قسەیەکی مێژوویی دکتۆر نەوال سەعداوی
22/12/2025
لە دیمانەیەکی کەناڵ 4ی بریتانی لەگەڵ دکتۆر نەوال سەعداوی دا ، نازانم لەم دیمانەی ناو ئەم لینکەدایە کە لە خوارەوە دایدەنێم یا لە دیمانەکانی دیکەیدا، دیمانەکارەکە پرسیاری لێکرد: بۆچی لەگەڵ حیزبی شیوعی میسردا کارت نەکرد یا کار ناکەیت؟
نەوال سەعداوی لە وەڵامدا وتی داوایان لێکردم، وتیان ئێوە ئەوانەی کە خەریکی ئەو کەمپەینەن لەگەڵ حیزبدا کار بکەن زۆر باشترە ، کاتێک کە دەسەڵاتمان وەرگرت هەموو ئەوانە بەدیدەهێنرێت،بەڵام من ڕەتم کردەوە . دیمانەکارەکە وتی بۆچی؟ وتی ئێستا ژنانی میسری بەدەست ئەمەوە دناڵینن و پێویستمان بە چارەسەرە ، ناتوانین چاوەروان بکەین تاکو حیزبی شیوعی دەسەڵات وەردەگرێت .
نەوال سەعداوی شۆڕشێکی گەورەی کرد بەوەی کە کردی ، ڕادەستبوونی بە حیزبی شیوعی و بەجێهێڵانی ئەو گرفتە بۆ دەسەڵاتوەرگرتنی ئەوان تەنها کات کوشتن بوو.
نەوال سەعداوی زۆر راست بوو ناکرێت چاوەڕوانی شیردا بۆ داپیردا بکەین ئەوە ڕەنگە زیاتر لە 60 ساڵ بەسەر ئەو قسەیەی دکتۆر نەوال دا تێپەڕیبێت ، نەك هەر حیزبی شیوعی لە میسر نەگەیشتە دەسەڵات بەڵکو زۆر لاوازتریش بووە .
ئەوەی جێگەی سەرنج و داخە سەراپای چەپەکانی ئێستا لە باشووردا بۆ کێشە هەنووکەییەکان هیچ کەمپەینێك ناکەن ، کە ئەوانەن کێشەی ڕۆژانەی خەڵکی و گرفتی سەرەکییان. ئەوان هەموو کێشەکان دەبەستنەوە بە سەرکەوتنی حیزبەکانیانەوە و گوایە کاتێك دەسەڵاتیان گرتە دەست ئەوانەش دەکەن.
لێرەدا تێڕوانینت بۆ حیزبی شیوعی هەرچۆن بێت، بەڵام ناتوانیت نکوڵی ئەوە بکەیت کە حیزبی شیوعی حیزبێكی جەماوەری بوو و حیزبی خەڵکی بوو لە ساڵانی پێش شەستەکاندا، چونکە ئەوان لەناو خەڵکدا دەژیان و خەباتیان بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکی دەکرد، بۆیە بە بەردەوامی بەدوای بەدەستهێنانی ئەو داخوازیانەی خەڵکەوە بوون .
بەداخەوە کە هیج کەڵکێك لەو ئەزموونەی ئەوان وەرناگیرێت، کە ئەزموونێکی زۆر دەوەڵەمەند و بە بایاخ بوو.