Categories
Kurdish

حاڵی ژنان و کچان لە بریتانیا

حاڵی ژنان و کچان لە بریتانیا

20/12/2025

لە سای دەوڵەتی مەدەنی لیبراڵ و نێو کۆمەڵی مەدەنییدا هەفتانە 3 ژن یاخود کچ دەکوژرێت ، لە 8 ژن یا کچ ، یەکێکیان بە جۆرێك لە جۆرەکان هەراسان کراوە تا لاقەی جنسیش .  نزیکەی 200 لاقەی جنسی هەموو هەفتەیەك ڕوودەدات ، تەنانەت ئەو ژنانەی کە لە خزمەتی نێو سوپای بریتانیادان لە نێو  سێ ژن و کچان دوانیان لە بواری جنسیدا لە ساڵی 2024 دا گێچەڵیان پێکراوە و دەستی بۆ براوە .

 ئەم زانیاریان بە گوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان و تۆماری پۆلیسن ، لە ڕاستیدا ئەم ژمارەیەی کە خراوەتە ڕوو کەمتر لەەوی کە ڕوی داوە یا ڕوودەدات  چونکە زۆر جار ژنان و کچان متمانەیان بە پۆلیس نییە و ئامادە نین کە لە لای پۆلیس شکات بکەن .

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان کوشتن و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و کچان و هەراسانکردنییان لە ساڵی 2014 وە تا ساڵی 2024 بە ڕێژەیەکی بەرزی چاوەڕواننەکراو هەڵکشاوە . لە ئێستادا زیاتر لە 43 هەزار کەیس لەو بارەوە لەبەردەم پۆلیس دایە و تەماشا نەکراون.

ئێستا ئەم گرفتە ئەوەندە زیادی کردووە کە بووەتە خاڵی گرنگی لێدوانی میدیا و بیرکردنەوە لە چارەسەرێك لە لایەن حکومەتەوە.  بۆ ئەمەش چەند لیژنەیەك دروستکراوە ئەم پرسە وەکو پرسێکی ستراتیجی و هەرەوها ئیمێرجنسی وەرگیراوە .

لە ئێستادا بڕێک پارە بۆ بوارە جیاوازەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە تەرخان کراوە هاوکاتیش چەند بڕیارێك و چەند خاڵێك بۆ جێ بەجێکردن دانراوە کە هەندێكیان ئەمانەن:

+ کردنی ئەو گرفتە بێتە بەشێك لە بەرنامەی خوێندنی قوتابییانی ناوەندی.

+  لە هەموو پۆلیسخانەیەك لیژنەیەك هەبێت کە تایبەتمنەند بێت بە پرسی لاقەی جنسی کە ئەمڕۆ  ژنان و کچان روبەروی دەبنەوە.

+ پلانکردن بۆ ڕوبەڕویبوونەوەی کۆمپانیا تەکنەلۆلجییەکان لە شەیرکردنی  وێنەی ڕوت و پەرنۆگرفی لبۆ ناو تەلەفونەکانی منداڵان .

+ تەرخانکردنی 550 ملیۆن پاوەند تاکو قوربانییەکان کەیسەکانیان بگەیەننە دادگا و  بە دادگایکردنی تاوانباران و هێنانی شاهیدحاڵ  بۆ دادگە.

ئەمانەو زۆر خاڵی دیکە کە بڕیارە جێ بەجێبکرێن. نکوڵی لەوە ناکرێت ئەمانە تا ڕادەیەك بەربەست لە ڕوودانی ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە ژن دەکرێت دادەنێت ، بەڵام گرفتەکە لە ڕەگووڕیشەوە دەرناهێنێت ، چونکە هەموو ئەم دیاردانە بەستراون بە بوونی سیستەمەکەوە و سیستەمەکە لەگەڵ خۆیاندا دەیانهێنێت و گەشەیان پێدەدات .  مەحرومبوون لە جنس و مەیلی توندەتیژانە و نەخۆشی دەرونی و بازرگانیکردن بە ژنان و کچانەوە و تەماشاکردنی کچان وەکو کاڵایەك و گرنگیدان بە ڕوواڵەت و جوانێتی کە پێوەری سەرەکییە بۆ پەسەندکردنی جنسی مێینە لای نێرینە و زۆر دیاردەی دیکە ، هەرگیز بەو پرۆژەیەی حکومەت بە تەواوی لابەلا ناکرێتەوە .

Leave a Reply