ڕیفۆرمی ڕامیاریی بە واتای گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و باشترکردنی کۆمه‌ڵگه نییه
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
11/07/2008
له كاتێكدا، كه سیسته‌می باڵاده‌ستی سه‌رده‌م له‌وپه‌ڕی به‌هێزی و تواناداریدایه، به‌و ڕاده‌یه‌ی كه به‌خۆترنجاندنه هەمووو كون و كه‌له‌به‌رێكییه‌وه لەتەك هەمووو ساته‌كانی ژیانماندا ده‌ژێت؛ له‌ناو ماڵماندا، له‌سه‌ر كارماندا، له قوتابخانه‌كاندا، له خه‌سته‌خانه‌كاندا، له هەمووو شوێنێكدا له ڕووشاندنی كه‌رامه‌ت و نرخ و به‌های مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیدا شوێنده‌ستی خۆی دیاریكردوه. له‌كاتێكدا كه ئه‌م سیسته‌مه ئاماده‌یه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و هه‌یمه‌نه‌كردن هەمووو شتێك هه‌ر له جه‌نگ و شه‌ڕهه‌ڵگیرساندن و وێرانكردنی ژینگه و ڕاگوێزان و بێكاركردنی خه‌ڵكه‌وه بیگره تاکو به‌كارهێنان و به‌گه‌ڕخستنی پیر و گه‌نج و منداڵ و ئافره‌تان و كه‌مئه‌ندامان، خولقاندنی كێشه‌ی بێكاری و بێماڵی و لانه‌وازه‌بوون و .. هتد، بکات، كه هه‌ر هەمووو ئه‌مانه‌ش بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی پاره‌ی زیاتر و سوود و قازانجی زیاتر. له كاتێكدا كه ئه‌م سیسته‌مه، ئه‌وه‌ی كه له هاوشانییه‌وه نه‌ڕوات و خزمه‌تكاریی نه‌كات و به‌رژه‌وندییه‌كانی ئه‌و نه‌پارێزێت، ئه‌وا بێڕه‌حمانه ده‌یپروێنێ. هه‌ر بۆیه لێدانی ئه‌و هەمووو ده‌هۆڵانه‌ی وه‌كو: مافی مرۆڤ و سه‌ربه‌ستی و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌یه‌كه‌وه هه‌ڵكردن و به‌یه‌كه‌وه ژیانی هەمووو تاكه‌كانی ناو کۆمه‌ڵگه وێڕای جودایی هه‌مه‌جۆره‌یان، به‌ها و نرخی تاك و خێزان، دژایه‌تی ڕایسیزم و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ڕه‌خساندنی هه‌ل و ستایش و سه‌ناكردنی هاووڵاتیانی و به‌رگریكردن له “نیشتمان” و زۆری تریش له‌م قسه و گوتاره ورەییانه تا ده‌گاتە باس و خواسی دیمۆكراتی و سیسته‌می هه‌ڵبژارندن و په‌ڕله‌مانتاری به‌دناو. هه‌ر هەمووو ئه‌مانه‌ش له‌لای ئه‌م سیسته‌مه ڕێزدارن و به‌هادارن، كه له هاوشانییه‌وه بڕۆن و پارێزگاری ڕێڕه‌و و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و بكه‌ن، هه‌ركاتێكیش به‌موو لایاندا، ئیدی به بڕیاری یاسایه‌ك كه سنووری یاسا شكێنراوه، هەمووو ئه‌وانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ناوم هێنان [كورد وته‌نی] ده‌بنه مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز و لەبەرچاو ناگیردرێن، بگره دژایه‌تیان ده‌كرێت.
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه گه‌ر به كورتیش بیت، ئیشاره‌تێكی بچوكمان ده‌داتێ، كه گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له ناو کۆمه‌ڵگه‌دا به‌گۆرانكاری هه‌ر چه‌شنێك له چه‌شنی سیسته‌می ڕامیاری یا به گۆڕانی ده‌سه‌ڵات ناكرێت.
