلزان، ناڕێک و ئایدیالیست” وەسفی دەکات.[15 ] چاودێرانی دوژمنکارانە بە سەرکردەیەکی جەنگیی چینیی بەراوردیان کردووە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە سوپاکەی تەنها بەناو ئازادیخواز بووە، بەڵام ئەمە وێنەیەکی ڕاستەقینە نییە. هەرچەندە بە ڕەچاوکردنی دۆخی سەربازیی لەگەڵ دۆکتەرینە ئەنارکیستیەکانی ماخنۆدا بە ناچاری بەرکەوتنیان هەبوو، بەڵام سوپاکەی هەم لە ڕووی ڕێکخستن و هەم لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا لە هەموو هێزێکی شەڕکەری دیکەی سەردەمی خۆیدا بەناوبانگتر بوو.
بە هەموو حساباتێك، ماخنۆ سەرکردەیەکی سەربازیی خاوەن توانا و بوێرێکی جەربەزە بوو. ئەزموون و دەستکەوتی ئەو لە ڕێکخستنی سووپا و ئەنجامدانی هەڵمەتێکی کاریگەر و درێژخایەندا، جگە لە هەندێک لە سەرکەوتنەکانی ئەنارکیستەکانی ئیسپانیا لە ساڵانی 1930دا، لە مێژووی ئەنارکیزمدا ناوازەیە. بەشێکی باشی لە نەریتی کۆزاکی کۆمەڵگە سەربازییە سەربەخۆکانی باشوور و ناڕەزایی ئەوان لە دەستدرێژیەکانی حکومەت بە میرات گرتووە. تاکتیکە گەریلاکانی لە بۆسەدانان و پەلاماردانی سەرسووڕهێنەرانە هەردوکیان گەڕانەوەیەك بوو بۆ یاخیبووانی ڕابوردوی ڕوسییەکان و هەم پێشبینی ئەو شێوازانەی شەڕکردن بوو کە دواتر لە چین و کوبا و ڤێتنام بەکارهێنران. بەڵام ئایا هەوڵەکانی لە ڕزگارکردنی شۆڕشدا لە دەست سپیپێستەکان چەند گرنگ بوو؟
ڤۆلین بە ڕاشکاوی جەخت لەوە دەکاتەوە کە “شانازیی تێشکان و لەناوبردنی دێنیکنست، Denikinist ، دژە شۆڕش لە پایزی 1919 دا بە تەواوی سەرکەوتنی سوپای یاخیی ماخۆنۆستییەکان بوو”. دەیڤید فۆتمان ، David Footman ، بە شێوەیەکی بێگەردتر دەنووسێت کە “هەندێک پاساو هەیە بۆ ئەو ئیدیعایەی کە پێرێگۆنۆڤکا، Peregonovka ، یەکێك بووە لە شەڕە یەکلاکەرەوەکانی شەڕی ناوخۆ لە باشووردا.“[16] هەر چۆنێك بێت گرنگی شەڕەکە لە دەرەوەی جێی مشتومڕە.
بە کورتی ماخنۆ ئەنارکیستێکی وردبین بوو، تا ئەو ڕادەیەی کە بارودۆخەکە ڕێگەی پێدەدا ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرد، پراکتیزەی دەکرد. جوتیارێکی سادە و ساکار بوو، پیاوێکی قسەکەر نەبوو، ئەو ڕەوانبێژ و دەستەواژەساز نەبوو، بەڵکو عاشقی کردار بوو، کەسێکی کردەیی بوو کە سیستەمی میتافیزیکی و تئیوریزەکردنی کۆمەڵایەتی ئەبستراکتی ڕەتدەکردەوە. کاتێک لە ساڵی 1918 هاتە مۆسکۆ، بەهۆی کەشوهەوای “شۆڕشی سەر کاغەز”** لەنێو ئەنارکیستەکان و هەروەها بەلشەفییەکان[17] بێزار بوو، تووشی شۆك بوو. ڕۆشنبیرە ئەنارکستەکان تووشی سەدمەیان کرد کە لە پێگەی یەکەمدا زیاتر ئەهلی کتێب بوون ، نەك کردار. سەرەڕای ئەوەش بەهۆی فێربوون و ئایدیالیزمەوە ڕێزی لێدەگرتن و دواتر داوای هاوکاری لێکردن بۆ فێرکردنی جوتیارەکانی کە دوای کەوتبوون سەبارەت بە بنەما ئەنارکییەکان .
