ساڵێكی تەواو بە سەر مەرگتا تێپەری، کەچی بۆ ئێمە وەکو ڕۆژێکە، وەکو عەیامێکە
زاهیر باهیر
31/12/2022
کاتێك کە غەریبیت دەکەین…، یادەوەرییەکانت بەیاد دەکەین وا دەزانین کە عەیامێکە لە دەستمان داویت .. کاتێكیش کە دەبینین لە کۆڕ و کۆمەڵمانا بزریت … بێ دەنگیت .. ئیدی غوربەتمان هەڵدەسێت … ئازارەکانمان سەردەکێشێت… وەکو ئەوە وایە کە کۆچکردنەکەت دوێنێ بووبێت…..
دواڕۆژی کۆتایی ساڵی پار، ساڵی 2021 ، دواڕۆژی کۆتایی تەمەنی تۆش بوو ، بێ نەوایی و ئاوابوونی دواڕۆژی ئەو ساڵە، ئاوابوونی ژین و ڕۆژگارەکانی ژیانی تۆش بوو…. تۆ چاوەروانی ئەوەت دەکرد کە ڕۆژی ئایندە ئاهەنگی ساڵی بە ناو نوێ بگێڕیت … پەڕەی پەڕاوی ساڵێکی نوێ بکەیتەوە و هەناسەیەکی شادی هەڵکێشیت و ڕابووردی پڕ لە ناخۆشی و ناسۆری لەبیر بکەیت و بسڕیتەوە ….بەڵام مەخابن نە خۆتیش و نە کەسی تریش نەیدەزانی ڕۆژی ئایندە ، یەکەم ڕۆژی ساڵی ‘ نوێ ‘ لە پێکەنین و تریقەی تۆوە ، لە ئاهەنگگێڕانی خۆشی و خزمان و برادەران و یاوەراندا .. دەبێتە گێڕانی ماتەمینی شینت …. دەبێتە بەڕێکردنی تەرمت و بەجێهێڵانی هەموو خزمان و دۆستان و نزیکانت .
لە ڕاستیدا ئێمەش ساڵێکی ناڕەحەت و پڕ لە سوێمان بردە سەر .. بێ ‘تۆ’ ی و ئازیزانی تر لە پاڵ ئازارەکانی دیکەدا…. لە پاڵ نەبوونی و هەژاری زۆرێكدا .. لەپاڵ وشکەساڵی و گەرمای پڕوکێنەری پلەیەکی بەرزدا نەگبەتییەکی دیکە بوو بۆ هاونیشتمانیانی تۆ…..
زۆر شت و ڕووداوی دیکە ڕوی دا تۆ ڕۆیشتیت و لەم هەموو کارەساتانە بێ ئاگا بویت …. بێ ئاگا بویت لە نوغروستانێك کە بە دەستی دەسەڵاتی خۆماڵیی … بە مەبەستی چەپەڵی هێزی ناوخۆیی… بە فکر و ئایدۆلۆجیای کوردایەتیی…. زیاتر نوغرۆ کرا …….. بەئاگایی تۆ بیماری دەردێکی نەدەکرد … ژیانی تاکە کەسێکیشی باشتر نەدەکرد ……هەرچیش ئێمەین و بە ئاگایی و شاهیدحاڵیمانە بۆ رووداوەکانی سەردەم هەر وەك چۆن دەستەو وەستان بوین بەرانبەری، هاوکاتیش ئازارەکانمانی زیاتر کرد و قەتماغەی دەمی برینەکانمانی بە سوێتر کرد .
