ئەم کوردە چەند هەژارە
24/12/2024
ئەم کوردە چەند هەژارە کە ئەندام پەڕلەمانتارێك، یا سەناتۆرێكی ئەمریکی قسەیەکی مەسڵەحەت لەبارەی کوردەوە دەکات، ئیتر ئەمان شاگەشکە دەبن، نازانن ئەوانە هەر قسەی کەسانێکن کە زیاتر پەرواوێز خراون و هیچیان بەدەست نییە . ئەم کوردانە هیچ زانیارییەکیان نییە لە سەر مێژوی ڕەشی ئەمەریکا و سەراپای سیاسەتەکانی .
گەر تەماشای هەموو ڕاگەیاندنەکانی هەر سیاسییەک و ئەندام پەڕلەمانتارێکی ئەوروپی، هەر سەرەکوەزیرانێکی ئەوروپا، هەر سەناتۆرێكی ئەمەریکی بە سەرۆکەکانیشیانەوە بکەیت ، ئەوەی کە دەیڵێت سەبارەت بە هەسەدە و کوردی ڕۆژائاوا ئەمەیە ” شەڕکەرێکی باشن ، هاوپەیمانییەکی باشن لە جەنگدا دژ بە داعش ، ئاسایشی ئێمە دەپارێزن” تەنانەت هەرگیز باسی پەیەدە ناکەن ، کە هەسەدە لەشکری پەیەدەیە.
ئەو ڕاگەیاندنەی ئەوان یانی چی؟
یانی ئەوان تەنها هاوپەیمانی سەربازییان هەیە لەگەڵ کوردانی ڕؤژئاوا دژ بە داعش و گروپە تیرۆریستییەکان ، نەك هاوپەیمانی سیاسی لەسەر چارەنوسی کوردانی ڕۆژئاوا.
یانی هاوپەیمانی ئەمان لەگەڵ هەسەدەدا تەنها وەختییە و بۆ مەبەستێکە ، کەی ئەو مەبەستە بەسەر چوو ئەوە نە هاوپەیمانی دەمێنێ و نە دۆستایەتی.
یانی نەدانی هیچ جۆرە ڕاگەیاندنێك دژ بە تورکیا هیچ هەڵوێستێكی دەوڵەتی دەربارەی تورکیا ، نەبا تورکیایان لێ زویر ببێت.
یانی هەتا گروپە تیرۆریستەکان بەهێز بن و مەترسی لەسەر ئەوروپا و ئەمەریکا دروستبکەن ، هەسەدە پێگەی لای ئەمەریکییەکان و ئەوروپا بەهێزتر دەبێت و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە .
ڕوخانی خەلافەی داعش لە ڕەقە ، هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لاوازبوونی پێگەی هەسەدە لای ئەمریکا و سیاسییەکانی ئەوروپا. لە کاتی خۆیشیدا من سەبارەت بەمە قسەی خۆمم کردووە و پۆست و وتارم لەسەر نوسیوە .