سەرسام مەبە کە لە لانکەی دیمۆکراتیی، لە نێو کۆمەڵی مەدەنی ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە!!
زاهیر باهیر
04/10/2021
دوی ئەوەی کە Sarah Everard لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بە دەستی پۆلیسێك کە پلەیەکی تایبەتی هەبوو ئەویش بە مۆڵەت پێدانی بە چەكهەڵگرتن و متمانەپێکردنی تا ڕادەی پاراستنی کەسانی دیبلۆماسیی، وتار و ڕاپۆرتێکی ئێکجار زۆر لەسەر ئازادیی کچان و ژنان و سەلامەتییان لە نێو ماڵان و لە دەروەدا، نوسراوە. هاوکاتیش گەلێك چەڵتە چەڵتیشی لە دیوەخانی بەڵتەچییەکانی بریتانیادا لەسەر کراوە . زۆرێکیش پێشنیار و پێشنیاز بۆ چاککردنی ئەو بارودۆخە، کراوە.
ئێستاش لە گەرمەی دادگاییکردنی ئەو پۆلیسەدا، Wayne Couzens ، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هێشتا لە دوای کوژرانی ‘ سارا’ وە لە 28 هەفتەدا 81 ژن کوژراون، کە دەکاتە نزیکەی 3 ژن لە هەفتەیەکدا، کە 16 لەمانە لەلایە ئەو پۆلیسانەوە بوون کە لە خزمەتدا/ پیشەکەیاندا بەردەوامبوون.
لە نێوانی ساڵی 2009 وە بۆ 2018 بە ژمارە 1425 کچ و ژن کوژراون کە تەمەمیان لە نێوانی 14 و 100 ساڵدا بووە. لەم ژمارەیە، 1425 ، 278 ژنیان تەمەنیان لەسەرو 60 ساڵەوە بووە، لە 127 کەیسی ئەم قوربانیانە خراپترین شێوەی توندوتیژی لە کوشتنیانا، بەکارهێنراوە. لە بەکارهێنانی توێژینەوەیەکەدا دەرکەوتوە کە 9 ژن لە 13 ژن لە قوربانییەکان کە تەمەنیان لەسەرو 80 ساڵەوە وە بوون، قوربانی لاقەکردن و دەستدرێژی جنسی بوون. لەگەڵ ئەمەشدا لە ساڵی 2018/2019 دا تەنها لە سەدا 6 ی ئەم پیاوە تاوانبارانە سزایاندراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە سای ئازادیی دەستکەوتنی زانیارییەکان، دەستکەوتووە، لە سەدا 62ی ئەو ژنانەی کە کوژراون لەسەر دەستی مێرد و بۆیفرێند یاخود کۆنە مێرد و بۆیفرێددا بووە، سێیەکی ئەم قوربانیانەش یا ماڵیان بەجێهێشتووە و ڕۆیشتون، یاخود لە پرۆسەی ماڵ بەجێهێڵاندا بوون. لە سەدا 92 ئەوانەی کو کوژراون ، لە لایەن ناسیاویانەوە کوژراون، یەك لە دوازدەی ئەو ژنانەشی کە کوژراون لە لایەن کوڕەکانیانەوە کوژراون.
بەداخەوە کە ئەوە حاڵی ژنانە لەم وڵاتەدا، دیارە ئەوانەشیان کە دەژین ڕوبەڕوی گەلێك کێشەی هەڵاواردنی و کۆمێنتی سیكستیانە و مامەڵەی زۆر ناشیرینی خێزان بە مێرد و باوك و دایك کەس کارەوە بوونەتەوە یا دەبنەوە. هەروەها کرێ و موچەی کەم کە تا ئێستاش ژنان لە سەدا 15 کەمتر لە پیاو وەردەگرن لە کەرتە تایبەتییەکانی کارکردندا. ئەمە جگە لەوەی کە ڕووبەڕووی دوکەوتنی پیاو دەبنەوە و گێچەڵی زۆریان پێدەکرێت، کە زۆر جار ئەم کەیسانە دەگاتە پۆلیس و داگاش.
ئەمە نیشانی دەدات ئاشکرایە کە هەرگیز ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵی سەرمایەداری و لیبراڵدا بەدەستنایەت، تا ئەو کاتەی کە پرسی چینایەتی و کۆمەڵی پلەداریی [ هیرراشی] بمێنێت ئەم کێشانە بەردەوام دەبن، کە ئەمانەش خەسڵەت یا تایبەمەندی خودی سیستەمەکە خۆیەتی.
ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم: جێگای داخە کە ڕۆشنبیری کورد و جالییەی کوردی لە بریتانیا بە مەبەست یاخود بێ مەبەست ئەم ڕووە قێزەوند و نامرۆیانەی نێو ئەم کۆمەڵە و ئەم دەوڵەتە باس ناکەن ، بۆیە تا ئێستاش لەناو ڕەوەندی کوردی لێرە و لە کوردستانیش وڵاتی بریتانیا و ئەمەریکا بە پێشڕەوی دیمۆکراتی و ئازادیی ، مرۆڤدۆستی، دەزانن.