هەمووان ئه‌وه ده‌بینین، كه ئه‌م سیسته‌مه بۆ هێڵانه‌وه‌ی خۆی و هه‌یمه‌نه‌كه‌ی هه‌میشه دووشتی پێویسته : یه‌كه‌م : ده‌هۆڵی میدیا به هەمووو چه‌شنه‌كانییه‌وه، میدیایه‌ك ده‌نگ و ڕه‌نگ و تام و چێژ و به‌هاو ئامانجی ئەوەیە، کە ئه‌م سیسته‌مه بگه‌یه‌نێته گوێچكه‌مان و گۆشمان بكات پێی و له هەموو قوژبنێكی ژیانماندا جێی خۆی كردبێته‌وه. دووهه‌میشیان كاركردنی خودی سیستهمهكهیە له‌سه‌ر ئه‌و پایه و بنچینانه‌ی كه باوه‌ڕی پێیان هه‌یه و باشترین خزمه‌تی ده‌كەن. واته خۆدروستكردن و ژیانه‌وه‌ی و تازه‌بوونه‌وه‌ی لەتەك خۆگونجاندنی له كات و شوێنی جیاجیادا. ئه‌م دوو هۆكاره‌ش ده‌یگه‌یێنێته مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی و باشترین ڕێگه‌یه‌ك، باشترین تاكتیك و ستراتیجییەتێك كه له‌وێوه‌وه نه‌ك هه‌ر بتوانێت فه‌رمانڕه‌وایی بكات و پارێزگاری له مافی خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌م بكات، به‌ڵكو تاكهكۆمهڵایهتییەكانیش بخه‌سێنێت یا لانی كه‌م گێژ و وڕیان بكات ، ئهوەیش سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و په‌ڕله‌مانتارییه، كه سه‌رمایه‌داری نه‌ك هه‌ر داهێنانی له خودی چه‌شنی فه‌رمانڕه‌واییدا كردووه، به‌ڵكو له خودی هه‌ڵبژاردن و گه‌مه‌ی پهڕلهمانتاریشدا ئەوەی کردووە.
زۆر ده‌مێكه زۆربه‌ی خه‌ڵكانی خۆراوا گه‌یه‌نراونه‌ته ئه‌و بڕوایەی تاكه ڕێگه‌یه‌ك كه بۆ پێشه‌وه‌چوونی كۆمه‌لگە و به‌دیهێنانی ئه‌وه‌ی كه ده‌یانه‌وێت، هه‌بێت، سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و گه‌مه‌ی پهڕلهمانبازییه. وا ئێستا ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ش هه‌ر له كۆتایی ساڵه‌كانی چه‌رخی ڕابوردووه‌وه، باڵی به‌سه‌ر بلۆكی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات و خۆرهه‌ڵات و به‌شه‌كانی تریشدا كێشاوه و نزیكه‌ی سه‌رجه‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌خۆیه‌وه سەرقاڵ كردووه، ئه‌وانیش بە حەمد و سەنا بۆ خودا گه‌یشتونه‌ته قه‌ناعه‌تی ده‌ستهه‌لگرتن و تێپەڕاندنی ڕێگه و تاكتیكه‌كانی پێشووی وه‌كو كوده‌تا و خه‌باتی چه‌كداری و به‌رپاكردنی “شۆڕش” بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی پارت و ڕێكخراوه‌كانیان، كه گوایه ئه‌وانه‌ش ئامانجی جه‌ماوه‌ره‌ن و ئه‌مان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.
لێره‌دا سه‌مه‌ره‌كه ئه‌وه‌یه، كه خه‌ڵكانی خۆراوا له كاروباری هه‌ڵبژاردن و هه‌بوونی په‌ڕله‌مان و ناو به‌ناو ئاڵوگۆڕپێكردنیان، كه زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه پێیه‌وه سه‌رقاڵن و هەموو جاریش ده‌زانن، كه گۆڕانكارییه‌كان زۆر كه‌م ڕووده‌ده‌ن و به‌ده‌گمه‌نیش خواسته‌كانیان دێنه‌دی، كه‌چی هه‌ر به‌رده‌وامن.
