Categories
Kurdish

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟

زاهیر باهیر

16/04/2023

سەرەتایەك :

ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری  لەسەر  بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە.  بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.

ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو.  گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە  خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.

……………………..

ئەگەر پێشکەوتنی سەرمایەداریی باشبوونی بارودۆخی هەژاران و چەوساوەکان بوایە، ڕەنگە ئێستا ئێمە لە شوێنێکی دیکە بوینایە. هەرگیز ناتوانین لە جەوهەری پرسەکان بگەین چارەیان بۆ دەستنیشان بکەین گەر لە واقیعەوە ڕەچاویان نەکەین، چونکە ئەوەی زادەی هزر و ئەزموون و مێژووە واقیعە، نەك پێچەوانەکەی.  کەواتە ئەوە واقێعە کە فکر دەڕەخسێنی و ئەزموونەکانیش بەڕێدەکات.  هەر ئاواش ئێمە دەبێت لە واقیعەوە چارەسەرەکان هەڵهێنجین نەك فکر بەباڵای واقیع ببڕین.

لە  تەمەنی سەرمایەداریدا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا ئەم سیستەمە نەچۆتە پێشەوە و جیهانیی نەبۆتەوە. بۆ ئەمە پێویست بە بەڵگە و ئامار ناکات چونکە ڕاستییەکان لەژیانی خۆمان و خێزانەکانماندایە، خزاوەتە هەموو بەشەکانی ژیانمان لە پەروەوەردەی خێزانی و پەروەردەی ناو دایەنگا و باخچەی ساوایان و خوێندنی سەرەتایی تا دەگاتە خوێندنی باڵا و تافی کارکردنمان و خانەنشینی و مردنیشمان.

بەچاوخشاندنێك بە ڕابوردوو و ئێستاماندا لە زۆر ڕووەوە نابینم کە ژیانمان کارئاسایی بۆ کرابێت، بەختەوەری و ئارامیی و ئاسایش لە ناومان و لە دڵ و دەرونماندا چەکەرەی زیاتری سەندبێت. نەك هەر ئەوە، بەڵکو ساڵ بە ساڵ ژیانمان خراپتر و قورستر و گرفتەکانمان قوڵتر و فشاری دەرونی و کۆمەڵایەتیمان فرەتر دەبێت .

قسەی من لەسەر ژیانە لە بریتانیادا کە لە دوای ئەمەریکاوە ئێرە سێنتەری گەورەی ئەم  سیستەمەیە کە لە هەموو ڕویەکەوە لێرە سەقامگیرتر و چەسپاوترە تاکو وڵاتانی دیکە. بینینی  جیاوازییەك لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەورپا و وڵاتانی سکەندناڤیا پەیوەندی بە کولتوری تایبەتی خۆیانەوە و گەشەنەکردنی سەرمایەداریانەیانە بە ڕادەی بریتانیا.

سەبارەت بە پرسی ژیان لە بریتانیا باشتر بووە یا خراپتر، دەبێت هەموو یا هەر هیچ نەبیت لایەنە سەرەکییەکانی ژیانی  دانیشتوانەکەی بگرین بە بەراورد بە 30  تا 40ساڵ لەمەوبەر.  لەم بارەیەشدا با ئامار و بەڵگەکان، خۆیان بدوێن.

یەك : تێجوونی ژیان:

ژیان و گوزەران بەو ڕادەیە گرانبووە کە بەراورد لەگەڵ داهاتی تاکەکان و خێزانەکاندا ناکرێت.  نرخی  غاز و کارەبا بەڕێژەی لە سەدا سەد چوەتە سەرەوە  و بەنزین و گازۆیل-یش بە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو سەرکەوتوە.

  لیرەد ناکرێت نکوڵی لە دوو ڕوودای گەورە بکەین کە کاراییان لەسەر ژیانی بریتانییەکان زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا داناوە.  یەکەمیان دەرچونی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا کە ئەمە تا ڕادەیەك گرانی لەسەر خەڵکی دروست کردوە و هەر لە سەرەتاوە بەهای دراوی بریتانیای بەڕێژەی لە سەدا 18 شکاند.  دووهەمیان شەڕی  نێوانی ناتۆ و ڕوسیایە لەسەر خاکی ئۆکرانیا، ئەمەش کارایی خۆی لەسەر نرخی پێداویسیتیەکانی ژیان داناوە.

لەگەڵ ئەو دوو ڕاستییەشدا دەتوانین بڵێین  پێش هاتنی پەتای کۆرۆنا و هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و جەنگی ناتۆ و ڕوسیا نرخی هەموو شتێك لەبەرزبووەنەوەدا بوون،  بەڵام نەك وەکو ئێستا.  ئەوەشی تێبینی دەکرێت  ئەوەیە کە نرخ زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەچێتە سەرەوە بەڵام هەرگیز نایەتە خوارەوە یا ناگەڕێتەوە ئەو کاتەی پێش بەرزبوونەوەی.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای نرخی پێداویستییەکان لە سەدا 18 زیادی کردەوە. بۆ نموونە نرخی فاصۆلیای نێو قوتوو بە ڕێژەی لە سەدا 35 و سۆسی تەماتە بە ڕێژەی لە سەدا 39 و شۆربای تەماتە لە سەدا 73 و شامپۆ لە سەدا 21 و شامپۆی دەستشۆردن لە سەدا 25 بەرزبوونەتەوە لەپاڵ بەرزبوونەوەی نان و شیر و پەنیر و ماست و هێلکە و ڕۆن و گۆشت و خوێ و شەکر و قاوە و چا و هەموو چەشنەکانی میوە و کەرەسەکانی خواردنی ڕووەکی تا دەگاتە  خواردن و خواردنەوە لە دەرەوەی ماڵ و سەفەرکردن.

لە توێژینەوەیەکی پارتی کرێکاران لێرە، هەندێك ڕاستیان سەبارەت بە ژیانی خەڵکی خستۆتە بەرچاو.  لەو ڕاپۆرتەدا پارتی کرێکاران ڕایگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2019وە، تێچووی خانووبەرە و سووتەمەنی و کارەبا بە بڕی 1480 پاوەند بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا خواردن و خواردنەوە غەیرە کحولیەکان 700 پاوەند زیادیکردووە.  تێچووی گواستنەوە 800 پاوەند بەرزبووەتەوە، کەلوپەلی ناوماڵ و خزمەتگوزارییەکان 360 پاوەند زیادی کردووە و تێچووی جل و بەرگ و پێڵاو بە ڕێژەی 140 پاوەند بەرزبووەتەوە.

بەم شێوەیە قورسی ژیان ئاوای کردووە کە ژمارەی سێنتەرەکانی بەخشینەوەی کەرەسەکانی خواردن گەیشتۆتە 3000 .  ئەم سێنتەرانە لە نێوانی ساڵی 2021 و 2022 دا دەستگرۆیی 800 هەزار منداڵیان کردووە بە بەخشینی کەرەسەی خواردەمەنی. 2.1  ملیۆن کەس بە هاوکاری ئەم سێنتەرانە دەتوانن بژین کە لە کاتێکدا زۆرێکیان کار دەکەن : مامۆستان ، نێرسن، پاککەرەوەی شەقامەکان و ئۆفیسەکانن،  ئەوانەی کە بێ بوونی کۆنتراکت کاردەکەن.

راپۆرتێکی نوێی نقابەی مامۆستایان کە ڕاپرسییان کردووە لە نێو 8 هەزار مامۆستادا، لە نێوانی ئەو مامۆستایانەی کە تەمەنیان 29 ساڵ و کەمترە،  هەر لە سێ مامۆستایان لە ئینگلتەرە یەکێکیان ژەمێکی خواردن دەبوێرن بۆ ئەوەی بتوانن پێدا ڕابگەن.  هەروەها  لە هەر پێنج مامۆستا یەکێکیان کاری دووەم دەکات لەبەر ئەوەی  مووچەکەی ناتوانێت لەگەڵ تێچووی ژیاندا بڕبکات.

لە ئێستادا 14.4 ملیۆن کەس لە هەژارییدا دەژین کە 4.2 ملیۆنیان منداڵن. 9.7 ملیۆن لە کەسانی پێگەیو ، [سەرو 18 ساڵەوە] یا ژەمی خوادنیان کەمکردۆتەوە یاخود ژەمێك نانخواردنیان تەرك داوە تاکو بتوانن بەو داهاتەی کە هەیانە بژین . لە 10 کەس  6 کەسیان توانای کڕینی پێداویستیە سەرەتاییەکان کە جەوهەرین بۆ ژیان نییە.

بەرزبوونەوەی کەرەسەکانی خوادن و خواردەمەنی لە پاڵ بەرزبووەنەوەی بیتاقەی هاتووچۆدا کارایی گرنگی خۆی لە سەر تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ داناوە چ لە ڕوی داراییەوە و چ لە رووی دەرونییەوە.

ئەوە نەبێت  هەر تاکەکانی کۆمەڵ بەدەست ئەم بارو دۆخەوە بناڵێنن ، لە راستیدا زۆرێك لە بزنسە بچوکەکان و ناوەنجییەکانیش مایەپووچ بوون.  هەر بۆ نموونە 150 پەب [ شوێنی خواردنەوە] لە مانگی یەکەوە لێرە داخراوە لەبەر ئەوەی کە پارەی کارەبا ئەوەندە چووەتە سەرەوە نادرێت . ئەمە بە بەراورد بە داخستنی 32 پەب لە هەمان مانگی ساڵی ڕابووردوودا. پارەی وزە لە 13 هەزار پاوەندەوە بۆ 37 هەرزار پاوەند سەرکەوتوە.  لە چاوپێکەوتنێکدا  خاوەن پەبێك  دەڵێت لە مانگی یەکی ساڵی پاردا پارەی کارەبا 460 پاوەند بووە، بەڵام هەر هەمان مانگی ئەمساڵ بووە 2100 پاوەند.  ئەمە لە باسی پەبێكدا بوو  کە مێژوی بۆ 150 ساڵ دەگەرێتەوە. مەترسی ئەوە هەیە هەتا کۆتایی ساڵ، 2000 پەب دابخرێت کە دەبێتە هۆی بێ کار بوونی 25 هەزار کەس کە لە کاتێکدا لەهەموو ساڵی 2022 تەنها 386 پەب داخراون .

دوو: کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ژنان:

هەژاری سووتەمەنی لە ئێستادا 7.5 ملیۆن ماڵی لە بریتانیادا گرتۆتەوە   14 ملیۆن کەسیش لە جۆرە خانویەکدا دەژین کە ستاندەردی ژیانیان تێدا نییە بە هۆی بوونی شێ و کەڕو و دزەی ئاو و نەبوونی تەواوی ئامرازەکانی گەرمبوونەوە و نەبوونی هەواکێش لە ژوور و مەتبەخەکانیاندا.  هاوکاتیش 271 هەزار بێ خانووبەرەن یا لە ئوتێلی خراپدا دانراون، یاخود لە هۆستڵ و خانوی زۆر خراپی خاوەنخانووەکان.  ئەمە جگە لەوەش کە ژمارەیەکی زۆرێش لە سەر شەقامەکان و دووتوێی دوکان و ژێر چادری دوکانەکان و تونێلبانەکاندا ژیان دەبەنە سەر.

بێ کاریی بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەڵام ئەوانەی کە کار دەکەن بەشێکی زۆریان نیمچە کار ٠ پارتتایم، کار دەکەن.  کرێکار و کارگەرێکی زۆر هەن کە ژمارەیان چەند ملیۆنێکە کە کرێکەیان لە خوار لانی کەمی کرێوەیە.  یەك ملێون و 600 هەزار کەس هیچ جۆرە گرێبەستێکیان لەگەڵ خاوەنکاردا نییە کە لێرە پێیان دەڵێن لەسەر زیڕۆ کۆنتراکتن.

جیاوازی نێوانی کرێ و موچەی نێوانی پیاوان و ژناندا لە کەرتە تایبەتییەکاندا ، ئەهلییەکاندا ، لە نێوانی لە سەدا 15 بۆ لە سەدا 18یە.  نیو ملیۆن ژن زیاتر  لە پیاوان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت و 13%یان لەسەر گرێبەستێکن  کەپێی دەلێن زیڕۆ کۆنتراکت.   زیاتر لە 2 ملیۆن ژن لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوە مووچەیان پێدەدرێت، کە دەکاتە 14%ی سەرجەم ژنانی کرێکار، لەکاتێکدا 1.4 ملیۆنن کە لە (9%)ی پیاوانن.  بە گشتی لە 60%ی هەموو ئەو کارانەی کە مووچەیان لە خوار کرێی ژیانی ڕاستەقینەوەیە، لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.  شیکارییەکانی نقابەی مەرکەزی بریتانیا ئاشکرای دەکات، ژنان دوو مانگ بەخۆڕایی کاردەکەن و جیاوازی مووچە بە ڕێژەی 15% یە دوای ئەوەی ژنان منداڵیان دەبێت، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش فراوانتر دەبێت.  بەپێی شیکاری هەمان داتای فەرمی نقابە  ژنان بە تێکڕا ساڵانە مووچەیان 29 هەزار و 684 پاوەندە، لەکاتێکدا پیاوان تێکڕای مووچەی ساڵانەیان 35 هەزار و 260 پاوەندە.

بەهۆی نایەکسانی کرێ و موچە لە نێوان ژنان و پیاواندا کردنی کەمپەینی گەورە و چالاك ساڵی 2017 حکومەت ناچار کرا بەوەی کە بڕیارێك دەرکات کە دەبێت شەفافییەت لەو پرسەدا هەبێت و پێویستە مووچە لە ڕێکلامەکانی کاردا ئاشکرا بکرێت وەک ئەوەی لە هەشت ویلایەتی ئەمریکادا ڕوودەدات. سکاندیناڤیەکان هەموو تۆمارەکانی باجی داهات بڵاودەکەنەوە.  بڕیارەکە ئەوە بوو ئەو 10،000 کۆمپانیا گەورەیەی کە ژمارەی کرێکارەکانیان 250 کرێکار یاخود زیاترن دەبێت هەموو ساڵێك بە ڕاپۆرتێک موچە و کرێی هەردوو رەگەزەکە بخەنە ڕوو.  مەبەستیش لەم ڕاپۆرتە هەوڵی کەمکردنەوەی جیاوازی کرێ و مووچەی نێوانی ژنان و پیاوان و چارەسەرکردنی  بوو، بەڵام پاش تێپەڕینی 6 ساڵ بەسەر ئەم بڕیارەدا هێشتا ئەو کەلێنە گەورەیە هەر بەردەوامە.

هەفتانە دوو ژن بۆ سێ ژن لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی نزیك و ناسیاویانەوە یا نەناسیاوەوە دەکوژرێن.  لانی کەم هەموو دوو یا سێ ڕۆژ جارێك منداڵێك ، گەنجێک کەسێكی لە سەرو 18 ساڵەوە دەکوژرێت کە زۆربەیان لەسەر کێشەی مەوادە هۆشبەرەکانن .

ڕادەی بەرزبوونەوەی سووی بانق لە مانگی دیسەمبەری 2021 وە تاکو ئێستا 11 جار بەرز بووەتەوە کە لە ئێستادا بەڕێژەی لە سەدا 4.75 .  ئەم بەرزبووەنەوەش کارایی و زەحمەتێكی زۆری لەسەر ئەوانەی سلفەی عەقاریان لایە ، یاخود قەرزی بانق بۆ پێداویستییەکانی ژیانیان، یان کرێچین و خاوەنخانوو کرێیان لەسەر بەرزدەکاتەوە هەیە. لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەکەوە، تاکو 09/02/23 733 خانوو لە لایەن بانقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی لە سەدا 134 لەچاو ساڵی پێشوودا بەرزبووەتەوە.

دەبێت ئاماژەش بەوە بکەم کە کاتێك مارگرێت تاچەر هاتە سەر حوکم ڕێژەی باج لە سەدا 60بوو لەسەر ساماندارانی گەورە و ەهەندێك لە کۆمپانیاکان بەڵام لە بەهاری 1988 نایجڵ لۆوسۆن کە وەزیری دارایی ئەو کاتە بوو بودجەی بەهاری ساڵی 1988ی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاگەیاندنی بەخشینێکی گەورە، ڕێژەی سەرەوەی باجی داهات لە 60% بۆ 40% کەمکردەوە و ڕێژەی باجیشی لە سەر کرێکاران و فرمانبەران کە پێی دەڵێن باجی بنەڕەتی  لە 27% بۆ 25% کەمکردەوە.

سێ: بەشی تەندروستی و چارەسەر:

سیستەمی تەندروستی نیشتمانی کە لە دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووهەمەوە دروست بوو لە ساڵی 2010 وە کە حیزبی موحافیزین هاتنەوە سەر حوکم لە لێواری هەرەسهێناندایە.  لە ئێستادا 161 هەزار نێرس و زیاتر لە 5000 دکتۆری دیکە پێویستن تاکو شوێنە بەجێهشتوەکان پڕ بکەنەوە.   ئەو فشارە زۆرەی کە لە سەرێتی و بیرۆکراتییەتی خودی سیستەمەکە و دەستگرتنەوە لە دانی پارەی زیاتر و داخستنی چەند بەشێکیان وەکو بەشی فریاکەوتن و کوتوپڕی [ ئیمێرجنسی ] و بەشی منداڵبوون لە جەند خەستەخانەیەك و گواستنەوەیان بۆ خەستەخانەیەکی دیکە و کۆنتراکتی گرانبەها لەگەڵ خەستەخانە ئەهلییەکاندا و زیادنەکردنی موچەی دکتۆر و نێرس و کارمەندان و هەبوونی شاغیرێکی ئێکجار زۆر کارەساتی گەورەی دروستکردووە تا ئەو ڕادەیەی کە تا مانگی نۆڤمبەری ساڵی ڕابوردوو 7.2 ملیۆن کەس لە لیستی چاوەروانی بینینی دکتۆری پسپۆڕ و نەشتەرگەرییدا بوون.  بە گوێرەی ڕاپۆرتی خودی خەستەخانەکان لەم دواییەدا لە سەدا 71 ی دکتۆرەکانی خێزان کارەکەیا بە کارێکی زۆر زۆر سترێس دەزانن کە لە سترێسیدا لە لیستی 10 وڵاتی  ئەوروپی و سکەندەناڤیا و کەنەدە و ئەمەریکا، لە سەری سەرەوەن.  راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە 4 خەستەخانە لە 10 خەستەخانەی  ئینگلتەرەدا هەندێك جیهازی کۆن بەکاردەهێنریت لەوانە جیهازی ئەشیعە کە 37 ساڵە بەکار دێت .  لە 69 خەستەخانە 30 دانەیان بۆ نمونە سکانە و تەنوورییەکە کە بەکاری دەهێنن 10 ساڵ کۆنە.  ساڵی پارەکە 511 نەخۆش لە ئینگلتەرە بە هۆی دواکەوتنی ئیسعافەوە کە ماوەی گەیشتنی بە نەخۆش تا 15 کاتژمێری خایاندووە پێش ئەوەی بگەنە بەردەستی دکتۆر مردوون  کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2021 تەنها 220 نەخۆش بوون.  هەر لە ساڵی 2022 چواریەکی ئیسعافەکان یەک سەعاتیان ویستووە تاکو بگەنە نەخۆشەکان و بیانگەیەننە بەشی چارەسەری کتوپڕی ، ئیمێرجنسی، کە ژەمارەی نەخۆشە کان 17،720 نەخۆش بوون .

بە هۆی ئەو بارودۆخەی کە بەشی تەندروستی تێیدایە ڕێژەی ڕەزامەندی خەڵکی  بە رادەیەك هاتۆتە خوارەوە کە لە 40 ساڵی پێشوووەوە ئەوە نەبینراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێک لە سەدا 42ی خەڵکی لە بەتەنگەوەهاتنی دکتۆری خێزان ناڕازین ، لە دکتۆری دان بە ڕێژەی لە سەدا 42  سەبارەت بە بەشی ئیمێرجنسی لە سەدا 40 ی نەخۆشەکانی کە لەوێ چارەسەریان بۆکراوە ناڕەزامەندییان لە خزمەتگوزارییەکان ڕاگەیاندووە.

