Categories
Kurdish

ڕاوێژکارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا

ڕاوێژکارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەڵێت، سەردەمێکی نوێ لە تورکیا دەستپێدەکات.

محەمەد ئوچوم، راوێژکاری باڵا و جێگری سەرۆکی دەستەی کاروبارە یاساییەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نوسیویەتی، ”ئاخۆ تا چەند پابەندی بانگەوازەکە دەبن، ئەمە ئیدی کێشەیەکی کردارییە. هەر کێیەک پابەندی نەبێت، دەبێت بەرگەی ئەنجامەکەی بگرێت”.

راوێژکارەکەی ئەردۆغان پێیوایە، ئەوەی لە بانگەوازەکەدا هاتووە، رونە کە “کێشەی ناسنامە نەماوە، نکۆڵیکردن کۆتاییهاتووە، شتێک نییە بە ناوی دوو نەتەوە، دوو زمان، داواکاریی بۆ ئۆتۆنۆمی نییە.” دەڵێت، “پارێزگاری لە دەوڵەتی یەکگرتوو کرا”.

ئوچوم وتیشی، لە بانگەوازەکەدا جەختکراوەتەوە، پرسی نێوخۆی کورد کە لە تورکیا لە چوارچێوەی رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن باسدەکرا، چارەسەرکراوە، بابەتەکە دیموکراسییە، بابەتەکە یەکبوونە لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە، بابەتەکە گەشەپێدانی دیموکراسییە”.

ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، ”دەوترا بانگەوازێکی بێ مەرج دەکرێت، رێک بەمشێوەیە بوو. ئیدی سەردەمێکی نوێ بۆ تورکیا دەستیپێکردووە. ئیدی بەرپرسیارێتی و داواکاریی هەمووان، بەهێزکردنی دیموکراسییە. بەدیهاتنی تورکیایەکی بێ تیرۆر، نزیکە”.

Leave a Reply