گەمەی ساڵانەی سیاسییەکانی ئەمەریکا
19/05/2023
هەموو سالێك چەند گەمەیەکی سیساسی لە هۆڵی کۆنگریسی ئەمەریکیدا لە نێوانی دیمۆکرات و کۆمارییەکاندا دەکرێت .
گەمەی سەرەکییان گەمەی قەرزکردنە لە بانقی فیدراڵی بۆ تێپەڕاندنی کێشەی دارایی حکومەت لەوانە بوجەی سۆشیاڵ سکوێرێتی [ بیمەی بێ کاریی ] ، چارەسەر و نەخۆشی و دەرمان ، پارەی ئەوانەی کە لە بەشەکانی حکومەتدا کار دەکەن و هەروەها کولفەی سوپاش کە لە ئێستادا ساڵانە لەسەدا 12 بوجەی ئەمەریکا دەبات.
ئەم قەرزکردنەش بەناو کێشەی گەوەرە لە نێوانی ئەم دوو حیزبەدا دروست دەکات ، لەبەر ئەوەی سنورێك دانراوە بۆ ئەو قەرزە کە داخوازی زیاتر لەلایەن جەماعەتی موعارەزەوە ڕەتدەکرێتەوە یاخود هەندێك بەند و شەرت دادەنێن بەسەر حیزبی حاکمدا، کە ئێستا دیمۆکراتەکانن. ئەو سنورەش بە زمانی ئەوان پێی دەلێن Debt Ceiling .
ئەم قەرزەش ساڵانە لە نێوانی 400 ملیار دۆلار بۆ 3 تریلۆنە . لە ساڵی 1960 وە ئەم قەرزە 76 جار زیادی کردووە حکومەت توانای دانەوەی نییە . لەو کاتەوە تا ئێستا چووەتە 31.4 تریلۆن دۆلار . قەرزەکانا بە گوێرە ساڵەکان و ڕووداوەکان و بارودۆخی هەمە لایەنەی ئەمەریکاوە گۆڕاوە . بۆ نموونە بە هاتنی ڕێگن بۆ سەر حوکم لە هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوودا، قەرزەکە بەرەو زیادی ڕۆیشت چونکە ڕێگن بڕی باجی کەم کردەوە لەبەر ئەوە خەزێنەی دەوڵەت رووی لە کەمی کرد .
لە نەوەدەکاندا سەردەمی شەڕی سارد چی تر پێویستی نەدەکرد وەکو جاران پارە لە سوپاو سیخوڕییدا سەرف بکەن بۆیە پارەیەکی باش گەرایەوە بۆ دەوڵەت و بوجەی دەوڵەت لە هەڵکشاندا بوو . بەڵام کە جۆرج بوشی کوڕ هاتە سەر حوکم ئەمیش باجی کەمکردەوە ، ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی پارەی خەزێنەوە و زیادکردنی قەرز . شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان و کەمپەینەکانیش لەسەر باجدەرەانی ئەمەریکا نزیکە 6 تریلۆن دۆلار کەوتووە .
کاتێک کە قەیرانە داراییەکەی ساڵی 2008 دەستی پێکرد، حکومەت ناچار بوو خەرجییەکانی زۆر بکات بۆ ڕزگارکردنی بانکەکان و زیادکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ڕێژەی بێکاری گەیشتە 10%..
بە هاتنی پەتای Covid-19کۆرۆنا حکومەتی ئەمریکی زنجیرەیەک پڕۆژەی پەسەند کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی خراپترین کاریگەرییەکانی پەتاکە کە لە کۆتاییدا کۆی گشتی 5 ملیار دۆلار بوو.
لە ئێستاشدا حکومەت کە دیمۆکراتەکانن قەرزیان پێویستە کە خستیانە بەردەم کۆنگریس لە 26ی نیساندا کۆمارییەکان پڕۆژە یاسایەکیان لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرد بە مەرجێك کە بڕی قەرزەکەی ئێستا لە 1.5 ملیار دۆلار تێنەپەڕێنێت هەروەها حکومەت دەبێت 4.8 تریلیۆن دۆلاری لە قەرزەکە لە ماوەی دە ساڵدا کەمبکاتەوە.
بۆ پاساودانی دانی قەرزەکە و ڕازیبوونی کۆمارییەکان هەر لە مانگی یەکی ئەمساڵدا
جانێت یێلن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە سەر بە دیمۆکراتە لە مانگی یەکدا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس وتی” جێبەجێنەکردنی ئەرکی حکومەت زیانێکی قەرەبوو نەکراوەیە بە ئابووری ئەمریکا و بژێوی هەموو ئەمریکییەکان و سەقامگیری دارایی جیهانی دەگەیەنێت.. وەبەرهێنەران باوەڕیان بە دۆلاری ئەمریکی لەدەست دەدا و ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئابووری بە خێرایی و کەمکردنەوەی هەلی کار لە نزیکەوە …. “
ئەم کێشەیە هێشتا هەر بەردەوامە بەڵام بە دڵنیاییەوە پێش ئەو وەختەی کە بۆی دانراوە گرفتەکە لابەلا دەکرێتەوە گەمەکەش تەواو دەبێت لەبەر ئەوەی شکانی دۆلار و کشانەوەی سەرمایەداران لە وەبەرهێنان و زیادەبوونی ژمارەی بێ کاران ، بێ گومان نەك هەر کارایی ئابووریانەی خۆیان لەسەر ئەمەریکا دادەنێن بەڵکو لەسەر بارودۆخی دارایی و ئابووریی جیهانیش دادەنێت.