له‌ملاشه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی خۆراواش به‌شێكی خه‌ڵكه‌كه‌ی، ئه‌م ئه‌زموونانه‌ی خۆراوا به‌چاوی خۆیان ده‌بینن و كه‌چی هێشتا ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ڕوداوانه‌وه و تازه به‌تازه هه‌نگاوی لاساییكردنه‌وه له‌م بواره‌دا ده‌نرێت، هه‌نگاوێك كه ساڵه‌هایه‌كی دوورودرێژه، شکستی هێناوه. بێگومان تێگه‌یشتنی هۆی قبوڵكردنی خه‌ڵكانی خۆرهه‌ڵات به كوردودستانی خۆشمانه‌وه له پرسی هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می په‌ڕله‌مان، زۆر گران نییه و ده‌توانرێت له هه‌ندێك هۆدا كۆیان بكه‌ینه‌وه، كه گرنگترینیان: نوچدان و نوشستهێنانی هەموو ڕێگه‌كانی پێشووتر و زاڵییەتی و كاریگه‌رێتی میدیای سه‌رده‌م له‌سه‌ر خه‌ڵكی، شه‌پۆلی بازاڕی ئازاد و سەرمایەی ئازاد و ڕه‌وكردن و هێڕشی به‌رده‌وامیان بۆ سه‌ر وڵاتانی خۆرهه‌ڵات و هه‌بوونی قه‌یرانی ڕامیاریی و ئابووریی و كۆمه‌لایه‌تیی و هه‌بوونی ئه‌زموونێكی دورودرێژی كوشتنوبڕین و خوێنڕشتن، كه هیچی به‌هیچ نه‌كرد، لەتەك گه‌لێك هۆی تردا، هەموو ئه‌مانه سوكنایییان به دڵی خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵاتیش داوه و ڕازیکردنیان بەوەی تاكه ڕێگه‌یه‌ك كه به ئاوات و ئامانجیان دەگه‌یێنێت، هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می په‌ڕله‌مانتارییه.
ئه‌مڕۆ له كوردستاندا كه بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی وه‌كو گۆڕان و ئیسلامی هه‌یه و خه‌ڵكانی ڕۆشنبیر و خوێنه‌واریشی له خۆیه‌وه گلاندوه، ئه‌ركی سه‌ره‌كی سه‌رشانیان [خۆیان وته‌نی] ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تییه و چاكسازیكردنه له کۆمه‌ڵگه و له ژیانی تاكه‌كانی ناو کۆمه‌ڵگه‌دا، وه‌كو له سه‌رجه‌می شوێنه‌كانی دیکەشدا هه‌مان سه‌رلێشێواوی دروست كراوه و نایانه‌وێت، كه ئه‌و ڕاستییانە بۆ خه‌ڵكی ڕوون ببنه‌وه، كه ریفۆرمی ڕامیاریی، ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه و گۆڕینی په‌ڕله‌مانتاره‌كان و پارته‌كان له ده‌سه‌ڵاتدا، گۆڕانكاری گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ناگه‌یه‌نێت. ئه‌وه‌شی كه جێگەی داخه، به‌شێكی زۆری هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه کەسانێكن، كه ساڵه‌هایه‌كی دورودرێژ له خۆراوا و ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و ئۆسترالیادا ژیاون و ده‌ژین، نه‌ك هه‌ر به‌چاوی خۆیان هه‌ڵبژاردنه دیمۆكراتییهكان و ده‌ستاوده‌ستپێكردنی ده‌سه‌ڵاتیان بینی‌و هو له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌دا ژیانیان بەسه‌ر بردۆته ، به‌ڵكو من دلنیام هه‌ندێكیشیان به‌شداریشیان له پرۆسێسی ده‌نگدانیشدا كردووه.
ئه‌و كەسانه سور ده‌زانن، كه گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی نه له سیسته‌مه‌كه‌دا ( سیسته‌می سه‌رده‌م) نه له‌ناو خودی کۆمه‌ڵگه‌كه‌شدا ده‌بێت. له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌وه‌ش ده‌زانن، كه له سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و دیمۆكراتی سه‌رده‌مدا ته‌نها هه‌ڵبژاردنی ئه‌وانه ده‌كرێت، كه ده‌سه‌ڵاتیان نییه و جێبه‌جێكه‌رن، ته‌نها ده‌نگ بۆ سه‌پاندنی ڕامیارییه‌كان، پلانه‌كان ( پۆله‌سی) و .. هتد ده‌ده‌ن، ئه‌وان پارێزگاری مانه‌وه و به‌رده‌وامبوونی سیسته‌مه‌كه باشتر ده‌كه‌ن. له‌م سیسته‌مه‌دا، سیسته‌می هه‌ڵبژارداندا ، ئه‌وانه‌ی كه ده‌سه‌ڵات و پاوهریان هه‌یه، ئه‌وانەن كه له ڕاستیدا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ن، هه‌ڵنابژێرێن و وەكو خۆیان له شوێنی خۆیان ده‌مێننه‌وه، له كاتێكدا ده‌موچاوه‌كان و پارته‌كان له ده‌سه‌ڵاتدا به به‌رده‌وامی ده‌گۆڕێن.
