Categories
Kurdish

جەنگە نهێنییەکانی بریتانیا:

Britain’s Secret Wars

 T.J Coles                             زاهیر باهیر

                                          24/04/2018

جەنگە نهێنییەکانی بریتانیا:

لەم پۆستەدا من خویندنەوە بۆ ئەو کتێبە بەهادارەی کە ساڵی 2016 دەرچووە ناکەم ، تەنها ئەوەندەی بکرێت چەند دێڕێکی لەسەر دەنوسم و گەلێك لە نهێننییەکانی دروستکردنی جەنگەکان لە لایەن دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمریکا و بریتانیاوە ، کە زۆرێك لە ئیمە نایزانین ، دەخەمە بەرچاو و هیوادارم ئەوانەشی کە ئینگلیزی دەزانن بتوانن ئەو کتێبە لە هەلێکدا بخوێننەوە.

لەم کتێبەدا باس لە ڕۆڵی برتیانیا و دەزگە سیخوڕییەکەی کە ناوی MI6 [ ئێم ئای سکس ] لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕانەی کە کراون و دەستوەردانی ئەم دەزگەیە و حکەمەتە یەك بەدوایەکەکانی بریتانیا کە لە نێوانی ساڵانی 1583 و 1914 وە کە تەدەخولیان لە لە 171 وڵاتا لە سەرجەمی  193 ولاتا کردووە.

بەڕاستی کە ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە و گەر هەستی مرۆڤایەتییت تیادا بێت تف و نەحلەت بۆ دامەزراوەی سیاسی و ئابووری بریتانی کە حکومەتەکانی  و دەزگە سیخوڕییەکانی ڕەنگەدانەوەی ئەو سسیستەم و سییاسەتانەیە ، دەکەیت،  ئەمە جگە لەوەی کە وەکو من دەبیتە یەك پارچە ڕك و کینە و کاتێکیش کە هیچت بۆ ناکرێت ، هەر گێنگڵ دەخۆیت  و خۆت دەخۆیتەوە و حەز دەکەیت ببیتە بورکانێك و دونیا سەرەو ژێر بکەیت .  هاوکاتیش ڕك و کینەشت ئەستورتر دەکات سەبارەت بەو گەمژانەی کە ئەم وڵاتە بە دایکی دیمۆکراتییەت دەزانن و چاوەڕوانی پەخشکردنی دیمۆکراتییەت و بە خەڵات ناردنی دەکەن بۆ ولاتانی خۆیان و وەکو نمونەیەکی سەرلەبەر لە مافی مرۆڤدا ڕای دەگرن.

ئەم کتێبە پێشەکییەك و 14 چاپتەرە و بەرەنجامێکە ، کە تیایدا باس تەنها لە 14 وڵات دەکات کە چۆن بریتانیا دەستی چەپەڵی خۆی گەیاندوەتێ و وەیشومەی شەڕ و مردن و وێرانکاری و نەبوونی و برسێتی و نائومێدی بەسەر جەڵکەکەیدا ، بەخشیوەتەوە.

لە هەموش، بۆ نەگبەتی ، خۆشتر ئەوەیە کە بە دۆکۆمێنتەوە ئەوانەمان بۆ دەسەلمێنێ کە چۆن هاوکات یارمەتی حکومەتە بکوژ و بڕەکان کراوە هەر ئاواش هاریکاریی موعارەزەکانیشیان کراوە .

سەبارەت بە هندستان و دەستتێوەردان و حوکمکردنیدا لە ناوەڕاستی چەرخی ڕابوردوودا کە بریتانیا چۆن بووەتە هۆی مردنی 29 ملیۆن کەس لەوێ .

 لە دوای ساڵی 1840 وە بریتانیا لە هەوڵی لاوازکردنی ئابوریی وڵاتانی دیکەدا بووە لە ڕێگای هێنانە خوارەوەی نرخی کاڵاو پێداویستییەکانی ئەو وڵاتانەدا بە ناردنی بەروبومی خۆی بۆ ئەوێ بە نرخێكی یەکجار هەرزان بۆ تێشکاندنی ئابووریی کشتوکاڵی و پیشەسازی ئەو وڵاتانە.

