Categories
Kurdish

‌ ئێمە هەموومان قەرزاری تۆین ئەی مرۆڤە دیار و جوانەکەی سەرەدمی خۆت*

‌ ئێمە هەموومان قەرزاری تۆین ئەی مرۆڤە دیار و جوانەکەی سەرەدمی خۆت*

زاهیر باهیر

20/04/2022

لەسەر بەستەڵەکی بەستوی دیواری دوا ڕۆژەکانی ژیانم وەستاوم و ‘ شریتی عومری ڕابوردووم ‘ لێدەدەمەوە، بەدەم ساڵانی هەڵکشانی تەمەنمەوە ورد ورد، هێدی هێدی سەرگوزشتەی ژینی منداڵیی و مێرد منداڵیم دەگێڕمەوە، بە کاوەخوێوە یادی کەسە جوانەکانی، پیاوانی بە تەمەنی گوند و ژنانی ئەو کاتەی، بەسەردەکەمەوە، لە زەمانێکی گەلێک بەسەرچوو، لە عەیامێکی ڕێزلێنەگرتوو، لە سەردەمێکی پێنەزانراو لە لایەن ئەو کاتەی گەنجیی ئێمەوە، لە هەڕەتی لاوێتی و یاخێتی هەرزەکارانەی قۆناغی ژیانەوە، بەڵام تا ئێستاش لای خۆم یادەوەرییەکانم داناون و وەکو توێشەبەرەیەك بەستومنەتە  پشتمەوە، … من ئەو عەیامە، ئەو سەردەمە بەسەردەکەمەوە…یادی پیاوان و ژنان و کوڕانی جەحێڵی قۆشمە و سەرمەستی کار و عێشق و خۆشی گردبوونەوەی سەر سەلوێنکەکان یاخود بەرمانگەشەوی شەوێکی فێنکی هاوین یا شەوێکی تاریك و نووتەکی ساردی زستان و سەرەتای بەهار بە بەسەربردنی شەوارەوە، بیردەخەمەوە … یادی کیژۆڵە و کچانی جوان و قەشەنگی گوند کە بە جوانی و ناز و عیشوەی خۆیانەوە کە گەر شەڕیان لەگەڵ مانگی ئەو کاتەدا نەکردایە، لانی کەم لەگەڵ ئەستێرە گەشەکان یاخود ئەستێرەی گەلاوێژدا دەکرد و لە بەربەرەکانییانا، دەستەویەخە دەبوونەوە.  من وەکو مەلێکی خوشخوانی سەردەمی منداڵیم هەمو ئەمانە دەگێڕمەوە … هەموو ئەمانە بە یادی هاوتەمەنەکانم لەوێ، لە گوند، لە شارا، لە هەندەران ، دەهێنمەوە.

ئەی تەمەن تۆ چەندێك بەرەو سەر هەڵکشێیت و بتەوێت یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵیم لەبیر بکەیت .. بتەوێت خۆشییەکانی منداڵیم و ئەزموونەکانی ئەو سەردەمەم لێبدزیت، لێزەوت بکەیت … هەرگیز ناتوانیت، ناتوانیت….گوند ئەوەندە بۆ من خۆش بوو .. هاوەڵان و هاوتەمەنانم  بۆ من ئەوەندە شادیهێنەر بوون … ژنان و پیاوانی گوندیی بۆ من ئەوەندە دڵسۆز و میهرەبان بوون … بۆیە ئەی تەمەن تۆ ناتوانیت لە یادیان بکەیت، تۆ ناتوانیت فەرامۆشیان بکەیت، تۆ ناتوانی قڕ و قپم پێبکەیت.

چ ساڵانێك بوو، چ سەردەمێك بوو گەر چی لە لیتەی گوێی جۆگەکانا، لە نێو پشقل و پەینی سەر سەلوێنکەکانا، لە سەوزەگیا و نێو قەرسسیلی بەهارانا، لەناو بۆن و بەرامەی پەچەی ئێوارانی نێو ئاژەلانا، یاخود لە نێو دێراوی تەڕی توتنەکانا و تەپوتۆزی کاکێشان و هەڵگرتنی خەرمانان و هێنانی بارە دار و زۆرێکی دیکەی ژیانمانا، ژیانمان دەکرد، لەگەڵ هەموو ناڕەحەتییەك و نەبوونیەکی زەمانەدا هەر زۆر بە خۆشی،  بەسەرمان دەبرد و هەڵماندەکرد.  لە کاتەکانی دیکەشدا بە یاریە خۆشەکانی ئەو سەردەمەوە ڕۆژگار و شەوگارێکی ئێکجار خۆشمان دەبردە سەر، بە پێکەنین و تریقانەوە و گەمە و یاریکردن و هەڵکردن بە یەکەوە، چ ژیانێکمان بۆ خۆمان دروستکردبوو.  هەرگیز بێتاقەت نەدەبوین، هەرگیز هیلاك نەدەبوین لە یاری جوغزێن، کڵاوفڕکێنە، مەلەی گۆمەسڵێمانە لە دێوانە و یاریکردن لەناو ئاوەکەدا، هەلوکێن، هەڵماتێن، هەڵمەقۆ، زۆرانبازی سەر سەلوێنکەکان، حێولانێ و جۆلانێی بن دارمۆڵەکان،  گورزی بن مێخ ، کورسی کورسی، ئاشە بە تەنوورە، کێلەبەردینە، خلیسکێنە، تۆپی پێ، شقارتێن، كڵاو کڵاوێنە، ڕاکردنی نێو گوێنیی، شەوانی ئێشکگرتن، ڕاوە ژیژك، شەوارە، دزینی کاڵەك و زرك و فەریکە نۆك … کوشتنی زەردەواڵە و زەردەزیڕە و مار و دووپشك و قوم قمۆکە و قۆڕی و تەنانەت مارمێلکەش، بەشەڕدانی سەگەکان …ئەمانە هەموویان پیشەمان بوو سەرەڕای خوێندنی وانەی قوتابخانە . کاتێکیش کە جەژن دەهات لە هەموو ماڵێکەوە سینی خواردن دەبرا بۆ مزگەوت و هەمووان بە کۆمەڵ دەیانخوارد.

 کاتێك کە بارمان کرد بۆ شار ” سلێمانیی”، پاش ماوەیەك بۆم دەرکەوت کە چیم لە دەستچوو بە هاتنمان بۆ شار.   ئەو هەموو یاری و پێکەوەبوونە چۆن تەواو بوون؟ ئەو هەموو خۆشی و پێکەنین و تریقانەوە چۆن بەسەر چوون؟ ئەو هەموو تێکەڵییە و کاسەی دراوسێتییە چۆن بنەبڕ بوون؟  شاری چی؟ شار  چ جەهەنەمێك بوو کە هەر بە هەوەڵی تەمەنمەوە تێی کەوتبووم.

ئاوایی حەمەی کەرەم

خەیاڵی ئەمجارەی من هەواری لەسەر زێدی گوندێك هەڵداوە، مەلی خۆشخوانی ئەم خەیاڵە تەکی بە منی تەمەن هەڵکشاو هەڵچنیوە….پێمدەڵێت کە تۆ ئێستاش خەون بەو شوێنانەوە دەبینیت و مەلی یادەوەرییەکانیت لەوێ باڵی فڕینیان گرتووە …عەجەب بۆچی وا بێ دنگی؟ تۆ کە دەڵێیت من قەرزاری لەبیرکردنی زۆر کەسی باش و میهرەبان و دڵسۆزم! .. ئەی بۆچی نقەت لە خۆت بڕیوە … دەنگێك … صەدایەك ….یادەوەرییەك….؟!!

بەڵێ ئاوایی حەمەی کەرەم، ئەو گوندەی کە منی لێ هاتمە دونیاوە، گەر من نیشتمانم هەبێت، ئەوێ نیشتمانمە، ئەو شوێنەیە کە ئێستاش خەون و خەیاڵەکانی شەوانەم بەرەو ئەوێم دەبەنەوە، پەپولەی هیوای کۆنی سەردەمی منداڵیم بە حەسرەتەوە بەرە و ئەوێ باڵی خۆی دەگرێتەوە.  خەمەکان و خۆشی و شادییەکان خۆیان لە دیمانەی جوانی گوند و دەوروبەریی، لە بن درەختەکانا، لە بن تاوێرەکان و نێو کونی ئەشکەوتەکانا، کلۆریی داربەڕووە بە تەمەنەکانا، سەر تەپۆڵکەکانا، تا ئێستاش خۆیان مەڵاسداوە،  یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵیم بە بێ مۆڵەتی من، بە بێ ویست و ئارەزوی من، مل دەنێن و بەرەو زێدی ئازیزی من بە جێ شوێنی خۆیان،  شاد دەبنەوە.

زێدی شیرینی من، ئاوایی حەمەی کەرەم،  گوندێك کە لەو کاتەدا بۆ من جوانی خۆیی و جوانی دانیشتوانەکەی لە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایە جوانتر و خۆشتر و باشتر و جیاوازتر بوو .

ئاوایی حەمەی کەرەم کە ئێستا کراوە بە ئاوایی شێخ مستەفا،  ئەو کاتە بۆ ئێمە و بۆ زۆرێك لە خەڵکی ناوچەکەش ” قەرەداخ” هەر بە ئاوایی ناو دەبرا.  ئاوایی ئەو کاتە بە تەواوی  نازانم چەند ماڵ تێیدا دەژیان و ژمارەی دانیشتوانی ئەو کاتەی چەند بوو، بەڵام زۆر چاك لە بیرمە هەموو ئاوایی یەك خێزان بوو، خۆشی و ناخۆشی یەکێکیان هی هەمویان بوو. ئاوایی دوو گەڕەك بوو لە دامێنی قەدپاڵەکەوە و لەسەرەوە.  سروشتێکی ئێکجار جوانی هەبوو نەك هەر لە ڕوی سروشتی و نزیكبوونی لە ڕوباری ‘ دێوانەوە’ و هەڵکەوتنی شوێنەکەیەوە بەڵکو هەر لە ڕووی پێکهاتەی دانیشتوانیشییەوە.

گوندێك لە هەموو جۆرە مەخلوقێکی تێخزابوو، دەتوت هەڵتبژاردون و یەکە یەکەیانت کۆکردۆتەوە تاکو بتوانن هاوکاری یەکدی بکەن و پیداویستییەکانی یەکدی لابەلا بکەنەوە……تاکو ئاوایی بکەنە نموونەیی. لە برینپێچەوە، دارتاشەوە، لە تەونکەرەوە، لە مزگەرەوە، لە مامانەوە، لە دەنگخۆش و شاییگێڕەوە، لە شمشاڵژەن و هونەرمەندەوە ، لە پیاوی دانا و گەنجانی قۆشمەوە، لە ژنانی سەلار و دونیادیدە و دکتۆری شەعبییەوە، لە مەلای مزگەوت و شاعیر و کەڵەشاخگر و دەست و قاچگرەوە و  تەنانەت حیکایەتخوانیشی تێدا بوو.  دەی یاران خۆ من بە گاڵتە ناڵێم لە هەموو مەخلوقێکی تێدا بوو، بەڵام چ مەخلوقێك، مەخلوقێك پڕاو پڕ لە جوانیی، پڕ لە بەها، پڕ لە خۆشەویستیی، پر لە پاکیی و پڕ لە یاد و سەفا.  ئاخ خۆزگە ئەوەندە توانا و حەوسەڵە و سەلیقەم ببوایە تاکو شەجەرەیەکی هەموو دانیشتوانی ئەو کاتەی گوندم دروستبکردایە و نەوەکانی ئێستایان و داهاتوشیانم ، لەو شەجەرەیەدا ناونوس بکردایە .

لە گەڕەکی خوارەوە ، لە یەکەم ماڵەوە ، ماڵی مامە حاجی ئەحمەد بوو بە خۆی سێ کوڕ و بوك و چوار کچییەوە و ماڵی کاك کەریم-ی کوڕی و دادە ڕابیعا و منداڵەکانیان بەجیا لەوان دەژیان، کاك عەبدوڵای کوڕی شمشاڵژەنێکی زۆر بەتوانا بوو . ئەمان زیاتر ئاژەڵدارییان دەکرد و کەمتر بە کشتوکاڵەوە خەریك بوون، بە تەنیشتی ئەوانەوە ماڵی کاکە حەمەی خوامراد و دایە خانم و سێ کوڕەکەیان بوون، ئەولاتر ماڵی ئێمە، باوکم و دایکم و سێ کوڕ و دوو کچ بەڵام پاش ماوەیەك ئێمە هاتینە سەرەوە و ماڵی مام شاسوار و دادەبەهێ لەگەڵ چوار کوڕ و چوار کچەکەیاندا کە لە قامیشانەوە هاتبوون لە ماڵەکەی ئێمەدا نیشتەجێبوون، ئەولاتر ماڵی مامە کەریم و پورە حەبێ و کچەکانی و کوڕەکانی: کاکە عەلی و کاکە حسەین بوون لەگەڵ عەریف سەعیدا[ یادت بەخێر] . کاکە حسەین  و ژن و چوار کوڕ و چوار کچەکەیان لە تەنیشتی ماڵی مامە کەریمەوە بوون.   کاکە عەلی مامە کەریم، دەنگخۆشی گوند و ئەهلی زەوق و بەزم بوو، لە ڕیزی ئەوانەوە ماڵی مامۆلعەزیز و میمکە نایف بوو چوار کوڕەکەیان، کاك ئەحمەدی کوڕی زۆر دەنگی خۆش بوو زۆریش قۆشمە بوو، دواتر ئەمان باریان کردە سلێمانی و  وەستا حەبیب و محەمەدی کوڕی کە لە صۆڵەی قەرداخەوە [ صۆڵەی شێخ قادر] هاتنە ئاوایی، چوونە شوێنەکەی ئەوان .  وەستا حەبیب یادی بەخێر لەگەڵ محەمەدی کوڕیدا مزگەرییان دەکرد. ئەمەش ڕەحەمتێکی دیکە بوو کە ڕووی لە ئاوایی کردبوو. ماوەیەکی پێچوو ماڵی مام باوەشێخ و دادە حەلاوی ژنی لە بەڵخەی قەرەداخەوە باریان کرد لەگەڵ دوو کوڕ و دوو کچەکەیاندا هاتنە ئاوایی، ئەولاتر ماڵی کاك دەروێش حەمەئەمین و دادە خەجێ و سێ کوڕ و دوو کچەکەیان بوون.  کاك دەروێش حەمەئەمین  پیاوێکی جەسوری بە هیمەت و دڵسۆزی هەموو کەسێك بوو، پیاوێك بوو دەکرا پرس و ڕات لە زۆر شتدا پێبکردایە.  کچ و کوڕەکانیشی هەر ئاوا باش و دڵسۆز بوون و هەر ئاواش  مانەوە ، بەداخەوە کاك دەروێش حەمەئەمین بە قەسفی تەیارە هەر لە ئاوایی لە ساڵی 1963 دا، گیانی لەدەست دا.  لە تەنیشتی ئەوانەوە ماڵی مام عەزیزی ئەمینی خانم و دادە بەهێ و سێ کوڕ و سێ کچەکەیان بوون. لەو لای ئەوانەوە کاکە حەمەی مامۆلعەزیز و دادە خورشە بوو لەگەڵ منداڵەکانیانا، لەوان دەتراز ماڵی کاك صاڵەحی مامۆلعەزیز و دادە فەیمە بوو دواتر ئەمان چوونە شار و کاك صاڵەح بوو بە کرێکاری کارگەی چیمەنتۆکەی سەرچنار.  بەردەم ماڵی کاکە حەمەی مامۆلعەزیز ماڵی مام مارف و کوڕەکانی کاك حەمەئەمین و کاك کەریم بوو.  لەولاتر ماڵی کاك مەلا مەحمود و دادەخانم بوو لەگەڵ مستەفای کوڕیان.  کاك مەلا مەحمود مەلای دێ بوو کەمێکیش خوێنەواریی هەبوو. کەمێك لەولاتر ماڵی مامەسمایل و پورم بوون [ پوورە سەدری] . پورم یەکێك بوو لە  باشترین تەونکەری ناوچەکە هەرچی بەڕە و پۆپەشیمن و سوکە فەرش و بەرماڵ و شتی تر هەبوو ئەو بە سەلیقە و دەستە ڕەنگینەکانی دروستی دەکردن.  لە بەردەمی ماڵی ئەماندا ماڵی لالەحەمەی میمکە حوسنی و دادە ئافتاو بوو، سێ  کوڕ و کچێکیان هەبوو، لالە حەمە یادی بەخێر ئەوەندەی من لە بیرم بێت هەرگیز چای نەدەخواردەوە، بەڵکو قەنداخی دەخواردەوە، لەوان تێپەڕی دەکرد ماڵی مامە تاهیر و پورە بەهێم بوون لەگەڵ چوار کوڕەکەیانا بەداخەوە پورم کچی نەبوو. ئای کە چەند داخ بوو. مامە تاهیر پیاوێکی سادە و ساکار و ڕووخۆش، بێ خەم لە ماڵ و موڵکی دونیا، مێشێك میوانی نەبوو، بێ تەماح، بێ فێڵ،  ئەو  بەشێکی ئەرکی خزمان و گوندیشی خستبووە ئەستۆی خۆی بە هۆی ئەوەی کە پیاوێکی ڕۆحسوك و گورجوگۆڵ و هەتا بڵێی باکی بە دونیا نەبوو، هاوکاتیش دەنگێکی خۆشی پێوە بوو بە تایبەت لە وتنی قەتار و ئەڵاوەیسیدا.  کە لە ماڵی ئەوانەوە تێەڕ دەبوویت کانی لۆکەکە بوو دواتر مزگەتەکە و حەوزی پیاوان بوو  و کانی شاتووەکە بوو. کانی لۆکەکە و کانی شاتووەکە کانی ژنان بوون، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی گوندیش بوون.  کە سەردەکەوتی ماڵی مامە شێخەلی و ئامۆژنە ئایش، باوك و دایکی  حەسیب قەرەداخی و شێخ جلال و دادە ڕوناك و دادە بەدیعە بوو کە ماوەیەکی زۆر نەبوو لە صۆڵەی قەرداخەوە هاتبوونە ئاوایی.  مامە شێخەلی مەلای مزگەوت بوو ، تەنیشتی ئەوان ماڵی مام برایم و کوڕەکانی کە سێ کوڕ بوون. کوڕە گەنجەکەیان، کاك عوسمان، بە داخەوە هەر زۆر بە گەنجی بە کارەساتێکی زۆر جەرگبڕ بەجێی هێشتین،  مام برایم لە هەڵگرتنی خەلە و خەرمانا پیاوێکی دانا و بە سەلیقە بوو بۆیە بۆ زۆربەی هەڵگرتنی خەرمانەکان هەر ئەو بانگدەکرا بۆ پێوانەکردنی و هەڵگرتنی، باوکم وەکیلی بوو گەر ئەو بۆی نەکرایە.  تەنیشتی ئەوان ماڵی لالە حەمە و خاڵۆژنە حەبێ  بوو کە سێ کوڕ و سێ کچیان  هەبوو. دوو لە کوڕەکانی  کاك ئەحمەد و دادە حەپسە و کاك کەریم دادە صەوڵێ لەگەڵ خۆیانا دەژیان، کاك مەحمودی کوڕی و دادە مەلیحی ژنی تەنیشتی ماڵی باوکیان بوون.  لالە حەمە بە لالە حەمەڕەق ناسرابوو، پیاوێکی بە کەڵک و باش بوو لەگەڵ نەنکمدا، دایکی باوکم ، شیریان بە یەکەوە خوارد بوو، نەنکم هەر پێی دەوت کاکە حەمە، کە باسی دەکرد دەیوت کاکە حەمەم. نەنکم، پورە ئامین، ژنێكی زۆر ئازا و بە دەم وپل بوو خوشکی شێخ عەلی قەڵبەزە بوو، زۆر دڵسۆز و میهرەبان، خەمخۆری هەموان بوو، زۆربەی کات پرس و ڕای پێدەکرا و لە خۆشی و ناخۆشی گونددا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو، مامانێکی زۆر زیرەك و بە توانا بوو، دکتۆرێكی شەعبی زۆر شارەزا بوو بۆ هەموو نەخۆشییەك تەنانەت لەوزەتێن، هەوکردنی سییەکان و سەریەشەی بەردەوام ، کە ئێستاش چاری نییە، ئەو بۆ هەمووی دەرمانی هەبوو، دەرمانەکانیشی هەموو گژ و گیای کوردەواری بوون.  لەم لای ئەوانەوە ماڵی  کاك صالەح بوو کە بە صالە بێ خێر ناوی دەرکردبوو [ نازانم بۆچی؟] لەگەڵ دادە خورشەی ژنی ، دوای ئەوان کاك حەمە ئەمین  گاوان و دادە پیرۆزی ژنی سێ کوڕەکەیان و دادە حەلاوی کچیان کە بە داخەوە هەر زۆر بە گەنجی  بێ مێرد کەوت.  ئەمان لە گوندی نەوتییەوە باریان کردبوو بۆ ئاوایی، لە جەژنانا کە ماڵەو ماڵ دەگەڕاین دەمانوت : دادە پیرۆز جەژنت پیرۆز. مامەشێمحەمەد و ئامۆژنە جەیران لەگەڵ کوڕ و کچەکەیان،  لەولاتر ماڵی مام ڕۆستەم و دادە کافە بوو دوو کوڕ و کچێکیان هەبوو ، کاك ئەحمەدیان دەنگی خۆش بوو و شمشاڵژەنێکی زۆر باشیش بوو.  بەداخەوە ئەو و کاك مەحمودی برای بە نەخۆشی سەریان نایەوە و خوشکەکەشیان لە ئاودا خنکا، ئەمە بۆ هەموو خەڵکی گوند کارەسات بوو .  دوای بۆشاییەک ماڵی مامە خولە [مەحمودی  ئەحمەدی گوڵێ]  و دایە خاتون و کوڕ و کچەکەیان بوو ، جەزا و شوکری.  مامە خولە هونەرمەند و پیاوێکی قسە خۆش و عاقڵ بوو.  من دوو سێ سەرگوزەشتەی مامە خولەم هەر لە فەیسبووکدا پێشتر گێڕاوەتەوە باسم لە دانایی و عاقڵی و قسە خۆشی ئەو کردووە.  ئێمە کە منداڵ بوین دەچوینە لای مامە خولە ، ئیتر ئەو بە گوپی تەپڵی بۆ لێدەداین لە پاڵ قسەخۆشەکانیشیا بە بەلەپیتکەی زیخی دەهاویشت کە بە قەدەر قۆچەقانییەك گرمە و هوژەی دەهات و هەروەها بە بنباڵی هەلاجی دەکرد بە گیڤە و شەقەی  بنباڵی کە زۆر دەنگدار بوو ئێمەی دڵخۆش و خەنی دەکرد. دوای بۆشاییەکی کەم  ماڵی پورەمەلیح و ئامۆژنە صەبری و مامە مستەفام لەگەڵ کوڕەکان و کچەکانا بوو.  هەر لە ڕیزی ئەوانەوە ماڵی کاکە حەمەی ئەمینی شەمێ بوو.  لەولای ئەوانەوە ماڵی دایە خاوەر و مامەسمایل، لەوان دەترازا  ماڵی  کاک حبیبوڵا و دادە مرێم و منداڵەکانی بوون.  کاك حەبیبوڵا حیکایەتخوانێکی سەرسامکەر بوو، حیکایەتەکانی ئەوەندە خۆش و بە تام و لەزەت بوون ئێمەی منداڵگەلی ئاوایی شەوان لە دەوری کۆدەبوینەوە و هەرگیز حەزمان نەدەکرد کە تەواوی بکات.  یادت هەمیشە بەخێر.  هەر ئاوا لەڕیزی ئەوانەوە ماڵی مام سەمین و دادە ئامین دوو کوڕو چوار کچەکەی بوو دوای ئەوان ماڵی مامە جەمیل و ئامۆژنە عەتێ و کچ و کوڕەکانیان. مامە جەمیل موزەمید بوو بەڵام سەری لە زۆرێك لە گرفتە تەندروستییەکان دەردەچوو ، دانیشی هەڵدەکێشا. دواتر ماڵی  مامە کامیل و ئامۆژنە توبا و کچ و کوڕەکانیان. مامە کامیل گەر کوڕی ئەم سەردەمە بوایە پەیکەرتاشێکی گەورەی لێدەردەچوو، سەلیقەیەکی بێ وێنەی هەبوو لە دروستکردنی بێشکەی منداڵ و کلکە بێڵ و خاکەناز و تەختە و کورسی و زۆر کەرەسەی بە کەڵکی دیکە،  مامە کەمال و دادە پەروین و منداڵەکانیان ئەمانیش لەولای ئەوانەوە بوون.  ماڵی کاك جەمال و دادە ئاڵتون لە ماڵی مامە سمایل و پورمدا بوون، ماڵی مامە سمایل هاتبوونە گەڕەکی سەرەوە.

لەناو ئەم ماڵانەدا، لەناو ئەم کەسانەدا ، لەناو ئەم پیاوانەدا کەسێك هەبوو ، هەم برای گەورە و هەم دڵسۆز و هاوماڵ و پەرۆشی هەموان بوو.

ئەو کەسە بوو کە ئێمە هەموان منداڵانی ئەو سەردەمەی نەك هەر گوندی ئاوایی بەڵکو کۆمەڵێك لە گوندەکان، زیاتر لە دانیشتوان، قەرزاری ئەم پیاوە دڵسۆز و میهرەبان و  ڕۆشنبیرە بوین.  ئەویش مامە مستەفا، کە بە ڕاستی بۆ هەمومان مامە بوو، کە لەو سەردەمەدا ئێمە نە قەدریمان دەزانی و نە کەسایەتی و نە ڕۆشنببیریی ئەومان دەناسی.  مەخا بن … لە پاش چووە هیچ ناکرێت . خۆ ڕەنگە ئێمەش گوناحمان نەبووبێت، چونکە ژیان هه‌میشه‌ وابووه‌ و هه‌ر ئاواش ده‌مێنێته‌وه.  که‌ی منداڵ قه‌دری باوکی خۆی زانیوه‌، که‌ی‌ گه‌نجان قه‌دری کامڵان و نه‌وه‌ی نوێ قه‌دری پێشینانیان، گرتووه‌.  بۆچی بیگرن ؟ بۆچی بیزانن؟ که‌ له‌ کاتێکدا هه‌میشه‌ منداڵان  له‌گه‌ڵ باوك و دایکیانا، له‌ به‌یه‌کادان و ناکۆکیدا، بوون، نه‌وه‌ی نوێ  له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی پێشینه‌یاندا هه‌میشه‌ له‌ گێرمه‌وکێشه‌ و گرفتدا، بوون.  ئێ بۆ ‘نا’ ؟!! ده‌مێکه‌ وتراوه‌ هه‌ر که‌سه ‌و کوڕی سه‌رده‌می خۆیه‌تی، خۆ ئه‌مه‌ش  به‌ هه‌موو و نه‌ریت و پێوه‌رێك ڕاسته‌، چونکه‌ به‌ ده‌گمه‌ن ڕێکه‌وتوه‌، که‌ تاکه‌کان توانیبێتیان ته‌جاوازی سنوری دیاریکراوی سه‌پێنراوی کولتور و نه‌ریتی باوی سه‌رده‌می خۆیان بکه‌ن.  هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ وای کردووه‌ کە ئه‌وه‌ی  له‌لای باوکانمان ڕێزدار و پێوانه‌ بووه‌، لای ئێمه‌ کۆنه‌په‌رستی و نەفرەت لێکراو بووه‌، لای ئه‌وان پیرۆز ده‌ست لێنه‌دراو بووه، لای ئێمه خراپ و‌ قێزه‌وه‌ند بووه‌.  بێ گومان ئێستا ئێمه‌ی باوکانیش، به‌ هه‌مان ده‌ردی باوکانمانه‌وه‌ به‌ ده‌ست مناڵه‌کانمانه‌وه دەناڵێنین، ئێمه‌ کۆنه‌ په‌رست و مێشك داخراو و له‌ هیچ تێنه‌گه‌یشتوو، ئه‌وانیش فه‌یله‌سوفی ڕۆژگار و سه‌رقافڵه‌ی کاروانی مه‌نزڵی  پێشکه‌وتوو‌.

ئەم پیاوە مەزنەی کە ئێمە قەدریمان نەدەزانی بەڵام هەموومان قەرزارینی، شێخ مستەفای کوڕی شێخ عەلی قەڵبەزە بوو، لە ساڵی1914 دا لە گوندی شیوی قازی، لە قەرەداخ،  لە دایکبووە هەر لە منداڵیەوە زیرەکی و زیتەڵەیی و وریایی پێوە دیاربووە، تاقە کوڕی باوکی بووە، نە خوشك و نە برا هیچیانی نەبووە، بەڵام بەداخەوە کە لە تەمەنێکی زۆر لاوێتیدا ئەو بێ باوك، بووە.  ئەم تەنها تەمەنی 17 ساڵ بووە کاتێك کە چەک لەگەڵ باوکیدا لە مانگی نیسانی 1931 دا بۆ شەڕی ئاوباریك دژ بە داگیرکەرانی بریتانی، هەڵدەگرێت.

 باوکی، شێخ عەلی  قەڵبەزە، پیاوێکی بڕواپێکراو و متمانە پێکراوی شێخ مەحمود بووە، کە  لێهاتوویی و ئازایەتیی ئەو، لای شێخ  ناسراو بووە.   بە داخەوە ئەو لەو شەڕەدا گیانی بەخت دەکات  بەلام  کوڕەکەی، شێخ مستەفا، هەتا کۆتایی شەڕەکە دەمێنیتەوە و دواتر جەنازەکەی باوکی دەبەنەوە بۆ قادرکەرەم  و ئەو چەند ڕۆژێک لەوێ دەمێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی شیوی قازی کە ماڵیان لەوێ بووە.

  ڕوودانی کارەساتەکان، لە دەستدانی باوکان و دایکان، یاخود هەردوکیان، بە هەردوو بارەکەدا دەکرێت کاردانەوەی خۆیان هەبێت.  زۆر جار منداڵ یاخود مێردمنداڵ بە لەدەستدانی دایك یا باوك زۆر بە گران دەکەوێتەوە سەرپێی خۆی، ئاراستەی ژیانی بەرەو تاریکی و ژیانێکی ناڕەحەت دەڕوات، هەندێك جاریش پێچەوانەکەی ڕوودەدات، کارەساتەکە متمانە بە خودی منداڵەکە دەدات، ژیانێکی نوێی بۆ دروست دەکات، دەرفەت و هەلێکی وای بۆ دەڕەخسێنێت کە دەیکاتە مرۆڤێکی کارامە و خاوەن ئەزموون، ژیان فێری دەکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دەورو بەریدا بکات، کە چۆن خۆشەویستی بە هاوەڵماڵ و دەور و بەری بدات .

خۆشبەختانە ژیانی ئەم کەسە مەزنە، شێخ مستەفا، بە ئاڕاستەی دووهەمیانا ڕۆیی و هەموو خوو و ڕەوشتە چاکەکانی تێدا ڕواند و کردیە کەسێك کە لە ناو کەسە ناودارەکانی ناوچەکە و ناوچەکانی دیکەشدا دیار بێت.

خێڵی حەمەی کەرەم:                   

خێڵی حەمەی کەرەم لە سەرەتای ساڵانی چلەکاند ئەو شوێنەیان کردووە بە  وێستگەی  هاتووچۆی گەرمیان و کوێستانیان.  ئەو وێسگەیەی کۆن ئاوایی حەمەی کەرەمی ئێستایە، ئەو ‘ شێخ مستەفا’ ئەمەی کڕیوە و لە دائیری تاپۆ تەسوێ کراوە و بووەتە تاپۆ، ئیتر لە شیوی قازییەوە لەگەڵ ماڵی مام حەمەی ئەمینی شەمێ و کوڕەکانی حاجی قادر و کاك کەریم و کاك عەزیز  هاتۆتە ئاوایی حەمەی کەرەم و ئاوەدانی کردۆتەوە.  گوند وردە وردە قەرباڵخ بووە و ئەوەی کە لەوێ ژیاوە زیاتر وەکو برا و خوشک و کەسوکاری یەکدی ژیاون و مامەڵەی یەکدییان کردووە .

لە قسە و چەمکە جوانەکانی ئەم کابرایە چەمکی ‘ هاوماڵ ‘ ێتی بووە کە هەمیشە دەیوت هاوماڵەکانم، بە خزم و ناخزمەوە هێچیانی لەوی دیکەیان جیا نەدەکردەوە هەر لەبەر ئەوەش هەموو لایەك خۆشیان دەویست و وەکو چۆن ئەم بە تەنگ ئەوانەوە بووە، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە تەنگ ئەمەوە بوون.

لە پاڵ ئەمانەشدا پیاوێکی نانبدە و قسەزان و خۆش مەشرەف بووە، تفەنگچییەکی باش و سوارچاکێکی چاکیش بووە، مێشکێکی کراوەی هەبووە، پێشبینی زۆرێك لە بەسەرهاتەکانی بە بزوتنەوەی کوردیشەوە، پێشوەخت کردووە، کە 50 ساڵ دوای وتنی ئەوانەی کە ئەو دەیوت، هەر ئاوا دەرچووە. ئەمە جگە لەوەی کە هەتا بڵیی ئازا و جەسور بووە و هەرگیز زمانی زبر و زوڵم و زۆری لەکەس قەبوڵنەکردووە،  خۆشی ئەوانەی نەبووە. ئەو هەر نەك بەرگری لە خۆی کردووە بەڵکو بەرگری لە دەوروبەریش کردووە. با لێرەدا نموونەیەكتان بەیاد بهێنمەوە:

ساڵی 1956 ، بەڕێوەبەری ناحییەی قەرەداخ کابرایەکی زۆر خراپ و نالەبار بوو، خۆی تورك بووە و خزمی عومەر عەلی موتەسەڕیفی ئەو کاتەی سلێمانی بوو، لەبەر ئەمە ئەم مدیر ناحییە دەسەڵاتێکی تایبەتی هەبوو.  ئەم کابرایە  بەسەر گوندەکاندا دەگەڕا تاکو بزانێت لە هەر گوندێک چەند دۆنم زەوی دەکرێت بە تووتن بۆ مۆڵەت وەرگرتن، بەڵام لەگەڵ دانیشتوانی گوندەکانا مامەڵەی زۆر ناشیرین بوو، زەبر و زەنگێکی زۆری بەکاردەهێنا دەمپیس و لە زۆر کاتیشدا قسەشی بە کورد دەوت.  لەو سەفەرەیدا بەڕێوبەری ناحییە دێتە گوندی شیوی قازی و لەبەردەم مزگەوتەکەدا هەمان مامەڵەی ناشیرینی خەڵکەکە دەکات کە بۆ ئەم، شێخ مستەفا،  زەحمەت بووە کە ئەم سوکایەتی و بێ حورمەتییەی ئەم کابرایە قەبوڵ بکات.  ئیتر  لە ڕوویدا دەوەستێت و جڵەوی ئەسپەکەی لێوەردەگرێت و بە ڕەشووەکەی دەدات بە سەر و گوێلاکی مدیر ناحییەدا، ئەسپیش لە تاوا هەڵدەقونێتەوە و دەهری دەبێت لەم گێرمەو کێشەیەدا بەڕێوەبەری ناحیە خۆی ناگرێت بەسەر ئەسپەکەوە بەردەبێتەوە و دەکەوێتە ناو پیسایی ئاودەستەکانی مزگەوتەکەوە. کە پۆلیسەکانی بەڕیوەبەری ناحییە ئەمە دەبینن، ئەوانیش لە  ترسا ڕادەکەن.

بە هۆی ئەم کارەوە ئەمری گرتنی بۆ دەردەچێت بەڵام خۆی ڕادەستی حکومەت ناکات و دەداتە شاخ  و یاخی دەبێیت.  دواتر لە ڕێگای شێخ مارف  بەرزنجییەوە [ مەعروف بەرزنجی] کە خاڵۆزای  دەبێت و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ عومەر عەلی-دا دەەبێت فرمانی گرتنەکەی بۆ دەکرێت بە تەنها 40 ڕۆژ دەسبەسەرکردن دواتر بەرەڵادەکرێت.  عومەر عەلی موتەسەریف داوای دەکات کە بیبینێت، کە ئەمیش هیچ وەخت داوای تایبەتی بۆخۆی نەبووە و وەکو شەخس هیچ شتێکی لە دەسەڵاتداران نەویستوەوە و قەبوڵنەکردووە بۆیە کە دەچێتە لای داوای لیدەکات کە مزگەوتێكیان بۆ دروستبکات، عومەر عەلی  موتەسەڕیف-یش 60 دینار بۆ دروستکردنی مزگەوتەکە تەرخان دەکات.

کاتێك کە شێخ مەحمود دەستبەسەر کرا، حکومەت هەوڵی دامرکاندنەوەی خەڵکی دەدا و دەترسا لەوەی کە خەڵك لە ناوچەکاندا دوای یەکێکی دیکە بکەون.  پاشای ئەو کاتەی عێراق سەرەك هۆز و پیاوماقوڵانی کوردستانی بانگکردووە کە ئەمیش ، شێخ مستەفا، یەكێك بووە لەوانە. پاشا  بۆ هاوکارییان ویستویەتی بە قوماشی جل و بەرگ و شەکر و چا و پێداویستی شەخسی بۆ خۆیان بیانگرێتە حکومەت،  بەڵام ئەم ئەوانەی نەویستوە بە پاشای وتووە من قوتابخانەیەکم دەوێت بۆ ئاواییەکەم بۆ ئەوەی منداڵەکانمان نەخوێندەوار نەبن و دوای جەهل نەکەون. لە وەڵامدا پێیوتراوە  پارەمان بۆ دروستکردنی مەکتەب نییە.

دوای هەوڵێکی زۆر لە ساڵی 1952- 1953 فرمانی کردنەوەی  قوتابخانەکە درا لەبەر نەبوونی بینا مامە مستەفا دیوەخانەکەی خۆی بۆ ساڵی یەکەمی خوێندن کردووە بە پۆلی خوێندن و دواتر دوو ژووری دروسکتردوە و هەروەها ژوور و هەیوانێکیشی بۆ مامۆستا دروستکردووە.

یەکەم مامۆستا، مامۆستا شێخ عەبدولکەریم باراوی نێردارا بۆ ئاوایی بۆ وانەبێژیی، باوکی منیش ” شێخ باهیر”  بوو بە فەڕاشی قوتابخانەکە.

ئیتر ئاوایی بوو بە سێنتەری خوێندن.  مامە مستەفا داوای لە باوکانی منداڵانی دێهاتەکانی دەوروبەر کرد کە منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن و هەوڵێکی زۆری دا لەگەڵیانا تاکو ڕازییکردن.  بەم شێوەیە منداڵان لە دێهاتەکانی وەکو تازەدێ و کانی هەنار، دەلوجە، نەوتی شیوی قازی، قامیشان، دوکەرۆ، دووکان ، کوڵەجۆ ، چاڵگە، پۆل پۆل دەهاتنە ئاوایی بۆ خوێندن .

ئەو کاتە قەرەداخ کە 84 گوند بووە تەنها لە گوندی  سێوسێنان، جافەران ، صۆڵەی قەرەداخ و تەکییە و ئاوایی حەمەی کەرەم، قوتابخانە هەبووە.

سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کوردیی:

سەرەتای دەرکەوتنی بزوتنەوەی کوردی بوو، مام جەلال پێشئەوەی بگاتە قۆپی قەرەداخ، هەر لە ئەزمڕەوە جوابی بۆ مامە مستەفا نارد تاکو ئەمانیش لە قەرەدارخدا شۆڕش دەستپێبکەن.  بەڵام مامە مستەفا ئامادە نەبووە کە بەشداری بکات.  بۆ ئەمەش مام جەلا دووجار کاك شێخ کەمالی خەیات ، باوکی لیوا قارەمان و مەریوان ، کە خزمی خۆمانە ناردە لای تاکو ڕازی بکات.  بە هاتنی مام جەلال بۆ قۆپی قەرەداخ لە وەرزیارە، هەر زۆری پێنەچوو قەسفی تەیارە دەستی پێکرد و ئاوایی حەمەی کەرەم بەر ئەو قەسفە کەوت ، هەر ئاوا تەقەش لە قەرەداخ گەرمی کرد و کاتێك کەچوونە سەر مەخفەرەکەی قەرەداخ بۆ گرتنی ، خۆشبەختانە  بێ تەقە لەبەر ناسراوی خۆشەویستی مامە مستەفا لە ڕۆژی 21/09/1962 دا خۆیان ڕادەستی ئەمان کرد.  دوای ئەوە مام جەلال هاتە ئاوایی بۆ تەگبیرکردنی کاری چەکدارانە و هێڕش بۆ سەر پێگەکانی حکومەت بەڵام مامە مستەفا دەوامی نەدا بەوە و بڕیاری دا کە لە ئاوایی حەمەی کەرەم دانیشێت و دۆستایەتی حکومەتیش نەکات، بەڵکو وەکو هاوکار و یارمەتیدەرێکی پێشمەرگە لە گوندەکەدا بمێنێتەوە. ڕۆژگارەکان زۆر بە گورجی بەڕێدەکران ، بزوتنەوەی کوردی وردە وردە لە پەرە سەندنا بوو ، بۆیە حکومەتیش تاوی بۆ هاتبوو دەستیکرد بە قسەسفکردنی دێهاتەکان . ئاوایی حەمەی کەرەم بۆ نەگبەتی چەند جارێك بەر ئەو قەسفە کەوت .  لە یەکێك لە قەسفەکانا کە ساڵی 1963 بوو، ئەمجارەیان  بە داخەوە کە کاك دەروێش حەمۆمینی کردە قوربانی و هەندێك خانوشی ڕمان.

هەر لەو سەرو بەرەدا بوو پەلێك پێشمەرگە هاتنە ئاوایی گەنجێکیان ڕیشی هێڵابووە و ماوەیەك بوو نەیتاشیبوو. مامە مستەفا لێی پرسی:

  • کوڕم ئەوە بۆ ڕیشت نەتاشیوە.
  • مامە شێخ هەتا کوردستان ڕزگاری نەبێت نایتاشم.
  • کوڕم بیتاشە، ئەگەر نەیتاشیت بەخوا پێی لێدەنێیت.

مەبەستی ئەوە بوو کە کوردستان ڕزگاری نابێت و ئەویش ڕیشی ئەوەندە درێژ دەبێت دەکەوێتە بەر پێی .

    قوتابخانەکەی ئاواییش وەکو هی دێهاتەکانی دیکە هەتا دەستپێکردنی  بزوتنەوەی کوردیی و گەرمبوونی تەق وتۆق هەر مایەوە بەڵام دواتر بە فرمانی حکومەت داخران و مامۆستاکان و فەڕاشەکان هێنرانەوە بۆ ناو شار.

لێرەدا زەروورە کە من یەکێك لە دانایی وخۆنەویستییەکانی ئەم کابرایە بگێڕمەوە.  باوکم وئەو خاڵۆزا و پورزا بوون بەڵام زۆر نزیکبوون لە یەکەوە، برایەتی لە چاو پەیوەندی نێوانیانا هێشتا هەر زۆر کەم بوو، خۆشەویستی باوکم بۆ ئەو بێ سنور بوو، باوکم هەر پێی دەوت کاکە. ئەو بە باوکمی وت:

  • شێخ باهیر تۆ چی دەکەیت، نیازی چیتە؟
  • کاکە من چی دەکەم، من لێرە دەمێنمەوە و هەرگیز تۆ بەجێناهێلم ، چۆن دەتوانم لەم ڕۆژگارەدا بەجێت بهێلم.

زۆر باش لە بیرمە ئەویش بە بزەیەکەوە دوای چەند چرکەیەك تێڕامان وتی :

  • شێخ باهیر تۆ بڕۆ ، تۆ ئەگەر خاتری منت دەوێت و خۆشت دەوێم بڕۆ، ئێمە تازە ژیانمان تەواو، ئەمە ئاشوبێکە و بڕانەوەی نییە هیچ نەبێت با تۆ تیانەچیت و منداڵەکانیش نەفەوتێن و بەردەوام بن لە خوێندن.

 باوکم کە نەی دەتوانی لە قسەی دەرچێت سەری نەوی کرد بە نابەدڵی وتی:

 با بزانم کاکە گیان. ئەویش پێیوت:

–  زانینی ناوێت، دەبێت برۆیت، لێرە چی دەکەیت، هیچ نەبێت تۆ خۆت و ماڵ و منداڵت مەحفوز دەبن .

جگە لەو تایبەتمەندیانەی کە باسم کردن ، ئەم پیاوە هەتا بڵێی سادە و ساکار و ڕۆحسوك بوو، هیچ گرفتێکی نەبوو لەگەڵ کردنی هەموو ئیشەکانا تەنانەت چوونە لای گایەل و ئاژەڵ لە کاتی پێویستیدا لای ئاسایی بوو.  لە بیرمە ئەو کاتە لە ئاواییدا شوان نەبوو ئیتر بەسەرە بوو هەر ڕۆژە و ماڵێك سەرەی بوو.  ئەو ڕۆژە سەرەی ماڵی کاکەحەمەی خوامراد بوو و دەبوایە غەریب-ی کاکە حەمە ئاژەڵەکەی دەرکردایە. بەهار بوو هەتاو کەوتبوو بەڵام ئاژەڵ هەر لە ماڵدا بوو.  مامە مستەفا دەیزانی کە سەرەی ماڵی کاکە حەمەیە و غەریب دەچێتە لایان.  لە بانیجەکەوە بانگی کاکەحەمەی کرد و ئاگاداری کردەوە کە سەرەی ئەوانە.  کاکە حەمەش هاواری لە غەریب دەکرد تاکو لە خەو هەڵیسێنێت، غەریب-یش لەوەی نەدەکرد خەو بەری بدات، ئیتر مامە مستەفا هاواری لە کاکە حەمە کرد وتی وازی لێبێنە با بخەوێت من دەچمە لایان و کەی خەبەری بووەوە با بێت لە منیان وەرگرێت.

وەکو وتم ئەم کەسێکی دڵسۆز و مرۆڤدۆست بوو حەزی بە جیاوازی خەڵکی نەدەکرد نە لەسەر ئاستی  حیزبایەتیی، سیاسیی نە لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتیش، ئەوەش وای لێکردبوو کە هەرگیز ئەندامی هیچ حیزبێك نەبێت. ئەو دژی کەرتکاری خەڵکی و ئەزێتدانی ئەم و ئەو لە لایەن حیزبەکانی کوردستانەوە، بووە.  بەم هۆیەوە ئاوایی هەمیشە لانەی کەسانی لێقەوماو بوو، قەڵای ئاشتی و ئاشیخوازیی بوو،  هەموو لایەنەکان بە باڵی جەلالی و مەلایی تا دەگەیشتە حیزبی شیوعی لە کاتێکدا کە  لە لایەن لایەنی نەیاریانەوە زۆریان بۆ دەهات دەهاتنە ئاوایی، لای ئەم، تاکو بیانپارێزین.   هەمیشە ئاشتیخواز بوو و ئاشتەوایی کردووە، کاری بەسەر مەیلی حیزبیی هیچ کەسێکەوە نەبووە تەنها پاراستونی لە بەرانبەر هێڕشی نەیارەکانیانا.  هاوکاتیش بە هۆی دانایی خۆیەوە زۆر دووربین بووە هیچ وەختێك بە بزوتنەوەی کوردی گەشبین نەبووە.

ساڵی 1974 کە شەڕ دەستیپێکردەوە ڕویکردە کوڕەکانی و پێی وتن “ئەزانم ئێوەش نیازتانە کە بدەنەوە شاخ ، من دەست ناهێنمە ڕێتان، ئارەزوی خۆتانە، بەڵام تەنها دوو قسە دەکەم، یەکەم هەگیز پشتگیری لە حکومەت و دەسەلات مەکەن. دووەمیش هەتا کورد ئەمانە سەرکردەکانیان  بێت هەرگیز کورد بەهیچ نابێت.”  ئەو بە هەندێك لە سەرکردەکانی دەوت دێوی حەوتسەر ئەوەتا 50 ساڵ تێپەڕی کرد و کورد بە هیچ نەبوو ، هەر دەستی لێنەدرایە باشتر بوو.

هەر لەو ساڵەدا بوو شەڕ دەستی پێکردەوە، خەڵک لە شارەوە بەرەو لادێ دەکشا و پێشمەرگە جمەی دەهات و قەرەداخ-یش وەکو ناوچەیەك بۆ گەیشتن و پەڕینەوە بە ناوەچەکانی دیکە هێزێکی زۆری تێ ترنجابوو، بە خۆیان کاروبار و بێگاریانەوە بەسەر گوندییە هەژارەکانا تاکو هاوکارییان بکەن لە پەڕینەوە، بڵاوبووبوونەوە .  هاوکاتیش حکومەتەیش  بە هۆی سیخوڕەکانییەوە تا ڕادیەك زانیارییەکی زۆریان لەسەر جمووجوڵی پێشمەرگە و هێزەکانیان هەبوو  بۆیە هێڕشێکی گەورەی بە جاش و سوپاوە کردە سەر قەرداخ.  ئەو کاتە مەلاماتۆر کە پێشتر حیزبی شۆڕشگێڕی کوردستانیان پێکهێنابوو لە پاڵ حکومەتدا بوون،  شێخ محەمەدی شێخ عەبدولکەریم-ی کەڕەبچنە کە سەر بەو حیزبە بوو لێپرسراوی هێزەکانی جاشەکانی حکومەت بوو. ئەمان لەگەڵ سوپای هێڕشبەردا بوون.

بە گەیشتنیان بە ئاوایی حەمەی کەرەم کەوتنە پشکنینی ماڵان و تاقیبکردنی ئەوانەی کە لەوێ نین و ئەوانەشی کە لەوێن. هاوارکردن بەسەر خەڵکدا و ترس خستنە دڵی ژنان و گەنجان و بەتەمانانەوە ڕەفتاریان بوو، هەندێك کەسیان هێنایە گیر و گاز لەسەر هاوکاریکردنی پێشمەرگە و پەڕاندنەوەیان بۆ شارەزوور و ناوچەکانی دیکە.  لەوانەی کە بەگیریان هێنابوو شێخ محەمەدی برام بوو کە زۆر گەنج بوو، دەیانویست لەگەڵ خۆیانا بیبەن.  وەکو خۆیان دەیانوت لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکەن و پێشتریش یەك دوو زلەیەکیان لێدابوو .

لەو گێرمە و کێشەیەدا مامە مستەفا بە شێخ محەمەدی کەڕەبچنە، لێپرسراوی جاشەکان دەڵێت:

+ واز لەم خەڵکە بهێنن، ئەو مێرد منداڵە برازای منە و هەرچی خەڵکی ئەم گوندە کردویەتی من پێموتون بیکەن، من بگرن لە بری ئەوان.  کاك شێخ موحەمەد  ئێمە خزم و پورزای یەکدین ، با گرفتەکان گەورە نەبن.

  • کاک شێخ مستەفا خزمایەتی و کەسایەتی شتێکە و ئەمەش شتێکی ترە ناکرێت ئاوا لێیان بگەڕێین و یارمەتی عوسات بدەن.

+ کاك شێخ محمەد مادام تۆ ئەوەندە ئازایت و ئاوا دەڵێیت  وەرە چەکێك بدەن بە من و تۆش خۆت  لەم سوپا و هێزانە جیا بکەرەوە.   من و تۆ دەچینە ئەو سەرگردە و سەنگەر  بەرانبەر بە یەك دەگرین،  هەرکەسمان هەرکەسی کوشت خوێنی پێی حەڵاڵ بێت.

لەو کاتەدا ئەفسەری سوپاکە دێت، دەزانێت گرژییەك رویداوە و دەپرسێ ئەوە چییە؟ وەرگێر [ موتەرجیم ] بۆی دەکات بە عەرەبی.  زابتەکەش بە پێکەنیینەوە دەڵێت هەرچی بووە خاتری شێخ [ مەبەستی مامە مستەفا بووە ] . ئەوەی کە گیرابوو دەیانویست بیبەن لەگەڵ خۆیاندا، بەرەڵابوو. دواتر مامە مسەتەفا ڕوی کردە شێخ محەمەد و وتی:

+ چاوت تێوەیە عەرەبەکە لە ئێوە زۆر باشترە !

  • ئاخر ئەوان ……

+ ئاخر و ماخری پێناوێت، برۆ خواحافیزتان بێت ، بڕۆن سڵقاوی خۆتان بخۆن.

 

سەرگوزشتە و قسە و ئازایەتی ئەم پیاوە زۆر زۆرن کە لە ئەم بەیادکردنەوەیەدا جێگایان نابێتەوە.

کاتێك کە سوپای عێراق لەساڵی 1975 قەرەداخی داگیر کردەوە، مامە مستەفاش بەخۆی وماڵ مندالییەوە ئاوایی بەجێ ھێشت و چووە ناوچەی ھەورامان ولەتەوێڵە نیشتەجێ بوون تاجوڵانەوەکە کۆتایی ھات و ئاشبەتاڵ کرا ئەویش گەڕایەوە قەرەداخ و دووبارە لەھەڵگیرسانەوەی شەڕدا ماڵەکەی و ئاوایی حەمەی کەرەم  بوەوە بە جێگای حەوانەوەی نەیارانی حکومەت.

لەو کات و سەردەمەدا چەنجارێک ئاوایی قەسف کرا و دواتر گوندەکان روخێنران و ئەنفالکران ئەم پیاوەش بەئازایی خۆی لەگەڵ خێزانەکانیدا بەر ئەنفال نەکەوتوو بەشێوەی نھێنی لەسلێمانی ژیانی بەسەر برد تا کۆتایی ژیانی.

 ئەمڕۆ ، ڕۆژی  21 ی نیسانی 1990  لە بەرەبەیاندا ماڵئاوایی یەکجاریت لێکردین،  ئەوە ساڵانێکی دوور و درێژە کە بەجێت هێشتوین، بەڵام لای من وەکو دوێنێ وایە.

  ئەو درەختەی کەتۆ ناشتوتە لق و پۆپەکەی ئەوەندە گەورە و پان و پۆڕ بووەتەوە کە خێڵێك لە سێبەریدا دەحەوێتەوە … ئەو مەکتەبەی کە تۆ کردتەوە کە لای تۆ زۆر گرنگتر بوو لە هەموو سەروەت سامانێك کە ئێمە و منداڵانی دوای ئێمەش لەبری خوێندن لە حوجرە، لەوێ بخوێننین و پێبگەین، ئەوەندە بەردار بوو کە بەرەکەی هەموو بەشێکی خزمەتگوزاریی  کۆمەڵی کوردی گرتەوە، لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکانا وجودیان هەبووە و خزمەتیان کردووە و دەکەن لە مامۆستاوە، موزەمیدەوە، معاون توبییەوە، دکتۆرەوە، ئەندازیارەوە، نوسەر و شاعیرەوە ، دەرهێنەری شانۆ و ئەکتەری بەتواناوە، سەرپەرشتیاری پەروەردە و پێگەیاندنەوە  بەڕیوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە  تا گەیشتۆتە ئەندام پەڕلەمان و سیساسیی و جێگری سەرۆکی حکومەتی کوردی و زۆر شوێنی دیکە .

هەموو ئەمانە بە خۆشمەوە، گەر تۆ نەبویتایە ، گەر دڵسۆزی و بیرفراوانی تۆ نەبوایە، گەر میهرەبانی و سەغاوەتی تۆ نەبوایە، گەر سەلیقە و خۆبەخشی تۆ نەبوایە، بە دڵنیاییەوە نەوەی ئەو سەردەمەی من، لە ئاوایی و دەوروبەریا بە نەخوێدنەواریی دەماینەوە، بۆیە ئیمە هەموومان قەرزاری تۆین ئەی پیاوە هۆشیار و دڵسۆزەکەی سەردەمی خۆی کە بەدەیان فرسەخ لە پێش کەسانی هاوچەرخی خۆتەوە بووی .

یاد و یادەوەرییەکانت هەمیشە بەرز و بەڕێز دەنرخێنم… هەرگیز لەبیرم نەکردویت و لەبیریشت  ناکەم .

زاهیر باهیر

 *زۆر سوپاسی مامۆستا شێخ ڕەوفی شێخ ئیسماعیل ، برا و پورزام ، دەکەم کە هاوکارییەکی زۆری کردم لە بەیاد هێنانەوەی دانیشتوانی گوند و ڕیزبەندی ماڵەکاندا.

 

  

Leave a Reply