بازرگانی و مامەڵەی ئازاد
08/06/2024
ئەوەی کە بە ئێمە وتراوە و ئاشکرا کراوە ئەوەیە کە بنەمای ئابووری لیبراڵ و نیولیبراڵ بازرگانی ئازادی لە جیهاندا دەوێت، هەروەها دەشخوازێت کە دەستی دەوڵەتەکان گەر لەبندا نەبڕێت لە دەستوەردان لەو مامەڵەیدا ، ئەوە دەبێت کورت ببێتەوە .
بەڵام گەر بە ورردی و لە نزیکەوە تەماشای بکەیت هەر وەکو هیچ شتێكی دیکە لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا و لە سای ئابوری لیبراڵدا ئازاد نییە ، هەر ئاواش مامەڵە و بازرگانی ئازادیش وجودی نییە . بگرە خودی مامەڵە و بازرگانی ئابوریانە بێ هەل و مەج نییە و نابێت . ئەوەی کە ئەمڕۆ ناکرێت کاتێکی دیکە دەکرێت چونکە هەلەکەی لە ئەمڕۆدا بۆ نەرەخساوە ، دوای ئەوەش بێ بوونی چەند مەرجێك مامەڵەیەك ناکرێت و ڕوونادات ، تەنانەت ئەو مەرجانەش دەبێت ببێتە دۆکۆمێنتێکی فەرمی و لەو چوارچیوەیشدا دەبێت ئەنجام بدرێت .
ئەوەی کە لە لایەن ئەمەریکا و سەراپای دەوڵەتانەوە بە گوێماندا دەدرێت کە گوایە دبێت بازرگانی و مامەڵەی ئابووریانە ئازاد بێت و ئازاد بکرێت لە درۆیەکی گەوەر و فێڵێکی زۆر ئاشکرا لە خەڵکی نییە و نەبووە.
هەموو ئەو پەیمانەنانەی نێوانی بانقی نێو دەوڵەتی و صندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی لەگەڵ وڵاتاندا ، هەروەها پەیمانەکانی کە لە چەرخی ڕابووردوودا مۆر کراوە بۆ نمونە پەیمانی نەفتا لە نێوانی ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیکۆدا، دروستبوونی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و تەنانەت پەیمانی نێوانی ولاتان لە گەڵ یەکێتی ئەوروپا چ وەکو ئەندام و چ لە دەروەی بن وەکو بریتانیا و ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا و هیندستان و وڵاتانی سکەندناڤیا و ئەوانی دیکە هەر هەمووی بە یەك کۆمەڵە پەیمان و مەرج و شەرتەوە بەیەکەوە شەتەك دراون .
هەر دوور مەڕۆ هەموو ئەو مامەڵە و بازرگانییەی نێوانی ئەمەریکا و وڵاتی چین چەندەها مەرجی قورس لەسەر یەکدییان داناوە و دادەنێن.
نمونەی نوێ دوو هەفتە لەمەوبەر جۆ بایدن باجی بەسەر کۆمەڵێک کاڵای دروستکراوی چینیدا سەپاند. ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانەی لە چین بەرهەم دەهێنرێن، باجی هاوردەکردنیان بە ڕێژەی 100% و چیپ و خانەی خۆرەکان[ واتە ماتریاڵی دروستکردنی وزە لە هەتاو] 50% و پاتری لیتیۆم ئایۆن 25% لێدەدرێت، بە مانایەکی دیکە گومرگیان بەسەردا دەسەپێنرێت .
ئەمانە و باجەکانی دیکە لەسەر کاڵاکان بە بەهای ساڵانە 18 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. بەڵام وەکو ئابووریناسەکان دەیڵێن ئەوەی گرنگە پرسیاری ‘چی ‘ یان ‘ بۆچی ‘ نییە، بەڵکو کێیە. کاتێک لە ساڵی 2019 دۆناڵد ترەمپ باجی لە سەر 300 ملیار دۆلاری لە کاڵای چینی دانا . ڕکابەرەکەی لە دیموکراتەکان لە تویتێکدا نووسیویەتی: “ترامپ بنەماکان ، هیچ حاڵی نابێت . پێی وایە باجەکانی لەلایەن وڵاتی چینەوە دەدرێت. هەر خوێندکارێکی قۆناغی یەکەمی ئابووریی دەتوانێت پێت بڵێت کە گەلی ئەمریکا باجەکانی دەدات”.
لەمەدا بایدن سوێندی خوارد کە هەڵیانبوەشێنێتەوە. کەچی دوای پێنج ساڵ، نەک ئەو باجانە هەر لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە ، بەڵکو زیاتریش کەڵەکە دەبیت وەکو لەسەروە ئاماژەم پێدا.
بەڵام ئەوە 40 ساڵی رەبەق دەبینین کە بازرگانی ئازاد و دارایی ئازاد نەك هەر وەکو تێگەیشتن و پێکهاتنیێك لە نیوانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان ، گرفتە و وجودی نییە بەڵکو لە نێوانی وڵاتانیشدا ئەوە ڕووی نەدا.