ئه‌م سیسته‌مه ( وه‌كو له سه‌ره‌وە باسم كرد) زۆر له‌وه به‌هێز تره و گۆڕانكاریه‌كانیش، گه‌ر له ڕاستیدا، بمانه‌وێت بیانكه‌ین، لە سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگه‌دا له دامێنییه‌وه، كه شانه‌ی خێزانه، له سه‌ری سهرهوەشدا به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات كۆتایی دێت، ده‌گرێته‌وه، ئه‌ركێكی زۆر له‌وه گرانتره، كه له دوو توێی گۆڕینی پهڕلهمانتاردا و ده‌ستی ده‌ستیپێكردنی ده‌سه‌ڵاتدا، به‌رجه‌سته ببێت. ئەستەمه و ئاوەز قبوڵی ناكات، کە زۆردار و ده‌سه‌ڵاتدار نه‌ك هه‌ر ڕێگه بده‌ن، ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بگیردرێته به‌ر، كه به‌ری خۆیانی پێ بگیردرێت و ده‌سه‌ڵاتیان لێ بسهنردرێتهوه، به‌ڵكو سنووری ده‌سه‌ڵاتیان ته‌سك بكاته‌وه و گۆڕانكارییه‌كی گرنگیش له سیسته‌مه‌كه‌یاندا بكات.
ڕاسته له وڵاته دواكه‌وتووه‌كانی وەكو لای خۆمان، خه‌بات بۆ هه‌ڵبژاردن و گه‌مه‌ی پهڕلهمانبازی كراوه و خه‌ڵكێكی زۆریش بۆ گه‌یشتن پێی گیانیان له‌ده‌ست داوه، به‌ڵام له وڵاتانی خۆراوا و ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا و ژاپۆن و شوێنه‌كانی دیکەش، ئه‌مه وه‌كو خه‌ڵاتدان یان عهتاكردن ته‌ماشای كراوه و ده‌كرێت، بۆیه به ملێوێنهها پاوه‌ند و یۆرۆ و دۆلار و یەن و دراوه‌كانی تری بۆ ته‌رخان ده‌كرێت ، تاكو به‌ڕێكوپێكی بڕوات. هه‌ر ئه‌وه‌شه كه ده‌یانه‌وێت هه‌مان پرۆسێس له وڵاتانی وه‌كو ئێمەو مانا و باقییه‌كه‌ی دیکەی جیهاندا بچه‌سپێت، بۆ هەناردنە ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م شێوه ده‌سه‌ڵاته جه‌نگی گه‌وره‌ی بۆ به‌رپا ده‌كه‌ن و خوێنی تێدا ده‌ڕێژن، تاكو خه‌ڵكی به‌وه گێل بكه‌ن، كه ئه‌مه باشترین، مۆدێرینترین ڕێگه‌یه بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی “مه‌ده‌نی” یا دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی “مه‌ده‌نی” ، چونكه ده‌زانن ئه‌مه باشترین ڕێگه‌یه‌كه، كه پارێزگاری له سیسته‌می سه‌رده‌م ده‌كات و به‌رده‌وام بوونی مسۆگه‌ر ده‌كات و خودی سیسته‌مه‌كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ق ناكات.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه، من پێموایه ڕاسته ناتوانرێت، ڕێگه به ناڕه‌زایی خه‌ڵكی بگیردرێت، ئه‌وه‌تا له هه‌ندێك وڵاتان، كه ئێستا ده‌یبینی و پێشتریش بینیمانن، خه‌ڵكی ده‌یه‌وێت گۆڕانكاری بكات . بۆ ئه‌مه‌ش ده‌چێته سه‌ر شه‌قامه‌كان و چنگاوشی پۆلیس و ده‌سگە سیخوڕییه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌بێته‌وه، مانده‌گرێت و خۆنیشاندان ده‌كات، به‌ڵام سه‌رئه‌نجامه‌كان یا به‌گۆڕانكارییه‌كی بچووك له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا یا گۆڕنكارییه‌كی لاوه‌كی له ناو خودی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدا به‌رپاده‌بێت، به‌ڵام گۆڕانكاری ڕیشه‌یی ڕوونادات، هۆكه‌شی ته‌نها ئه‌وه‌یه: كه‌سه‌رجه‌می گۆڕانخواز و گۆڕانویستهكان ده‌یانه‌وه‌ێت گۆڕان و گۆڕانكاری له ناوه‌وه و له خودی سیته‌مه‌كه خۆیدا بكه‌ن، نه‌ك له ده‌ره‌وی سیسته‌مه‌كه، یا گۆڕانی ریشه‌یی له کۆمه‌ڵگه‌كه‌دا بكه‌ن.
ئه‌مه‌ی كه وتم كوردستانیش ده‌گرێته‌وه، ئاشكرایه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رجه‌می بزوتنه‌وه‌كه له‌و هه‌وڵه‌ی كه دایان تێکشكان و ئه‌زموونێكی ناخۆشیشیان له ژیانی خه‌ڵكان و گه‌نجانی دڵگه‌رم و گۆڕانخوازدا تۆمار كرد. من پێشتر له وتارێكمدا (به سیاسیكردنی كێشه كۆمەڵایەتییەكان سه‌رچاوه‌ی تێشكانمانه)* به درێژی له‌وه دوام و به‌داخه‌وه‌م كه بڵێم ئه‌و چاوه‌ڕوانییه له‌لای من یه‌قین بوو، هه‌ر له‌وێشدا هۆكانی تێشكانهكهیم به‌رچاو خست، بۆیه من لێره‌دا نامه‌وێت باس له‌وه بكه‌مه‌وه به‌ڵكو زیاتر ده‌مه‌وێت باس له‌و وانانه بكه‌م، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه كه هه‌ر هەمووومان ئەزموونی لێ وه‌رگرین و له ڕودانه‌وه‌ی كارێكی ئاوا خۆمان بپارێزیین، خه‌باتێكی ئاوا كه کارەساتێكی گه‌وره به‌سه‌ر گه‌نجان و میللهتهكهشماندا ده‌هێنێت ، به گرتنه‌وه‌به‌ری هه‌مان تاكتیكی پێشووتر و هێنانه‌وه‌ی گه‌نجان و خه‌ڵكانی دیکەش بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان و بیانكه‌ینه قوربانی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی فاشیت له پێناوی داخوازییە ڕامیارییەکاندا ، كه له كاتێكدا هۆكان و سهرئهنجامهكانی تێشكانهكهمانمان لێك نه‌دابنه‌وه و شی نه‌كردبنه‌وه، كارێكی دروست نییه. چونكه ئه‌مە نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكانێكی زۆری دیکە به گورگان خواردوو ده‌کەین، به‌ڵكو ئه‌زموونه تێکشکاوهكهی پێشووشمان، كه هێشتا خوێنی گه‌نجه‌كانمان وشك نه‌بووەته‌وه، دووباره ده‌كه‌ینه‌وه و كاریگه‌ریه‌كی خراپتر له‌سه‌ر ناڕه‌زاییگه‌ران داده‌نێین. دواتریش ده‌یبینین كه ڕامیارییه‌كان ده‌چنه‌وه سه‌ر مێز و خوانی گفتوگۆ و وه‌كو چۆن ئێستا ده‌یبینین وه‌كو ئه‌وه‌ی نه بایان دیبێت و نه بۆران.
من به‌ش به‌حاڵی خۆم، ئه‌م وانانه‌م نه‌ك هه‌ر له ڕوداوەكانی كوردستان، به‌ڵكو سه‌رجه‌می ڕوداوه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی وڵاتانی عه‌ربیش، وه‌رگرتوون:
یه‌كه‌م: من كێشه‌كه به كێشه‌ی خه‌ڵك واته جه‌ماوه ده‌زانم، بۆیه به‌بۆچوونی من بانگه‌وازكردن له‌لایه‌ن گروپ و پارته ڕامیارییه‌كانه‌وه تاكو خه‌ڵكی بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان، كارێكی ڕاست نییه، چونكه كردنی ئه‌مه، خۆ به باوك زانینه و بۆ كۆنترۆڵ و بۆ ئیحتیواكردنی ناڕهزاییهگهرانه. كه ئه‌مه‌ش كرا، ناڕه‌زاییه‌كان شێوه خۆبهخۆییهكهی خۆیان له ده‌ست ده‌دەن و لەتەك كرۆكی دیمۆكراتیانه‌ی ڕیزه‌كانی خۆی، كه ئه‌و كاته پارت و گروپه‌كان سنوور و پلانیان بۆ داده‌نێن و ده‌بنه نوێنه‌ر و ده‌مڕاستی ئه‌وان، ئیدی خۆیان چی‌یان پێخۆش بێت و چی له به‌رژه‌وندیان بێت، ئه‌وه ده‌كه‌ن (…) به كڵاوی ناڕه‌زاییگه‌ران و خۆنیشانده‌رانیش ناپێون.
دووهه‌م: كێشه‌كان نابێت بكرێنه كێشه‌ی ڕامیاری و خه‌ڵكانی ڕامیاری له‌سه‌ر حسابی جه‌ماوه‌ر ببنه خاوه‌نی پله‌و پایه و پاره. من له وتاری پێشوترمدا ( به سیاسیكردنی كێشه كۆمەڵایەتییەكان سه‌رچاوه‌ی تێشكانمانه)* به‌درێژی له‌سه‌ر ئه‌مه دواوم، بۆیه نامه‌وێت سه‌ری خوێنه‌ری پێوه بیئێشێنم.
سێهه‌م: هەموو هه‌نگاوێك و ڕێوشوێنێكی تازه، دەبێت له‌لایه‌ن هەموو ناڕه‌زاییگه‌ران و خۆنیشادهرانهوه مشتومڕی له‌سه‌ر بكرێت و بڕیاڕی له‌سه‌ر بدرێت ، كه ئه‌مه‌ش كرا، ئیدی سه‌رجه‌می به‌شداربووان له سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به باش یا بە خراپ، به‌رپرسارن.
چوارهه‌م: وەلاخستنی هەموو ڕێگه كۆنه‌كان؛ هه‌ر له خۆنیشاندانه‌وه تا ده‌گاته كێشمانكێش و چنگاوەشبوون له‌تەك ده‌سگە پۆلیسی و سیخوڕییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و لێ نه‌كه‌وتنه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه و خوێنڕشتن. به‌ڵكو ته‌به‌نیكردنی ڕێگەی تازه و سه‌رده‌مییانه، كه له هەموو بهیهكادانێكەوە دووره، وه‌كو هەستان بە كاری ڕاسته‌وخۆ (Direct Action )، مانگرتن و دانیشتن (Sit-In ) لە چوارێیانەکاندا و داگیركردنی كارگه‌كان و نووسینگەكان و شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌كان به شێوازی ئاشتییانه و به گرتنه‌به‌ری دایه‌لۆگ و مشت‌ومڕ و لێدوان له تەك كه‌سانی ناو خودی بزوتنه‌وه‌كه و ئه‌وانه‌شی كه دژایه‌تی بزوتنه‌وه‌كه ده‌كه‌ن. بڕیاری بەکۆمەڵ له‌سه‌ر هەموو هه‌نگاوێكیان بدەن و به هه‌ره‌وه‌زی له جێبه‌جێكردنیاندا .كار بکەن.
ئه‌م ڕێگانه كاریگه‌رن نه‌ك كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له گۆڕه‌پانی سه‌رادا و خه‌ساندنیان به خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوە و شانامه و زیکر و تههلیلهكردن و مهوعیزە دان یا ئیعاز دان به‌خه‌ڵكی، كه بچنه سه‌ر جادە و بیانخەنە بەردەمی گورگە هارەکانی دەسەڵات.
