Categories
Kurdish

بەرگری لە ئازادیی… بانگەوازێك

بەرگری لە ئازادیی… بانگەوازێك

زاهیر باهیر

21/06/2022

ئازادیی تۆ بەندە بە ئازادیی کەسانی دیکەوە، تیرۆر و کوشتنی کەسانی دیکە ، کوشتن و تیرۆری تۆش بە دووی خۆیدا دەهێنێت. ئاگرە سوورە لە خۆت بە دوور نابێت، ئەوەی ئازادی نەیارانی فکریت سەرکوت بکات ، هی تۆش دەکات، ئەوەی کە دەستی بە خوێنی نەیارانی فکریتا بچێت ، دەستی بەخوێنی تۆشدا دەچێت

ئەوەی  کە لە ئێستادا باشوری کوردستان خۆشبەختانە لێی بێ بەشە تەنها جەنگی ئەهلییە کە هیوادارم ئەوە ڕوونەدات.  تێڕوانینێکی سەرپێیانە مێژووی هەرچی دەردەسەری و  نەهامەتییەکانە هەر لە وشکەساڵی و بێ بارانی و بێ ئاوی و  خۆڵبارین و بێ موچەیی و گرانیی و بێ ئیشیی و ڕەوکردن و بوونی پەتا و نەخۆشی جۆرا و جۆر و نەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین و هێڕشی مووشەکی  حەشدی شەعبی و موشەكباران و بۆمبارانی دەوڵەتی ئێرانی.. تا دەگاتە کوشتنی کەسان و دۆستانی  سەر بە ڕۆژئاوا و پەکەکە لەناو شاردا لە ڕێگای میتی تورکی بە هاوکاری  بەکرێگیراوانییەوە، هەروەها  هێڕشی درۆنەکانی تورکیا و  کوشتنی هەر کەسێك بیانەوەێت لە هەر شوێنێکدا… هەر هەمو ئەمانە لە یەك چاوتروکاندا بەیادت دێنەوە و هەر هەمووی بە زیادەوە لە کوردستاندا هەیە و بەداخەوە گەر بیشڵێم خەڵکی لەوێ دەستوپەنجەی خۆیانیان لەگەڵدا نەرم دەکەن و لای زۆرینە بووەتە بارودۆخێکی ئاسایی و بە خێرای دێن و بە خێراییش گوزەر دەکەن. وەڵامیش یا پرسە گرتنە یاخود ” هیچ ناکرێت”.

ئەمە ئەو بارودۆخەیە کە خەڵكی کوردستان تێیدا دەژین. بەڵام ڕاستە هەندێك لەوانە کە ناونوسم کردون ڕەنگە چارەسەرکردنیان ئاسان نەبێت بەتایبەت کارەساتە سسروشتییەکان، یاخود ڕەنگە لەتەك هەندێك لەوانەدا ڕاهاتبێتین . بەڵام ناکرێت چی تر لەگەڵ کارەساتی گەورەتردا ڕابێین و بە ئاسایی وەریگرین.

‌هێڕشی درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا ناکرێت قەبوڵ بکرێت، دەکرێت کە ڕابوەستێنرێت. گەر لەم قۆناخەیدا ڕانەوەستێنرێت کارەساتی دیکەشی بەدوادادێت. هەر بە کوشتنی دۆستان و لایەنگرانی ڕۆژئاوا و پەکەکە و پەیەدەوە ناوەستێت دوایش سەرەی تۆش دێت.

 ئەو کەڵەگاییەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکات بەسەر باشووری کوردستانەوە کە بە ئارەزوی خۆی کەی بیەوێت دیتەوە ناوەوە و کێی بوێت دەتوانێت تیرۆری بکات مەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیڵ لەگەڵ سوریادا بیکەن.

تۆیەك کە خۆت بە چەپی رادیکال و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئازادیخواز دەزانیت،  گەر لەگەڵ پەکەکە و ڕۆژئاواشدا نەیەیتەوە هێڕشی درۆنەکانی تورکیا لات، نابێت ئاسایی بێت ، دەبێت ئەوە بزانیت  ئازادیی تۆ بەندە بە ئازادی ئەوانی دیکەوە، تا زۆربەی زۆری ئازاد نەبێت ، ئازادیی راستەقینە مەحاڵە.  دانیشتن و نەکردنی هیچ کەمپەین و چالاکییەکی راستەوخۆ لە خزمەتی مانەوەی بارودۆخە هەنوکەییەکەدایە.

کوشتن و تیرۆری  کەسانی سەر بە پەکەکە ، سەر بە پارتی ، بە یەکێتی ، بە ئیسلامی و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان یاخود هەر لایەنێکی دیکە کارێکی نامرۆیانە و قیزەوەندە ئیتر لە هەر ڕێگایەکەوە بێت تا دەگاتە تیرۆرکردنی بە درۆن.

بەڕای من دەتوانرێت زۆر شت بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێڕشانەی دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای خەباتی ڕاستەوخۆ و کاری مەیدانییەوە. کۆکردنەوەی واژۆ و ڕێپێوانی سەر شەقامەمان و ڕێگرتنی شەقامەکان و دابڕینیان لە یەکدی…جگە لەو ڕێگا و بانانەی کە تەنکەری نەوت و شمەکی دیکەی بە قاچاخ پێدا دەڕوات، هەر هەموو ئەمانە چالاکییەکی بێ بەرهەمن، لەبری پەیداکردنی هاوپشتی و گیانی هاوخەباتیی، ڕەنجاندنی خەڵکی ئاسایی دروست دەکات ، سنوری دوورخستنەوەیان لە ڕیزەکانی ناڕەزاییکەران دیاریدەکات، توڕەبوون و نەیاریی خۆی بە خۆپیشاندەران پەیدا دەکات.

با کار لەسەر چالاکی کاریگەرانە بکەین. ئیمە لە هەر کوێیەك بین خاوەندرۆنەکان و وێرانکەرانی کوردستان و بکوژانی ڕا و بۆچونی جیاواز لەوێن بە خۆیان و بەژەوەندەییەکانیانەوە.  ئەمڕۆ گرنگە لە هەر شوێنێك بین بە جیاوازی بیر و بۆجونمانەوە بی ئەوەی یەکدی کۆنترۆڵ بکەین ، بێ ئەوەی سەرمایەی سیاسی لێ دروستبکەین ، بێ ئەوەی ڕای خۆمان بەسەر یەکدیدا فەرز بکەین دەتوانین چەند جالاکییەکی گرنگ ئەنجام بدەین.

وەرن ئێمە لە لەندەن لە  بری ڕێپیوانی سەر شەقامەکان و بەزایەدانی وزە و وەختمان با چالاکی مەیدانی ئەنجام بدەین بە زەرەر گەیاندن لە ئابووریی  دەوڵەتی تورکیا و پایەکانی، کۆمپانیاکانی، شۆپەگەورەکانیان، بەرژوەندی بزنسمانە گەورەکانی و زۆر شتی دیکە هەیە کە لە تواناماندا هەن بیانکەین بێ ئەوەی کە مەترسی لەسەر ژیانی خۆمان دروست بکەین . هەر یەك لەوانە لە هەموو شوێنیکی دیکەی ئەوروپا بە تایبەت لە پایتەخت وشارە گەورەکانیا هەن و دەتوانرێت  هەمان شت بکرێت.

هەرچیش سەبارەت بە باشوورە هەمان ئەو کەس و لایەنانە دەتوانن زیاتر بکەن و کارایی زیاتریش دابنێن . بۆ من نییە کە بڵێم چی بکەن، چونکە من لەوێ ناژیم دڵنیام ئەوان زۆر باش دەزانن کە چ جۆرە جالاکییەك زەربە لە ئابووری تورکیا لە ڕوی بازرگانی و هەروەها لە بوارەکانی میدیا : لە بەرنامەی زاڵی تورکی و بڵاونەکردنەوەی درامە بێ سەر و بەرکان و بونی پەیمانگا و کۆمپانیا و  تد  هەر ئاواش چالاکییەك کە کارایی لەسەر پەڕلەمانی کوردستان و سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، دادەنێت تاکو فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا.

ئیتر کاتی هاتنی هەنگاوی عەمەلییە و خۆڕزگارکردنە لە پرسەدانان  لاواندنەوی شەهید [ ئەو وشە و دەستەواژە بێ ناوەرۆکە] و کۆکردنەوەی واژۆ و گرتنی پشتی مایکرۆفۆنەکان و کردنی قسەی هەلەق و مەلەق .

تکایە گەر کەسێك لە لەندەن ئامادەی ئەو جۆرە چالاکییە با لە ڕێگای فەیسبوکەوە پەیوەندیم پێوە بکات.

زاهیر باهیر – لەندەن

Leave a Reply