دژە ئینتەلەکچوێلی ماخنۆ لەلایەن ڕاهێنەر و ئامۆژگاریکەرەکەیەوە ئارشینۆڤەوە، Arshinov ،هاوبەش بوو، ئەو کرێکارێك بووە و خۆی پەروەردەکردووە و خەڵکی ئۆکرانیایە و وەک قوتابییەکەی، ماخنۆ. بەڵام ئارشینۆڤ لەوە زیاتریش ڕۆیشت، لە کتێبی (مێژووی بزووتنەوەی ماخنۆڤیستی)دا نەك هەر ڕەخنە لە بەلشەفیکەکان دەگرێت وەک چینێکی نوێی دەسەڵاتدار لە ڕۆشنبیران، بیرۆکەیەك کە بۆ یەکەمجار لە لایەن باکونینەوە خراوەتەڕوو ( کە باس لە مارکس و هاوکارەکانی دەکات)، و لەلایەن ماچاجسکیەوە، Machajski ، پەرەی پێدراوە و لە سەردەمی شۆڕشدا لەلایەن ماکسیمۆف، Maximoff و نوسەرە ئەنارکیستەکانەوە دووبارە کراوەتەوە ؛ ئەو بێ ڕێزیش بە ڕۆشنبیرانی ئەنارکیستیش دەکات، بە تەنها بە تئیورزان ناویان دەبات کە بە دەگمەن چالاکییان کردووە ” مەگەر بە خەو” ڕووداوەکانیان بینیبێت کە گرنگییەکی مێژوویی بێهاوتاییان هەبووە و مەیدانەکەیان بۆ دەسەڵاتداران جێهێشتووە.[18] ئەمەش شرۆڤەویەکی زۆری ڕوونکردنەوەی پلاتفۆرمە ڕێکخراوەییەکەی ساڵی 1926ی دەکات کە لەلایەن ماخنۆوە پشتگیری لێکرابوو، کە ڕەخنە لە ڕۆشنبیران دەگرێت کە هیچ ناکەن، ئەو داوای ڕێکخستن و چالاکی کاریگەر دەکات. [19]
ئەمەش دەمانباتە سەر ئەو پرسیارە بێزارکەرەی کە گوایە ماخنۆ دژە جوولەکە بووە، کە ژیاننامەنووسانی داهاتووی ماخنۆ دەبێت بە وردی لێی بکۆڵینەوە. تۆمەت بە جولەکەکان و چەواشەکاری دەربارەیان، بووە هۆی دەرکەوتنی پرۆگرامی دژە جولەکە لە هەموو لایەک و چەپ و ڕاست و ناوەندەوە بەبێ جیاوازی ئەم لایەنانە هەموویان لەسەر بنەمای بیستراو، دەنگۆ، یان بوختانی بە ئەنقەست دامەزراون و بێ بەڵگەنامە و بێ سەلمێنراو دەمێننەوە[20]. ئامێری پڕوپاگەندەی سۆڤیەت بە تایبەت ئازارێك بوو بۆ ناوزڕاندنی ماخنۆ وەك باند و خوێنخۆرێك. بەڵام دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، ئیلیا تچێریکۆوەر، Elias Tcherikower ، مێژوونووسێکی ناوداری جوولەکە و دەسەڵاتدار لە بواری دژە جوولەکەگەرایی لە ئۆکرانیا، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ژمارەی ئەو کردەوە دژە جوولەکانەی کە لەلایەن ماخنۆڤیستەکانەوە ئەنجامدراون کەمە و شایانی ” فەرامۆشکردنە” بە بەراورد بەوانەی کە لەلایەن شەڕکەرەکانی دیکەوە لە شەڕی ناوخۆدا ئەنجامدراون، کە سوپای سووریش بێبەری نەبووە [21]