لەساڵی 1997 دا دۆکۆمێنتێك لە لایەن Chatham House [ کە مەعهەدێکی خێزانی مەلیکییە کە بە حساب سەربەخۆیە و سەبارەت  بەکاروباری جیهانی، سیاسەت دەکێشێت بۆ سەقامگیرکردنی ولاتان ]  لەو دۆکۆمێنتەدا سیاسەتی دەرەوەی برتیانیای بۆ چەرخی 21 تیادا کێشراوە ، ئەمەش ئەوەندە گەورەیە بووەتە کتێبێك و کە لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوەی  وەکو بانق و کۆمپانیای نەوت  و ئەوانی دیکە  کۆمەكی پێکراوە و پشتگیریی لێکراوە .  لێرەدا واهاتووە کە سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە ئەو پەڕی نهێنی پاراستنی دەوێت.  ئەم دۆکۆمێنتە ، یا ڕاسستر ئەم کتێبە گەرچی ساڵی 1997 سەردەمی حوکمی لەیبەر [ کرێکاران] کەوتە ڕوو بەلام لە سەرەتای گەرمەی جەنگەکانی صۆمالیا و ڕوانداو هەیتی و ئەوانی تری 192 و 1994 دا نوسراوە و کاری لەسەر کراوە.   لێرەدا سەبارەت بە هاریکاری حکومەتی تورکیا دژ بە کوردەکان و ڕاهێنانی بەشێك پۆلیس و سیخوڕی تورکیا کراوە بۆ سەرکوتکردن و ڕاگواستنەوەی کوردەکانی باکور.   هەر لەم دۆکۆمێنتەدا [کتێبەدا] باس لە گڵۆبەڵایزیشین دەکات کە چۆن بتوانرێیت بەروبوومی سروشتی وڵاتانی دیکە تاڵانبکرێت و بەکاربهێنرێت ، بێ گومان بۆ بەرژەوەندی بریتانیا و کۆمپانییەکانی .

لەم کتێبەی سەرەوە ، جەنگە نهێنییەکانی بەریتانیا ، باس لەوە دەکات کە چۆن بریتانیا ڕاهێنانی بە هێزێکی حکومەتی سربلانکە کردووە بۆ سەرکوتکردن و پاکتاوکردنی نەیارانی کە لە ساڵی 2009 داسوپای سریلانکە  توانی 40 هەزار تامەلی لە شوێن و زێدی خۆیان هەڵکەنێت.

لە بەشی سوریا-دا دەڵێت  ئەم ولاتانە هەر بە کەڵەگایی هێڕشیان کردە سەر سوریا ، چونکە چارتەری 51 ی ساڵی 1945 و ” دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەڵێت: لە دوو حاڵەتا دەتوانیت هێڕشی سەربازی بکەیتە سەر ولاتێك ، کاتێك کە بەرگریی لە خۆت دەکەیت و کاتێكش کە بە بڕیاری دەوڵەتە یەکگرتووەکانە.

لە دۆکۆممێنتەکەی 2005 دا بەشی سیخوڕیی ئەمەریکی ، سی ئای ئەی، پێشبینی ئەوەی کردووە کە ڕاپەڕین دژ بە حکومەتە هەڵنەبژێڕراوەکان دەکرێت ئەوەبوو لە ساڵی 2010 و 11 دا ڕوی دا.

ئەمەریکاو بریتانیا سەبارەت بە گۆڕینی حکومەت لە تونس و میسردا ڕایان وا بووە کە موبارەک و بن عەلی دوای پلانەکەی ئەمەریکا نەکەوتن لە بەرزکردنەوەی نرخداو لە داشکاندنی باج لەسەر هەناردەکانی ئەوان و تەواونەکردنی پرۆسەی بەتایبەتی کردنی کەرتە حکومییەکان. لەبە ئەمەش بزنسئ ئەمەریکی و ئەوروپی دەیانەوێت لەدەست موبارەک و بن عەلی ڕزگاریا ببێت  .  هەرچیش سوریا و لیبیایە ئەوە حسابیان  سەر بە کەمپی ڕووسییا بۆ کراوە و زۆربەی بەروبوم و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و نەوتە بەدەست دەوڵەتەوەیە. گەرچی ڕایان وابوو کە ئەسەد ڕیفۆرمی کردووە بەڵام هەر لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە.

نوسەری کتێبەکە دەڵێت هەوڵی ئەمەریکا و بریتانی دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان کە گروپی تیرۆریستی ئیسلامییا لە پاکستان و ئەفغانستان و چین و میسر وفلیپین چەند وڵاتێکی دیکە دروست کردووە، تاکو ڕوسیا بئاڵێننە شەڕی ئەفغناستانەوە و زەفەری پێبەرن وەکو بردیان .

