Categories
Uncategorized

توندوو تیژیی توندوو تیژی دەهێنێت

توندوو تیژیی توندوو تیژی دەهێنێت

09/10/2023

ئەوەی لە ئسرائیل و غەزە ڕوودەدات ڕەگوڕیشەی مێژویی سەد ساڵەی خۆی هەیە. گەر بەدەر لەو ڕەگو ڕیشە لەسەر ڕوداوەکان بدوێین یا هەڵوێستەیان لەسەر بکەین ، ڕەنگە حوکمدانێکی هەڵە بدەین. هەر ئاواش گەر ئەوەی کە ڕووی دا بێ بیرکردنەوە لە عاقیبەکەی حوکم بدەین دووبارە دەکەوینە هەڵەیەکی گەورەوە و کە سەرەنجامەکەی لەسەر دەوروبەر بە باش نەگەڕێتەوە.

مەسەلەکە لێرەدا کێ لەسەر هەقە و هەق لەلای کێیە نییە. هەموان دەزانین کە فەلەستینییەکان غەدرێکی گەورەیان لێکراوەو لێ دەکرێت. گەر هەر بە تەنها قسە لەسەر غەزە بکەین دەبینین نزیکەی دوو ملیۆن و نیو کەس خزێنراونەتە چەند کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکەوە، بە تەواوی لە لایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کراون، خواردن ، دەرمان و چارەسەر، وزە، ئاو …هەر هەموی لە دەستی ئیسرائیلدایە و دانیشتوانی غەزەی بە دیل گرتووە. دانیشتوانی غەزە لە دوولاوە بەدیل گیراون ، لە لایەکەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە و لە لایەکی دیکەوە لە لایەن حەماسەوە.

ئەوەی کە ڕووی دا پرسی فەلەستینییەکان دەگەڕێنێتەوە دواوە، ژمارەی کوژراوان و داڕووخانی خانوو و خزمەتگوزارییەکان سەر دەخات، هەر ئاواش ژمارەی ئەوانەی کە سۆزیان لەگەڵ فەلەستینییەکاندا هەبوو کەم دەکات، ناڕەزاییەکان و مانگرتنەکان دژ بە حکومەتی ئیسرائیلی خامۆش دەکات، بواری سازشکردن و وتووێژی نێوانیان کز دەکات.

ئەوەی کە فشار دەخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیلی بۆ لاکردنەوەی لە کێشەی فەلەستینییەکان و چارەسەرکردنی، ناڕەزایی بەردەوامی خەڵکی ئیسرائیلییە و مانگرتنی گشتییە، نەك ئەو عەمەلییەی کە کرا یاخود بەکارهێنانی توندووتیژی لەلایەن فەلەستینییەکانەوە.

لەگەڵ ئەوانەشی کە لەسەرەوە وتم ئەم عەمەلییەی کە کرا عەمەلییەکی ئێکجار گەورە و باوەڕپێنەکراوبوو بۆ هەر هەموو لایەك، لانی کەم لەبەر ئەم دوو هۆکارەی خوارەوە:

یەك: ئەوەی کە ڕووی دا عەمەلییەکی زۆر گەورە بوو کە یازدەی شێبتەمبەر لە چایا هیچ نەبوو.

گەورەیی عەمەلییەکە ئەوەمان پێدەڵێت کە ماوەیەکی ئێکجار زۆرە کە ڕەنگە بچێتە ساڵێك ئامادەکاری بۆ کراوە، کەچی لەگەڵ ئەوشدا سی ئای ئەی، موسادی ئیسرائیلی و ئێم ئای سکس-ی بریتانی و میتی تورکی هیچیان بە ئاگا نەبوون لەمە.

دوو: ئەوەی سەلماند کە لە کاتێکدا دەزگەی ئاسایش و تازەترین تەکنەلۆجیای جیهان بە هەموو جۆرەکانییەوە بەزێنرا و هیچ کاراییەکیان نەبوو. ئەمەش یانی هەرچٶن و هەرچەند تەکنەلۆجیا نوێ بکرێتەوە و پێشکەوێت ، کەسانێك یا لایەنێك دەبێت کە بیبەزێنیت و لە کار بخرێن ، ئیتر گرنگ نییە کە تەکنەلۆجییەکانی کە لەئیسرائیل بەکارهێنراون پێشوەخت لەکار خروان یا توانراوە هەر لەو کاتەدا بێ ئاگا بن . ئا لەم بارەشدا پاش ئەهۆن بوونەوەی بارودۆخەکە دەبێت سەرۆکی موساد و بەرپرسە گەرەکانی تەکنەلۆجیا و هەندێك لە جێنڕاڵەکانی سوپا باجەکەی بدەن بەدەستکێشانەوە لە کارەکانیان و ڕەنگە هەندێکیانیش دادگایی بکرێن.

Leave a Reply