پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن گه‌وره‌ترین درۆیه‌که له مێژوودا، كه له بەرامبەر خه‌ڵكانی ئاسایی بێده‌سه‌ڵات ئەنجامدراوە
زاهیر باهیر/ له‌نده‌ن/ 17/09/2013
ئه‌وه‌ته‌ی مێژووی ململانێی چینایه‌تی سه‌ریهه‌ڵداوه، له‌و كاته‌وه‌ی كه توێژاڵی ده‌سته‌بژێر و چینی سه‌روه‌ر خوڵقاوه، له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ی كه سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی، جا ئیدی له هه‌ر شێوە‌یه‌كیدا بووبێت سه‌پێنراوه ، هه‌رچییه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سته و چینه داپڵۆسێنه‌رانه‌وه بۆ سه‌ركوتكردنی فه‌رمانپێكراوان و له خشته‌بردنیان كرابێت، ئه‌وه‌نده‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له مێژوودا، كارایی خۆی بۆ ماوه‌یه‌كی ئاوا دوورودرێژ له‌سه‌ریان، دانه‌ناوه. تا ئێستاش وه‌كو چه‌كێكی كۆمه‌ڵكوژ له‌لایه‌ن سه‌روه‌ران و ده‌سته‌بژێره‌وه، چه‌كێكی خۆكوژیش له‌لایه‌ن بێده‌سه‌ڵاتانه‌وه، له گه‌لێك شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا به‌كارده‌برێت.
مێژووی ڕه‌شی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژارندن له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا و خۆراوا و وڵاتانی دیكەی گه‌شه‌كردوو، نه‌وه یه‌ك به‌دووایه‌كه‌كان گه‌ر ژیان مۆڵه‌تی دابێتن، لایەنیكه‌م نۆ تا ده جارێك بینیوویانه و چه‌ندجارێكیش خۆیان له‌م یارییه‌دا به‌شدارییانكردووە، كه گوایه ئه‌مه ته‌نها ڕێگەیه‌كه و ڕێگەیه‌كی مه‌ده‌نیانه و ئاشتیانه‌یه، ڕێگه‌یه‌كه كه خه‌ڵكی مافی خه‌ڵكانی دیكه ده‌بینێت و ده‌ناسێت، كه ئیدی له‌وێوه گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له‌ژێر “فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ل بۆ گه‌ل” دا ، سه‌رچاوه ده‌گرن.
ده‌ردی كوشنده‌ی ئه‌م خۆره‌یه، ئه‌م چه‌كی خۆكوژییه، ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك زیاتره له سایەی ڕامیاره‌كان [سیاسییەكان] و نوێنه‌ران و كۆمه‌كارانی لیبراڵ و ئابووری لیبراڵ و بازاڕی ئازاد‌دا وه‌كو خه‌ڵاتێك ، له‌لایه‌ن ئه‌مانه‌وه به هه‌ندێك وڵات كه له ڕێگه‌ی میلیته‌رییه‌وه یا ئابورییه‌وه به پاڵپشتی كۆمپانیا و ده‌زگه دراوییه‌كانیانه‌وه، داگیریانكردوون، دراوه . له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌شدا عێراقه و له‌نێو عێراقیشدا كوردستانه.
هات و هاواری هه‌ڵبژاردن و شه‌ڕه‌په‌ڕۆو شه‌ڕه‌ده‌ست و هه‌تا شه‌ڕه‌چه‌كیش، ئه‌مڕۆ له كوردستاندا، هه‌موو هاووڵاتییه‌كی له‌م پرۆسه شوومه به ئاگاهێناوه‌ته‌وه. ڕێكلامه‌ی یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامییه‌كان و زیاتر له 30 پارت و ڕێكخراوی دیكە، به‌ڵێنی فشه و پێشبینیكردنی باشتری ژیانی ڕه‌شه‌خه‌ڵكه‌كه و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و گه‌لێكی تر له‌وانه، له‌كاتی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات لای هه‌ر كامێكیان، گوێی هه‌مووانی پڕكردووه و ئومێدەواری كردوون، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن گۆڕان و ئیسلامییكانه‌وه، ئه‌مه له كاتێكدا كه ئه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌كیان ده‌یانه‌وێت، ته‌نها ئاڵوگۆڕكردنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییه [سیاسییە] نه‌ك سیسته‌مه‌كه، گۆڕینی ده‌م و چاوه‌كان و پڕكردنی گیرفانی تاكه جیا جیاكانه، نه‌ك گۆڕینی ژیانی خه‌ڵكه ئاساییه‌كه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان نه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌واندا ده‌كرێن و نه له سه‌ره‌وه‌ش دەتوانرێت بكرێن، به‌ڵام له‌تەك ئه‌وه‌شدا هیچكام له‌م لایه‌نانه به‌رنامه‌یه‌كی ئاوایان پێنییه، كه به‌ژیانی خه‌ڵكییه‌وه، په‌یوه‌ستبێت ، ئیدی له‌وه‌ی گه‌ڕێ كه بۆیانده‌كرێت، یا خۆیان وته‌نی بۆیانده‌گۆڕدرێت.
ئیمه‌ی ده‌نگده‌ر هه‌رگیز نابێت بڕوا به ڕامیاره‌كان بكه‌ین، چونكه ئه‌وان ته‌نها به ته‌نها دوای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان و خێزانه‌كانیان ده‌كه‌ون، ئه‌وان درۆزن و ساخته‌چی و ڕامكارن [سیاسه‌تبازن]. من ئێستاش پاش 50 ساڵ، ھێشتاكە ده‌نگی هه‌ندێك له پیره‌كانی هاوته‌مه‌نی باپیره‌م، له گوێم‌دا ده‌زرنگێته‌وه، كه له كوێره دێیه‌كدا ده‌ژیاین، ئەگه‌ر باسی كەسێكی ساخته‌چی و فێڵبازیان بكردایه، ده‌یانوت “به‌خوا سیاسه‌تبازه ! ”.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش، ئێمه له پرۆسه‌ی دیمۆكراسی پارلەمانییدا، به‌باشی ده‌یبینین هه‌ر كه‌س جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست، نه‌ك هه‌ر له كوردستاندا، به‌ڵكو له هه‌موو جیهانیشدا، ناتوانێت گۆڕانكارییه‌كی بنه‌ڕه‌تی، له ڕێگەی هه‌ڵبژاردنه‌وه بكات، بۆیه هه‌ر كه‌سێك و هه‌ر پارتێك له‌و پله‌و پایه‌یه‌دا بێت، ناتوانێت له بازنه‌ی وابه‌سته‌یی بۆ بازاڕی ئازاد، بۆ ڕامیاری [سیاسه‌تی] نیو-لیبراڵ و كۆمپانییه گه‌وره‌كان و بانكه‌كان و ده‌زگه دراوییه‌كانی سه‌رده‌م، ده‌ربچێت، كه له ئێستادا له هه‌موو كونجێكی ئه‌م دونیایه‌دا به‌ئاشكرا دیاره ڕامیارییەكانیان شكستیانهێناوه و جگه له بێكاری و هه‌ژاری و نه‌بوونی و بێخانووبهرهیی و وێرانكردنی ژینگه و جه‌نگ و كوشتوبڕ، نه‌ك هه‌ر مرۆڤ، به‌ڵكو له‌نێوبردنی ئاژه‌ڵ و ته‌واوی گیانله‌به‌رانیش و زۆری دیكە له‌مانه، زیاتر شتێكی دیكه‌ی بەرھەمنه‌هێناوه.
جێگەی به‌زه‌یی و داخه، كه خه‌ڵكانی چه‌وساوه و زه‌حمه‌تكێش، له كوردستانێكدا، له گه‌نده‌ڵستانێكدا، له وڵاتێكدا كه نه‌ك خۆیان ئه‌زموونێكی چه‌ند ساڵه‌ی مێژووی ڕه‌شی ئه‌م گه‌مه ڕامیارییه‌یان هه‌یه، بگره خه‌ڵكانێكی زۆریش له نێویاندا ئەزموونی وڵاتانی دیكەشیان، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌م گه‌مه و كایه‌یان به ئێمه ناساندوه و هه‌نارده كردووه، بینیوه. ته‌نها به تێڕامانێكی كه‌م له مێژووی چه‌ند ساڵێكی ئه‌و پرۆسه شوومه له وڵاتانی خۆراوا و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكەی گه‌شه‌كردوودا، ده‌بینرێت، گؤرانكارییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردووه، ئیدی ده‌بێت چۆن له كوردستان و شوێنه‌كانی دیكەدا چاوەڕوانیمان ھەبێت ئه‌و گۆڕانكارییه به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێت، له كاتێكدا كه بنەڕەتی پرۆسه‌كه له‌و وڵاتانه‌ی كه به‌رهه‌میان هێناوه و بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژه به‌كاریده‌هێنن، شتێكی ئاوای نه‌گۆڕییه‌وه، ئه‌ی ئێستا چۆن كۆپییه‌كی خراپی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌توانێت له كوردستانێكی وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌یبینین، كاربكات و شتێك بگۆڕێت؟!!! به ڕاستی جێگەی سه‌رسوڕمانه !!!!.
دیاره ئه‌مه‌ش كه من سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردن ده‌یڵێم، خه‌ڵكانێك هه‌ن له تاك و له‌لایه‌ن و ڕێكخراو و پارته ڕامیارییەكان ده‌یڵێن و نه‌ك هه‌ر بایكۆتی ئه‌م پرۆسه‌یه‌شیانكردوه، به‌ڵكو داواش له هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، كه ئه‌وانیش بایكۆتی بكه‌ن. بایكۆت و ڕێكلامه له تۆره كۆمه‌ڵایه‌تیییه‌كاندا و كه‌مپه‌ینی گه‌وره‌ی ‘نا’ بۆ هه‌ڵبژاردن كارێكی له‌به‌رچاوه و بووه‌ته ڕێڕه‌وێك و شه‌پۆلێك له جه‌ره‌یانی خودی پرسی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگداندا.
بێگومان بایكۆتكردن و كه‌مپه‌ینی بایكۆتكردن جێگەی دڵخۆشییه و لای من دەربڕی چوونه‌پێشه‌وه‌ی هوشیاری و بۆچوونی خه‌ڵك و تێگه‌یشتنیانه له‌م ساڵانه‌ی دوواییدا، دەربارەی ئەو پرۆسه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانهیە. ئه‌م پێشه‌وه‌چوونه‌ش به ئاشكرا ده‌بیبین به به‌راوردكردن به هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتر، كه ئه‌وانه‌مان له‌گه‌ڵ بایكۆتی هه‌ڵبژاردندا بووین ، كه‌مینەیەكی زۆر زۆر كەم بووین.
له‌م بایكۆتكردنه‌دا كۆمه‌ڵێكیش له خه‌ڵك هه‌م وه‌ك تاك و هه‌م وه‌كو ڕێكخراو و پارت به‌تایبه‌ت هه‌ندێك له چه‌په‌كان، ده‌بینین، كه له ڕوانگه‌ی ناپاكیی [نا نەزیھی] خودی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه، به‌شداریناكه‌ن، گوایه به‌شداریكردنێكی ئاوا له كوردستاندا دادپەروەرانە ئەنجامنادرێت و پڕ ده‌بێت له ساخته به هه‌موو چه‌شنه‌كانییه‌وه، بۆیه، به قه‌ولی ئه‌وان، هه‌رچی بكرێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه، پاك و ڕەوا [شەرعی] نابێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌وان له هه‌ڵبژاردن بەشداریناكەن و ده‌كشێنە و بایكۆتیده‌كه‌ن.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م خه‌ڵك و لایه‌نانه، جێگەی داخێكی زۆره، چونكه ئه‌وان ئه‌وه نابینین كه خودی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ساخته‌یه، فێڵێكی ئاشكرایه و بۆ له‌باربردن و خاوكردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی داهێنراوه، ئیدی گرنگ نییه، كه له هه‌ڵبژاردندا دزی و ساخته هه‌بێت یا نه‌بێت، بكرێت یا نه‌كرێت. پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارندن و ده‌نگدان داوێكه، ته‌ڵه‌یه‌كه بۆ خه‌ڵكی، تاكو له‌جیاتی به‌كارهێنانی چالاكی ڕاسته‌وخۆ ، چالاكی ناراستەوخۆ [ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن] هه‌ڵبژێرن، له‌جیاتی نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌وخۆ، ڕەدووی سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی په‌ڕلمانته‌ری بكه‌ون، لەجیاتی بڕواكردن به خۆیان و پشتگرتنی یه‌كتری، بڕوا بكه‌نه سه‌ر نوێنه‌ره‌كان و پشتی ئه‌وان بگرن، له‌جیاتی لاوازكردنی سیسته‌مه‌كه و به‌لاوه‌خستنی، به‌هێزیبكه‌ن و به‌رده‌وامی پێب‌د‌ین، لەجیاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه و شێواندنی پێكھاتەكەی ” نوێنەرایەتی ڕامیارەكان بۆ گه‌ل” ، كه له‌خشته‌بردنی گه‌له به‌ناوی خودی گەلەوە، به‌ڕێده‌كرێت، كاری ئێمه ده‌رخستنی ڕووی ڕاستینه‌ی سیسته‌مه‌كه و فریوكاریی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه و دروستی تێگه‌یشتنمانه له پێكھاتەی فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ل بۆ گه‌ل واته خۆ به‌ڕێوه‌بردنی گەلیی .
فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ل یا خۆبه‌ڕێوه‌بردنی گەلیی واتە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خودی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی سەرووخەڵكی، پێكه‌وه‌ژیانه له‌نێو كۆمۆنێتییه‌كه‌دا، بڕیاردانه به هه‌ره‌وه‌زیانه و كاركردنی هه‌ره‌وه‌زیانه و ژیانی هه‌ره‌وه‌زیانه‌یه، كه له‌م جۆره ژیانه‌دا فه‌رمانڕه‌وایی، سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ، خاوەندارێتی تایبەت، سیاسه‌تبازێتی، كاركردن بۆ به‌ئه‌نجامدانی سوود و قازانج له‌تەك هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه بێسووده بۆ خود و به‌های مرۆڤ، هه‌ر هه‌موویان، له‌نێوده‌چن. كه سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ش له‌سایەی هه‌موو چه‌شنه فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كی سەرووخەڵكیدا، هه‌موو جۆره نوێنه‌رایه‌تییه‌كدا، ھەموو جۆره په‌ڕله‌مانتارییه‌كدا، نه‌ك هه‌ر له‌نێو ناچن، به‌ڵكو له گه‌شه‌و بره‌ویشدا ده‌بن.
بەكورتی، تێگه‌یشتنی ئێمه سۆشیالیسته ئازادیخوازه‌كان بۆ پرسی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان، ئه‌مه‌یه و له‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌ره‌وه بایكۆت و دژایه‌تی هه‌ڵبژارندن ده‌كه‌ین، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له جیهاندا به گشتی و له كوردستانیشدا به‌تایبه‌تی، ساخته‌یه و له پاكی و ڕەوایییه‌وه دووره.