دەڵێت سەرچاوەیەکی سیخوڕی پێی وتووە کە ئێم ئای 6 لە ساڵی 2010 دا  کە لە ڕێگای  100 هەزر سەربازەوە سوریا داگیربکەن بە یارمەتی گروپە تیرۆریستەکان ، بۆ ئەمەش ڕاهێنان بە زۆرێك  لە تورکیا کراوە و بە نهێنی لە لیبیا و لە باکوری لوبنانیش .  بەدۆکۆمێنت نیشای دەدات کە کابرایەكی سەرەكتیرۆریستان بە ناوی ئال-هەراتی 200 هەزار یورۆی پێدراوە ، ئەمەش کەشف بوو چونکە ئەم پارەیە دز چووە سەری و پارەکەیان دزیی ، کاتێك کە پۆلیس بانگکراوە ئەو بە پۆلیسی وتووە ئەو سەفەری فەرەنسا و ئەمەریکا و قەتەر و سعودییەی کردەو ئەم پارەیەی پێدراوە تاکو لە لیبیا بتوانێت پیلان دژ بە قەزافی بگێڕێت ، ئەمە لە ساڵی 2011 دا کەشف بوو.  پەیمانێکی تایبەتی لە نێوانی ئۆباما و ئەردۆگانا لە ساڵی 2012 دا  واژۆ کراوە کە تورکیا نێوەندێك بێت هەم بۆ ڕاهێنانی گروپە تیرۆریستەکان لە لایەن سیخوڕەکانی ئەمەریکا و برتیانیاوە و هەم بۆ گواستنەوەی چەك بۆ لیبیا و بۆ سوریا [ ئەمە ئەوە دەگەیەنێت  کە ئەمە سڕە و سڕی زیاتریش هەیە لەژێر دەستی ئەردۆگانا بۆیە ناتونن هیچی پێبکەن و بڵێن ، چونکە خۆیان سەری تیرۆریستەکانن و ئەردۆگان تەنها یارمەتیدەر بووە لەو ساڵانەدا]

سەبارەت بە لیبیا : ئەم وڵاتانە هەر لە سەرەتاوە چاویان بڕیوەتە سەروەت و سامانی سروشتی لیبیا، هەر لە ساڵانی حەفتاکانەوە ئەمان لە پلان و پیلانگێڕێتییدا بوون دژ بە لیبیا،.  لە مانگی شوباتی ساڵی 1996 دا پیلانێکیان دژ بە قەزافی گێڕا کە دەزگەی سیخوڕی بریتانیا 100 هەزار پاوەنی لەوەدا سەرفکرد  لە ڕێگای تۆڕێك لە ئەفسەر و سیخوڕەکانی خودی لیبیاوە کە لە دوای ساڵی 2000 وە دەرکەوت کە سەرۆکی تۆڕی سیخوڕی لیبیا ، موسا کۆسە ، کە گوایە دەبڵ سیخوڕ بووە هەم هی لیبیا  و هەم هی ئێم ئای 6 ی بریتانی .  ئەمان هەر زوو بنکەی خۆیان لە شاری  بەنغازی کە بنکەیەکی بە هێزی موسڵمانە تیرۆریستەکانی لیبیایە ، داکوتا و کەوتنە یارمەتی ئەوان.

لە کاتێكدا کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەم وڵاتانە بە هاوکاری گرۆپە تیرۆریستەکان مناڵانی لیبییان دەکوشت دەیڤد کامیرۆنی سەرەك وەزیرانی بریتانیا تەسریحی دا وتی : لیبیا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەفەریقی و نۆیەمین سەرچاوەی نەوت و غازە لە جیهاندا .  تەماشای ئەم چاوتێبرینە بکەن  کە پیلانەکەیان 50 هەزار کەسی کوشت و کولفەی خەسارەی لیبیاش چووە 200 ملیار دۆلار . بەم شێوەیە ئەو کنەکردنەی کە ئەم دەزگە سیخوڕییانە کردیان ئەوە بوو لە ساڵی 2011 دا بۆیان چووە سەر و بە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە شاد بوون.

سەبارەت بە عێراق:  ئەوە خۆمان دەزانین کە چییان کرد بە عێراق بەڵام لێرەاش زۆریان کرد بۆ گەمژاندنی مرۆڤی برتیانی تا ئەو ڕادەیەی تەنها لە سەدا 6 یان دەزانن کە 1.03 ملیۆن عێراقی سەرەنجام بریندار و پەککەوتەو کوژراوە، لە سەدا 59 یان  وائەزانن کە خەسارەی عێراقییەکان  تەنها 10 هەزار کەس بووە  ئەمە بە گوێرەی پوڵیکی نوێ . لەم کتێبەدا واهاتووە کە کۆڵۆنیالی بریتانی دێرك هارڤی وتویەتی کە مەترسی سەرەکی لە عێراق دا زەرقاوی و گروپە ئیسلامییە تیرۆریستەکان نییە ، بەڵکو کەسەکانی ڕژێمی پێشوو دۆستەکانییەتی.  هەروەها هارڤی ئەوەشی وتووە کە بۆ مەبەستی پاگەندە هەر کەس دژ بەداگیرکردنی عێراق بوایە بە قاعیدە دراوەتە قەڵەم .  دەڵێت سەربازێک لە کوردستانا [ بەشی عێراق] لە ساڵی 2009دا وتویەتی کە لە عێڕاقدا 3 دەسەڵات هەیە ، حکومەتی مەرکەزیی ، هەرێم و دەسەڵاتی داعش [ سەیرە ئەو کاتە ئێمە هەر ناوی داعشمان نەبیستبوو کەچی ئەو وا دەڵێت]