چوار: بەشی کشتوکاڵی و خودکیفابوون:

لە زۆربەی وڵاتاندا کە هێشتا دەستی سیاسەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ و  بازاڕی ئازادی پێ نەگەیشتبوو وەکو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا و وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و تەنانەت ڕوسیای پێش هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوش لە زۆر رووەوە بە تایبەت لە پرسی دانەوێڵە و میوە و سەوزە و کەرەسەی شلە و شلەمەنیدا تا ڕادەیەك خودکیفا بوون زۆر کەمتر پێویستیان بە وڵاتانی دەرەوە دەبوو.  تەنانەت لادێکان و گوند نشینەکان لە گەلێك وڵاتدا بە عێراق و کوردستانیشەوە مەگەر هەر پێویستیان بە نەوت و چاو شەکر بوبێت و بگرە شارەکان  پابەند بوون بە لادێکانەوە نەك پێچەوانەکەی .

ساڵانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان وڵاتانی وەکو میسر و ئەردەن ئەوەندە دانەوێڵەیان هەبوو هەناردەی درەوەیان دەکرد.  گەشەی بە گووڕی سەرمایەداری وگشتگیریبونەوەی لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکاند ئیتر وردە وردە ئەو وڵاتانەی کە بەشی خۆیانیان هەبوو لەوە ڕوتکرانەوە و بوونە وابەستە کە لە کاتێکدا بە هۆی پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی کشوکاڵەوە دەبوایە بەروبووم زیاتر بوایە .

هەمان دەرد بەسەر بریتانیاشدا هاتووە.  لە ساڵانی چلەکانی چەرخی ڕابووردوودا زۆربەی پێداویسیتیەکانی خۆی دەفع دەکرد هەر لە دانەوێڵە و گۆشت و بەروبومە شیرەمەنییاکانەوە تا دەگەیشتە میوە و سەوزە و هەموو شتیێکی دیکە کە لە لایەن کێڵگەوانەکانەوە دابین دەکران.  بەڵام لە کۆتایی هەفتاکانەوە بریتانیا لە ڕوی بەروبومی کشتوکاڵییەوە ڕوو لە کزی و کەمییە تا ئەو ڕادەیەیە دانەوێڵە هاوردە دەکات.  پەنیر و ماست و گۆشت و ماسی سەوزەو میوە و کەرەسەکانی دیکەی چێشتلێنانیش لە وڵاتانی دیکەوە دەهێنێت هەر لە وڵاتانی ئەورپاوە تا دەگاتە کەنەدەو ئەمەریکا و ئۆسترالیا .

هەر چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بوو کە بریتانیا کەوتبووە قەیرانی گەورەی نەبوونی سەوزە و میوە و کەرەسەی زەڵاتە وەکو خەیار و تەماتە و بیبەر و کەرەسەکانی دیکە کە زۆربەیان لە ئیسپانیا و مەغریب و تونسەوە دەهێنرێت. ئەم گرفتە بەهۆی گۆڕانی  کەش و هەوا و بەفر و بارانەوە بوو  کە بووە بەتاڵبوونی  ڕەفەکانی شۆپە گەوەرەکان، ئەوانەشی بوونیان هەبوو  نرخەکانیان دوو قات سەر کەوتبوون.

هاتەنە دەرەوەی بریتانیاش لە یەکێتی ئەوروپا نەك هەر نرخی پاوەندی لە سەرەتادا بە ڕێژەی لە سەدا 18 شکاند و 5 ساڵ دوای ئەوەش واتە لە ساڵی 2021 دا هێشتا بەهای داشکانی پاوەند بە ڕیژەی لەسەدا 15 بوو، هەر ئاواش نرخی ئەو کەرەسە و پێداویستیانەی کە لەوێوە هاوردە دەکران بە گوێرەی شکانی بەهای پاوەند، نرخیان بەرزبوونەوە.  خودی ئەمەش جارێکی تر کارایی خۆی لەسەر گرانی و خراپبوونی ژیانی خەڵکی دانا.

 پێنج: شارەوانییەکان :

بریتانیا دابەش بووە بەسەر شارەوانید، لەندەن بە تەنها دابەش بووە بەسەر 32 شارەوانیدا.  شارەوانی لەم وڵاتەدا تا ڕادەیەك وەکو حکومەتێکی خۆجێی وایە زۆربەیان لە لایەن یەكێك لە حیزبەکانەوە کۆنترۆڵکراون و هەشیانە ڕێژەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان تێکەڵەیەکە لە ئەندامانی حیزبەکان. شارەوانییەکان  بەرپرسن لە زۆر پرس کە لەو گەڕەکە یا لەو شارۆچکەیەدا هەیە هەر لە پرسی خانوبەرە و  قوتابخانەکان و چاککردنی شەقامەکان و هاوکاری ئەوانەی کە بێ لانە و بێ جێگان. بەرپرسن لە سێنتەرەکان و کتێبخانەکان و  خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان [ سۆسیاڵ سێرڤس] و بەشی پیران و هەندێك لە خانەی پیران و پارکەکان و پاکوخاوێنی و شەقامەکان و کۆکردنەوەی باجی شۆپ و باڕ و چێشتخانەکان و ئەوانەی دیکە.

یەكێك لەو بەشە گرنگانە خانووبەرەیە . دوای جەنگی جیهانی دووهەم خانوویەکی زۆر زیاتر لە پێشتر لە بریتانیا بە  تایبەت لە لەندەندا دروستکراو بوونە موڵکی شارەوانییەکان. لە دوای ساڵانێکی زۆریش ژمارەیەك جەمعیە بەناوی هاوزینگ ئەسۆسییەشنەوە دروستبوون و ئەوانیش کەوتنە خانو دروستکردن وەکو موڵکی خۆیان و دانەوەیان بە کرێ.  ساڵانە ئەوەندە خانوو دروستدەکرا کە  بە زیادبوونی ژمارەی نەوەی نوێدا ڕابگات بەڵام بە هاتنی مارگرێت تاچەر ساڵی 1979 زۆر شت گۆڕران و کرانە ئەهلی.

 لەو گۆڕانکاریانە مەسەلەی خانوشی بەر کەوت.  بۆ ئەمە تاچەر سیاسەتی ” مافی کڕینی ”  خانوەکانی شارەوانی دانا کە یەكێك بوو لە ڕیفۆرمەکانی بە داشکاندنی نرخەکەی لە نرخی بازاڕ.  بە هاتنی حکومەتەکانی دیکە ڕێژەی داشکاندنی نرخی خانووەکانی شارەوانی بۆ خودی کرێچیانی تا لە سەدا 50 سەرکەوت. ئەم سیاسەتە چەند کاردانەوەیەکی خراپی  هەبوو: یەك: کرێچی  شارەوانییەکانی کردە کرێچی بانق بە وەرگرتنی سلفەی عەقار.  دوو: ئەمەش وای کرد کە کرێکاران بە جۆرێك لە جۆرەکان ببەستێتەوە بە بانقەوە کە بۆ مانگرتنی سەر کاریان لە پێناوی مافی ڕەوایاندا وا بەئاسانی بڕیاری مانگرتن نەدەن لەبەر ئەوەی کاتێك کە ناتوانن سلفەی عەقارەکەیان بدەنەوە بانق مافی دەستبەسەراگرتنی خانوەکە و مەزاتکردنی بە نرخێکی  هەرزان هەیە . سێ: بەمە سەرمایەگوزارییەکی گەوەرەی بۆ بانقەکان دروست کرد و دەوڵەمدنتری کردن و بە چەشنێکی دیکە ژیانی خەڵکی پێوە بەستنەوە. چوار: ئەوەندەی کە خانوش دەكڕران لە لایەن کرێچیەکانەوە نیوەی ئەوەش دروست نەدەکرایەوە بەم هۆکارەش ژمارەی نێو لیستی ئەو کەسانەی کە چاوەڕوانی خانوی شارەوانییان دەکرد دەچووە سەرەوە و ماوەی چاوەڕاوانی کردنیش زیاتر دەبوو لەو لاشەوە کرێی خانوی لەسەر کرێچییەکان  گرانتر و گرانتر دەبوو. هەر ئەم سیاسەتە ڕێژەی بەتاڵەی کەمکردەوە چونکە ئەوانەی کە لە خانووەکاندا دەژیان و بەتاڵە بوون، ئیتر هەوڵی ئەوەیان دا هەرچۆن هەیە و هەر کارێك دێتە پێشەوە بیکەن تاکو خانووەکانی کە نیشتەجێبوون تێیدا لە شارەوانی بکڕنەوە.

ئەم سیاسەتە بە هاتنی حیزبی کرێکاران [ لەیبەر] یش هەر بەردەوام بوو تاکو وای لێهات کە ئێستا  خانووکانی  شارەوانیی و هاوزینگ ئەسۆسییەشن ژمارەیان زۆر هاتۆتە خوارەوە. . لە سەردەمی مارگرێت تاچەردا نزیکەی 5 ملیۆن کەس لە خانوی شارەوانیدا لە ئینگلتەرە و لە وێڵس دەژیان . لە ساڵی 1981 دا 321،66 خانوو هەر بە تەنها لە ئینگلتەرەدا فرۆشران. لە سالی 1982 ژمارەکە سەرکەوت بۆ 174،697 خانوو.  لە ساڵی 2012/2013 دا 3،744 و لە ساڵی 2014/2015 شدا 16،519 خانوی تر فرۆشران .

 سیاسەتەکە لەمەدا نەوەستا بەڵکو لەبەر ئەوەی کە حکومەتی مەرکەزی پارەی تەواو نادات بە شارەوانییەکان، شارەوانییەکانیش ناچارن ئەو خانوانەی کە  نزیکەی 60 ساڵ و 70 ساڵە دروست بوون و کۆن بوون پێویستیان بە دەستکاری و چاککردنەوە هەیە ناتوانن چاکیان بکەن .  لەبەر ئەمە کۆمپانیای گەورە لە وڵاتانی دیکەی وەکو کەنەدا و ئۆسترالیا و ئەمەریکاوە دێن ئەو خانوانە کە لە بلۆکێکدان ڕەنگە زیاتر لە 200 فلات بن لە شارەوانی دەکڕنەوە و  بە ڕیکەوتنێك کە بڕێک پارەی باش بە شارەوانی دەدەن و ژمارەیەکی زۆر کەمی ئەو خانوانە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان بدرێنەوە بە شارەانی و شارەوانیش بیداتەوە بەوانەی کە پێشتر تێیدا بوون یاخود ئەو خێزانانەی کە لە لیستی چاوەڕوانییدان سەرەیانە.  ئەوەشی کە دەمێنێتەوە هەموو فلات و خانوی سەردەمیانە دەبن و کرێی هیچ کامیان لە دوو هەزار پاوەند و سێ هەزار پاوەند لە مانگێکدا کەمتر نابێت ئەمە جگە لە دانی پارەی ئاو و کارەبا و غاز و تەلەفون هەروەها خزمەتگوزاری دیکە وەکو دانانی سکوێرێتی و پاککردنەوە و پارێزگاریکردن لە مەسعەد و پارەی باخچەوان و هەندێك کولفەی دیکە.

بێ گومان ئەم سیاسەتە سیاسەتێکە کە بە هۆی نەدانی پارەی تەواو بە شارەوانییەکان بە ناڕاستەوخۆ هانیان دەدات کە دەبێت ئەو خانوانە کە پارەی چاککردنەوەیان نییە بیفرۆشن بەو کۆمپانیایانە بە پارەکەشی دەفعی پێداویستییەکانی دیکەیان بکەن، کە بەمەش نەك هەر کەمکردنەوەی ڕۆڵی شارەوانییەکانە، بەڵکو  لیستی سەرەی چاوەروانکردنی خانوەکانی شارەوانی زۆر درێژکردۆتەوە، هاوکاتیش هەل و بوارێکی باشیش خرایە بەردەمی کۆمپانیاکان بۆ کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر.

سیاسەتێکی دیکەی خراپی مارگرێت تاچەر سەبارەت بە خانوو بەرە ئەوە بوو لە ساڵانی هەشتاکانی حوکمڕانییەکەیدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ڕێساکانی بیناسازیی داڕشتەوە. ئەم سیاسەتە لە بەڵێنی وەزیرێکیدا بەناوی  مایکل هێسلتاین ئاوا داڕێژرا “زۆرترین خۆڕێکخستن” و “کەمترین دەستوەردانی حکومەت”.  ئەمەش بە زمانی ئینگلیزی بە سادەیی  یانی بۆ کۆمپانیاکانی بەجێبهێڵن با کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن..  ئەم سیاستە لە سەردەمی دەیڤید کامیرۆن لە ساڵی 2012  فراوانتر و خراپتر کرا کە بەڵێنی ساڵی نوێی دا کە “کلتوری تەندروستی و سەلامەتی بۆ هەمیشە بکوژێت”.  ئەمەش بە واتای دەستپێکردنی بەشێکی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە سەلامەتی دانیشتوان و بیناکان لە کارەساتی ئاگر کەوتنەوە و لافا و گەرمی و ساردی زۆر ، دەپاراست  کە ناو بەناو پشکنینی سەلامەتییان بۆ دەکرا.

هەر بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایانەوە گەلێك کارەساتی ئاگربەربوونەوە ڕوویدا و بووە هۆی زیانی گیانیی و ماڵیی.  کارەساتی گەورە ڕۆژی 14/06/2017 لە بینایەکی چەند نهۆمیدا لە ڕۆژئاوای لەندەن ڕووی دا بە کەوتنەوەی ئاگر کە بووە هۆی سووتانی 72 کەس لەو بینایەدا.

 شەش: خوێندن و پەروەردە:

لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا ژمارەیەکی زۆری دایەنگای دەوڵەتی باخچەی منداڵان هەبوون یا ئەوەتا بەلاش بوون یاخود پارەیەکی زۆر کەمیان لەسەر دانرابوو.  ئەوانەی ئیشیان دەکرد دەیانتوانی کە ساواکانیان و منداڵانی پێش تەمەنی خوێندن  لەوێ دابنێن، کاتێکیش کە دەوام تەواو دەبوو هەر کراوە بوو بە بێ دانی پارە تاکو ئەو کەسانەی کە درەنگ لە کارەکانیان دەبونەوە فریای بردنەوەی منداڵەکانیان بکەون.  لە ئێستادا زۆربەی زۆری دایەنگا و باخچەی منداڵان بوونەتە ئەهلیی ئەوانەشی کە ئەهلی نین نرخیان چووەتە 600 بۆ 800 پاوەند بۆ مانگێك.  ئەهلەییەکان زۆر لەمە زیاترە، سەرەڕای ئەوەش هەتا کاتژمێری 3.30 پاشنیوەڕۆ کراوەن ئەو دایک و باوکانەی کە کار دەکەن تا کاتژمێری 5 و 6ی ئێوارە، دەبێت زیادە پارە بدەن  بۆ ئەو دوو کاتژمێرە .

 هەر لەو سەردەمەدا قوتابیانی قوتابخانە سەرەتاییەکان خزمەتی باشتریان دەکرا لەبارەی خواردنەوە و هاوکاری پۆشینی پۆشاکی قوتابخانەیان دەکرا و گەشتی قوتابخانەیان خۆڕایی بوو  کە دەگەیشتنە  زانکۆ ئەوەشیان لەسەر حسابی دەوڵەت بوو و پێویستی نەدەکرد کە خۆیان هیچ بدەن.  بە هاتنی تاچەر بۆ حوکم وردە وردە کرا بە قەرز بۆ زۆرێك لە قوتابیان.  لە ئێستاشدا ئەوەی کە دەچێتە زانکۆ دەبیت قەرز بکات بۆ هەقی وانەبێژ و کتێب و پێداویستییەکانی تر و گرتنی خانوو گەر لە دەروەی شوێنی نیشتجێبوونی خێزانەکەی بیت .   لانی کەم قەرزی خوێندکارێکی زانکۆ بۆ 3 ساڵ لە سەرو 50 هەزار پاوەندەوەیە .

خودی قوتابخانەکانیش گرفتگەلێکی زۆریان هەیە وەکو گەرمکردن و ساردکردەنەوەیان، بوونیان لە شوێنی زۆر قەرەباڵخ و سەر شەقامەکاندان، سەرەڕای ئەمەش زۆربەیان چاککردن و نوێژەنبوونەوەیان دەوێت.  قوتابیانیش گرفتی  زۆر گەورە رووبەڕویان دەبێتەوە وەکو هەڵگرنتی چەقۆ و چەقۆکێشی لە قوتابخانەکاندا و هێنانی مادە هۆشبەرەکان و فرۆشتنیان لە قوتابخانە کە سەرچاوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکانە لەپاڵ گرفتی ژیاندا، ئابووریی.  ئەم گرفتانە ئەوەندە زۆرن و کاریگەرن زۆرێك لەو قوتابخانەی کە لە گەرەکە هەژارەکاندان پۆلیسیان تێدایە و پۆلیسیش ئۆفیسی خۆی هەیە.

حەوت : گەندەڵی و ئابرووچوون :      

دەسەڵاتخوازی و خودی دەسەڵاتداریی سەرچاوەی  گەندەڵییە.  حیزبەکانی بریتانیا بە تایبەت موحافیزین کە لە دەسەڵاتدان بە بەردەوامی ئابڕووچونی زۆریان لێدەردەکەوێت . من لێرەدا پەنجە بۆ هەندێکیان ڕادەکێشم . ڕوشی سوناك-ی سەرەكوەزیران پێش ئەوەی کە بۆ سەرەكوەزیرانی بریتانیا هەڵببژێرێت  دەرکەوت لە سامانی  630 ملیۆن پاوەندی ژنەکەی باجی پیویستی نەدراوە تا ئاشکرا نەبوو و ناچار نەکرا باجەکە نەدرا.

لە ئاهەنگێکدا [ پارتی] ، ژمارەیەك لە کەسە نزیکە ناودارەکانی لیز تروس ڕۆژێك پێش ئەوەی ببێتە سەرەكوەزیرانی بریتانیا، کە هیشتا وەزیری دەرەوە بوو لە یەكێک لە خانووە دڵگیرەکاندا، دوای ئاهەنگەکە بڕێك ماتریاڵی سپی دۆزرایەوە کە شوێنەواری مادەی کۆکاین-ی پێوەدیار بوو .

ئابڕووچوونەکانی بەرپرسانی حیزبی موحافیزین بەردەوامە.  قسەکەری ڕیشی سوناكی سەرەکوەزیران لە کۆتایی مانگی دیسەمبەردا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەڕلەمانتارەکانی کە لە کاتێکدا بە کاری پەڕلەمانی دەنێرێنە وڵاتان شەوانە لە ئوتێلەکاندا کاری سێکسی لەگەڵ ژنانی لەشفرۆشدا دەکەن و خواردنەوەیەکی زۆر دەخوۆنەوە و دوای ئەوەش دیاری بەهادار وەردەگرن .

زۆرێك لە ئەندام پەڕلەمانەکان کاری دووهەم دەکەن دەرکەوت کە بە هەموویان لەو کارەدا 15.2 ملیۆن پاوەندیان دەستکەوتووە .  ترێزە مەی کۆنە سەرەک وەزیران هەر بە تەنها بە بڕی 2.5 ملیۆن پاوەندی پەیداکردووە ئەمە لە سەرو موچەی پەڕلەمانتارییەکەیەوە.  بۆریس جۆنسۆنی کۆنە سەرەکوەزیرانیش دوای دەستکێشانەوەی لە کارەکەی لە مانگی سێبتەمبەرەوە تاکو مانگی مارتی ئەمساڵ  2.5 ملیۆن پاوەندی بە وتنەوەی موحازەرە لە ئەمەریکا و شوێنی دیکە دەستکەوتوە کە لە هەندێکیاندا سەعاتی 30 هەزار پاوەندی پێدراوە. ئەمە  جگە لە ئوتێلی بەلاش  و گواستنەوەی بە بەلاش بۆ هۆڵی موحازەرەکە و نانخواردنی و لە هەندێکیشیا پارەی بیتاقەی تەیارەشی بۆ دراوە.   بێ گومان دیاری بەها و داوەت و داوەتکاری و پارە لە لایەن بزنسەوە هەر باس ناکرێت ، ئەمە بێ لەوەی کە هەندێکیان خاوەنپشکن لە بزنسەکاندا.

لە بەرانبەر پەڕلەمانتارەکانی حیزبی موحافیزین دا،  حیزبی لەیبەریش [ حیزبی کرێکاران] کە لە دەرەوەی دەسەڵاتە 2.1  ملیۆن پاوەند داهاتی کاری دووهەمیان بووە، هاوکاتیش  حیزبی لیبرڵ دیمۆکرات بە بڕی 171 هەزار پاوەند کاری دووهەمیان کردووە.

ئەوە هەر باسی سەردەمی کۆرۆنا ناکرێت کە ئێستاش ناتوانرێت جێگای زیاتر لە 12 ملیار پاوەند بکرێتەوە لە سەرجەمی ئەو 37  ملیار پاوەندەی کە بۆ کەرەسەی خۆپاراستن و سێنتەرەکانی پشکنین و پۆشاکی دکتۆر و نێرس و پاککەرەوەی زەوی و جیهازەکان و شتی دیکە بەکارهێنراوە . هاوکاتیش هەندێك نوسینگە و کۆمپانیای بچوك کە دۆست و ناسیاوی بەرپرسان بوون پارەی خەیاڵییان پێبەخشراوە لەبری کڕینی هەندێك کەرەسەدا.  لە ئێستاشدا  یەك دوو لە وەزیرەکان وەزیفەکەیان  هەڵپەسێرراوە و لێپێچینەوەیان لێدەکەن .

نەدیم زەهاوی ، کوردەی لای خۆمان، کە چەند پلە و پێگەیکەی گرتە دەست لەوانە وەزیری پەروەردە و ڕۆشنبیری و وەزیری کۆرۆنا و دواتریش وەزیری دارایی بریتانیا کە ئەم پۆستە لە گرنگیدا لە دوای پۆستی سەرەکووەزیرانەوە دێت ، دەرکەوت  کە بڕی  تەواوی باجی نەدابوو لە لایەن دائیرەی باجەوە ئاگادارکرایەوە بەڵام هێشتا ئەو هەر نکوڵی لە گەندەڵێتی خۆی دەکرد.  دواتر لەژێر فشاری میدیا و حیزبەکانی دەوەوەی دەسەڵات  ناچارکرا  کە دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

شێوەیەکی دیکە لە گەندەڵی کە باوە لەناو هەردوو حیزبەکەدا کە دێنە سەر حوکم مەسەلەی واستە قەبوڵکردنە، دانانی کەسانی نزیك لە خۆیانە، تێوەگلانە لە کارێکەوە بۆ وەرگرتنی پۆست.  باشترین نمونە لێرەدا سەرۆکی دەزگەی بی بی سی یە کە تا ئێستاش ئەو مەسەلەیە هەر بەردەوامە.  یاخود بەخشینی پارەیە کە پێی دەلێن دۆنەیشن، کە دەدرێت بە حیزبەکان، کاتێکیش کە حیزبەکان دێنە سەر حوکم ئەوان ئەوەیان لەبەرچاوە و پێگەی هەستیار و گرنگیان تا دەگاتە پێگەی وەزیریی دەدرێتێ.  ئەمە جگە لە پرسی دەڵاڵی کە بە ئینگلیزی پێیدەڵێن لۆبیکردن لە لایەن بزنسمانە گەوەرکان و کۆمپانیاکانیانەوە.

گەندەڵی یاسایش هەیە ، واتە خودی  یاساش هاوکاری گەندەڵی و گەندەڵکاران دەکات بە هەبوونی بۆشایییەك یاخود دانی دەرفەت بۆ نەدانی باج.  لە ئێستادا 169 ملیار پاوەند لە دەرەوەی بریتانیا لەو وڵات و شوێنانەی کە باجی لەسەر نادرێت یاخود هەر زۆر زۆر کەمە، لەوێ خەوێنراوە و پارەی دیکەی دێتە سەر، کە حکومەت دەسەڵاتی سزادانی خاوەنەکانیانی نییە چونکە خودی کارەکە یاساییە .

ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەك بوون لە سەدەها نموونەی زیندوو لە کۆن و لە ئێستاشدا .

هەشت: هەڵاواردن/ جیاوازی و  پرسی ڕایسیزم و مامەڵەی ژنان لە لایەن کۆمپانیاکان و پۆلیسەوە:

بریتانیا بە گشتی و لەندن بە هۆی هەبوونی ئیتنیکئیەکی زۆری فرە نەتەوە کە لە زۆربەی وڵاتانەوە ڕویانکردۆتە بریتانیا، لەندەن بە شارێکی کۆسمۆپۆلێتی دادەنرێت.  گەرچی خەڵکانی ڕەشپێست و کەمایەتییە نەتەوەییەکانی خۆیان توانیویانە جێگای خۆیان بکەنەوە و بەشداری بکەن  لە بزنس و لە سپۆرت و لە بواری میدیا و کۆمیدی و پەروەردە و تەندروستی و بوارەکانی دیکەدا و کلتوری ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازای و هەڵاواردنێکی زۆریان لەگەڵدا دەکرێت بە تایبەت بەرانبەر خەڵکانی ڕەشپیست و خەڵکانی ئاسێوی.  جیاوازی و هەڵاواردن و بەکەمگرتنی ئەوانەی کە لە سەرەوە باسمکردن زۆربەی لایەنەکانی ژیانییانی گرتۆتەوە چ لە دەستکەوتنی کار و بەرزکردنەوەی پلەیان و چ  لە دانی کرێ و موچەدا لەگەڵ خەڵکانی سپیپێست و خەڵکە ئەسڵییەکەدا جیاوازییان دەکرێت.

ئەم جوداکاری  و جۆری مامەڵەیە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ژیانی ڕەشپێستەکان و ئیتنیکییە جیاوازەکاندا هەبووە و هەیە تا ئەو ڕادەیەی کە ژمارەی بێ کاری و یاخود کاری خراپ لە ڕوی وەختی چوونە سەر کار و لە ڕوی شوێنی سەر کارەوە و  نیشتەجێبوونیان لە شوێنی خراپ و خراپ مامەڵکردنیان لە لایەن خاوەنخانووەکانەوە هەروەها پۆلیسیشەوە، ئەمانەی هەموو گرتۆتەوە.

بەڵگەکان و ئامارەکان ئەوەندە زۆر و حاشا هەڵنەگرن کە تەنانەت خودی حکومەت  و میدیا و پۆلیس- یش لەم دواییەدا نەیانتوانی نکوڵی لێبکەن و سەلماندیان.

مامەڵەی پۆلیس بەو ڕادەیە خراپە لەگەڵ ژنان و هاوڕەگەزخواز و ترانسەکان [ ئەوانەی کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن]  و  هەروەها خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان تا ڕادەی ئەوەی کە پۆلیس تاوانبار کراوە بەوەی کە دەزگایانە ڕایسستن و سێکسیستن ، واتە دامەزراوەی پۆلیس لە ڕوی دەستورییەوە ڕایسستن . تا ئەو ڕادەیەی تەنانەت هەندێك لە پەڵەمانتارەکان و پایەبەرزان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەزگەیە دەکەن و دروستکردنەوەی لە شێوەیەکی دیکەدا.

ڕاپۆرتیێکی نوێ کە لە مانگی مارتدا کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکرێت لەسەر داوای خودی حکومەت، نیشانی دەدات کە زیاتر لە 1500 پۆلیس تۆمەتبارن بە توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی تەنها شەش مانگدا. هەر ئەم ڕاپۆرتە بەدواچونی لە هەموو لایەنەکانی کاروباری پۆلیسەوە کردوە و دەڵێت ئەو کەیسانەی داخراون لە سەدا 70 کەیسەکانی خراپی مامەڵەی پۆلیس بوون کە 136 کەیس بوون داخراون.  لە سەدا 91 کەیسەکانی سکاڵاو گلەیی بوون کە 290 کەیس بوون فڕێدراون، واتە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە.  سەبارەت بەم پێشێلکردنەی مافی خەڵك تەنها 13 پۆلیس بە هۆی نادروستی مامەڵەیانەوە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە بەڵام کەسیان دەرنەکراون .

ڕاپۆرتەکە ئاماری وردی تر دەدات، ڕایگەیاندووە لە سەرانسەری ئەو 40 هێزی پۆلیسەی کە زانیارییەکانیان لەبەردەستدا بوو، 428,355 کەیس دەرئەنجامێکی تۆمارکراویان هەبوو، بە واتایەکی دیکە سکاڵاکان تۆمارکراون، ڕێژەی ئەو پۆلیسانەشی کە تۆمەتبارکراون هێزی پۆلیس تەنها بە ڕێژە لە سەدا 6 لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە .  لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پۆلیس کێشەی  لەگەڵ  بەڵگەکاندا هەبووە، یاخود  قوربانییەکان لەبەر هۆیەك لە دۆسیەکە کشاونەتەوە.

ڕۆژنامەی ئۆبزێرڤەر توانی ئەم ئامارە بە ساڵی 2018 بەراورد بکات .  لە بەراوردەکەدا ئاشکرای کرد  کە لە ساڵی 2018ەوە نزیکەی 80 ئەفسەری پۆلیس لە 22 هێز لە ئینگلتەرا و وێڵس ڕووبەڕووی ڕێکاری دیسپلینیی بوونەتەوە بەهۆی پەیوەندی سێکسی نەشیاو یان بەرکەوتنی سێکسی لەگەڵ قوربانییەکان و شایەتحاڵان و گومانلێکراوەکاندا. بارو دۆخەکە بەو ڕادەیە خراپە کە لە ئێستادا هەفتانە دوو تا سێ پۆلیس ڕووبەڕووی دادگایکردن دەنبەوە.

ئەوە نەبێت پۆلیس هەر مامەڵەی ژنان و دانیشتوان ئاوا نادروست بکات، بەڵکو پۆلیس هاوەڵانی خۆشیان هەر ئاوا مامەڵە کردووە.  لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا  دەرکەوتووە کە نیوەی پۆلیسی ڕەشپێستی بەریتانیا بەدەست ڕووداوی مامەڵەی ناشیرین و ڕایسستییەوە لەلایەن هاوکارە پۆلیسەکانیانەوە دەناڵێنن. دەرکەوتووە کە لە سەدا 49% هەستیان بە دوورخستنەوە لە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکییەکان و کارەکانیانەوە کردووە بەهۆی ڕەگەز یان نەتەوەوە خراپ مامەڵە کراون. بەڵام بۆ ئەوانەی گلەیی و مامەڵە ناشیرینەکانیان ڕاپۆرت کردووە بۆ ڕێژەی بۆ لە سەدا 70 بازی داوە.

سەبارەت بە سیاسەت و مامەڵەی پۆلیس –یش دەربارەی خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکی  لێرەدا هەر بە کورتی چەند ئامارێك و بەڵگەیەك دەخەمە بەرچاو.

بەگوێرەی راپۆرتێکی پشکنین و تاقیبکردن و توێژینەوەی مانگی مارتی ئەمساڵ  کە 363 لاپەڕەیە پڕە لەو کارانەی کە بە وتەی تۆێژەرەوەی ڕاپۆرتەکە کە خودی پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایش و کەرامەتیان دانراون ، کەچی خۆیان بکەری ئەوانەن .  لانی کەم لە سەدا یەك پۆلیس تاوانبارکراوە بە شکاندنی دووجاری ستاندەری پۆلیس، هەروەها گلەییەکان و سکاڵاکان  400 ڕۆژی خایاندووە بۆ لابەلاکردنەوەیان.

پۆلیس هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی ئاسێوی و ڕەشپێستەکانە و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدراوە کە یاسای وەستان و پشکنین چۆنیان بوێت بیسەپێنن.  لەم  بارەدا پۆلیسیش درێخی نەکردوە لە مامەڵەی جوداخوازیی، کردەوەی ناشیرین و گوێنەدان بە سکاڵای کەسی وەستێنرا و یا پشکێنراو کە زۆر جار بە گرتنیان هەر لە ناو ڤانەکەدا کەسی گیراو گیانی لە دەستداوە، یاخود لە مەرکەزی پۆلیس بە بەستنەوەی و ڕاگرنتی لەسەر دەم، گیانی دەرچووە ، ئەمە جگە لەوەی کە گەلێك لە کەسانی گەنجی ڕەشپێستیان کوشتوە بە بیانوی ئەوەی چەکی پێییە دواتریش دەرکەوتووە کە بێ تاوان بووە.

وەستان و پشکنین کچانی گەنجی ڕەشپێستیشی گرتۆتەوە .  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێوە کە لە لایەن کۆمیساری منداڵانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە  کچانی ڕەشپێست سێ هێندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە کە لەلایەن پۆلیسیەوە ڕابگێرین ڕوتیان بکەنەوە و بیانپشکنن. لەم بارەدا سەدەها کەیس هەیە کە لێرەدا ناکرێت باسیان بکەم .

هەر بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018، 110 منداڵ و گەنجانی مێینە تووشی ڕوتکردنەوە، واتە داماڵینی پۆشاك لە لایەن پۆلیسەوە بوونەتەوە کە زۆریان کچانی گەنجی رەشپێست و  ئیتنیکییەکان بوون، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێگەی داواکاری ئازادی زانیارییەوە بەدەست هاتوون و لەلایەن کۆمپانیای ئازادی لێکۆڵیەنەوە شیکراونەتەوە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی، نزیکەی نیوەی (47%) ئەوانەی کە تووشی ئەم مامەڵە ناشیرینە بوونەتەوە  ڕەشپێست بوون.  لە نێوانی کچانی گەنجی تا تەمەن 19 ساڵ و سەروتر بە ڕێژەی لە سەدا 36 ڕووبەڕووی ئەو پشکنین و ڕووتبوونەوەیە بوونەتەوە .

دۆزینەوی ئەم بەڵگە و ئامارانە کە لە ڕاپۆرتێکی کۆمیساری منداڵاندا دەرکەوتووە  منداڵانی ڕەشپێست 11 هێندە زیاترە لە هاوتەمەنە سپیپێستەکانیان کە لەلایەن پۆلیسەوە ڕادەگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت .

بێ متیمانەیی خەڵکی بە حکومەت و پۆلیس و دادگا بە ڕادەیەکە کە تەنها 20%ی دەنگدەران متمانەیان بە حکومەت هەیە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی تاوانەکان ببێتەوە و کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا 71% متمانەیان بە حکومەت نییە. تەنها 27% متمانەیان بە دادگا و سیستەمی دادوەری هەیە بۆ کەمکردنەوەی تاوان و تەنها 31% متمانەیان بە پۆلیس هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی تاوان.

نۆ : ئازادیی و دیمۆکراتی لە بریتانیادا:

 

گەر بە دیقەتەوە لەبەشەکانی پێشتری ئەم وتارە بڕاوانیت ڕەنگە دەرك بەوە بکەیت ئەو هەموو شتانەی کە ڕووی داوە و ڕوودەدات بناخەکەی نەبوونی ئازادیی و دیمۆکراتیەتە.

ئازادیی و دیمۆکراتییەت هەر ئەوە نیە کە لە 4 یا 5 ساڵدا جارێك بچیت زاڵمەکانی خۆت هەڵبژێریتەوە و زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی بیت لە کارەکەت. ئازادی و دیمۆکراتی لە سای سەروەری دەسەڵات و چینایەتی و کۆمەڵی هیرراشیدا  هەر جۆرە دەسەڵاتێك بێت لە خێزانەوە تاکو دەوڵەت خەیاڵێکی خۆش و بابەتێکی تامەزرۆیە.

لەگەڵ ئەوەشی کە وتم  هەندێك ئازادیی بە ڕەهایی هەیە لەوانە ئازادیی ئەوەی  کەخۆت یەکەمیت و خەڵکی دیکە دووەم ، واتە خۆت گرنگیت و دەرەوەی خۆت لە پلەی دووهەمدا.   ئازادیی هاندانی تاک سەبارەت بە ڕەهایی و خۆشی و باشی ئەم سسیتەمە گوایە ئەمە دوا قۆناخی بەشەرییەتە.  هاندانی تاکی کۆمەڵە کە هۆگری شۆپینگ و بازارکردنی ڕۆژانە  ببن، کە وەکو مادەی هۆشبەر وایە کە ئالودەی بوویت زۆر زەحمەتە لێی ڕزگارت بیت، بەمەش ببنە کۆیلەی خاوەنکار و بانقەکان و بەهۆی قەرزار بوونیانەوە.  ئەم خووە بەردی بناغەیییە بۆ نەهامەتیەکانی کە بەسەر تاکدا دێت کاتێك کە دەکەوێتە بەر هێڕشی بێ رەحمانەی بەرردەوامی ڕێکلامەکان و کارایی بازاڕ و کێبڕكێ لەگەڵ هاوتەمەن و دراوسێ و خزم و کەسی خۆی کە ئەم نابێت لەوان کەمتر بێت.

وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ئازادیی و دیمۆکراتی نە لەویوە دەستی پێکردوە و لەوێشدا کۆتایی دێت.  بۆیە هەموو دامەزارەوەیەك لەم وڵاتەدا،  هەموە شتێك هەموو بڕیارێك و هەموو یاسایەك جێگای هەڵوێستە و تێڕامان و پرسیارە.

من بە بەردەوامی لەسەر ئەم بابەتەم  بە بەڵگە و بە ئاماریشەوە نوسیوە.  بۆیە هەر لێرەدا تەنها هەندێك شت دەڵێم .

ئەم ولاتە لەسەر ئەساسی کۆڵۆنایزکردنی دەیەها وڵات و ملیۆنەها کۆیلە و زوڵم و زۆری پاشا و دام و دەزگەکەی بنیاتنراوە.  ژمارەی هێنانی کۆیلە و بازرگانی کردن پێیانەوە لە نێوانی ساڵانی 1640 وە تا 1807 3.1 ملیۆن کۆیلە بووە کە دەسگیرکراون و هەندێکیا بۆ کۆڵۆنییەکانی دیکە گوازراونەتەوە کە لە مانە تەنها 2.7 ملیۆنیان ژیاون ئەوانی دیکەیان بە هۆی بارودۆخی نێو پاپۆڕ و ژینگەی نوێیان و خراپی مامەڵەی سەروەرانیان گیانیان لەدەستداوە .

ئەم وڵاتە دایکی پەڕلەمان و شۆڕشی پیشەسازی بووە.  هۆکاری  برسیکردن و قڕکردنی ملیۆنەها خەڵکی بووە.  لەوانە لە وڵاتانی کاریبیا و ئەفریقا و دە ملیۆن لە پەنجاب و ملیۆنانی دیکەی ئیرلەندەییەکان و کوشتن و بڕینیێکی زۆر بووە .  خاوەنی ئەزموونی گەورەی تاڵانی و شەڕ و دزینی سەرەوەت و سامانی نەتەوەکانی دیکە بووە.  بە مشتێك خەڵكەوە بەڵام بە عەقڵێکی گەورەوە سەروەری ئەم دونیایە بوون و تایبەتمەندی خۆیان و زمان و خاکیان تا ئەم سەردەمەش هەر وایە و پاراستووە . پاش تێپەربوونی 3 چەرخ بەسەر کۆیلایەتی و بڕیاری قەدەخەکردنی لە سالی 1807 داو هەڵوەشاندنەوەی بازرگانی کۆیلایەتی  لە ساڵی 1832 دا، هێشتا ئەم وڵاتە بە عەمەلی پۆزشیان بۆ وڵاتانی کۆڵۆنایزکراو نەهێناوەتەوە و ئامادە نین قەرەبووی ئەو وڵاتانە بکەنەوە گەرچی لەژێر فشارێکی گەورەی کەمپەین بە قەرەبووکردنەوە و دانی پارە بە نەوەکانی ئەو وڵاتانە کە “کاریکۆم” کە کورتەی کەمپەینی کاریبیان کۆمۆنیتییە بەم کارە هەڵساوە.

وڵاتێك ئەوە پاشخانەکەی بێت ئاسان نییە تەنانەت بە تێپەڕینی چەند چەرخێكیش پێشبینی تێپەڕکردنی تەواوی ئەوەی کە کۆن کردویەتی بیکات.  لە ئێستاشدا دەزگەی سیخوڕی و هێزی پۆلیسی و عەقڵی سیاسی ڕۆڵی گەورەی لە بەڕیوەبردن و سەرکوتکردنی خەڵکان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیاندا هەیە.

لە ساڵی 1968 وە لانی کەم تاکو کۆتایی 2010 ،  139 پۆلیس وەکو سیخوڕ بە پلانی داڕێژراوی سەروی خۆیانەوە دزەیان کردۆتە ناو زیاتر لە 1000 گروپی چەپ و ژینگە و ئەنارکست و سۆشیالیست وەرکەر پارتیی و سەراپای کەمپەینە جۆراوجۆرەکانەوە.  هەندێك لەمانە خۆیان ئەوەندە نزیک کردۆتەوە بونەتە برادەری نزیکی کچە گەنجەکانی ئەو گروپانە و باوکی منداڵیان و پاش ماوەیەك کە جاری واهەبوو چەند ساڵێکی خایاندووە و لەبەر چاو ونبوون. ئەمانە ئەوەندە چالاک بوون کە زۆر جار ئامادەکاری و  دابینکردنی ڤان و پۆشاکی پێویست و کەرەسەی تریان کردوە بۆ چونە ناو خۆپیشاندان و پرۆتێست و یاخود کردنی چالاکیەیەك تا وای لێهاتوە ڕۆژانە متمانەی زیاتریان پەیدا کردووە .

ئەم سیخوڕانە تەنها ناوی یەکەمی خۆیان لای چالاکوانەکان ئاشکرا بووە ناوی دووانی و سیانییان گۆڕاوە کە زۆر جار ناوی منداڵانی مردوو بووە .

لە دوای ساڵی 2012 وە دەرکەوت کە چی ڕویداوە بەو هۆیەوە ئەو ژنانەی کە پەیوەندی جنسیان هەبوو لەگەڵ سیخوڕەکاندا و یا باوکی منداڵیان بوون کەمپەینێکی گەورەیان کرد بە هاوکاری هەموو چەپەکان و نقابییەکان و زۆرێك لە ئەکادیمییەکانیش  دەوڵەتیان ناچار کرد کە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەو بارەیەوە بکرێت.  بۆ ئەمەش دادگا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد بۆ قۆناخی 1968 تا 1982. دواتریش لە  ڕؤژی 21/04/2021 وە دەستی پێکردەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی ساڵانی دواتر.  ئەگەرچی زۆرێك لە کەیسەکان برانەوە بەڵام چاوەڕوانی دوا بڕیار و تەواوبوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دەکرێت  تا ساڵی 2026 بخایەنێت.

سەبارەت بە ئازادییەکان بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدان. ئەمەش لۆژکانەیە کە لە کاتێکا ژیانی خەڵکی ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبیت و سەرەنجامیش ناڕەزایی و خۆپیشاندان و جار و باریش کاری توند و تیژ دەکرێت، دەوڵەت لە بری ڕادەستبوون بە داخوازییەکانی خەڵک لەڕێگای بەکارهێنانی یاساوە بەرگری دەکات لە خۆی و لەو چین و توێژەڵانەی کە نوێنەرایەتییان دەکات و دژ بە داخوازی خەڵکی دەوەستێتەوە.  بۆیە یاساکانی دژ بە ئازادیی ساڵانە بڕگەی زیاتری دەخریتە سەر و گەر بۆشاییەکی تێدا بیت پڕدەکرێنەوە ، توند تۆڵ دەکرێنەوە.

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ بریتانییەکان لە پرسی ڕادەربڕین ڕووبەڕووی دەرگیرییەکی زۆر دەبنەوە.  ئەو توێژینەوەیە بەریتانیا لە پلەی سێیەمی پێوەرەکانی جیهانی دەربڕینی ئازاددا داناوە کە زۆر نزیکە لە وڵاتانی وەکو  ئیسرائیل، شیلی، جامایکا و بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو دەوڵەتەکانی دیکەی ڕۆژئاوای ئەوروپا، هەموویان لە پێش بەریتانیاوە بوون لەو پێوەرەدا کە لەلایەن گروپی داکۆکیکاری Index on Censorship کۆکراوەتەوە.

لەم وڵاتەدا پۆلیس دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە گرتن و ڕاوەستاندنی خەڵکی و گرتن و دەستبەسەرکردنی تاکەکانی کۆمەڵ کە پێویستی بە هیچ بیانویەك نییە.  دەتوانێت بە پشتی بڕگەیەکی یاسایی گردبوونەوەیەکی چوار کەسی بڵاوەپێبکات و هەر ئاواش دەتوانێت بە بڕگەیەکی دیکە بە هۆی وێنەی کەسێکی وەکو گێڤارا کە لەسەر تی شێرتەکەتە بتگرێت و سوکایەتیت پێبکات.  دەتوانێت ڕێگات پێبگرێت و نەهێڵێت بگەیت بە خۆپیشاندان و ناڕازاییەکاندا و دروشم و لافتە و مێگە فۆن و قەڵەم و کاغەز هەرچیت پێبە دەستی بەسەردا بگرێت.

ئەو کەسانەی کە دەگیرێن وەکو لەم دوایەدا ڕوویان دا ڕێگایان پێنادرێت کە بەرگری لە خۆیان بکەن و سزایان دەدرێت گەر قسە بکەن و چالانجی دادوەر بکەن، لەو بارەدا دادوەر دەتوانێت سزاکەی بۆ زیاد بکات.  کەسە چالاکەکانی سەر شەقام و ناو نقابەکان و ناو کۆمۆنێتییەکان ناویان لە لیستی ڕەشدا هەیە و پۆلیس زۆر جار ئەم لیستە دەفرۆشێتەوە بە کۆمپانیاکان گەر یەكێك لەمانە داوای کاری کرد نایاندرێتی. ئەم لیستە بە لیستی ڕەش بەناوبانگە.

ئازادیی مانگرتنی کرێکارانی نقابەکان زۆر زیاتر لە سەردەمی مارگرێت تاچەر تەسكتر بووەتەوە.  لە سەردەمی ئەودا کە یاسای دژە نقابە دانرا کرێکاران هاوپشتی هاوەڵە کرێکارەکانی کە ماندەگرن قەدەخە کرا، پێش دەستپێکردنی مانگرتن نقابە دەبوایە 2 هەفتە پێش ئەوە خاوەنکاری ئاگەدار بکردایەتەوە تاکو خۆی بکەوێت و کرێکار لە نوسینگەی تایبەتەوە بهێنێت بۆ شکاندنی مانگرتنەکە ، خاوەنکار بۆی هەبوو کە نقابە بەرێتە داداگە و مانگرتنەکەی پێ هەڵوەشێنێتەوە ، هەروەها حکومەت مافی گرتنی سەرانی نقابە و سڕکردنی دارایی نقابە لە بانقەکاندا کردە یاسا گەر پێویستی کرد .  ئەمانەو زۆری تر لە بڕگەی یاسای دژە نقابەدا هاتووە.

یاسای دژە نقابە بەردەواومە لە ئێستاشدا لائیحەیەك لەبەردەستی ئەنجومەنی پیران و پەڕلەماندایە کە ئەوەندەی دیکە گرفتی بۆ مانگرتنی کرێکاران زیادکردووە. بە گوێرەی ئەو لائیحەیە کرێکارانی ئاگر کوژانەوە، مامۆستایان و بەشی هاتووچۆو خەستەخانەکان و پەساپۆرت و سەر سنورەکان و گەلێکی تر کە دەبیت لە کاتی مانگرتنیاندا ژمارەی تەواو لە کرێکارەکان لە ڕۆژانی مانگرتن دا دابین بکەن.  سەرپێچیکردنیش لەمە لێپێچیەنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت تا ڕادەی دەرکردن.   ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەیەكی بەرز  دانراوە کە ئەگەر ڕێژەی ئەوانەی کە دەنگ بە مانگرتنەکە دەدەن لەوە کەمتر بیێت ئەوە مانگرتنەکە یاسایی نییە و نابێت بکرێت.

ئەم یاسایە ئەوەندە توندوتیژە بەرانبەر بە کرێکاران تا ئەو ڕادەیەی کۆمەڵێک لە پارێزەرانی باڵای دامەزراوەکان ڕایانگەیاندووە، یاسا نوێەکەی ڕیشی سوناک دژی سەندیکاکان، بەریتانیا دەکاتە یەکێک لە سەختترین وڵاتەکانی جیهانی دیموکراسی کە تێیدا مانبگرێت و ڕەنگە پابەندبوونەکانی پەیماننامەکان پێشێل بکات.

دە: پرسی ژینگە:

  باوەڕ ناکەم کەس نکوڵی ئەوە بکات کە ئێستا ژینگە باشتر  و پاکژتر و کەم گرفتتر بێت لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی رابوردوو.  ئەو کارەساتە سروشتیانەی کە سروشتی نین بە بەردەوامی لەم وڵاتەدا دەیانبینین هەمووشی بە هۆی گۆڕینی کەش و هەواوەیە کە لەم چەند ساڵەی ڕابورددودا کاردانەوەیان زۆر بە ئاشکرا دەبینین.  بوونی ئەم کارەساتانەش وایکردووە کە بزوتنەوەیەکی گەورەی ژینگە و ئیکۆلۆجی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە کە بریتانیاش پشکی شێری خۆی بەرکەوتوە.

سەرەڕای گۆران لە کەش و هەوادا بە دروستکردنی کارەسات،  کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش درێغیان لە پیسکردنی ژینگە نەکردوە کەڵەکەکردنی پارەی زیاتر و زیاترکردنی پارەی پشکی پشکدەران ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە خراپبوونی ژینگەدا.  هاوکاتیش ژمارەی فڕینی فڕۆکەکان و گەورەکردنی فڕۆکەخانەکان و خستنە ناو بازاڕی ژمارەیەکی زۆر لە سەیارەوە هەروەها دەستگرنتەوەی حکومەت لە فەندی ئامرازەکانی هاتووچۆی کەرتەکانی دەوڵەت هەر هەموو ئەمانە ئەوەندەی تر ژینگەیان پیس کردووە کە ساڵانە زیاتر لە 5 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ بە نەخۆشی ڕەبووە گیان لەدەست دەدەن بەو ڕادەیەی کە خەڵکی ناچار بووە کەمپەینی گەورە بکات دژ بە سەیارە و دانانی یاسای ژینگە و خەڵك پارێزیی.

  ئەوە ڕاستییە کە زۆر کات سیاسییەکان و کاربەدەستان و گەورە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان قسە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخەی کە خۆیان هێناویانە بەسەر ژینگە و خەڵکیدا دەکەن و ساڵانە لوتکەی گردبوونەوەی گەورەی نێودەوڵەتیشی بۆ دەگرن بەڵام مەگەر هەنگاوی بچوك لەو بارەوە بە کردەوە نرابێت، دەنا شتێکی ئاوا نەکراوە.  من لێرەدا بۆ بەڵگەی قسەکانم  لینکی وتارێکیم کە لە مانگی نۆڤەمبەری پاردا لە ژێر ناوی” کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن” نوسیوە سەبارەت بە لوتکەی گردبوونەوەی پارساڵی  ” ژینگە دۆستاندا”  لە دامێنی ئەم وتارەو دایدەنێمەوە .  هیوادارم گەر بە دوای ڕاستیدا بۆ ئەم بەشەی وتارەکەم دەگەڕێیت بە بەڵگەوە، بیخوێنیتەوە.

ئەنجامگیریی:

دیارە ئەوەی کە من نوسیومە لە سەرەوە کورتەیەکی هەر زۆر کورتی ئەوانەیە کە لەم وڵاتەدا، بریتانیا، ڕوویان داوە و ڕوودەدەن کە من بۆ ئەمە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژینەوەم  بۆ خوێندۆتەوە و بەرپرسم لە هەموو وشە و ئامارێك کە لەم وتارەدا هاتوون.

ئەوەی کە لێرەدا نوسراون تەنها ڕووداو و بارودۆخ و کەلێن کەلەبەرەکانی نێو کۆمەڵی بریتانییە تا 31/03/2023 .  وەکو زانراوە مانگی نیسان مانگی سەرەتای ساڵی دارایی نوێیە، ساڵی 2023 ، کە سەر لەنوێ باج و خەراج و زیادکردنی نرخی تەلەفون و کارەبا و غازو باجی سەر خانوو کرێی خانوو و سەرکەوتنی نرخی بیتاقەی هاتووچۆ و سەفەر و زۆری تر لە کولفەی ژیانی خەڵکی بۆ جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە.  بە واتایەکی دیکە ژیانی دانیشتوانی بریتانیا خراپتر دەبێت نەك باشتر.

گەشەی ئابوری بریتانیا ساڵی 2022 لە دامێنی گەشەی ئابووری زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و یابان و چین و ئەمەریکا و هیندستانەوە بووە.  بە گوێرەی راپۆرتی ئەم ڕۆژانەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، ئەمساڵ گەشەی ئابووری بریتانیا بە ڕێژەی لە سەدا 0.3 دەبێت.  ئەم ڕێژەیەش لە دوای وڵاتانی وەکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و سوید وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و سکەندناڤیاوەیە .

لەو باجانەی کە لەم مانگەوە زیادکراون باجێکە کە شارەوانییەکان لەسەر خانووەکان دایدەنێن، کە پێی دەڵێن کەنسڵ تەکس.  ئامارە نوێیەکان و نامەکانی شارەوانی بۆ دانیشتوانی خانووەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای ئەو باجە ” کەنسڵ تەکس”  لە یەکی مانگی نیسانەوە بە ڕێژەی 99 پاوەند زیاد دەکات و بۆ یەکەمجارە 2 هەزار پاوەندی تێپەڕاندووە.

هەر ئاواش لەم هەفتەیەدا دەرکەوت کە نرخی کەرەسەی مارکێتەکان لە بەریتانیا بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی دیکەی تۆمارکردووە کە 17.5% بووە و تێکڕای پارەی ساڵانەی بازاڕیی  ماڵان بە ڕێژەی 837 پاوەند بەرزکردووەتەوە بۆ 5617 پاوەند.

کڕیارانی برۆد باند و تەلەفونی دەستی [مۆبایل فۆن] ڕووبەڕووی زیادبوونی نرخ لە گرێبەستکانیاندا  دەبنەوە کە لە زۆر حاڵەتدا لە نێوان 14% بۆ 17% – لە پارەی گرێبەستی مانگانەیان لە مانگی نیسانەوە بەرزدەبێتەوە.

توێژینەوەیەکی Centre for Economics and Business Research ، سەنتەری توێژینەوەی ئابووری و بازرگانی،  پشکنینی لە مانگی ڕابوردوودا کردووە باسی ئەو  تێچوونە زیادانەی کردووە کە ڕووبەڕووی سێ ماڵی ئاسایی دەبنەوە کە داهاتی ساڵانەیان لە ئاستی جیادایە :  12,570 پاوەند، 50,270 پاوەند و 125,140 پاوەندە.  ئەو ڕاپۆرتەش ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە ژیانی خەڵکی لە ئەم مانگەوە گرانتر دەبێت .

ئەمە لە کاتێکدا ئاستی موچەی ژیانکردن  بۆ کرێکارانی تەمەن 23 ساڵ و سەروتر لە  10 پاوەندەوە بۆ 10.42پاوەند بەرزدەبێتەوە ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی پشکنین و تاقیبکردنی نقابەی مەرکەزیی تێچوی ژیانی خەڵکی 67 پاوەند لە مانگێکدا زیادی کردووە، ئەمە بێ لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و باج و بیتاقەی هاتووچۆ و کرێی خانوو و سلفە عەقار و مەسرەفەکانی دیکە.

هەر ئاواش بە گوێرەی  توێژینەوەکانی KPMG، کە کومپانیایەکی گەورەیە و خاوەن 22 ئۆفیسە لە بریتانیا و  14 هەزار کارمەند و کرێکار کاری بۆ دەکات لە تازەترین توێژینەوەدا دەڵێت  نیوەی بەکاربەرانی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بژاردەی [ ئیختیاری] خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە، نزیکەی دوو لەسەر سێیان ئەوەیان هەڵبژاردووە کە ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ خواردن لە دەرەوە خەرجی دەکەن کەمبکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا ماڵەکان لەگەڵ بەشێکی زۆری زیادبوونی تێچوی ژیان و بەرزبوونەوەی کرێ  یا سلفەی عەقار و وزە دەجەنگن کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  ڕاپرسییەکەی 3000 بەکاربەری گرتۆتەوە.  هەروەها دەرکەوتووە کە لە 49%یان پلانیان کەمکردنەوەی خەرجییە لە شتە ناپێویستیەکان لە کاتێکدا کە ئەو هاوکارییەی کە حکومەت بۆ وزە دەیکرد لە سەرەتای مانگی تەموزدا کۆتایی دێت ئەمەش وایان لیدەکات کە لە 30% پاشەکەوتەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرفتە.

هەر ئەو توێژینەوەیە دەریخستووە تا ئێستا ئەمساڵ 55%ی بەکاربەران خەرجییە ناپێویستەکانیان کەمکردووەتەوە، بەتایبەتی لە خواردنی دەرەوەدا.  نزیکەی یەک لەسەر سێ (34%) وتوویانە کە ئەم مانگە پاشەکەوت بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی تێچووی سەرەکییان.

پاش خستنەرووی ئەو هەموو ئامار و بەڵگانە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی دانیشتوانی بریتانیاوە کە بار و گوزەرانیان نەك هەر ساڵ بە ساڵ خراپتر دەبێت بەڵکو مانگ بە مانگ ئەمە ڕوودەدات لە سای دەوڵەتێکی پایەداری کۆنی وەکو بریتانیا و پەڕلەمانێنی چەند سەدەیەك بە تەمەن و لوتکەی ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چی تر دەتوانرێت / دەکرێت کار لەسەر باشکردن و ڕیفۆرمکردنی ئەم سیستەمە بکەین تاکو ژیانمان باشتر بیت؟

هیوادارم وەکو چۆن من بە بەڵگە و ئامارەوە کە زیاتر لە 30 وتار و ڕاپۆرت و توێژنیەوەم بۆ خوێندۆتەوە بۆ وەڵامدانەوەی  ئەو پرسیارە و دواتریش بێ ئومێد بووم هەر ئاواش کەسانێک هەبن بە بەڵگەوە پێمان بسەلمێنن کە پێچەوانەکەی ڕاستە و کارکردن لە چاککردنی سیستەمەکەدا زەروورە و چارەسەرێکی دیکە نییە.

http://www.zaherbaher.com/%DA%A9%DB%86%D8%A8%D9%88%D9%88%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%84%D9%88%D8%AA%DA%A9%DB%95%DB%8C-%DA%A9%DB%95%D8%B4-%D9%88-%D9%87%DB%95%D9%88%D8%A7-%DA%86%D8%A7%D8%B1%DB%95%D8%B3

……………………………

Leave a Reply