Categories
Kurdish

تيگەیشتنی من سەبارەت بە شۆڕش :

تيگەیشتنی من سەبارەت بە شۆڕش :

01/09/2017

پرۆسەی شۆڕش لای من پرۆسەیەکی دووروو درێژ و بەداخەوە هێواشیشە، پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی گشتگیرییە و هەموو لایەن کۆمەلایەتییەکانی وەکو سیاسەت، کولتور، پەروەردە و ڕۆشنبیری ، ژینگە و ئیکۆلۆجی و  زانیاریی و وێژە و هۆنەر و هونەر، دەگرێتەوە.

ئەم کارە کاری حیزب و هیچ جۆرە گروپێکی حیزبئاسا نییە، شۆڕش بە گواستنەوەی هۆشمەندیی  و هۆشیاریی و هەبوونیی  ڕابەر و سەرکردەی کارا، ڕوونادات .  هاوکاتیش ئەوە نکوڵی ناکرێت کە کەسانی هۆشیار و خاوەنئەزموون لەناو هەموو توێژاڵەکانی کۆمەڵدا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن لە بەشدارییکردنی کارا و گواستنەوەی ئەزموونی تایبەتی  و گشتی .

بە گوێرەی ئەوەی سەرەوە شۆڕش کارێك، هەیەجانێك، هەرایەك  نییە کە لەسەرەوە ئەنجامبدرێت ، سەرەوە ببێتە سەچاوە و مەرجەع و  ڕابەر بۆ گەیشتنی یاخود گواستنەوەیی و بەجێگەیاندنی  پلان و بەرنامەکانی شۆڕش بۆ ڕیزەکانی خوارەوە ، بە هەموو جۆرەکانییەوە.  بەڵکو بە پێچەوانەوە شۆڕش لە خوارەوە ، لە بنی کۆمەڵەوە دەستپێدەکات بە خۆڕێکخستنی زۆربەی زۆری خەڵکانی سەرکار لە هەر شوێنکدا و خەڵکانی دەرەوەی کار ، هەموو کەسێك بە گوێرەی توانای خۆی بەشداریی دەکات وێڕای جیاوازیی لەش و لار و تەمەن و جێندەیان، لە ڕێگای ئەو ئامرازانەی کە خۆیان بە باشی دەزانن لە خۆڕێكخستنی خۆیان بۆ پلان و بڕیارەکانیان  .

شۆڕش چالاکییەك نییە کە بە ئاشكرا ببینرێت هەتا دەگاتە  ئەو کاتانەی بە ئاشكرا  چالاکییەکان لە مەیدانە جیاوازەکانیانا لە هەر شوێنێك و بوارێکدا، دەبینرێت و هەژموونی خۆی دادەنێت.   شۆڕش   هەر ئەوە نییە کە بە تەنها کە حەشاماتەکە [Masses ] دەبینن کە لە بارودۆخێکی تەحەمولنەکراودان ، ئیتر وادەی شۆڕشە،  بەڵکو لەبەر ئەوەشە کە گرژی و کرژی نێوانی واقیع و مەحال ،  هەروەها نێوانی ئەوەی هەیە و ئەوەشی کە دەتوانرێت بکرێت.  کەواتە هەر بە تەنها ژیانناخۆشی شۆڕش بەرهەم ناهێنێت .  چونکە هەر خراپی  بارودۆخ  بە تەنها ژیانی خراپتر و بێ ئومێدی و داڕزان و پەردەوازەیی و هەوڵدانی زیاتر لە پێناوی زیندەگیکردنا ، بەرهەم دەهێنێت.

مەبەستم لەوەی سەرەوە ئەوەیە کە بڵێم مشوور خواردن ، بیرکردنەوە ، قسەکردن ، گلەیی کردن ، گەڵاڵە بوونی جۆرێك لە بیریی ڕزگاربوون لای کەسەکان، دەکرێت دروست بێت،  کە ئەمەش پاڵیان پێوەدەنێ کە لەگەڵ کەسانی دیکەدا بیروڕا سادە و ساکارەکانیان بگۆڕنەوە. واتە ئەمە دەبێتە هەنگاوی یەکەم بۆ خۆڕێکخستنیان .

شۆڕش ئەو پرۆسە کۆمەڵایەتییە کە ناتوانیت پلانێکی بۆ بکەیت ، ناتوانیت پێشبینی کاتی بێزاریی و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و خرۆشانی  زۆرینەیەکی کۆمەڵی بۆ بکەیت ، بەڵام دەتوانین هەر لە ئێستاوە هەنگا و بە هەنگاو خۆمانی بۆ ئامادە بکەین و کارئاسایی بکەین هاوکاریی و کۆمەك بە ناڕەزییان بکەین لە هەر لاو هەر بوارێکدان.  دیارە لێرەدا تواناو ئاستی هۆشیاریی و بواریی ژیان و ڕێگە پێدان لە لایەن ژیانەوە ، توانای تاکەکانی یا ئاستی چالاکییەکانیان بۆ ئەو کارە، سنووردار دەکات .  بۆیە لە هەنگاوی یەکەمدا تەنها کۆمەڵێك کەسانی کەم بە گوێرەی ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵ یا کۆمۆنێتییەکە چالاک دەبن و ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن.  هەڵبەتە  لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە ڕۆڵ لە دەرەوەی کارگە و شوێنەکانی دیکەی سەر کار ببینن و خۆیان بە جیا لە باقی دیکە بگرن و چاوەڕوانی قۆستینەوەی بارودۆخی گەییو، بن .  بەڵکو ڕۆڵی ئەمان بەشدارییکردن و هاوکاریی و کۆمەكکردنە بە هاوەڵ و هاوکار و کەسانی دیکەی نێو کۆمەڵ و کۆمۆنێتییەکە .

گەرچی شۆڕش پرۆسەیەکی هێواش و درێژخایەنە بەڵام  لە هەر شوێنێکدا داکۆکی لە مافەکانی خۆمان بکەین و بەگژ سیستەمدا بچینەوە کارێکی یاخیانەیە و بەرگرییکردنە لە خۆو ماف و لەدەستنەدانی ئەوەی کە بەدەستهاتووە یا بەدەستهێنانی داخوازی تازە [ گەرچی ماوەیەکی یەکجار درێژە بە تایبەت لە دەستپێکردنی قەیرانەکەمانەوە کە لە 2007 و 2008 دەستی پێکرد، ئێمە دۆڕاو و سەرمایەاریی براوە بووە] .  بە تەنها یاخیبوون کافی نییە ، ناڕەزایی و مانگرتنی ئەم کەرت و ئەو کەرتی کرێکاران و توێژاڵەکانی دیکە گەر هەر لە ئاستی بەرگرییدا بمێنێتەوە،  گەر لە داخوازیی ئابوورییانەدا بمێنێتەوە [ دیارە مەبەستم داواکردنی دەسەڵات نییە] بە سیساسی نەکرێن (Politicalise ) نەکرێت،  هەر لە بەرەی بەرگرییدا دەمێنێتەوە و ناچێتە خانە، یا خود بەرەی هێڕشەوە.   ڕەنگە مل بە ئیدارە ، لێپرسراوان بدات کە قاییل بە داخوازییەکان بێت ، بەڵام ناچێتە خانەی هەنگاونانی شؤڕشگێڕانەوە کە بەرەو هەنگاوەکانی ئایندەمان بەرێت، چونکە کێشەکە بە ئاسان وەرگیراوە ، پەیوەست نەکراوەتەوە بە خودی سیستەمەکەوە ، نە بەستراوەتەوە بە ڕەگوڕیشەی کێشەکەوە ، کە ئەمانەش نەکران ، کەرتی مانگرتوو دوای لابەلاکردنەوەی داخوازییەکەی ، دەچێتە ماڵەوە و لەوێدا چالاکییەکەی تەواو دەبێت ، بۆیە لێرەدا ڕێکخستن و خۆڕێکخستن لەو چەشنەی کە خۆیان بە باشی دەزانن ، هەنگاوی یەکەم و هەنگاوی شۆڕشگێڕانەیە و هەنگاوەکانی دیکەی بە دوادا دێت، کە داگیرکردنی شوێنی سەرکار و  بە هەرەوەزیکردنیانە ، خۆ بەستنەوەیە بە لایەنەکانی دیکەوە و هەنگاونانی هاریکاریی و هاوکارییە .

لە لای من هەنگاوەکان یا پرۆسەکە  ئاوا دەستپێدەکات.   بەهاری عەرەبی بە هەموو ئەو کەم و کوڕی و نەهامەتیانەی کە هێنای ، داگیرکردنەکەی ووەڵ ستریتی ئەمەریکا ئەمەی لەندەنی ساڵی  2011  ئەوەی نزیك بە بۆرصەی بریتانی ، گەرچی تێشکان،  کە ئەم سیانە گەورەترین ڕووداون لەم 6 ساڵەدا، هەموو ئەو ئەزموون و وانەیەیان دایە دەستمان ، کە کارکردن بۆ داخوازیەكان  بێ خۆڕێکخستنی سەرومڕ و بەردەوام بە گرنتەبەری چالاکی دیکە ، ڕاستە وەکو ئەستێرەیەکی پرشندگدار ، دەمێننەوە ، بەڵام تەنها ئەستێرەیەك بوون و ئاوا بوون و هیچی تر .

  ئەو هەموو گەنجە چییان لێهات ، کوا ڕێکخستنەکانیان ، ڕاستە هەندێكیان ئاڵاون بە تاکە پرسەوە [Single issue ] و کار لەسەر ئەوانە دەکەن بێ ئەوەی کە خۆیان پەەیوەستبکەنەوە بە تەواوی کەسانی چالاکەوە لە بواری پرسەکانی دیکەدا.

کەواتە دوای ئەم درێژدادڕییەم دەڵێم شۆڕش هەڵگێڕانەوەی تەواوی کۆمەڵە لە بنەوە ، لەو مەیدانانەی کە لە سەرەوە ناونوسم کردن  ، مەبەستم جێگرتنەوەیەتی بە سیستەمی، کۆمەڵی سۆشیالیستی کە تیایدا نەك هەر چینەکان لەبەین دەچن بەڵکو تەواوی هیراشییەت/ پلەبەندی کۆمەڵ/ قوچکەییش لەبەین دەچێت.

Leave a Reply