نوسەری ئەم کتێبە ڕای وایە  تەسلیمکردنی موسڵ تاکتیکێك بوو دژ بە کوردەکان ، کە هەر پێشمەرگە بوو کە شەڕی دژ بە داعشیان کرد .  دەڵێت لە حوزەیرانی 2014 دەدا  وەزیرێکی حکومەتی شیعە بە World Next Day  وتووە کە ئیدارەی ئۆباما بۆ دوو مانگ بوو دەیانزانی کە داعش هێڕش دەکاتە سەر دوو شاری عێراقی کە لەئێستاشدا هێڕش بۆسەر بەغداد دەکەن و لە تورکیاش ڕاهێنیان پێکراوە.  داعشیش لە لایەن سعودییەوە هاریکایی و کۆمەك کراوە کە بە گوێرەی دۆکۆمێنتێک سعودییە 3 ملیار دۆلار کۆمەکی بە جیهادییەکان کردووە.  دەڵێت قونسلییەتی ئەمریکی لە بەغداد لە ڕۆژی 2/6/14 زانیویانە کە داعش موسڵ داگیر دەکات بەڵام بە مالیکییان نەوتووە..

دەڵیت یەکێکی سەر بە هێزی  دژە تیرۆری پێشینەی ئەمەریکی وتویەتی:  زۆرێك سەرمایەگوزارییان لە تورکیا لە بزنسی توندڕەوەکانا کردووە .. ئەگەر ڕووبەڕووی ئەوە ببیتەوە و لێپێچینەوە بکەیت ئەوە پرسیاری زۆر گرنگ دەوروژێنێ سەبارەت بە جەنگاوەرەکان، قازانجەکانیان و ئەوانی دیکەی لە جەنگ سوودمەندبوون، ئایا ئەمە تەحەمولی ئەوە دەکات کە تەنگ بە تیرۆریستەکان  هەڵبچنرێت؟

لە ڕەدەڵ و بەدەڵەکەی تورکیاو داعش دا بۆ ئەو ژمارە کەمەی قونسلییەتی تورکیا لە موسڵ، تورکیا 700 کەسی بەرداوە کە هەندێکیان ، جیهادییە بریتانییەکان بوون.

کاتێکیش کە حەملەی خەڵك پەیداکردن بۆ داعش لە ئەمریکا و بریتانیا و فەرەنسا دەستی پیکرد بە خەڵك دەوترا ” وەرە بۆ سوریا لەوێ شەڕ لە بەرانبەر پارەی نەختینە و ژن-دا هەیە،   بەم شێوەیە وڵاتی خۆمان بەجێهێڵا و روومانکردە سوریا”

دەربارەی ئێران:   دەڵێت بەشێکی گرفتی ئەمەریکا و بریتانیا لەگەڵ ئێرانا ، ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی پاکستان و ئەفغانستانەوە بۆری نەوت و غاز بۆ هیندستان و چین، بنێرێت.  ئەش بەرژەوەندی ئەنگلۆ-ئەمەریکی دەخاتە مەترسییەوە.  بۆ ئەمەش ئیسرائیل و ئەمەریکاو بریتانیا [ تۆڕە سیخوڕییەکانیان] کەوتنە جەنگی چەپەڵەوە دژ بە ئێران .  لە دەمی سەرۆکی تۆڕی سیخوڕی بریتانیاوە، جۆن ساوەرس لە ساڵی 2012 دا ئەوەی درکان کە دەزگە سیخوڕییەکان لە 2008 وە لە ئێرانا کنەیان دێت.

ئەوەش کەشف بووە کە لە مانگی نیسانی 1980 دا هێزی تایبەتی بریتانیا ڕاهێنانی بە 28 بو 30 لە پیاوەکانی خومەینی کردووە.

هەر لێردا هاتووە کە دەزگە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا و بریتانیا 5 لە پسپۆڕەکانی ئەتۆمی ئێرانیان کوشتووە ، کە ئەمانەن: موستەفا ئەحمەدی-ڕۆشەن، مەسعود عەلیمۆحەمادیی، ئەردەشێر هۆشینپاوەر، دەروێش ڕەزانجادیی و مەجید شەهراریی.

یەمەن:  لە کۆتایی حەفتاکانا سی ئائ ئەی و ئێم ئای 6 هەندێك لە یەمەنییە فاشستەکانیان ڕاهێنان پێدەکرد تاکو ڕوسیا ڕاکێشنە ناو شەڕەکەی ئەفغانەوە، ئەمەش لە دەمی ڕاوێژکاریی قەومی جیمی کارتەری سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ، کە برێزنسکی بوو، درکێنرا.  پلانەکەش کاری پێکرا و توانرا ڕوسیا بۆ شەڕەکە ڕاکێشرێ و ئیفلاسی پێبکات و سەرەتا بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی شوورەوی.

