پیشەسازی سووتەمەنی بەردینی یارمەتی فراوانکردن و گشتگیریکردنی یاساکانی دژە ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئەمریکادا دەدات
06/10/224
ئەوە ئاشکرایە کە حکومەت حکومەتی بزانسمان و کۆمپانیا گەورەکانە و بۆ پراێزگاری ئەوان و زیادکردنی قازانجیانە . بزنسمان و کۆمپانیا گەورەکان پشکی سەرەکییان لە دەرکردنی بڕیار و پێشنیارەکان بۆ حکومەتەکان هەیە.
لۆبیستەکان یاخود لۆبیکەران و یاسادانەران هەماهەنگییان کردووە بۆ دەرکردنی یاسای نوێ کە سزای تاوانکاری بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە زیاد دەکات ” ترس و تۆقاندن”: چۆن جۆرە چالاکییەکانی ژینگە و ژینگە پارێزی بە تاوانبار و توندڕەو دادەنێن.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی ئاشکرای دەکات، لۆبیکارانی سووتەمەنی بەردینی لەگەڵ یاسادانەران لە پشت پەردەوە و لە سەرانسەری هێڵەکانی ویلایەتەکانی ئەمەریکادا هەماهەنگییان کردووە بۆ پاڵنانی و داڕشتنی ئەو یاسایانەی کە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانە دژی فراوانکردنی نەوت و گاز پەرەپێدەدەن. ئەو تۆمارانەی کە ڕۆژنامەکە دەستیکەوتوون دەریدەخەن کە ئەو لۆبیستانەی کە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و غازی ئەمریکا کاردەکەن، تەلارسازێکی سەرەکی یاساکانی دژە ناڕەزایەتی بوون کە سزاکان زیاد دەکەن و دەکرێت ببێتە هۆی زیندانیکردنی چالاکوانانی ناتوندوتیژیی ژینگەیی و کەشوهەوا تا 10 ساڵ.
ئۆکلاهۆما، شەشەم ویلایەتی بەرهەمهێنەری نەوت و گازە لە ئەمریکا، یەکەم وڵات بوو کە یاسایەکی دەرکرد کە بۆ ئەوە دانرابوو تاکەکان و ڕێکخراوە “پیلانگێڕەکان” بە شێوەیەکی تاوانکاری و مەدەنی بەرپرسیار بن لە دەستکاریکردن یان دەستدرێژیکردنە سەر بناخە و ژێرخانی بەناو گرینگ وەک بۆرییەکان . ئەمەش ئیلهامبەخش بوو بۆ پاڵنەرێکی سەرتاسەری لەلایەن ئەنجومەنی ئاڵوگۆڕی یاسایی ئەمریکی (ئەلیک)، کە گروپێکی ڕاستڕەوە و لەلایەن سووتەمەنی بەردینیەوە پارەدار دەکرێت و کۆمپانیاکان و یاسادانەران لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە کۆدەکاتەوە بۆ داڕشتنی یاسای نمونەیی سەبارەت بە ستانداردە ژینگەییەکان، مافەکانی زاوزێ و دەنگدان، لەنێو پرسەکانی دیکەدا.
ڕیکۆ سیسنی کە لە ساڵی 2019 بەپێی یاسای بناخە و ژێرخانی گرینگی ویلایەتی تەکساس تۆمەتبار کرا، وتی تۆمەتی تاوانە گەورەکە مافە دەستوورییەکانی پێشێل دەکات، ئەمەش وایکردووە بە “وریایییەکی زۆرەوە” لە چالاکییە ناڕەزایەتییەکانی داهاتوو نزیکبێتەوە. سیسنی وتی: “یەکێک لەو شتانەی کە یاسا ژێرخانییە گرنگەکان زۆر زیانبەخش دەکات ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا شتێک وەردەگرن کە دەبێتە تۆمەتی سەرپێچیکردن و دەیکەن بە تاوانێکی گەورە.” “ئەمە لە بنەڕەتدا ڕێگایەکە کە پیشەسازی سووتەمەنی بەردینی لۆبی بۆ دەکات بۆ ئەوەی قورستر و قورستر بێت بۆ ئەوەی ئازادی قسەکردنی هەبێت یان بەشداری ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بکات.”
بەپێی ناوەندی نێودەوڵەتی یاسای قازانج نەویست، 45 ویلایەت لە ساڵی 2017ەوە یاسای نوێی دژە ناڕەزایەتیان لەبەرچاو گرتووە، لەگەڵ 22 پڕۆژە یاسای ژێرخانی گرنگ لە ویلایەتەکانی وەک ویسکۆنسێن، داکۆتای باکوور، میزۆری، ئارکانساس، فلۆریدا و لویزیانا دەرچووە. یاسایەکی ژێرخانی گرنگ کە لە ساڵی 2023 لە جۆرجیا دەرچووە، سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی هەیە بەهۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی گرنگ بە مەبەستی تێکدانی خزمەتگوزارییەکە. لە لویزیانا، چوونە ژوورەوەی بێ مۆڵەت لە دەوری بۆری و دامەزراوەکانی تری نەوت و گاز سزای زیندانیکردنە – بە کاری قورس یان بەبێ کاری قورس بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
ئەم یاسایە کە زۆرترین سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی هەیە، دواتر بەکارهێنرا بۆ تۆمەتبارکردنی لانیکەم هەشت خۆپیشاندەری کەشوهەوای ئارام کە شەش کەسیان بەساڵاچوو بوون. لە نێوان بەردەوامی فراوانبوونی ڕیکۆردی نەوت و گاز لە ئەمریکا، چالاکوانان دەڵێن، ڕوویان لە ناڕەزایەتی و نافەرمانی مەدەنی ناتوندوتیژ کردووە وەک داخستنی ڕێگاوبانەکان و بەستنەوەی خۆیان بە زنجیر یاخود بە دار و مەکینە و کەرەستەکان وەک ڕێگەیەک بۆ خاوکردنەوەی بیناسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و فشارخستنە سەر جێبەجێ کردنی ڕێوشوێنی بەپەلەتر کە کەش و هەوا و ژینگە خراپتر دەکات لەلایەن حکومەت و کۆمپانیاکانەوە
ساڵی ڕابردوو گەرمترین ساڵی تۆمارکراو بوو و ئاگرکەوتنەوەی بێ مەبەست و سروشتی، پلەی گەرمی بەرز ، لافاوی کوشندە و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان کۆمەڵگاکانی لە سەرانسەری ئەمریکای باکووردا گرتەوە لەگەڵ باقی جیهان. لەگەڵ ئەوەشدا سەردەمی ئیدارەی بایدن لە ئەمریکا زیاتر لە هەزار و 450 مۆڵەتی نوێی نەوت و غازی داوە بە کۆمپانیاکان، کە نیوەی کۆی گشتیی لە ئاستی جیهانیدا پێکدەهێنێت، هەروەها 20% زیاتر مۆڵەتی ئەو مۆڵەتانەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دەرچووە، کە بەڵێنی ” دریڵی لێدە/ بە دریڵ قووڵی بکە، بەیبی، دریڵی لێدە” ی داوە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
دۆزینەوەکانی دەیان داواکاری ئازادی زانیاری ئەوە پیشان دەدەن کە مافی ناڕەزایەتی ئاشتیانە لە ئەمریکا لە ژێر هێرشدایە – زۆر هاوشێوەی وڵاتە دیموکراسییە گەورەکانی دیکە لەوانە بەریتانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا و ئوسترالیا. ئەم وڵاتانە کە زۆرترین بەرپرسیارن لە دەردانی گازی گەرمخانەیی، بەردەوامن لە پشتگیریکردن لە فراوانبوونی سووتەمەنی بەردینی کە دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری کەشوهەوا، لە هەمان کاتیشدا زەنگی ئاگەدار کردنەوەیە بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان و گروپەکانییان.
دادگاییکردنی خۆپیشاندەرانی ناتوندوتیژی کەشوهەوا “تەنها توندوتیژی یاساییە”، بەپێی وتەی بیل مەکیبن، ژینگەپارێز و ڕێکخەری بنەڕەتی کە بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکانی کەشوهەوا دەستگیرکراوە. ” ئەوە قێزەونە، بە قووڵی نائەمریکییە، لە کۆتاییدا گواستنەوە بۆ جیهانێکی پاکتر ڕاناگرێت، بەڵام لە چەند ساڵی داهاتوودا زیانێکی زۆر بە کەسانی باش و ڕێکخراوە باشەکان دەگەیەنێت.”