سەڵاو هاوڕێ روناك
01/06/2024
بە تاسوقەوە گوێم لە سەراپای ڤیدیۆکە گرت، چەندەها تێبینی گچکە و گەورە و هەندێك پرسیارم لا دروست بوو :
یەك : هەر وەکو لە قسەی دووبەدووی و کۆمێنتەکانی سەر فەیسبوکیشم نوسیومە ئەمە ئەزمونی دوای مردن واتە زیندووبوونەوە نییە ، ئەمە حاڵەتی کۆما، غەیبووبە ، کەناوی لێنراوە بە ” نزیکبوونەوە لە مردن” کە زۆر جار لەو حاڵەتانەدا خەڵکی توشی واهیمە و بزڕکاندنی قسە و وڕاوە دەبێت ، دواتر کە دێتەوە هۆش خۆی هەندێکی لەبیر دەمێنێ و هەندێکیشی لەبیردەکات.
دوو: زۆربەی ئەوە شتانە کە دکتۆرە شای قسەیان لەسەر دەکات کە گوایە وەکو ئەزموون و دۆزینەوەیەك دەیانداتە قەڵەم ، لەسە کەسانێك کە نەخۆشی فییە و دڵ و دەردە کوشندەکانیان هەیە کە بەشێکی نەخۆشی میراتگرینن، ئەزموونەکان لەگەڵ ئەوانەدایە زۆر کەمتر لە کەسە ساغەکانە کە درێژیی تەمەن یا ئازاری دیکە دەیانمرێنێت. کە لە ئەزموونەکانی یا بەڵگەکانی دکتۆرە شای بەڵگەیەك نییە کە کەسێك دوای مردنی زیندوو بووبێتەوە .
سێ: دکتۆرە شای زیاتر باس لە دونیای ڕۆحانی دەکات ، واتە دونیایەك لە دەرەوەی ئەم دوونیا واقیعەی کە هەیە . دونیای ڕۆحانیش دونییایەکی وەهمەو ئەوەتی دینی ئیسلام هاتۆتە بوون ، هیچ کام لە زانا موسڵمانەکان بە درێژایی ئەم ماوە درێژە نەیتوانیوە بە عەمەلی یا لە ڕێگای زانستەوە بیسەلمێنێت کە ئەو دونیا ڕۆحانییە وجودی هەیە . ئالێرەدا کە باس لە جیابوونەوەی ئەوەی کە موسڵمانان پێی دەڵێن ڕۆح لە لاشە دەکات هەندێك جار دەڵێت ڕۆح دێتەوە خودی لاشەکە خۆی ، جاری واش هەیە دەچێتەوە لاشەیەکی دیکە ، لەگەڵ وتنی ئەوەشدا دکتۆرە شای ناتوانێت نموونەیەکی واقیعیمان بداتێ تاکو توێژینەوەکەی بسەلمێنێت .
چوار : دکتۆرە شای قسە لەسەر ئەوە دەکات ئەو دونیایە یا خود ئەو شوێنانە لە دەرەەوی زەمان و مەکانن ، بەڵام هاوکاتیش قسە لەسەر نەفەقەکە دەکات کە دەتوانم بڵێم خەڵکی پێ لە نەفەق دەدرێت و مانەوە و تێپەڕینیان بەو نەفەقەدا کاتەکانیان جیاوازە ، کە خودی ئەمە بەڵگەی بوونی شوێنە کە نەفەقەکەیە ، هەر ئاواش بەڵگەی بوونی کاتە کە زەمەنلی هەر یەکەیان جیاوازە کە بە نەفەقەکەدا دەڕوات، کەواتە لێرەدا زەمەن و مەکان هەیە .
پێنج: دکتۆرە شای کە باسی ئەو دوونیا ڕۆحانییە دەکات لەوێ چۆن یا هەر لە سەرەتاوە بەختەوەر و دڵخۆش دەبن یا خود پاش ماوەیەك ، دەستی یەکدی دەگرن و دەچنە سەر دەریا … باشە ئەو دونیا واقیعییە کامەیە و ئەو دەریایە لە کوێدایە کە دەچنە سەری . دوای ئەوەش ئەم هەموو خەڵکە کە زیندوو دەبێتەوە کوێی ئەو جیهانە گەر واقیع بیت چۆن دەیانگرێتە خۆ !!!
شەش: دکتۆرە شای خۆی لە ناکۆکییەکی گەورەدا دەژی. لە لایەکەوە باوەڕی بەو دونیا ڕۆحانییە هەیە و جیابوونەوەی ” ڕۆح” لە لاشە و چوونی بۆ ئاسمان ، لە لاکەی ترەوە دەڵێێت ” من ئیماندار نیم ” ئەو شەرح و لێکدانەوەی کە کردویەتی لەم ڤیدۆیەدا شەرحێێكی دینییە و ئەوەیە کە ئێمە هەر لە منداڵییەوە بیستومان و ئێستاش دەیبیستین کەچی هاوكات دەڵێت ” ئەنا لا موئمین”. باشە کە ئەگەر باوەڕی بەوانەی کە خۆی دەیڵێت هەبێت ، دەبێت کائینێك، زیندەوەرێك لە دەرەوەی ئەم دونیایە تەحەکوم بەوە بکات ، واتە زیندوبوونەوە و جیاکردنەوەی ” ڕۆح” لە لاشە ئەمە کێیە کە ئەم قوەدرەتەی هەیە ، دەبێت هەر خودا بێت !! . ئالێرەدا شتێکی دیکە دێتە پێشەوە کەواتە دینەکان هەموویان یەکن و بۆ پرسی بزنس ، [ مەبەستم پارە نییە بەڵام هەموو شتێك بزنسە گەر لە دەرەوەی ناو دەرکردن و پارە پەیداکردن و تەقدیسکردن و بە ئیدۆلۆجیکردن و دەسەڵاتخوازی و ….تد نەبێت] دەی لەم حاڵەتەدا خودا یەکە بەس ناوەکانی جیاوازە : لای ئێمە خودا و لای عەرەب ئەڵا و لای ئینگلیز و گۆد … بەم شیوەیە … هەموشی باوەڕیان بە ” خودا” هەیە خوداش ئەم هەموو ئاژاوەیەی بۆ دروست کردون تاکو موسڵمانا و مەسیحی و جولەکە لەناو یەکدیدا خۆیان بخۆن . ئا لەم بارەشدا ئایا وجودی ” خودا” ناکەوێتە ژێر پرسیارەوە ؟ کە بەرپرسیارە لە هەرچی شتی خراپ و خراپەکارییەك کە هەیە کە بەسەر ئۆمەتی نێردەرەکەی ( موحەمەد) دەهێنێت . گەر دەلێن نا، ئەو بەرپرسیار نییە کەواتە ئەو ” بتە” بتیش هیچ دەسەڵاتێکی ڕۆحانی و واقیعی نییە ، ئیتر پەرستن و ستایشی بۆچییە؟
حەوت: دکتۆرە شای باس لە بڕینی واتە نەمانی ئۆکسجین دەکات هەروەها وەستانی دڵ ئەی کە ئۆکسجین نەما و دڵ وەستا بە تایبەت لە کاتێکدا کە چارەسەرێكی سەرەتایی نەبێت تا دەگاتە خەستەخانە، یاخود بۆ خولەکێك و زیاتر بوەستێت ئیتر ژیانی زیندەوەرەکە نامێنێت و فەنا دەبێت ، ئیتر چۆن ئەو ” ڕۆحە ” بە مردوویئ لەو لاشە بێ گیانە جیا دەبێتەوە بەرەو شوێنی پێویست دەڕوات ؟ دکتۆرە فاتمە لێرەدا باش دکتۆرە شای گرتووە کە دەڵێت هیچ کەسێك وەکو ئەوانەی کە ڕوداوەکەیان بینیوە ئەزموونیان نییە ، پێی دەلێت ئەوانەی کە ئەو دەیڵێت تەنها ئەمان خۆیان هەڵیانهێنجاوە نەك بەوە کەسەکە خۆی ئەو ئەزموونە بگێڕێتەوە . ئەو وەڵامێکی بۆی نییە .
هەشت : دکتۆرە شای دەڵیت منداڵێکی 6 مانگان دواندان لەگەڵ دایکیدا دەکات . تا ئێستا نە شتی وابینراوە و نە عیلمیش دەتوانێت ئەوە بسەلمێنێت .
نۆ: ئاسان نییە چالانەجی دکتۆرە شای بکەیت و بکرێت ، نەك لەبەر ئەوەی کە ئەو پڕ لە زانیارییە بەڵکو لەبەر ئەوەی کە ئەو قسە لەسەر وەهمێکی ڕووت، زۆر ڕوت بەدەر لە سادەترین بەڵگەی زانستیانە دەکات بۆیە هەرگیز ناتوانێت ئەو وەڵامێکی موقنیع بداتەوە .
دە: دکتۆرە شای دەڵێت ئەو ” ڕۆحە” وزەیە تیشکە نە کۆمپیوتەر دەتوانێت وێنەی بگرێت نە هەستیشی پێبکات . باشە گەر شتێک ئاوابێت ئەی ئێمە چۆن باوەڕی پێبکەین کە هەیە کە ئەم وزەیە ئەو کارایییە گەورەی هەیە؟
پرسیارێك بۆ خۆت : وەکو من بە بەردەوامی وتومە ئەمانە شتێك نین خەڵك سەری خۆیان پێوە بیەشێنێت [ ئا لەم نیقاشەدا دەڵێم دەنا دەهێنێت چونکە بوونی ئەم جۆرەر ئایدیا و بۆ چونانە سەدان ساڵ سیستەمی هەنووکەیی ئێستا کە دینەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە خزمەتی دەکەن، قسەی لەسەر بکرێت ] چونکە خودا هەبێت یا نا ، ئەو دونیا و زیندووبونەوە هەبێت یا نا ئایا حەلی ئەم توێژینەوەیە بۆ کێشەکانی ئەم دونیایە چییە ؟ ئایا ئەم توێژینەوەیە دژ بە دینە یا نا ؟ چونکە ئەگەر دینییە ئەوە وەهمە ، خۆ ئەگەر زانستیانەیە ئەوە دەبێت بە بەڵگە و ئەزموونی زانستیانە بسەلمێنرێت ؟ لەمانەش بەدەر : موحەمەدی نێردەری خودا کە نزیکترین کەسی بووە و قورئان و سونەتی موسڵمانان لە لایەن ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە ، وەکو دەشزانی زۆر جار ” کافرەکان” بەرەنگاری بوونەتەوە و داوایان لێکردووە کە وجودی خودا و ئەو دونیا و بەهەشت و دۆزەخیان بۆ بسەلمێنیت ، بە زۆری داویان لێکردووە کە مردوویەك زیندوو بکاتەوە. باشە موحەمەد کە نزیکترین کەس و خۆشەویستی خودا بووە بۆچی خودا ئەو ئاسانکارییەی بۆ نەکردوە ؟ بەڵام ئێستا هەندێك دکتۆر ئیدیعای ئەوە دەکەن کە زیندووبونەوە هەیە و دەیانەوێت ئێمەش بەوە قانع بکەن .
ڕێز و خۆشەویستیم و هەروەها سوپاست دەکەم بۆ دانانی کۆپییەك لە کتێبەکەت ، گەر کەسێك گەرایەوە ئاگەدارت دەکەمەوە تاکو بۆم بنێریت . زۆر تامەزرۆی خوێندنەوەییم