سه‌رنجێك له به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی ئیسلامی سیاسیی و ئیسلامی توندڕه‌و:
زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
31 /03/2015
ده‌سته‌واژه‌ی ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی توندڕه‌و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه که له نێو نوسه‌رانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردا خۆی سه‌پاندووه و بووه‌ته ده‌سته‌واژه‌یه‌کی باو. ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له سه‌ره‌تادا له لایه‌ن چه‌په‌کان و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه به‌کارهێنرا و دواتریش بوه‌ته سه‌ر و یردی زمانی هه‌رکه‌سێك که له‌سه‌ر ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتخواز و تووندڕه‌و ده‌نوسێت.
به بۆچوونی من ده‌سته‌واژه‌ی ئیسلامی سیاسیی و تووندڕه‌و له ڕوی زمانه‌وانی و ماناوانیشه‌وه ، ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ڕاست و گونجاو نییه. موسڵمانان ده‌شێت کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و دنیاییه‌کانیان وه‌کو کێشه و ڕووداوێکی سیاسی ببینن، به‌ڵام مه‌رجیش نیییه که ده‌سه‌ڵاتخواز و تووندڕه‌و بن ، به‌واتایه‌کی دیکه ئه‌وان ده‌توانن به‌رخوردی کێشه‌کانیان وه‌کو کێشه‌یه‌کی سیاسی بکه‌ن بێ ئه‌وه‌ی خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش بن و ده‌وڵه‌تی بۆ بکه‌نه ئامانج. ئه‌وان ده‌توانن سیاسی بن به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی حیزبه سیاسسیه‌کانیش بن، واته کێشه‌کان بکه‌نه کێشه‌یه‌کی سیاسی، نه‌ك خۆیان .
هه‌بوونی کار و کاردانه‌وه‌ی تووندڕه‌وانه له سه‌رجه‌می بواره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌بینرێت و هه‌ر وه‌کو چۆن سیاسییه‌کی حیزبی ئه‌و سروشه‌ی تیادایه که توندوتیژ بێت هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ش ده‌کرێت هه‌موو باوك یا دایکێکی سه‌ره‌کخێزان ، سه‌ره‌کخێڵ، سه‌ره‌کگوند، سه‌ره‌كشارێکیش . … تا ده‌گاته هه‌موو سه‌ره‌کان و سه‌رۆکه‌کانی دیکه‌ش وه‌کو ” ئیسلامی سیاسیی یا موسڵمانه سیاسییه‌کان”، تووندڕه‌وبن.
به‌ڕای من ڕاستترین ده‌سته‌واژه له‌بری به‌کارهێنانی ئیسلامی تووندڕه‌و و ئیسلامی سیاسی به‌کارهێنای ده‌سته‌واژه‌ی ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتخواز، موسڵمانانی ده‌سه‌ڵاتخواز، ڕاست و گونجاوه . هۆکاری تووندڕه‌وێتی له‌و بوارانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا و سیاسییبوونی ناو حیزبایه‌تی، مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه ، خوازیاری ده‌سه‌ڵاته ، ده‌نا بۆ سه‌ره‌كخێزانێك ده‌یه‌وێت تووند ڕه‌وبێت له ئاستی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌یدا؟!!!!، به هه‌مان شێوه مامۆستایه‌کی قوتابخانه له ئاستی قوتابییه‌کانیدا ، مه‌لایه‌کی حوجره و قوتابخانه‌ی دینی له ئاستی فه‌قێ و خوێندکاره‌کانیا ، به‌ڕیوه‌به‌ری ئۆفیسێك ، کۆمپانیایه‌ك، کارگه‌یه‌ك له به‌رامبه‌ر کارمه‌ندو کرێکاره‌کانیا ….به‌م شێوه‌یه تا ده‌گاته دوا پله که سه‌رۆکی حکومه‌ت و وڵاته . ئه‌مانه هه‌موویان ده‌یانه‌وێت کۆنترۆڵی ئه‌وانه‌ی که له‌ژێڕ ڕکێفیاندان، بکه‌ن ، واته ده‌سه‌ڵاتی خۆیانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، کاتێكیش ده‌زانن که بۆیان کۆنترۆڵ ناکرێن و ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریاندا ناشکێت په‌نا بۆ تووندوتیژی و داپڵۆسیسن ده‌به‌ن . که‌واته ده‌توانین بڵێین که مه‌یلی ده‌سه‌ڵاتخوازییه تووندوتیژی ئه‌نجامده‌هێنێت . دیاره لێره‌دا دووجار ئامرازه‌کانی تووندوتیژی و داپڵۆسین به‌کاردێت: له سه‌ره‌تادا بۆ کۆنترۆڵ و به‌ده‌ستگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاته ئیدی هه‌ر جۆره ده‌سه‌ڵاتێك بێت ، له کۆتاییشدا واته که ده‌سه‌ڵات وه‌رگیر ا ، دیسا‌نه‌وه تووند‌و تیژی به‌کارده‌هێنرێته‌وه بۆ پاراستن و مانه‌وه‌ی هه‌یبه‌ت و کارایی ده‌سه‌ڵات.
