قسەکردن لەسەر مافی مرۆڤ یا دژایەتیکردنی؟
28/10/2025
حوکمڕانانی بریتانیا هەر حیزبێکیان بێت لە پێناوی بەدەستهێنانی دەنگدا و دەنگیش بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و مانەوەی ، چاو لە هەموو مافێکی مرۆڤ تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆشیان دەپۆشن.
هەرچی قسەیەك لەسەر ڕیفۆرمێك دەکرێت ، هەرچی قسەیەکی بریقەدار دەکرێت ، هەرچی هەڵمەتیک دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگ هەر هەمووی لە ڕاستیدا بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتە ،نەك واتای ئەو قسانە کە دەکرێن.
لە سەفەرەکەی دووشەمەی سەرەک وەزیرانی بریتانیا، کیری ستارمەر بۆ تورکیا، بێ گوێدانە ئەوەی کە لە تورکیا دەگوزەرێت سەبارەت بە معارەزەی ئەوێ و دژایەتیکردن و سڕینەوەی پێناسەی کورد لەوێ و ناسینی حەماس بە گروپێکی ڕزگاریخوازی فەلەستینی و ڕؤڵی دەوڵەتی خراپی تورکیا لە چەندەها وڵاتدا ، بە چاوخشاندن و فەرامۆشکردنی ئەم هەموو ڕاستییە، کیری ستارمەر مامەڵەیەکی کڕینی 20 فڕۆکەی سەربازی بەناوی جێتی شەڕکەری تیفۆنی بە بڕی 8 ملیار پاوەند لەگەڵ ڕەجەب ئەردۆگان واژۆ کرد . وەجبەی یەکەمی ئەم فڕۆکانە پێشبینی دەکرێی کە لە ساڵی2030 دا بگاتە تورکیا.
کیری ستارمەر ئەم مامەڵەیە بەسەرکەوتن دادەنێت چونکە 500 کار ( جۆب) دەپارێزێت و هیمەت و هەیبەتی ناتۆی پێ بەرزدەکاتەوە و پەیوەندی دۆستانەی نێوانی تورکیا و بریتانیای گەشە پێدەدات.
هاوکاتیش هەر ئەمڕۆ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیان ئەوەی دەرخست کە چەکەکانی کە بریتانیا ناردویەتی بۆ ئەمارات کەوتۆتە دەسستی هێزەکەی حەمدانی ، ئەو هێزەی کە شەڕی دەسەڵاتی حکومەتی سۆدان دەکات ، کە ئەم هێزە پاشخان و مێژوی هەنووکەی تۆمارکردنی کوشتنی دەیەها هەزارکەسی نەگبەت و لاقەکردنی جنسی سەدان کچ و ژنانی سۆدانە . توندوتیژی ئەم هێزە لە باسکردندا نییە لە کوشتن بڕینی خەڵکی و وێرانکردنی دێهات و زێدیاندا.
بریتانیا دەستی لەهەموو ئەو نادادپەروەری و کوشتن بڕینی ئەو شوێنانەدا هەیە کە جەنگی تێدا هەیە ئیتر بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەو خۆ، کەچی هێشتا لە تاوانبارترین بینای دونیاوە کە بینای پەڕلەمانی بریتانیایە باس لە بەهای مرۆڤ و مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکرێت .