Categories
Kurdish

یاساخکردنی ئازادییەکان لە بریتانیا لەوە زیاترە کە پێشبینیمان دەکرد

یاساخکردنی ئازادییەکان لە بریتانیا لەوە زیاترە کە پێشبینیمان دەکرد

 16/01/2023

لەم هەفتەیەدا بە گوێرەی هەواڵەکان یاسای نوێی دژە نقابە و چەند لائیحەیەکی دیکە سەبارەت بە دانی دەسەڵاتی زیاتر بە پۆلیس لە  وەستان و تێشکاندنی خۆپیشاندان و پرۆتێستەکان دەچێتە نێو هۆڵی پەڕلەمانەوە بۆ وتووێژ لەسەری و بە هیوای کردنیان بە یاسا .

من پێشتر لەسە یاسای نوێی دژە نقابەم دوو سێ جارێك نوسیوە ، ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت بیڵێم زیاتر و زیاتر تەسكردنەوەی مافە ڕەواکانی خەڵکییە لە دەربڕینی ڕاو بۆچوون و ناڕەزایی لە وڵاتێکی بەناو دیمۆکراتی و مەدەنییدا.

ڕیشی سوناك ، سەرەکوەزیران، پەلەیەتی لە دەرکردنی هەندێك یاسا بۆ  یاساخکردنی تەواوی خۆپیشاندان  و ناڕەزاییەکان و مافە دیمۆکراتییەکانی کرێکاران و خەڵکی.

بڕیاری نوێ کە هیوای کردنی بە یاسایی هەیە ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕەها بە پۆلیس بدرێت لە وەستانی کردنی هەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکدا، لە وەستانی هەر پرۆتێستێکدا لە نیوەیدا یا لە سەرەتادا گەر زانییان ”  ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکە” بەلاڕێبردنی جددی خۆپیشاندانەکەیە و کاری ڕۆژانە نیوە ناچڵ دەکات” . لێرەدا نەك هەر ئەم پاورە بە پۆلیس دەدات کە بە ئارەوزوی خۆی ئەوەی کە دەیەوێت بیکات ، بەڵکو پۆلیس دەکاتە دەزگەی حاکم و داداگە کە حوکم لەسەر ناڕەزایی و نێتی پێشوەختی خەڵکی و خۆپیشاندەران بدات.

لێرەدا باس لەوە دەکرێت کە تاکتیکی ” ڕێپێوانی هێواش ” و ” ڕۆیشتنی خۆپیشاندەران بەسەر شەقامەکاندا” و ” بە نیشانگرتنی چەند گروپێك کە  کە نێتیان خراپە”  و هەندێك وردەکاری دیکە بکرێتە یاسا تاکو پۆلیس ڕێ لەو تاکتیکانە بگرێت.  کەواتە گەر ئەمانە ببنە یاسا ئیتر هەندێك گروپ هەر لە سەرەتاوە ڕێگایان پێنادرێت بێنە سەر شەقام وەکو Just Stop Oil ئەوانی دیکە .  دوای ئەمانە پێناسەی ” بەلاڕێبردنی خۆپیشاندان” چۆن دەکرێت ؟ ئەوە چییە ؟ ئایا هەر یەك پێناسە هەیە بۆ ئەمە یا چەند پێناسەیەك؟  بێ گومان ئەم چەمکە زۆر لاستیکیانەیە و لقوپۆپی زۆری لێدەبێتەوە.

پۆلیس لە بەرگری لەخۆیدا وەکو سەرۆکی پۆلیس دەڵێت ” ئێمە داوای دەسەڵاتی زیاتر ناکەین ، ئەم بڕیارە زۆر ئاڵۆزاوییە و پۆلیس دەخاتە پێگەو دۆخێکی گەلێك ئاڵؤزەوە.  من بۆ وەزیری ناوخۆ و تەواوی وەزارەتم نوسیوە ، کە ئێمە داوای ڕونکردنەوەی یاسا دەکەین کە بەتەواوی ڕونبکرێتەوە نەك دانی دەسەڵات زیاتر ، ئەوە دەبێت لە پەڕلەماندا بکرێت نەك لە لایەن پۆلیسەوە “

ئاشکرایە کە ئەمانە و هەرچی حکومەت بیەوێت دەبێتە یاسا گەر خەڵکی ناڕەزایی جددی بەرانبەریان نەکات . ئەمڕۆ، دوو شەمە ، 16/01 ، لە پەڕلەمان سەرەتای لێدوان لەسەر یاسای دژە نقابە دەکرێت ، بۆی هەندێك لە نقابەکان بڕیاریان داوە کە کە ئەمڕۆ لە بەرانبەر بینای پەڕلەماندا پرۆتێستێکی زۆر گەورە بکرێت .  ئەمەش زەروورە هەموومان بەشداری بکەین بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانمان .

Leave a Reply