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە، چەند سەد وێنەیەکم لە کۆکراوەکانی تچێریکۆوەر-دا ، Tcherikower ، پشکنیوە، کە لە کتێبخانەی یڤۆ، YIVO ، لە نیویۆرك هەڵگیراون و دڕندەیی دژ بە جوولەکەکان لە ئۆکرانیا لە کاتی شەڕی ناوخۆدا نیشان دەدەن. زۆرێك لەم وێنە بەڵگەدارانە ئەو کردەوانە لەلایەن لایەنگرانی دێنیکین، Denikin ، پێتلیورا، Petliura ،گریگۆریڤ، Grigoriev و کەسانی دیکە کە خۆیان بە “ئاتامانس” ، atamans ، ناودەبەن کراون، تەنها یەکێکیان بە ناوی ماخنۆڤیستەکانە ناوزەدە کراوە، هەرچەندە لێرەشدا تەنانەت نە خودی ماخنۆ و نە هیچ کامیان لە شوێنکەوتووە ناسراوەکانی نابینرێن، هەروەها هیچ ئاماژەیەك نییە کە ماخنۆ فرمانی بەو هەڵمەتە داوە یان لە ڕاستیدا ئەو گرووپەی کە بەشداربووە سەر بە سوپای یاخیبووەکانی بووە.
لە لایەکی دیکەوە بەڵگە هەیە کە ماخنۆ هەموو توانای خۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی مەیلی دژە جوولەکە لە نێو شوێنکەوتووانیدا خستۆتە کار. لەمەش زیاتر ژمارەیەکی زۆری بەرچاو لە جوولەکەکان بەشدارییان لە بزووتنەوەی ماخنۆڤیستدا کرد. هەندێکیان وەك ڤۆلین،Volin و بارۆن، Baron ، ڕۆشنبیر بوون کە لە کۆمیسیۆنی ڕۆشنبیری-پەروەردەدا خزمەتیان کردووە و مانیفێستەکانی نووسیوە و پێداچوونەوەی گۆڤارەکانی کردووە، بەڵام بەشێکی زۆریان لە ڕیزەکانی سوپای یاخیبوواندا یان لە مەفرەزە تایبەتەکانی تۆپخانە و هێزی پیادەی جوولەکەدا یان ئەگەرنا لەناو یەکە پارتیزانە ئاساییەکاندا، شانبەشانی جووتیاران و کرێکارانی بە ڕەچەڵەك ئۆکرانی و ڕووسی و ئیتنیکی دیکە شەڕیان کردووە.
ماخنۆ بە شێوەیەکی شەخسی سەرەکۆنەی هەر جۆرە هەڵاواردنێکی کردووە و سزای کردەوەکانی دژە جوولەکەکان دەستبەجێ و توند بوون: فەرماندەیەکی سەرباز دوای هەڵکوتانە سەر شارۆچکەیەکی جولەکەکان تەقەی لێکرا و یەکسەر کوژرا، سەربازێكیش هەمان چارەنووسی بەخۆیەوە بینی تەنها بەهۆی نمایشکردنی پۆستەرێکەوە کە دژە جوولەکە بوو کە لەسەری نوسرابوو ” جوولەکەکان ببەزێنن، ڕووسیا ڕزگار بکەن” ماخنۆ سەرەکۆنەی ئاتامان گریگۆریێڤی، Ataman Grigoriev بەهۆی کوشتارگەلییەکەیەوە کردو کوژرا. ئەگەر ماخنۆ تاوانبار بووایە بەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کرابوون، بە دڵنیاییەوە ئەنارکیستە جوولەکەکان کە لە ئۆردوگاکەیدا بوون لەگەڵ بزووتنەوەکەی نەدەمانەوە و ناڕەزاییان دەردەبڕی. هەر ئاواش بۆ ئەلێکساندەر بێرکمان، Alexander Berkman و ئیما گۆڵدمان، Emma Goldman و ئەوانی دیکە کە لەو کاتەدا لە ڕووسیا بوون، ڕاست دەبوون، هەروەها بۆ شۆلم شوارتزبارد، Sholem Schwartzbard ، ڤۆلین، Volin ، سێنیا فلێشین، Senya Fleshin و مۆلی شتایمەر، Mollie Steimer لە ماوەی ساڵانی 1920 دا لە پاریس بوون. ئەمانە نەك ڕەخنەیان گرت لە ماخنۆ وەك دژە جوولەکە، بەڵکو بەرگریان لێکرد لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتی بوختانانەی کە لە هەموو لایەکەوە دژی بەردەوام بوو.
لە کۆتاییدا، دوا ساڵەکانی ژیانی ماخنۆ شایەنی تەواوترین مامەڵەیە زیاتر لەوەی کە لە مێژوونووسان دەیگێڕنەوە. لە نێو هەموو نووسەرانی تا ئێستا، مالکۆم مێنزیس، Malcolm Menzies و ئەلێکساندەر سکیردا، Alexandre Skirda لە باسی ئەو قۆناغەدا زیاترین جێگەی ڕەزامەندین، [22] گەرچی هێشتاش چیرۆكی تەواو و درامای ڕزگاربوونی ماخنۆ و پەڕینەوە لە دنێستر، Dniester و چونێتی دەستگیرکردنی لە ڕۆمانیا و هەڵهاتنی بۆ پۆڵەندە و دەسگیرکردنەوەی و دادگاییکردنی و بەربوونی و ڕاکردنی بۆ دانزیگ، Danzig و دووبارە بەندکردنەوەی و دوا هەڵهاتنی بە یارمەتی ئەلێکسەندرا بێرکمان و هاوڕێکانی دیکەی لە ئەوروپا[23] و کۆتا پەناگەی لە پاریس، نەوتراوە کە ساڵانی کۆتایی ژیانی لە تاریکی و هەژاری و نەخۆشیدا بردەسەر، وەك ئەنتایۆس، Antaeus **** کە لە خاکەکەی هەڵکەنراوە بڕاوەتەوە کە ڕەنگە هێزی خۆی لێ وەربگرتایەتەوە و تازە بکاتەوە. بە گوتەی بێرکمان، ماخنۆ لە پاریس خەونی گەڕانەوەی بۆ خاکی زێدی خۆی دەبینی و “جارێکی دیکە خەبات بۆ ئازادیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەستپێبکاتەوە”.[24] هەمیشە ڕقی لە “ژەهری” شارە گەورەکان بووە، ئەو نرخ و بەهای ئەو ژینگە سروشتییەی کە تێیدا لەدایك بووە دەزانی. چ گاڵتەجاڕییەکە، کە دەبێت کۆتایی ژیانی لە پایتەختێکی گەورەی بێگانەدا ژیان کۆتایی پێبهێنێت، لە کارگەیەکی ئۆتۆمبێلدا کاربکات، بەکارهێنەرێکی ماندوو کە خواردنەوە ئارامییەکی کەمی بۆ دابین بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز پەرۆشی و خولیای ئەنارکیزمی لەدەست نەدا، هەرگیز وازی لەو بزووتنەوەیە نەهێنا کە ژیانی بۆ تەرخان کردبوو. بەشداری کۆبوونەوە ئەنارکیستەکانی دەکرد (لەگەڵ ئەوانی تردا، زۆرجار لە یانەی پەروەدەی خۆفێرکردنی جوولەکەکان)، بەرگری لە پلاتفۆرمی ڕێکخراوەیی هاوڕێ کۆنەکەی ئارشینۆڤ، Arshinov دەکرد، و تێکەڵ بە ئەنارکیستەکانی هەموو جیهان بوو، لەنێویاندا کۆمەڵێك خوێندکاری چینیی و هەروەها دوروتی، Durruti و ئاسکاسۆ، Ascaso لە ئیسپانیاوە، کە بە گوێبیستی موغامەرەکانی لە ئۆکرانیا دڵخۆش بوو و یارمەتی و ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری خەباتیان دەربڕی، هەر کات و ساتێك کە ئەو خەباتەیان دەگات. گەرچی مردن دەستوەردانی کرد و بووە ڕێگرێك لەم کارە، بەڵام چەند سەرنجڕاکێشە کە ژمارەیەک لە گەریلا دێرینەکانی سوپا یاخیبووەکەی لە ڕاستیدا لە ساڵی 1936دا لە تابوریێکی دیرۆتی دا، Durruti بەشداری شەرەکەیان کرد [25] . چەند گونجاو دەبوو کاتێك کە ماخنۆ بە خراپی تووشی نەخۆشی سیل بوو گەر هاوڕێ ئیسپانییەکان هاوکاری داراییان بکردایە.
