زۆر درێژەی خایاند تاکو ئیسرائیل و فەلەستینییەکان …
25/02/2024
بەرای من شەڕەکەی ئیسرائیل و حەماس زۆری تر ناخایەنێت ، بە کۆتاییشی زۆر شت دەگۆڕێت . لەوانە زۆر زەحمەتە ئیسرائیلییەکان جارێکی تر خەڵکی وەکو نێتەنیاهوی تووند و تیژ کە ئامادە نییە هیچ سازشێك لەگەڵ فەلەستینییەکاندا بکات، هەڵبژێرن بۆ حکومەت. هەر ئاواش فەلەستینییەکانی غەزەش بۆیان دەرکەوت مانەوەی حەماس لەوە خراپتریان بەسەر دێنێت کە ئێستا بەسەریان هاتووە .
هەفتەی پێشوو بە قسەی ئەحمەد خەتیب کە نوسەر و ڕۆژنامەنوسێکی فەلەستینییە خۆپیشاندانی گەورە لە غەزە دژ بە حەماس بووە.
شەمە شەوەکەی، واتە پێرێ ، خۆپیشاندانێکی زۆر گەورە لە تەلئەبییب بوو، پۆلیس بە زەحمەت توانییان کە بڵاوە بە خەڵکەکە بکەن و سەرەنجامیش 31 خۆپیشاندەر دەستبەسەر کرا.
بەشێکی ئەم خۆپیشاندەرانە خێزانی دیلەکان بوون کە ڕۆژانە فشار بۆ نێتەنیاهو دەهێنن تاکو ئازایزانی دیلیان بۆ بگەڕێنێتەوە بە کردنی وتووێژ و سازش لەگەڵ حەماسدا. بەشەکەی دیکەیان خەڵکانی چەپ و سۆشیالیستەکان و خەڵکانی دیکەی دژ بە شەڕ بوون کە داوای وەستانی شەڕەکەیان دەکرد.
بە گوێرەی ئەو دیاردانەی کە ئێستا وردە وردە دەردەکەوێت شەڕەکە سەری نێتەنیاهو و لە ئیسرائیل و حەماس لە غەزە دەخوات. هەرگیز حەماس ئەو پێگە و هەیبەتە بەدەست ناهێنێتەوە کە پێش 7ی ئۆکتۆبەری پارەکە هەیبوو .