نیزام گیان تۆ ڕۆیشتیت ، دونیایەکت بەجێهێڵا …. نیشتمانێکت لە دەست دا کە لانی هەرە کەمیی ناز و پیداویستییەکانی تۆی هەڵگرتبوو …جگە لەوە شتێکی دیکەی بۆت نەکردبوو… بەشێکی ئێکجار کەمی خۆشی و بەختەوەرییەکانی تۆی لە خۆ گرتبوو …. وەکو سەردەمیش نەك هەر ئافاقەیەکی پی نەدایت، نەك هەر دەروویەکی لێ نەکردیتەوە .. نەك هەر خۆشی و ژیانێکی شایستە و سەرومڕی پێ ڕەوا نەبینیت … بگرە لە زۆرێك لەباری خەم و نەگبەتی و ناڕەحەتییەکانی خۆی باری کردیت … کە چاوت کردەوە سەرەڕای کارەساتی خێزانی و نەبوونی و هەژاریی، چاوت بە دیمەنی تەق و تۆق کرایەوە … … گوێت بە کارەساتی کوشتن و بڕین و وێرانکاری و گوێزرانەوە زرنگایەوە … جەستەت شەکەت و ماندوێتی پەیداکردنی پاروە نانێکی کردیت ….فکر و مێشکت بە هاتوهوت و هەرا و بەزمی کوردایەتی و بزوتنەوەی کوردایەتی پڕ کرا……هەموو ئەمانە بوون بە میراتی ئەو گەلە هەژارە و ئەوەشی کە وەکو بەرماوە مابوووە هەڕاج کرا .. تەخشان پەخشان کرا .. ئەوەی کە قوربانی دابوو هیچی پی نەبڕا…
ئێستا کە تۆ لێرە نەماویت ژیان لە جاران زیاتر گرانبووە … نان پەیداکردن و هەوڵی بژێوی ژیان پتر سەخت بووە …. ئاسایش و ئارامیی نەك لەناو خودی کۆمەڵدا ، بەڵکو لەناو دەرونی تاکەکانیشیا تا ڕادەی نەبوون کەمتر بووە … مردن و کوشتن و و ژنکوشتن و دزی و تاڵانی و بێ دەربەستیی و دانی فتواکان زۆرتر بووە …
ئا لە سەروبەری ئەم کوشتن و بڕین و مردنانەدا قەڵەم بەدەست و خوێنەوارەکانمان فێری هەندێك چەمكی وشکهەڵاتوی بی مانا بوون، کە لە مردن و گیانبەختکردنی تاکەکانی کۆمەڵدا دەیڵینەوە و هەر دەیڵێنەوە: بنوو بە ئاسوودەیی!! ئەمە لە کاتێکدا کە نوستن بۆ کەسانی زیندووە .. ئەگەر ئاوا نەبێت چ جیاوازییەك لە نێوانی مردوو و زیندوودا دەبێت ؟ …دەڵێن ڕۆحی شاد بێت … جێگای بەهەشت بێت …..ئەمە و ئەوە و شتی تریشی با هەر بە نسیب بێت … لە خۆیان ناپرسن، ڕۆح چییە ؟ ڕۆح کە بە واتاکەی تری هۆشیاریی-یە ، بە هۆشیی-یە کە لەناو جەستدا کارایی خۆی دەداتەوە … جەستەش بە هۆشەوە بەستراوەتەوە .. لە بێ هۆشیدا جەستە وەزیفەیەك نابینیت و لە نەمانی جەستەیەکیشدا کە ئۆرگانەکانی پەكکەوتەن و چی تر بێ وەزیفە دەبن .. هۆشیش بێ لانە و بێ خانە دەبێت … هۆش و جەستە پەیوەستن بە یەکەوە و بێ یەك نە وجودیان هەیە و نە ڕۆڵ و نە وەزیفەش….
هەندێکی دیکەمان لاسایی تاکەکانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی دەکەینەوە لە کاتێکدا کە یەکێك دەمرێت دەڵێین Rest in Peace . ئێمەش ئەم چەمکە فێربوین، زۆرێکمان لە مردنی تۆدا ئەم چەمکەمان بەکاردەهێنا و دەنوسییەوە….. چەمکێکی بی مانایە زۆریش. ئەوەی کە لە ژیانیشیا هەر حەساوەیە لە مردنیا وەکو هەموو کەسێکی دیکە دەبێت ….. مردن تاکە پرۆسەیەکە کە هەمووان وەك یەك پێیدا تێدەپەڕن….. نە هیچ لەگەڵ خۆیاندا دەبەن و نە دونیایەکی دیکەیان هەیە تاکو حەشر و نەشر بکرێن و سزا بدرێن، یاخود پاداشتی پێشتریان بدرێتەوە…. پێ ببەخشرێت….
نیزام گیان تۆیەك وەکو زