دوو بریا ، دوو خۆزگە
14/02/2026
قەندیل دروسترین ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند سەبارەت بە ڕۆژئاوا بریا ئەمەی 12 ساڵ لەمەبەر بکردایە کە دەکرا شەڕی داعش لەسەر ڕۆژئاوا ئەوەندە چڕوپڕ و مەترسیدار نەبوایە . هەروەها تورکیاش هەر هیچ نەبوایە بیانویەکی وایان لە دەستدا نەدەبوو تا کو بە پاساوی پەکەکە ئەو دوژمنایەتییە گەورەیە لەگەڵ ڕٶژئاوادا بکات و عەفرینیش داگیر بکات، نەشی دەتوانی ئاوا بەو ئاسانییە ئەوەی پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی هەڵخەڵەتێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیار و ڕاگەیاندنە ئێستاش بەهای خۆی هەیە . کوردیش دەڵێت زەرەر لە نیوەشی بگەڕێتەوە هەر قازانجە.
خۆزگەی دووەم:
خۆزگە پەکەکە هەر دوای گیرانی ئۆجەلان ، بەرائەتی لە ئۆجەلان وەکو سەرکردە بدایە و خاوەندارێتی لێنەکردایە .
بۆچی؟
یەك: ئەو کاتە ئۆجەلانی وەکو کەسێكی ئاسایی لای دەوڵەتی تورکیا نیشان دەدا و تورکیاش نەیدەکردە بارمتەیەك و بۆ ماوەی 26 ساڵ لە بەندیخانەدا بیهێڵێتەوە تاکو چەك بە پەکەکە دابنێت و ڕادەستیان بکات ، یاخود هەر هیچ نەبێت سازشیان پێبکات. بێگومان گەر ئەو پێگەیەی لێبسەنرایەتەوە ئەوە کارئاسایی لەگەڵ خودی پەکەکە دەکرا و هاوکاتیش ئۆجەلانیش بەرەڵا دەکرا یا حوکمێکی ئاسانتری بەسەردا دەسەپێنرا .
دوو: چی تر ئۆجەلان نەدەبووە گۆشتی گەردەمل و پەکەکە لە دیلێتی ئۆجەلان ڕزگاریان دەبوو، خۆیان بە خۆیان بیریان دەکردەوە و خۆیان خاوەنبڕیاری خۆیان دەبوون نەك ئۆجەلان. ئەو کاتە قەندیل دەبووە چەقی وتووێژ و ڕێکەوتن لە لایەن تورکیاوە ، نەك خودی ئۆجەلان ، بەمەش هێزی خۆیان و گەورەیی خۆیان لای دەسەڵاتدارانی تورکیا نیشان دەدا و ئەوانیش بە هێزێکی داخوازیی نەتەوەیی بۆ کوردی باکور دەیانبینی نەك وەکو جانتاکەی دەستی ئۆجەلان و پاشکۆبوون بەو .
بەداخەوە پەکەکە ئەمەی نەکرد و ساڵانێکی دوور و درێژە و ئێستاش باجەکەی دەدات .
|
|
قهندیل بهپهیامێك گۆمهكهى شڵهقاند.. گەورەترین پاساو لەدەستی نەیارانی ڕۆژئاوا دهردههێنرێت https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=253528