ئۆکرانیا:  کێشەی ئەمەریکا و بە تایبەت ئەوروپا لەگەڵ ئۆکرانیا کێشەی ئابوریی بووە ، هەر لەبە ئەوەش سەرجەمی کێشە سیاسییەکان ڕەنگدانەوەی مەسەلە ئابورییەکە بووە .  کاتێک کە ئۆکرانیا سەربەخۆ بوو لە ساڵی 1991 بووە خاڵی بەیەکادانی ڕوسیا و  ڕۆژاوا و ئەومەریکا. لە سەدا 17 دانیشتوانی ئۆکرانیا کەمایەتی ڕوسین لە سەدا 50 ی مامەڵەی ڕوسیا غاز و نەوتە بەم شێوەیە ئۆکرانیا دەروازەی چوونەناوەوەی ڕوسیایە بۆ ئەوروپا، هەر وەکو چۆن مەکسیکۆ بۆ ئەمەریکا بایاخی تایبەتی خۆی هەیە بەو چەشنەش ئۆکرانیا بۆ ڕوسیا.  بەدەستهێنانی وزە  مەبەستی سەرەکی بریتانیایە،  دوای ئەوەش هێزی کاری هەرزان وکاڵا دێت هەروەها بۆ ئەوروپاش گرنگە کە لە سەدا 80 ی غازی ڕوسیا بە ئەوروپا دەفرۆشرێت. ئەمانە هەمووی وادەکات کە جەنگی نێوانی ئەم 3 لایەنە بەردەوام بێت ئەو هەموو دەنگەدەنگەی ئیعلام و خۆجیڕکردنەوە لە یەکدیی و سیخوڕی ئەمەریکا و برتیانیا و دەستوەردان لە حکومەتی ئەوێ و بەشداری پرۆتێست و خۆپیشاندانەکان لە لایەن سەر بە ئەوروپییەکان و ئەمەریکییەکانەوە هەمووی بۆ ئەوەیە ،  نەك بۆ مافی مرۆڤ و بەهاو بەرژەوەندییەکانیان.

سریلانکە : وڵاتێکی دیکەیە کە لە م کتێبەدا هاتووە و ڕۆڵی سسیخوڕەییەکان و سیخورەکانی برتیانیا بە ئاشکرا دەردەخات کە هەندێك ڕاستیی کە تا ئێستا زۆربەی هەرە زۆرمان نەمانبیستوە.  ئێ جۆنیشی ببیستین بێ گومان میدیا هەرگیز باس لە ڕؤڵی سیخوڕەکان ناکات لە وێرانکردنی وڵاتان و کوشتن و بڕێنی خەڵکانی هەژاردا.

  لێرەدا باس لە یارمەتی و ناردنی چەکی بریتانی بۆ حکومەتی سریلانکە دەکات کە لە ساڵی 2009 دا بوە هۆی ڕاماڵینی تامەلییەکان لە زێدی خۆیان و کوشتنی 40 هەزار کەسی سیڤل.  جەنگی ئەهلی لەوێ لە ساڵی 1982 دا بەڕێوە بوو ، هەر لەو کاتەوە بریتانیا لەسەر داخوازی حکومەتەکەی هێزی بۆ کارو ئامانجی  تایبەتی لەوێ پێکهێناوە بەناوی دژە تئرۆرەوە ئەمەش لەژێر ناوی دامەزراندنی کۆمپانیایەکدا بۆ درێژەدان بەو کارە،  هاوکاتیش موسادی ئیسرائیلی ڕاهێنانی بە هێزی تامیلییەکان دەکرد دژ بە حکومەت.

لە ساڵی 2004 دا بزوتنەوەی تامیل کەرت بوو Karuna [ کەرونە] جیا بووەوە لە تامیل و کەوتە شەڕ لەگەڵیان و توانی 6000 ئەندامی تامیلییەکانن بکوژێت .  دواتر دەرکەوت کە کەرونە پیاوی بریتانیا بووە و لە ساڵی 2007 دا بە پاساپۆرتێکی مزەوری دیبلۆماسیانە هاتە بریتانیا  کە پێی زانرا لەژێر فشاردا بڕیار درا کە دادگایی بکرێت   بەڵام دواتر وتیان کە بەڵگەی تەواو نییە تاکو بدرێت بە دادگا[ لەوە دەکات کە دەزگەی سیخوڕی بریتانی نەیهێشتبێت].  لە تەموزی 2007 دا حکومەت لەوێ بڕیاری دا کە بوجەی میلیتەری بە ڕێژەی لە سەدا 45 زیاد بکات هاوکاتیش قەبارەی سوپای ئەوێ بە 50 هەزار بۆ 168 هەزار زیاد بکات.

دوای جەنگی نێوانی تامیلییەکان ژمارەی چەکدارانییان دابەزی . ئەو 1000 کەسەشیان کە مابوو کوژران و ئیتر کۆتایی بە بزوتنەوەکەیان هات بەڵام لەسەر حسابی 40 هەزار مەدەنیدا.

بوجەی سوپای حکومەت لە ساڵی 2012 دا 2.1 ملیاردۆلار بووە کە لە ساڵی 2011وە بەڕێژەی لە سەدا 7 زیادی کرد..

لە چاپتەری 9 دا باسی کۆڵۆمبیا دەکات:   لە ساڵی 2010 وە بریتانیا چاوی بڕییە کۆڵۆمبیا کە وەسفیان دەکرد کە زۆر بە بایاخە بۆ هەناردەی بریتانی کە ئابورییەکی باشی هەیە لە ئەمەریکای لاتیندا و لەبارە بەهۆی ئەوەی کە کار بە منداڵ دەکرێ و chemical warfare ، تیمی تەسفییەکردنی موعارەزە و هێزی میلیشیا و سیاسەتی پاکۆدانی هەژارانی کەمایەتییە نەتەوەییەکان ، لە کۆڵۆمبیا هەیە[ ئەمانە زەمینەی لەبار بوون بۆ بریتانیا بۆ کردنی بزنس لە کۆڵۆمبیا] .  کۆڵۆمبیا لەسای هێزە میلییشیاکانی حکومەتەوە زۆربە خەڵکی مەدەنی لەنا بردووە هاوکاتیش بزوتنەوەی فارس-یش بەرپرسیار بووە لە لەناوبردنی لە سەدا 25 ی خەڵکی مەدەنیی. هێزە میلیشیاکان بەرپرسیار بوون لە بازرگانی لە سەدا 80 ی مادە هۆشبەرەکانی کۆڵۆمبیا.

لە کۆڵۆمبیا کێشەی زەوی کێشەیەکی سەرەکی بووە کە لە سەدا61.2 زەوی ئەوێ لە لایەن 10 هەزار خاوەنزەوییەوە کە بە ڕێژەی سەدی دەکاتە تەنها 0.4 دانیشوانی کۆڵۆمبیا، زەوتکراوە.  هەر ئەمەش بوو کە بزوتنەوی فارس لایەنگریی زۆریان هەبوو ، لە ساڵی 1998 دا لە سەدا 60 ی کۆڵۆمبییان کۆنترۆڵ کردبوو .  لە ساڵی 2000 دا زیاتر لە 317 هەزار کۆڵۆمبی بەناچاری ماڵ و زێدی خۆیان بەجێهێڵا.

لەو بەشەدا باس لەوە دەکات کە USB  کابرایەک کە پەیوەندی لەگەڵ هێزی میلیشیا هەبووە لە لایەن پۆلیسەوە گیراوە ، لەوێدا دەرکەوتووە کە 890 سیاسی لە لایەن ئەم کابرایەوە، بڤەە هەموویان  بە بڕی 1.5 ملیۆن دۆلار موچەیان بۆ بڕاوەتەوە [ دیارە هەمووان دەزانین کە ئەم بەرتیلە بۆ].

لە چاپتەری 10 دا دا باس لە Papua [پاپۆییە]

لە ساڵی 1962 ئەمەریکا فشاری خستە سەر هۆڵەندە تاکو ڕۆژاوای پاپۆیی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی UN  وە ، ئەمەش بەیارمەتی و کۆمەکی بریتانیا کراوە بە مشاورە لەگەڵ سوهارتۆی دیکتاتۆری سەرۆکی ئەو کاتەی ئەندەنوسیا کە ئەم کابرایە لە لایەن ئەمەریکا و بریتانیاوە دەستخۆشی لێکرا بۆ لەنابردنی 500 هەزار کۆمۆنیست و یەک ملیۆن جوتیاریش .  سوهارتۆ سی ئای ئەی و ئێم ئای 6 بریتانی هێنایانە سەرحوکم تاکو ئەوەی کە خۆیان ناتوانن ئەنجامیبدەن ئەم بیکات بۆیان.  ئەندەنوسیاش بە فەرمی لە ساڵی 1969 ڕۆژاوای پاپۆییە ی داگیرکرد  ، دواتر هەڵبژاردنێیكی قەشمەرجاڕی بە 1026 کەسی ئەوێ ، کرد کە بەڕێژەی سەدی دەکاتە لە سەدا 1 ی دانیشتوانەکەی .   ئەم هەڵبژاردنەش لە لایەن بریتانیا و ئەمەریکاوە بە دادوەرییانە و بێ دەستێوەردان و سەربەخۆ، ناسرا.

دیارە هەموو ئەم ناڕەوایی و کارە نامرۆیانە لە پێناوی بەرژەوەندی ئابورییدا دەکرا کە بریتانیا بەرژەوندییەکی زۆری لە ئەندەنوسیا و ڕۆژاوای پاپۆییە هەبوو کە بۆ ئەمان دەهێنرا کە چاوپۆشی لە مافی مرۆڤ و کارە دڕندانەکانی دیکەی سوهارتۆ ، بکرێت.

لە بەندی 11 دا باس لە صۆماڵیا دەکات:

صۆماڵیا بە وڵاتێکی هەژاریی و بێ بارانیی و بێ بەرووبومیی ناسراوە و کە ساڵانە دەسڕێ پیتاککردنی بۆ ڕاخراوە.  ئێمە هەموومان ئاوا ئەو وڵاتەمان ناسیوە ، بەڵام ڕاستییەکەی ئاوا نییە و ئەم وڵاتانەن کە بوونەتە هۆکاری ئەو هەژاری و نەدارییەی کە لەوێ هەبووە و هەیە.   ساڵی 1992 کە وشکەساڵی و برسێتی دەستیپێکرد هەلێکی باشی ڕەخساند  بۆ بریتانیا و ئەمەریکا کە ڕاستەوخۆ دەستوەردەن لەو وڵاتە کە لە هەقەتا لەژێر ناوی کەمپەین بۆ نەهێڵانی وشکەساڵی و برسێتی،  کەمپەینی داگیرکردنی مافی مرۆڤی صۆماڵی، دەستیپێکرد.

لە ڕاستیدا هەوڵی داگیرکردنەکەی ئەوان لە 1992 دا بۆ ئاڵۆزکردنی حکومەتی ئەو کاتەی صۆمالیا و زامنکردنی سامانی نەوتی ئەوێ، بوو،  نەبا ڕوسیا و چین پێش ئەمان بیگەنێ.

بە بەڵگەوە نوسەری ئەم کتێبە پێمان دەڵێت کە زۆرێک لە ئەندام پەڕلەمانەکانی ئەوێ بە پشتی هێزی سەربازیی دەرچووبوون و دوای ئەوەش مانگانە 600 پاوەندیان لە لایەن بریتانیاوە بۆ تەرخان کراوە، کە سەرجەمی بوجەی ئەمەش چووەتە 15ملیۆن پاوەن.

هەواڵێک کە ئێمە لێی بێ خەبەر بووین، ئەبو خەتادە بوو،  کە بەڕەگەز ئەردەنی بوو ، ئیمامی مزگەوتێك بوو کە گوایە توند ڕەو و هاوڕای داعش بووە و خەڵکی بۆ پەروەردەکردون بۆی ناردون .  ئەبو خەتادە گیرا و درایە مەحکەمە و دواتر ڕەوانەی ئەردەن کرایەوە ، گەرچی خۆی نەی دەویست بینێرنەوە، گوایە ژیانی لە مەترسیدایە .  لەم کتێبەدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەبو خەتادە پیاوی ئێم ئای 6 ی ئیرە بووە و ئەو ماوەیەیەی کە بەندکراوە ئەم دەزگە سیخوڕییە هەموو مەسرەفێکیان کێشاوە هەر لە پێڵاو و پۆشاکی خۆیی و منداڵییەوە تاکو بازاڕیشیان  بۆ کردووە ، ئەم بەندیش نەبووە لە بەندیخانە ، بەڵکو لە خانویەکدا بووە وەکو ئەوەی کە لەوێ بەندکرابێت و کرێکەشی بۆ دراوە.

قەرسەنەکانی صۆماڵیا کە میدیا زۆریان لەسەر دەنوسێت و گوایە ئەوانە مافییان و خەڵك ڕوتدەکەنەوە و کەسانی بێگانە بە دیل دەگرن و بوونەتە هۆی نەبوونی قوتی منداڵانی صۆماڵیا.  ئەمەشیان ، ئەم کتێبە بە بەڵگەوە دەری دەخات کە پێچەوانەکەی ڕاستە .  ئەوە بەلەم و کەشتییەکانی وڵاتانی ئەوروپی بوون کە ڕاوی ماسسیان لەوێ دکرد و پشتگیریشیان لە لایەن دەزگە سیخوڕییەکانەوە دەکرا ، ئەوە ئەمانن قەراصنەکانی دەریا و بڕینی قوتی منداڵانی صۆمالیا ، ئەوە ئەمانن کە 4 ملیۆن منداڵی ئەوێیان برسی کردووە.  ئەم کارەش بە یارمەتی ڕێکخراوی Islamic Courts Union  کە بریتانیا کۆمەکی پێدەکرد لە پیلانگێڕان و مەحفکردنەوەی بەناو قەراصینە صۆمالییەکاندا.  ئەوەتی قەراصینە ئەوروپییەکان ڕاوی ماسی لەوێ دەکەن، بۆ خەڵکی صۆماڵی  بە ئاشکرا دیارە کە ژمارەی ماسیی لەو محیتەدا کەمیکردووە.

چاپتەری 12 سەبارەت بە بەنگلادشە:

 یەک منداڵ لە 4 منداڵی بەنگڵادشی خواردنی تەواو و بەسوود ناخۆن ، 60 ملیۆن لە دانیشتوانەکەی داهاتی ڕۆژێکیان بەرانبەر بە تاکە دۆلارێکە، 15 ملیۆنیان داهاتی ڕۆژانەیان تەنها لە بەرانبەر 20 سێنتی پاوەنێکی بریتانییە [ پاوەنێک 100 سێنتە] ، ئەو پەڕی برسێتی هەیە و خراپترین کولتوری باوکسالاریی بوونی هەیە لە سەدا 60 ی ژنانیان لە بەرانبەر لە سەدا 25ی ژنانی بریتانییدا ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ و توندووتیژی دەبنەوە.  ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندیی متمانە و هێزی جێندەیی UN دا لە ڕیزی 108 دایە لە سەرجەمی 109 وڵاتا هەروەها بەرزترین بڕی مردنی ساوایانی تۆمارکردووە.  وڵاتێك ئەمە حاڵی بێت باشترین زەمینە بۆچەوساندنەوە ڕووتانەوە و ناعەدالەتی، سازاندووە ، بەیەک وشە بۆ بزنس، بۆ بریتانیا و ئەمەریکا زۆر باشە، کە هاوکاتیش زۆرێکیان شارەزایی و نیمچە شارەزایی کاریان هەیە، خاوەنی زەوییەکی بەپیت و پێزن و خاوەنی بڕێکی زۆری نەوت و خەڵوزن ، لەسەرو ئەمانەشەوە بەنگلادش لەهەموو وڵاتانی خواروی ئاسیا کارئاسایی زیاتریی  بۆ بزنس تیدا کراوە، واتە هەموو مەرجەکانی دروستبوونی سەرمایە فەراهەم دەکات ، یانی کرێکاران هیچ مافێکیان نییە، دەکرێت 24 کاژێر کاریان پێبکرێت، هەرکات بتەوێت دەریان کەیت، کرێی کەمیان بدەییتێ ، لە هەلومەرجی خراپدا کاریان پێبکەیت، مۆڵەت و ئیجازەی منداڵبوون و نەخۆشی کارەساتی خێزانی و لەم مافانە یا نییە یا هەر دەگمەنە. لەمە باشتر بۆ بزنس چی تر هەیە؟؟!!

بەتالوێنی ئەنجامدانی چالاکی خێرا:

لە ساڵی 2002 دا پارتی ئوومە ئەو هێزەی سەرەوەی بە ناوی  پرۆسەی ‘پاککردنەوەی دڵ’ دروست کرد کە لە ڕاستیدا بۆ هێڕشکردنە سەر هەژاران بوو بەتایبەت ئەوانەی کە نەیان دەویست  بچەوسێنرێنەوە.  بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەو عەمەلییەدا 40 هەزار سەربازی شەخصی بەشداریکرد ، 10 هەزار کەسیان گرت 50 یان هەر لە بەندیخانەدا کوشت.  هاوکاتیش بەزیادبوونی کوشتن و بڕینی خەڵک فرۆشتنی چەکی بریتانی بۆ حکومەتی ئەوێ چووە 9 ملیۆن پاوەند.

لە ساڵی 2006 دا ئەم بەتالوێنە دانیان بەوەدا نا کە لانی کەم 600 کەسیان کوشتووە.  ئەمان بەردەوامبوون لە کوشتنی چالاکوانی سیاسیی و لە گروپی عەوامی و لەوانەی کە کێشەی زەوی و ئاویان لە گوندەکانا لەگەڵ خاوەنزەوییەکان هەبووە و کوشتنی ئەندامەکانی پارتی کۆمۆنیستدا.

تۆنی بلایری کۆنە سەرەکوەزیری بریتانی ئاوا وەصفی بەنگلادشی کردووە ” بەنگلادش یەکێكە لە 5 مارکێتەی کە لە بەرەی پێشەوەن ”   تا ئەو ڕادەیەی کە لە ساڵی 1998 دا زیاتر لە هەزار NGO  ڕێکخراوی ناحکومەتی کە زۆرێکیا کۆنتراکتیان لە لەیەن حکومەتەوە بۆ زامن کرابوو وەرگرت ،  خۆیان بۆ بزنس لە بەنگلادش تۆمار کرد.

Leave a Reply