دوا ساتەکانی ژیانی ماخنۆ بە شێوەیەکی ئەفسوناوی لەلایەن مالکۆم مێنزیسەوە، Malcolm Menzies ، تۆمار کراوە.[26] . لە تەمموزی ساڵی 1934دا، ماخنۆی تەمەن چل و چوار ساڵان لە نەخۆشخانەیەکی پاریس لەبەردەم دەرگای مردن پاڵکەوتووە. دوای تایەکی قورس و بێ هۆشیی دوا خەونی خەونەکانی دەبینێت، خەونی گوندە خۆشەویستەکەی، خەونی شوێنێکیی ڕوتەنی سەوز بە گیا بەڵام داپۆشراو بە بەفر ، هەتاوێکی درەوشاوە لە ئاسمانێکی شینی سافدا، نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ ، بەسەر ئەسپەکەیەوەیەتی، بە جوڵەی خاو و بە هێواشییەوە بەرەو ڕووی کۆمەڵێك لە هاوڕێیانی کە بەسواری ئەسپن دەبزوێ ، کە لە مەسافیەکەوە چاوەڕێی دەکەن، دەستیان لەسەر کڵاوەکانیانە و هەر کە نزیك بووەوە لێیان ئامادەن بۆ سڵاوکردن لێی. زەمەن تێدەپەڕێت و وەرزەکانیش دەگۆڕدرێن و بەهار دەگات — *****Germinal! : لەدایکبوونەوەی هیوا، دیمەنێکی جوانی سەوزایی، بۆنی زەوییەکی نوێ، شەپۆلی بایەکی هێواش و ئاوڕدانەوەیەکی زۆر خێرا، هەر زۆر بەخێرا، دیمەنێك لە ئازادیی، و پاشان بێدەنگی ئەبەدیی.
تەرمەکەی ماخنۆ سووتێنرا و خۆڵەمێشەکەی لە گۆڕستانی پێرێ لاشایز، Pere-La-chaise Cemetery ، نێژرا، کە دوور نەبوو لە گۆڕی بەکۆمەڵی کۆمۆنارەکانی پاریس کە لە ساڵی 1871 لەوێ کۆمەڵکوژ کران.
……………………………..
* boyars ” ئەندامی بەرزترین پلەی ئاغای فیۆداڵی لە زۆرێك لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.
** تاچانکی: ئاماژەیە بۆ گایسکە کۆنەکانی ئەو سەردەمەی ئۆکرانیا و ڕوسیا کە بۆکاری جەنگ و گواستنەوە بەکاریان دەهێان . نزیکە لە عەرەبانەی دوو ئەسپی ساڵانی پێش حەفتاکانی لای خۆمان کە لە ناو شارد بۆ هاتووچۆی ماڵان و دوکان لەبری تەکسی بەکاردەهێنرا
*** “شۆڕشی سەر کاغەز: مەبەست لەو دەستەواژەیە ئەوە بوو کە ئینتەلێکچؤڵەکان زیاتر نەزەرین وەك عەمەلی.
**** Antaeus ئەنتایۆس کە لەلایەن بەربەرەکانەوە بە ئەنتی ناسراوە، کەسایەتییەک بووە لە ئەفسانەی بەربەر و یۆنانیدا. بەهۆی شکستی لە بەرانبەر هێراکلیس وەک بەشێک لە کارەکانی هەرقل بەناوبانگ بوو.
***** “Germinal” بە شێوەیەکی مێتافۆریک بەکاردێت بۆ قسەکردن لە سەردەمێکی هیوا و گەنجبوونەوە، کە ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنێکی نوێ یان سەرهەڵدانەوەی گەشبینی و ئازادی، تەنانەت ئەگەر کورتیش بێت، لە خەونی نێستۆر ماخنۆدا. بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە هەستی نوێبوونەوە دەورووژێنێت لە نێوان گۆڕانی وەرزەکان و سووڕی سروشتی ژیان و مردندا.
- Victor Serge, Memoirs of a Revolutionary, 1901-1941 (London, 1963), p. 121; Emma Goldman, My Disillusionment in Russia (London, 1915), p- 166.
2.N. Makhno, Pod udarami kontr-revoliutsii (aprel’-iiun’ 1918 g.) (Paris, 1936),
p. 93.
- Isaac Babel, “Discourse on the Tachanka,” The Collected Stories (Cleveland, 1960), pp. 83-86. I have altered the translation slightly.
- P. A. Arshinov, History of the Makhnovist Movement (1918-1921) (Detroit and Chicago, 1974), p. 121; Volin: The Unknown Revolution, 1917-1921 (Detroit and Chicago, 1974), pp. 307-308.
- N. Makhno, Russkaia revoliutsiia na Ukraine (ot marta 1917 g. po aprel’ 1918 g.); Pod udarami kontr-revoliutsii (aprel’-iiun 1918 g.); Ukrainskaia revoliutsiia (iiul’-dekabr’ 1918 g.); reprinted in a one-volume edition in 1977. Volume 1 has been translated into French, German, Spanish, and Italian.
- “Proclamations of the Machno Movement, 1920,” International Review of Social History, 1968, part 2; Arshinov, History of the Makbnovist Movement, pp. 265-84. Fedeli was himself the author of a short but useful study of the Makhnovshchina: Delia insurrezione dei contadini in Ucraina alia rivolta di Cronstadt (Milan, 1950).
- Eric Hobsbawm, Primitive Rebels (New York, 1959), pp. 183-86.
- L. Trotsky, Stalinism and Bolshevism (New York, 1937), pp. 22-23.
- Paul Avrich, ed., The Anarchists in the Russian Revolution (Ithaca, 1973), p. 132.
- George Woodcock, Anarchism (Cleveland, 1962), p. 419.
- Alexander Berkman, The Bolshevik Myth (Diary lyzo-iyzz) (New York,
192-5). p. 191. - Goldman, My Disillusionment in Russia, pp. 148-49. As with Razin and Pugachev, songs about Makhno are still sung in the Soviet Union.
- Volin, The Unknown Revolution, p. 631.
- Ibid., p. 633.
- Serge, Memoirs of a Revolutionary, p. 161.
- Volin, The Unknown Revolution, p. 625; David Footman, Civil War in Russia (London, 1961), p. 276.
- Makhno, Pod udarami kontr-revoliutsii, p. 93.
- Arshinov, History of the Makbnovist Movement, p. 242.
- Organizatsionnaia platforma vseobshchego souiza anarkhistov (Paris, 1926).
- Makhno himself rejected such charges as “vicious rumors” spread by “political agents or charlatans.” The Road to Freedom, November 1927. See also Alexander Berkman, “Some Bolshevik Lies about the Russian Anarchists,” Freedom, April 1922.
- Volin, The Unknown Revolution, pp. 698-700. See also Man!, September-October 1934.
- Malcolm Menzies, Makhno: Une epopee (Paris, 1972), pp. 213-52; Alexandre Skirda, Nestor Makhno: Le cosaque de I’anarchie (Paris, 1982).
- Alexander Berkman to Ben Capes, August 25, 1924, Berkman Archive, International Institute of Social History; Berkman to Minna Lowensohn,
May 2, 1925, Lowensohn Papers, Avrich Collection, Library of Congress.
- Quoted in Michael Palij, The Anarchism of Nestor Makhno, 1918-1921 (Seattle, 1976), p. 243.
- Abel Paz, Durruti: Le peuple en armes (Paris, 1972), pp. 117-20; L. Mercier Vega, L’Increvable anarchisme (Paris, 1970), p. 4.
- Menzies, Makhno, pp. 251-52.
Excepted from Anarchist Portraits by Paul Avrich. Taken from http://www.ditext.com/avrich/7.html