ئەمەیە کە کورد دەڵێ بۆ ڕیش چوو سمێڵیشی نایە بانی
13/02/2025
پاش 3 ساڵ شەڕ ، 3 ساڵ سەرگەردانی و ماڵوێرانی ، 3 ساڵ کوشتن و بڕین ، 3 ساڵ ڕاکردن نیشتمان بەجێهێشتن ، 3 ساڵ سەدەها هەزار بێ باوك ، بێ برا ، بێ هاوسەر، بێ دایك، بێ خوشک، بێ دراوسێ کرا … بێ …بێ زۆر شت . بازرگانانیی شەڕ ، شەڕ هەڵگیرسێنەرانی جەنگ ، سەرۆکانی دەبەنگ ، سیاسیانی بێ ئەرزش و بێ بەهاو بەدڕەوشت … شەڕێکیان هەڵگیرسان بی ئەوەی بچوکترین مەترسیان لەسەر بێت و خۆشیان بچوکترین قوربانی بدەن، دواتریش ئۆکرانیان بە گورگان خواردوو دا .
نازانم خەڵکی ئۆکرانیا پاش ئەم هەموو قوربانییە دەبێت چی بڵێن بەسەرۆکە گەمژەکەیان، دەبێت چی بڵێن بە سیاسییە دەجال و نوێنەرانی کۆمپانیاکان و پاشکۆیانی گەورە سەرۆکان. دەبێت ڕا و هەڵوێستیان لەسەر ئەم سەرۆکە شەڕدۆستەیان ، زێلێنسکی ، چۆن دەبێت؟ بڵێی وا بە ئاسانی لێی خۆش بن و دادگەی لێنەگرن؟
ترامپ بێ ئەوەی بگەڕیتەوە بۆ سەرۆکانی شەرخوازی ئەوروپا، بێ ئەوەی حسابیان بۆ بکات، هەر وەکو ئەوەی کە پێیان بڵێت برۆن لە ورگی خۆتان بدەن وتو وێژی خۆی لەگەڵ پوتین دا کردووە و تیمێکیشی ڕێکخستوە بۆ دانوساندن لەگەڵ تیمەکەی پوتین دا. بەم زوانەش لە سعودییە یەکتر دەبینن و دەیبڕنەوە.
ترامپ وتی : نالۆژکانەیە داوا لە ڕوسیا بکەیت بگەڕێتەوە بۆ سنوری پێش 2014 ، ئەوان شەڕی خاك و زەوی خۆیانیان کردووە ، نابێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ئەمەریکا هیچ بەرپرسیارییەکی پاراستنی خاکی ئۆکرانیا و ئەوروپا هەڵناگرێ، پاراستنی ئۆکرانیا لە ئەستۆی ئەورپاپیە ، هیچ جۆرە هاوکارییەکی ئۆکرانیا ناکات …. ترامپ شتی زیاتری وت و ئاگری بەرداوە لە 7 دەوڵەتی ئەوروپا و هەموو یەکێتی ئەوروپا کە هەر پیاوخراپی و قونەدڕێیکەیان بۆ مایەوە.
بریتانیا ڕاگەیاندنی توند دەدات ناهەقیشی نییە هەر ساڵی پار 4.5 ملیار پاوەندی لەو بزنسەدا سەرف کردووە ئێستا ڕەنگە پولێکی دەست نەکەوێتەوە و ڕەنگیشە کۆمپانیای بریتانیاش ڕێگەی پێنەدرێت بەشداری بکات لە چننینەوەی ئەو پارە و بزنسی کوشتنی سەدەها هەزارن ئۆکرانی.
جا باشە ئەمەی کە ئێستا ژێلنسکی پێی ڕازییە ، چاریشی نییە، دەی بۆ هەر لە سەرەتای شەرەکەدا ئامادە نەبوو ؟ سەرۆکە ئەوروپییەکان و ناتۆ و جۆ بایدن چوونە بنکڵێشەیی و ئەم کەتنەیان پێدا و ئاوا تڕۆ و بێ حورمەتیان کرد.
کەم نەبوون ئەوانەمان کە دەمانوت ئەم شەڕە بە زیانی کرێکاران و هەژارانی هەر دوو وڵات ، ڕوسیا و ئۆکرانیا ، باقییەکەی تریشمان لە هەر کونجێکی ئەوروپادا بین دەگەڕێتەو و زەرەرمەندی گەورە دەبین ، دەمان وت لەم شەڕەدا شكۆی ناتۆ و ئەمەریکا و وڵاتانی غەرب دەشکێت ، پوتین لە کۆتاییدا سەر بە هەموویان شۆڕدەکات ئەوەی کە دەیەوێت دەستی دەکەوێت . دەمان وت پوتین دیکتاتۆرە و فاشییە و دەربەستی مردن و کوشتن و بڕینی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی نییە بەردەوام دەبێت لە جەنگەکە تا ئەو کاتەی ئەوەی کە دەیەوێت بەدەستی دەهێنێت.
بەداخەوە زەرەرمەندی سەرەکی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا بوون و دواتریش هاووڵاتیانی ڕوسیا.