Categories
Kurdish

کورد دەلێت ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار

کورد دەلێت ساڵ بەساڵ خۆزگەم بە پار

01/04/2024

لە راستیدا ژیان لە بریتانیادا و تا ڕادەیەكیش دڵنیام لە زۆر شوێنی دیکەشدا ساڵ بە ساڵ گرانتر دەبێت . من قسە لەسەر جەنگ و تەسککردنەوەی ئازادییەکان و فراوانکردن و لقوپۆپ لێبوونەوەی یاسا و ڕۆڵی چەمکی دژە تیرۆر و دژە سامیست و دژە ئیسلام و تەشەکردنی ڕایسیزم و فاشیسیزم ناکەم…. تد

من تەنها قسە لەسەر گرانبوون، چوونەسەرەوەی تێچووەکانی ژیان بە خواردن و خواردنەوە و پۆشاکەوە دەکەم .  ئەمڕۆ ، دوو شەمە، 01/04 ڕاستە کرێی لانی کەمی کرێکار لە ئەمڕۆوە لە لە 10 پاوەند و 42 سێنتەوە بۆ 11 پاوەند و 44 سێنت لە سەعاتێکدا بەرزکرایەوە ، ڕاستە کە پارەی خانەنشینی بە ڕیژەی لە سەدا 8.5 ، بیمەکانیش تا رادەیەك سەرکەوتوون.  هەر ئاواش ڕاستە پارەی وزەش زۆر بە کەمی شتێك دابەزیوە بەڵام لە چاو پێش جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە هیچ نییە. ئەم زێدەکرێیە و پارەی خانەنشینی و زیادبوونی بیمەکان بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناکرێت لەگەڵ زیادبوونی نرخی هەموو شتێکی دیکەدا .  با لێرەدا داتاکان کە ئەمڕۆ بڵاوکراونەتەوە پیشانمان بدەن :

+ پارەی ئاو بە ڕێژەی لە سەدا 6.6 سەرکەوتووە .  ئەمەش یانی لە ساڵێكدا لە نێوانی 27 پاوەند بۆ 473 پاوەند زیادە دەبێت بدرێت .

+ تەلەفون و برۆدبان بە ڕێژەی لەسەدا 8.8 سەردەکەوێت .

+ پارەی کەنسڵ تەکس [ ئەو پارەیە کە لەسەر خانوو دادەنرێت بە گوێرەی جۆری خانوەکە و شوێنەکەی، کە دەدرێت بە شارەوانیی] بە ڕێژەی لە سەدا 5.1 لە ئینگلتەرەدا سەرکەوتووە ئەمەش بۆ خانویەکی ئاسایی 106 پاوەند ئەمساڵ دەچێتە سەرەوە .

+ مۆڵەتی بوونی تی ڤی لە ماڵەکەتدا بە ڕێژەی 6.6 لە سەدا سەرکەوتووە یانی 169.50 پاوەندە بۆ ئەمساڵ .

+ دکتۆری دان ئەوانەی کە لەسەر کەرتی تەندروستی نیشتمانی تۆمار کراون بۆ تەنها تەماشاکردنی دانەکانت بە ڕێژەی لە سەدا 4 زیادی کردووە واتە بۆ ئەمساڵ 26.80 پاوەندە.

ئیتر زیادبوونی کرێی خانوو کە بە ڕێژەی لە سەدا 18 چووەتە سەرەوە و نرخی کڕینی هەموو شتێك لە بازاڕدا بە تایبەت خۆراك و خۆاردنەوە ئەوە سەرکەوتنی نرخەکەی دیاری ناکرێت هەموو شۆپێك دەتوانێت نرخی خۆی دابنێت .  هەروەها تەئمینی سەفەر و تەئمینی سەیارە و خانوو و  تکتی سەفەر و مانگانەی سێنتەرەکانی مەلە و جیم و خزمەتگوزارییەکانی دیکە هەر هەمووی لە ئەمڕۆوە دەچێتە سەرەوە .

ئایا کەسێك هەیە بتوانێت بڵێت لە سای سیستەمی سەرمایەداریدا ژیانی خەڵک بەرەو ئاسانی و باشتر دەڕوات ؟  بێ گومانە هەتا سەرمایەداری لە پێشەوەچوونی زیاتردا بێت ژیانی زۆرینەی خەڵکی بەرەو خراپتر و داڕمان دەچێت، هەتا کۆمەڵە خەڵكێك، کۆمپانیایەك  سامانیان ساڵانە لە زیادبووندا بێت ، دەبێت کۆمەڵێکی دیکە یا زۆرینەیەک لە بەرانبەریاندا هەژارکەون  .

ساڵی پار لیستی چاوەروانی خەستەخانە و دکتۆرە شارەزاکان کورتتر بوو.  ژمارەی بێ خابووبەرە کەمتر بوو ، ژمارەی منداڵانی کە لە ژێر هێڵی برسێتییەوەن ئەمساڵ زیاترە ، ژمارەی ئەوانەی کە بە هاوکاری سێنتەرەکانی بەخشینەوەی خۆراک دەژین لە زیادبووندایە هەروەها ژمارەی خودی سێنتەرەکان خۆشیان گەیشتۆتە 2400 سێنتەر.  من لە پۆستەکانی پێشترمدا ئاماری ئەمانەی سەرەوەم نیشان داوە بۆیە لێرەدا خۆم دووبارە ناکەمەوە.

Leave a Reply