Categories
Kurdish

ئاراستەیەکی مەترسیدار

ئاراستەیەکی مەترسیدار

زاھیر باھیر
٢١/٠٨/٢٠٢١

ئەمڕۆ لە نێوەندی چەپ و مارکسییەکان و ھەندێکیش لە ئازادیخوازان و ئەنارکیستەکانیش ئاراستەیەکی مەترسیدار ھەیە کە گوایە ئەوەی کە خەیاڵی لێدەکرێتەوە، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت گەر نەکرێتە کردەوە شتێک بە شتێک ناکرێت.
بیانوی ئەم تێفکرینە ئەوەیە کە بزوتنەوە نییە و سەرمایەداریش زۆر بەھێزە و گۆڕانکاری ناکرێت.
یەکەم: ئەوە ڕاستییە کە سەرمایەدای لە ئەو پەڕی بەھێزیدایە بەڵام ھاوکاتیش لەو پەڕی لاوازیدایە. لاوازە کاتێک کە خودی کرێکاران، خەڵک یەکگرتوو دەبن، کاتێک کە خۆیان ڕێکدەخەن ، کاتێک کە لەتەک خوو نەریت و خواست و داخوازی و پێداویستەکانی سیستەمەکەداناڕۆن ، کاتێک کە ئێمە نابینە بەکاربەری ناپێویستی ئەوەی لە بازاڕدا ھەیە ، کاتێک کە نابینە کاڵایەک کە بەھای ئاڵوگۆڕ و بەکارھێنان و سەرچاوەی قازانج و سەرمایە بین ، کاتێک کەبەسەر ئەو وەھمەدا زاڵدەبین وباس لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان دەکەین دەڵێین چی تر ئەوە خەیاڵ نییە ،کە دەزانین قسەی « شێیت و کەم ئاوەز» و قسەی منداڵانن کە زۆربەی جار دروستن و ڕاستن.

پرسیارێکی دیکە ئایە شتێک بە بێ خەیاڵلێکردنەوەی پێشوەخت و قسەکردن لەسەری ، دەکرێت و دەبێتە شتێکی کەتواریی؟ دەبێتە ڕووداوێک ؟ دەبێتە کارێکی کردە؟ ھەر ببینە ئایە دەتوانیت کورسییەک دروست بکەیت بێ بیرکردنەوی خۆت، بێ کردنی قسەیەک گەر تەنھا ھەر بۆخۆشت بێت؟ ئایە یەکسەر دەستدەدەیتە بزمار و تەختە و مشار و پلایس و چەکوش …..تد؟ بێ گومان نا . پێشەکی بیری لێدەکەیتەوە دواتر وێنەی دەکێشیت پلانی بۆ دەکەیت ، دوای ئەمانە کە بووە فکرەیەک دەیکەیت بە کردەوە.
کەواتە بۆ ھەموو کارێکی کردەیی ، تەنانەت بۆ کردنی گۆڕانکاری بنەڕەتی پێویستت بەبیرکردنەوە و ھێنان و بردنی فکرەکەت لە دڵ و مێشکی خۆتدا ھەیە. ھەنگاوی دووھەم قسەکردنە لەسەری لەتەک خەڵکی دیکەدا ، گۆڕینەوەی ئەزموون و بیر و ڕاو بۆچوونەکانتە و شەیرکردنیانە . ھەنگاوی سێھەم پلانێکی گرنگی ترە کە ئامادەگییە بۆ ئەو کارە ئەویش بە یەک وشە «خۆڕێکخستن»، خۆڕێکخستنتە لەو شوێنەی کە کاری تیادا دەکەیت ، لە شوێنی خوێندن و ژیانتا.

دووھەم: دەڵێن بزوتنەوە نییە : باشە کە بزوتنەوە بوو ئیتر تۆ ڕۆڵت چییە؟ کە خەڵک لەسەر شەقام بوو خۆی لە ھەموو شوێنێکدا ڕێکخستبوو، بڕێک لە داخوازییەکانی خۆی بەدەستھێنابوو ئیتر تۆی بۆچییە؟ بڵێی پێویستی بە تۆ بێت بۆ ڕێنمایی ، بۆ سەرکردایەتیان ؟ بۆ ڕابەرییان ؟ بۆچی تۆیان بوێت ؟

بزوتنەوە چییە؟ بزوتنەوەی کرێکارانە ھی جەماوەری خەڵکی چەوساوەیە.
چۆن دروستدەبێت ؟ کاتێک کە زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیساسییەکە گەیی، کاتێکیش کە خەڵک ئەو ئامادەیەیی تیادابوو خۆی ڕێکخست کاری لەسەر ئەو زەمینە گەنیو و ڕزیوە کرد ئەوە بزوتنەوە یاخود بناخەی بزوتنەوەکە دروست دەکات.
بەڕای من ئەم جووتە زەمینەسازییە مەرجی ھەڵچون و یاخیبوونی خەڵکیە و ئامادەگی بۆ گۆڕانکارییەکان دەکات. ئەم دوو زەمینەیە تەواوکەری یەکدین و بە بوونی ھەر یەکێکیان بە تەنھا، گۆڕانکاریی ڕوونادات.
کەواتە دانەنیشتن و ڕازینەبوون بە واقیعی ھەنوکە ، بیرکردنەوە و گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕکردن و ھاوبەشیکردنی زانیاری و ئەزموونەکان و گواستنەوەیان بەڕەچاوکردنی بارودۆخەکە و دواتر خۆڕێکخستن و یاخیبوون و مانگرتن و ڕاپەڕین ، زەرووریەتێکی ھەنوکەیی و ھەمیشەییە ئەوەندەی ئەم سیستەمە بوونی ھەبێت. پاڵدانەوە و متمانە نەبوون بە توانا و ھێزی خۆت و ھێزی کارگەر و کرێکاران و چەوساوان تەنھا لە خزمەتی سیستەمەکە و مانەوەیدایە.

Leave a Reply