له هه‌مان كاتیش‌دا نابێت ئه‌وه‌نده ساویلكه و خۆشباوه‌ڕ و گه‌شبینیش بین، به‌وه‌ی كه كردمان، ئیدی وا بزانیین ته‌واو و ده‌سه‌ڵات مل بە سه‌رجه‌می داخوازیه‌كانمان ده‌دات. ئه‌مه شتێكه كه باوه‌ڕی پێناكرێت، خۆ ئەگه‌ر توانراش و هەموو داخوازییه‌كان جێبه‌جێ كران، ئه‌وا موعجیزه دەبێت، چونكه پیاوانی ده‌سه‌ڵات و كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتخواز كۆڵناده‌ن و هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، كه ده‌سه‌ڵاتیان بگێڕنه‌وه، بۆیه ئه‌وه‌ی كه گرنگه لێره‌دا خه‌ڵكی خۆی له‌سه‌ر ئاستی گه‌ڕه‌كه‌كان، فەرمانگەکان، كارگه‌كان، له‌سه‌ر كێڵگه و له قوتابخانه‌کان، لە زانكۆ و خه‌سته‌خانه و له ناو بازاڕ و شوێنه خزمه‌تگوزاریه‌كان و …هتد خۆیان ڕێك بخه‌ن و ڕێکخرا و گروپی کاری لۆکاڵیی جیاجیا دروست بكه‌ن، كه داخوازییه‌كانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه تیایاندا دروست بوون، تیایاندا ڕه‌نگ بداته‌وه، به‌رده‌وام له مشتومڕدا بن و په‌یوه‌ندی لەتەك سه‌رجه‌می لیژنه و کۆمیتەكانی تردا دروست بكه‌ن، هه‌وڵی سه‌ره‌كیان ئەوە بێت به کۆمەڵ بڕیاره‌كان بده‌ن و به هه‌ره‌وه‌زیش به‌ئه‌نجامیان بگەیێنن. پێویستە ئه‌وه‌ش بڵێم، كه ئه‌و ڕێکخراو و گروپە کارییە لۆکاڵییانە نابێت له‌لایه‌ن هیچ كه‌س و هیچ گروپ و پارتێكه‌وه كۆنترۆڵ بكرێن، نه كه‌س سهكردهیان بێت و نه كه‌س بنكرده. من له نووسینێكی ترمدا به‌درێژی له‌مه دواوم، بۆیه نامه‌وێت لێرەدا زیاتر له‌سه‌ری بڕۆم، به‌ڵكو هه‌ر په‌نجه‌ی بۆ ڕاده‌كێشم.
به بۆچوونی من، ئه‌مه تاكه ڕێگه‌یه‌كه، كه ده‌توانین سه‌رفرازی ته‌واوی لێوه به‌ده‌ستبهێنین، بێئه‌وه‌ی په‌نا بۆ به‌یه‌كدادان و خوێنڕشتن به‌رین، ئێمه له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانین بنكه‌نی سیسته‌مه‌كه بكه‌ین و هەموو ده‌سه‌ڵاته‌كان و بڕیاره‌كانیش بگێڕینه‌وه ده‌ستی خۆمان، بێئه‌وه‌ی په‌نا بۆ ڕامیارییه‌كان و پارتییه‌كانیان به‌رین، له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانین کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دروست بكه‌ین، كه مرۆڤ به‌های ته‌واوی خۆی تێدا بەدەسەت بهنێتهوه، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دوور له چه‌وسانده‌نه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ڕەگەزیی و مه‌زهه‌بی و چینایه‌تی و نادادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه له ڕایسسیزم و خه‌در و جوداكاری خاڵی بێت، ئیدی ئه‌و هه‌ڵاواردنه له‌سه‌ر بناخەی ته‌مه‌ن، جێنده، كارامەیی و كه‌مئه‌ندامی بێت یا هه‌ر شتێكی تر.
* بۆ خوێندنەوەی ئەو وتارەی لە سەرەوەدا ئاماژەم پێکردووە (به سیاسیكردنی كێشه كۆمەڵایەتییەكان سه‌رچاوه‌ی تێشكانمانه )، سەردانی ئەم لینکە بکەن: