Categories
Kurdish

بریتانیا خراپترین ڕێژەی خواردنەوەی کحولی منداڵانی لە جیهاندا هەیە

بریتانیا خراپترین ڕێژەی خواردنەوەی کحولی منداڵانی لە جیهاندا هەیە

26/04/2024

توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریدەخات زیاتر لە نیوەی منداڵان لە بریتانیا تا تەمەنی 13 ساڵی کحولیان خواردووەتەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بەریتانیا لە جیهاندا خراپترین ڕێژەی بەکارهێنانی کحولی منداڵانی تێدایە و زیاتر لە نیوەی منداڵانی ئینگلتەرا و سکۆتلەندا و وێڵز تا تەمەنی 13 ساڵی کحولیان خواردووەتەوە.

 توێژینەوەکە یەکێکە لە گەورەترین توێژینەوەکانی لە جۆری خۆی لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO، سەیری داتاکانی ساڵی 2021-22ی کردووە لەسەر 280 هەزار منداڵی تەمەن 11 و 13 و 15 ساڵ لە 44 وڵات و هەرێمەوە کە پرسیاریان لێکراوە سەبارەت بە بەکارهێنانی کحول و جگەرە و ڤایپ.

 لە شیکارییەکەدا دەرکەوتووە کە بەریتانیا کێشەیەکی بەرچاوی لەگەڵ بەکارهێنانی کحولی خوار تەمەنی یاسایی هەبووە.  زیاتر لە یەک لەسەر سێی کوڕان (35%) و کچان (34%) تا تەمەنی 11 ساڵی کحولیان خواردووەتەوە، و تا 13، 57%ی کچان و 50%ی کوڕان لە ئینگلتەرا مەیان خواردووەتەوە.

زیاتر لە نیوەی کچان (55%) و کوڕان (56%) لە ئینگلتەرا لە خێزانە داهات بەرزەکان دەڵێن لە تەمەنیاندا مەییان خواردووەتەوە، بە بەراورد لەگەڵ 50% کچان و 39%ی کوڕانی پاشخانی داهاتی کەم.

هەروەها لە شیکارییەکەدا دەرکەوتووە کە کچانی تەمەن 13 و 15 ساڵان لە بەریتانیا زیاتر لە کوڕانی هەمان تەمەن دەخۆنەوە و جگەرە دەکێشن و ڤایپ بەکاردەهێنن.  لەسەدا چل کچانی ئینگلتەرا و سکۆتلەندا پێش تەمەنی 15 ساڵان ڤایپیان بەکارهێناوە  و بە ڕێژەیەکی زیاتر لە وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا ئەو کارەیان کردووە.

بەپێی توێژینەوەکە، نزیکەی 30%ی کچانی تەمەن 15 ساڵ و 17%ی کوڕانی هەمان تەمەن لە 30 ڕۆژی ڕابردوودا لە ئینگلتەرا ڤایپیان بەکارهێناوە و بە ڕێژەیەکی زیاتر لە وڵاتانی دیکە لەوانە ئێرلەندا، کەنەدا، دانیمارک، نەرویج و پورتوگال.  توێژینەوەکە داتای زیاتر لە 4 هەزار منداڵی لە ئینگلتەرا و نزیکەی 4 هەزار منداڵ لە سکۆتلەندا و وێڵز لەخۆگرتبوو.

ئەوەی کە دوای بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەیی لە بریتانیا بکەوێت ئەم ڕاپۆرتە و ئامارەکان سەرسامی ناکات .  وڵاتێک کە لە ڕیزی پێنجەم یا شەشەمی وڵاتانی دەوڵەمەندی دونیادایە و پشکی سەرەکی هەڵگیرسانی جەنگ و خەرجییەکانی بەردەکەوێت ،  بەڵام 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاری ڕەهاییدا دەژین ، زیاتر لە 6 ملیۆن کرێکار و کارگەر بە مووچەیەکی کەم ژیان دەبەنەسەر ، گرانییەك خەڵکی تێیدا دەژی کە لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی پێشووەوە تا ئێستا نەبینراوە ، لیستی چاوڕوانی بینینی دکتۆرە شارەزاکان و نەشتەرگەرییەکان 7.6 ملیۆن کەسە، ژمارەی ئەوانەی کە بێ خانوو و بەرەن و بڕێکیان لە سەر شەقامەکان و دووتوێی تونێلەکاندا ژیان دەباتە سەر مانگانە لە هەڵکشاندایە … زۆری تر لەمانە.

 ئەمانە هەمووی دیاری پێشکەوتنی سەرمایەدارییە ،  کەچی هاوکات لەم وڵاتەدا  95 ساڵە تاکە ڕؤژێك مانگرتنی گشتی کرێکاران سەبارەت بە بارودۆخی خەڵکەکەی  جەنگەکان نەکراوە گەر چی وامان پێوتراوە کە هەتا   سەرمایەداری چەقبەستووبێت بزوتنەوەی کرێکاران بەهێزتر دەبێت . جێگای داخە کە تەواو پێچەوانەی ئەمە دەبینین لە واقیعدا.

ئەمە پرسیارەکە و کێشەیەکە کە دەبێت هەموومان  سەرنجی بدەین و هۆکارەکەی دەستنیشان بکەین ، ئەو کاتەش بە گوێرەی ئەوە خۆمان ڕێكبخەینەوە و خەبات دژ بەم سیستەمە دڕندەیە بکەین .

Leave a Reply