بۆ مه‌رگی ناواده‌ی که‌ژاڵی خێر له دونیا نه‌دیو
07/12/2015
هه‌ر وه‌کو هه‌مو به‌یانیانی پێش‌و سه‌رگه‌رمی خۆوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی گاردیان بووم ، له‌پڕ تێکستێك هاته سه‌ر مۆبایه‌له‌که‌م. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که شه‌وی پێشوو له‌گه‌ڵ نێره‌ری تێکسته‌که‌دا قسه‌م کردبوو داوای ئه‌درێسه‌که‌یم کردبوو که بۆم بنێرێت هه‌ر ئه‌وه‌نده ته‌ماشام کرد که ” زاهیر گیان” م بینی و چاوم له‌سه‌ری لابرد وتم دیاره ئه‌درێسه‌که‌ی بۆ نا‌ردوم و زه‌روور نییه که هه‌موی بخوێنمه‌وه .
نیوه کاژێرێک دوای ئه‌وه تێکستێكم له که‌سێکی دیکه‌وه پێگه‌یست که خوێندمه‌وه باس له مه‌رگی که‌ژاڵ ده‌کات، ئیدی تاس بردمیه‌وه و به‌ده‌م ئازار و په‌ژاره‌وه به خۆمم ده‌وت :
ئای که‌ژاڵ چ مه‌رگێكی ناواده‌یه!! تۆ که‌ی واده‌ی مه‌رگت بوو، تۆ که‌ی وه‌ختی سه‌فه‌ر و کۆچی دوایت بوو، تۆ تازه جێگای باوکت بۆ منداڵه‌کان گرتبووه‌وه ، تۆ تازه خه‌ریکبوی ورده ورده که‌لێنی دووری مناڵه‌کان و مردنی باوکیان که‌م بکه‌یته‌وه ، تۆ تازه که‌وتبویته سه‌ر حاڵی خۆت و به هێز و وره و بڕوای خۆت، یارمه‌تی هه‌موان ئاگردانی سارده‌وه‌بوی چه‌ند ساڵه‌ی ماڵت گه‌رم ده‌کرده‌وه ، تۆ تازه له سه‌ره‌تای هه‌نگاونانی ئه‌وه‌دا بوی خه‌م و په‌ژاره‌ی بێ باوکێتی منداڵه‌کانت بڕه‌وێنیته‌وه ، تۆ تازه ورده ورده ماڵی بێ پیاوی ، بێ مێردی، بێ باوکی منداڵانت دروستده‌کرده‌وه ….تۆ تازه ورده ورده ………………
ئای که‌ژاڵ، که‌سه‌ری مردنی تۆ بۆ من گه‌ر له مردنی “له‌تیف” زیاتر نه‌بێت به دڵنیاییه‌وه که‌متر نییه . تۆ خه‌مخۆری سه‌ره‌کی منداڵ و خه‌سو و برا و برازا‌و هه‌موان بویت ، تۆ ڕایه‌ڵه و پردی نه‌پساوه‌ی به‌ته‌نگه‌وه هاتوی نێوانی هه‌موو خێزان و که‌س و کارت بویت .
وای که‌ژاڵ، ئه‌م ژیانه چه‌ندێك بێ مروه‌ته ، ئه‌م سروشته چه‌ند بێ به‌زه‌یی و ئه‌زێت ده‌ره ، ئه‌م خودایه‌ی تۆ چه‌ند بێ نمه‌ك و بێ ئیعتیباره ، ئای چه‌ندێك غه‌داره .
من ئێسته‌ش تێنه‌گه‌یشتم “تۆیه‌ك” که له هه‌موو ته‌مه‌نتا ڕه‌نگه مانگه‌کانی کامه‌رانی و شادیی ژیانت به په‌نجه‌کانی ده‌ست بژمێررێت ، “تۆیه‌ك” که له ته‌مه‌نی 6 ساڵییه‌و ئه‌و خودایه‌ی که تۆ تا دوا ساته‌کانی ژیانت ، نوێژت بۆ ده‌کرد ، ژیانت بۆ ته‌رخانده‌کرد ، نزات بۆ ده‌کرد، شه‌کوات بۆ ده‌برد ، باوکتی له ته‌مه‌نی 45 ساڵیدا، که کورد وته‌نی هه‌ڕه‌تی پیاوه‌تی بوو ، ئه‌ویشی بێ گیان کرد ، ئێوه‌شی بێ باوك کرد ، که‌چی تۆ ته‌نها نوێژێکت بۆ نه ده‌فه‌وتان ، ڕۆژێکی ڕه‌مه‌زانت لێ نه‌ده‌قرتان ، بۆ ته‌نها چرکه‌یه‌ك غایله و گومانت لێنه‌ده‌کرد ، شه‌ڕی دونیاشت له‌سه‌ر ده‌کرد ، که‌چی ئه‌و “کافره” کاری خۆی کرد و ڕه‌حمی نه به تۆ کرد و نه به منداڵان.
وای که‌ژه گیان، ئێستاش تێنه‌گه‌یشتم بۆچی ئه‌م دینه ، ئه‌م خودایه‌ی تۆ ته‌نها ئه‌و به‌ڕانه‌ی که ته‌نکن ده‌یدڕێنێ ، ته‌نها ئه‌و خێزانانه‌ی که نزا و خێری بۆ ده‌که‌ن و شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌که‌ن ده‌پروێنێ، بۆچی زۆربه‌ی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی که وه‌کو تۆ مه‌زڵومن ، ده‌مرێنی؟ … که‌چی هێشتا ئه‌م دینه‌ی تۆ ئه‌م خودایه‌ی تۆ زۆر سه‌رنجڕاکێشه بۆیان.
که‌ژاڵ، من ڕام وایه خوداکه‌ی تۆ، ئه‌ویش ڕۆڵێ گه‌وره به ڕاسته‌وخۆ، ناڕاسته‌وخۆ له کێشه و ململانێی چینایه‌تییدا، ده‌بینێ ، ئه‌ویش وه‌کو هێزێکی ده‌رونی و غه‌یبی، هێزێکی کاریگه‌رانه له‌گه‌ڵ هێزه تاریکه‌کانی دیکه‌دا، دژمان، ده‌جه‌نگێ. باشه گه‌ر وانییه بۆچی ڕۆژانه ده‌بینین به سه‌ده‌ها هه‌زارانمان له شه‌ڕی دینی و تایفی و نه‌ته‌وه‌یی و جه‌نگه یه‌کبه‌دوایه‌که‌کاندا و هێڕشه‌کانی سروشتدا، ده‌کوژرێن؟ ، بۆچی به سه‌ده‌ها هه‌زاری دیکه‌مان سه‌رگه‌ردان و وێڵی شاران ووڵاتانی دیکه ده‌کرێن؟ بۆچی به سه‌ده‌ها هه‌زاری ترمان که‌مئه‌ندام و برسی و ڕوت و ڕه‌جاڵ ده‌بین؟ بۆچی هه‌میشه ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌سته‌و یه‌خه‌ی ئه‌و له‌شکره جه‌نجاڵه‌ی ئێمه ده‌بنه‌وه؟
وای که‌ژاڵ، تۆش نا‌توانیت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌مه‌م بۆ بێنیته‌وه. خوداکه‌ی تۆ ده‌رگای ئه‌مسه‌ری ئاوه‌ڵاکردووه، به‌ڵام ده‌ه‌رگای ئه‌و سه‌ری کڵۆم کردووه. من تێنه‌گه‌یشتم سه‌رباری ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی که له ژیاندا چێشتبوت، خوداکه‌ی تۆ کۆڵێکی دیکه‌ی له ده‌ردو و نه‌خۆشی پێڕه‌وابینیبویت، که‌چی تۆ له‌بری به‌رگریی و ڕقبونه‌وه له غه‌در و نادادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و زوڵم‌و و زۆر، کچی باش گه‌ر له‌وانه‌ش گه‌ڕێی ، هه‌ر هیچ نه‌بێت گله‌یی و بناشتێك…..، که‌چی تۆ هه‌ر نوێژت بۆ ده‌کرد ، له‌بری بڕینه‌ه‌ی ده‌ستی زاڵمێك تۆ ده‌ستیت ماچده‌کرد ، نزات بۆ ده‌کرد ، هه‌موو که‌ست به‌خۆت له‌به‌ر “ئه‌و” نامه‌حره‌م ده‌کرد.
که‌ژاڵ ده‌زانی چی؟ من پێچه‌وانه‌ی تۆ ڕه‌فتارم کرد، ده‌زانی من پێش ئه‌وه‌ی که ته‌مه‌نی 13 ساڵی ته‌واو بکه‌م ، خودا و دینه‌که‌ی تۆم ده‌ست لێبەردا. ئه‌م جه‌ده‌له‌ی که له سه‌ره‌وه له‌ته‌ك تۆدا کردم ، که له‌و ته‌مه‌نه‌دا بووم من له‌گه‌ڵ خۆمدا کردم . هه‌ی داخ تۆ وه‌کو من نه‌بویت، بۆیه تۆ وه‌کو هه‌مووان ئه‌مسه‌ریت گرت، سه‌ری ته‌سلیمبوون، بوو ، منیش وه‌کو که‌مه‌کێکی یه‌کجار که‌م ئه‌و سه‌ریم گرت ، که سه‌ری یاخیبوون، بوو ، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌موت ئاخ خۆزگه تفه‌نگێکم پێبوایه ، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ر شوێنێکه‌وه ئه‌و “خودایه” ده‌رکه‌وتایه، من ته‌قه‌م لێبکردایه. ئه‌و یاخبونه بووه سه‌ره‌تای بناخه‌ی یاخیبوونی منداڵێکی لاوازی چڵمنی ڕیوه‌ڵه‌ی ناشیرینی وه‌کو من ، بووه بناخه‌یه‌ك که بناخه‌یه‌کی مه‌حکه‌می بۆ هه‌موو یاخیبونه‌کانی دیکه له زوڵم ،ده‌سه‌ڵات ،کولتوری کۆنه‌په‌رتسی ، داب نه‌رێتی نه‌گریسی شێخایه‌تی و خێڵایه‌تی هه‌ستونه‌ستی نه‌ته‌وه‌چێتی، ڕایسستی ، قه‌بوڵکردنی سوکایه‌تی و زۆری تر ، منی له هه‌موو یاخی کرد .
که‌ژه گیان ، ئه‌مه‌ی له‌م بڕگه‌یه‌دا نوسیم هه‌رگیز ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که من له تۆ باشتربووم ، ئازاتربووم ، پاکیزه‌تر بووم ، نا، نا، تۆ مرۆڤێکی به هیمه‌ت و دڵگه‌وره و دایکێکی مه‌زن بویت، به‌داخه‌وه .. سه‌دجار به‌داخه‌وه هه‌ر زۆر به زوویی له ده‌ستمان چویت.
زاهیر باهیر
07/12/15