گەلۆ ئەرێ دەبێت لە کوێ بێت؟
11/02/2025
خودای ڕەحیم و کەریم و جەبار و ستار و غەفور و حەبیب و عادل و کەبیر سادق و بەخشندە و …تد لە کوێیە؟ باشە خەڵکانی هەژارا و لێقەماوانی غەززە ، ئەو هەموو منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە و ڕوت و ڕەجاڵە دوای 15 مانگ جەنگ و کوشتن و برینە گوناهیان چییە؟ دوای هەموو ئەم ناسۆر و ئازار و کۆستکەوتنەش ئێستاش دەیانەوێت وەکو جۆرێك لە کۆیلە بفرۆشرێن بە میسر و ئەردەن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و خاکیشیان بفرۆشرێت بە ئەمەریکا. ئەمانە چ گوناهێکیان هەیە؟؟
بەداخەوە دیارە لای ئەوان خەڵکی غەزە بوونەتە گۆشتی گەردەمل دەبێت ساخبکرێنەوە ، بوونەتە هۆکاری نەبوونی ئاشتی و ئاشتەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا بۆیە دەبێت بە هەر نرخێك بێت، دەبێت سەرف بکرێن ، دەبێت لەکۆڵ بکرێنەوە چونکە ئەوان شەیتانن و دونیا بێ ئەوان بێ گرفت دەبێت، ئەوان زۆڵە عۆمەتن و لە عۆمەتی موسڵمانان نین تاکو کەس لایان لێبکاتەوە، نە ئەمەریکا و نە ئەوروپا و نە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی لەسەریان هەڵبدەنێ !!
باشە ئەمانە لە ترسی نەمانی بەرژەوەندییەکانیان ناتوانن هەڵوێستێکیان دژ بەو هەرەشانەی ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبێت ، ئەی ئەو خودایەی کە ڕەحیمە ، کە غەفورە کە عادلە ، کە سەروەرە ، کە خالقە … ئەم بۆچی قسەیەك ناكات، هاوکارییان ناکات ، بەدەمیانەوە ناچێت. بۆچی تۆزقاڵێکی ناوەرۆک و توانای کە لە ناوەکانیدا دەبینرێت بەکارناهێنێت؟ ئا یا ئەویش لە پشتی کافرانە ؟ ئایا غەزەبی لە عۆمەتەکەی خۆی، عۆمەتی غەززە گرتووە و چونکە هەموویان تاوانبار و مەلعونن؟ یاخود خودا وجودی نییە ؟
پرسیارگەلێکن و دەبێت ئەوەی ڕوودەکاتە خوا ، ئەوەی بازرگانی بە دینەکەیەوە دەکات ، ئەوەی کوشتن بڕین دەکات لە پێناوی ڕەحمەت و سەدەقەت و کەرامەتی ئەودا و دەسەڵاتی بۆ دەگرێتە دەست … دەبێت هەموو ئەمانە بۆ تاکە خولەکێك بیر بکەنەوە و ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن.
دەبێت مەلاکان و مامۆستایانی ئاینی یا دەبێت دەمکوت و سکوت بن یاخود بۆ مەجلیسەکانیان و باقی موسڵمانانی روون بکەنەوە کە بۆچی خودا نایەتە دەنگ؟ بۆچی خودا کە لە کاتێکدا ئەو هەموو ناوانەی لێنراوە کەچی بە هانای عۆمەتەکەیەوە ناچێت؟؟