لە یادی سەد ساڵەی ڕاپەڕیوانی کرۆنشتادا
ئەمڕۆ، 02/03/2021 سەد ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی کرێکاران و دەریاوانان و جوتیارانی کرۆنشتادا، کە دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی بەلشەفیەکان کرا، تێدەپەڕێت.
لینین و ترۆتسکی بۆ سەرکوتکردنی ئەم ڕاپەڕینە سوپای سووریان ئامادەکرد. تێکڕای خەڵکی کرۆنشتاد کە زیاتر لە دە ساڵ قەڵایەکی گەوەرەی شۆڕشگێڕی بوون، هەمیشە باوەڕیان وابوو ئەو شۆڕشەی کە ڕوودەدات سەرەنجامەکەی دەبێت کرێکاران و خودی کۆمۆنێتییەکەیان کۆنترۆڵی بکەن نەك دیکتاتۆریەتی پارتایەتی.
کاتێکیش کە دەسەڵاتی بەلشەفی لە پاشەکشەکردنا بوو لە شۆڕشەکەی 1917 و کەوتە کۆنترۆڵکردنی کرێکاران لە بەرانبەر ئازادییەکانیان و ئەو دەسکەوتانەی کە بەدەستهاتبوون ناڕەزایی و مانگرتنی گەورە گەورە لە کارگە و کارخانە و شوێنەکانی دیکەی سەر کار دەستیپێکرد بە تایبەتی لە پیترۆگراد و کرۆنشتاد.
لەم بارودۆخەدا کرێکاران و دەریاوانان و جوتیارانی کرۆنشتاد کۆمەڵێك داخوازی مەبدەئیانە و عەمەلیانە کە هیوا و ئومێدی بۆ خەڵکی دەهێنا، خستە بەردەم سەرکردەکانی حیزبی بەلشەفی ئەو کاتەی شوورەویی. سەرکردەکانیش لەبری ڕاوێژکردن لە گەڵیانا و جێبەجێکردنی داخوازییەکانیان ، وەڵامیان دروستکردنی قەسابخانەیەکی خوێناوی بوو کە 10000 شۆڕشگێڕی تیادا لە لایەن سوپای سوورەوە، قەسابیکرا.
لەگەڵ ئەوەشدا نەتوانرا دەنگ و سەدای شۆڕشگێڕانەی کرۆنشتادەکان کپبکەنەوە و لە جێی خۆیدا بیتاسێنن، بە پێچەوانەوە، ڕاپەڕینی ئەوان ئیلهامی بۆ شۆڕشگێڕانی دوونیا هێنا و بووە سومبلی گرتنەبەری ” ڕیگای سێهەم” وەکو جێگرەوەیەكی کاپیتاڵیزم و ستایەڵی کۆمۆنیزمی شوورەوی .
داخوازییەکانی ڕاپەڕیوانی کرۆنشتاد
ئەمەی خوارەوە بەشێکن لە داخوازییەکانی کرێکاران و دەریاوانان و جوتیارانی کرۆنشتاد. ئایا ویژدانێك هەیە ، مەگەر ویژدانێکی داڕزاوبێت ، بلێ خاوەنی ئەم داخوازیانە بەکرێگیراوانی بێگانەن و تێکدەرارنی شۆڕش و لەباربەرانی دەستکەوتەکانی شۆڕشن ؟!!!
- لە بەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەی کە شوورەیی ئێستا ئازەزوو خواستەکانی کرێکاران وجوتیاران ناناسێت و پشتگوێیان دەخات ، داوای هەڵبژارادنێکی بە پەلە لە ڕێگای دەنگدانی نهێنییەوە، دەکەین. داکۆکیکارانی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەبێت ئازادیی تەواویان هەبێت لە هاندانی کرێکاران وجوتیاراندا.
- بەدیهێنانی ئازادیی قسەکردن و ڕاگەیاندن و چاپەمەنی بۆ کرێکاران جوتیاران . هەروەها بۆ ئەنارکیستەکان و پارتییە چەپ و سۆشیالیستەکان. .
- زامنکردنی ئازادیی کۆبوونەوەی نقابەکانی کرێکاران و ڕێکخراوەکانی جوتیاران .
- بانگەشە بۆ گرتنی کۆنفرانسی ناحیزبیانە بۆ کرێکاران و سەربازانی سوپای سوور و دەریاوانانی پیترۆگراد و کرۆنشتاد و دەڤەری پیترۆگراد کە نابێت درەنگتر بێت لە 10/03/1921
- بەرەڵاکردنی هەموو گیراوە سیاسییەکان لە پارتە سۆشیالیستەکان و هەروەها هەموو کرێکاران و جوتیاران و سەربازان و دەریاوانی بەندکراو کە پەیوەندییان بە بزوتنەوەکانی کرێکاران و جوتیارانەوە هەیە.
- هەڵبژاردنی کۆمۆسۆێنێك بۆ پیاداچوونەوەی کەیسەکانی ئەوانەی کە بەندکراون یاخود لە کەمپە زۆرەملێکان، تووندکراون.
- هەڵوەشاندنەوەی هەموو نوسینگە [ بیرۆ سیاسییەکان] سساسییەکان لەبەر ئەوەی کە نابێت هیچ پارتییەك بەرتەلە [ ئیمتیاز] ی تایبەتی هەبێت لە لە پاگەندەکردنی ئایدیاکانیان و وەرگرتنی کۆمەكی دارایی لە حکومەت بۆ ئەو مەبەستە. لەبری ئەمە دەبێت کۆمیسۆنەکانی ڕۆشنبیریی و پەروەردە و کولتوریی دابنرێت. ئەمانەش دەبێت لۆکاڵیانە هەڵبژێررێن و حکومەت کۆمەکی داراییان بکات .
- هەڵوەشاندنەوەی دەسبەجێی یەکینە چەکدارەکانی بەلشەفیك کە سەرکوتی هاتووچۆ و دەسبەسەراگرتنی کەرەسەی خواردەمەنی دەکەن.
- هاوسانیکردنی بەشەکانی خواردنی هەموو ئەوانەی کە کار دەکەن ، جگە لەوانەی کە کار لە بواری مامەڵە و بازرگانی زیانبەخش بە تەندروستی دەکەن.
- هەڵوەشاندنەوەی هەموو مەفرەزە و کەتائیبە شەڕکەرەکانی بەلشەفیك لە هەموو لقەکانی سوپادا هەروەها گاردە بەلشەفیکەکانیش کە دانراون بە واجب لە کارگەکانا. ئەگەر دانانی مەفرەزەی ئەم گارد و لەشکرانە زەروور ببێت ئەوە دەبێت لە ڕیزەکانی سوپادا هەلبژێرێن و بە گوێرەی بارودۆخی کارگەکان، لەوێدا دابنرێن.
- جوتیاران دەبێت ئازادیی تەواویان هەبێت سەبارەت بە زەوییەکانیان و مافی بەخێوکردنی مەڕو ماڵاتیان هەبێت بەو مەرجەی کە جوتیاران بە ئامراز و خودی خۆیان ئەمە بکەن، بێ ئەوەی کەسێك بەکرێبگرن یا خود کەسێك کاریان بۆ بکات.
- داوا لە هەموو لقەکانی سوپا و هەروەها هاوڕێیانمان لە سوپادا دەکەین بۆ ڕێکەوتن لە بڕیارەکانا.
- داخوازی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی کە تەواوی بڕیارەکانمان بڵاوبکاتەوە.
- دانانی کۆمیسۆنێکی هاتووچۆ سەبارەت بە کۆنترۆڵ .
- مۆڵەتدان بەو تاکانەی کە سەلیقەی بەرهەمهێنانیان هەیە و هەر بە خۆیان دەیکەن. واتە بێ بەکرێگرتنی کەسێکی دیکە.