به‌ڕای من به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه له لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانه‌وه به هۆشیارییه‌وه به‌کارده‌هێنرێت که لێره‌شدا غه‌درێك یا زوڵمێکی گه‌وه‌ره له ئیسلامی سیاسی یا موسڵمانانی سیاسی ده‌که‌ن وه‌کو ئه‌وه‌ی که ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه ته‌نها هه‌ر به‌سه‌ر ئه‌واندا بسه‌پێت ، نه‌ك خۆیان و لایه‌نه‌کانی دیکه . ئه‌وه‌ی ئاشکرایه له به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌دا و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ، ده‌رکردنی خۆیان له نێو هێزو ده‌سته داپڵۆسێنه‌ر و تووندڕه‌وه‌کانی دیکه‌دایه و ئارایشکردنی ڕوی خۆیانه به ده‌مامکی ئازادیخواز و مافخواز و مافناس.
ئه‌گه‌ر ئه‌م لایه‌نانه ده‌سته‌واژه‌ی ئیسلامی یا موسڵمانانی ده‌سه‌ڵاتخواز ، به‌کار بهێنن ئه‌وه بێ هیچ گومانێك خۆیان پێش لایه‌نه‌کانی دیکه ده‌گرێته‌وه ، چونکه ئه‌وانن که باس له ده‌سه‌ڵاتی دیمۆکراسی ، نیشتمانی، مه‌ده‌نی، پڕۆلیتاری ، کارگه‌ری،گه‌لی، کۆمۆنیستی، ده‌که‌ن هه‌ر وه‌کو چۆن ئیسلامه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کانیش خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تن ، چونکه ئاشکرایه خاڵی ناوکۆیی هه‌ردوولایان، باوه‌ڕی پته‌ویانه به ئایدۆلۆجییه‌ت و مه‌یلیانه بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازی و سه‌رکوتکردن ، که هیچ لایه‌کیان له‌وی دیکه‌یان ئه‌و مه‌سه‌له‌یه که‌متر وه‌رناگرن ..
لێره‌دا ڕه‌نگه چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان بێنه قسه و پرسیار و بڵێن که‌ی چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان ئه‌وه‌ی که ئیسلامییه‌کان ده‌یکه‌ن ئه‌مان ده‌یکه‌ن؟ ئه‌مه ڕاستییه‌کی تیادایه هه‌ڵبه‌ته من یه‌که‌م مه‌سه‌له‌ی توندووتیژم وه‌کو مه‌سه‌له‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی( پرنسپڵ) لێره‌دا وه‌رگرتووه و دووهه‌میش ئه‌مان که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن وه‌کو ئه‌وان ناکه‌ن به‌تایبه‌ت که سه‌رده‌می جه‌نگی چه‌کداریمان به‌جهێشتووه ، به‌ڵام به گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات چه‌پیان له ئیسلامییه‌کان که‌متر نابێت. بۆ به‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ش مێژوی چه‌رخی ڕابوردوو شاهیده. هه‌رچیش سه‌باره‌ت به بوونیانه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ، گه‌ر یه‌کێك سه‌ر به حیزب و ئایدولۆجییه‌تی خۆیان نه‌بێت گه‌رچی ماوه‌یه‌کی زۆریش له‌گه‌ڵیاندا بووبێت و دواتر ڕێڕه‌وێکی دیکه‌ی گرتبێته‌به‌ر، درێغییان له وتنی قسه‌ی سارد و سوك و ته‌شهیرکردن به خۆیان و خێزانیان و تڕۆکردنی یه‌کدی و قسه‌دابڕین و که‌وتنه‌وه‌ی دووژمنایه‌تی شه‌خسی و تا ده‌گاته تیرۆرکردنی یه‌کدیش ، نه‌کردووه . هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه به‌کارهێنانی تودووتیژییه و ده‌که‌وێته قاڵبی تیرۆرکردنی کاراکته‌ر و که‌سایه‌تییه‌وه . ئه‌زموونی سیاسی و حیزبایه‌تی گه‌لێکمان زۆری له‌م تاوان و توڕه‌هاتانه، لا تۆمار بووه ، هه‌روه‌ها مێژوش نموونه‌ی زۆری له لایه که له مه‌یدانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که به‌ده‌ستیانه‌وه بووه یا له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌یان بووه، به گوێره‌ی هێزو توانای خۆیان که‌میان به نه‌یاره‌کانیان نه‌کردووه ، هه‌ر له کوردستاندا له ناو باڵه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردی به‌شی عیراق و ئێران هه‌روه‌ها نێوانی به‌شی قیاده‌ی مه‌رکه‌ز ی لیژنه‌ی مه‌رکه‌زی و دواتر شه‌ڕی لایه‌نه سه‌ره‌کییه کوردییه‌کان له نێوانی خۆیاندا و له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کان و له‌گه‌ڵ په‌که‌که . مێژوی ناوخودی حیزبی به‌عسیش هه‌ر له عێراقدا له‌م توندووتیژییه بێبه‌ش نییه، ئه‌مه بێ له‌وه‌ی که شه‌ڕی نێوان بزوتنه‌وه‌ی کوردی له‌ته‌ك حکومه‌ته یه‌كبه‌دواکانی عیراقدا که هه‌میشه شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات بووه، گه‌رچی زۆربه‌ی وه‌خت ئه‌و شه‌ڕه به وه‌کاله‌ت کراوه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو بینیومانه یا بیستومانه که چ تووندوتیژییه‌کی به تایبه‌ت له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ، تیادا به‌کارهێراوه.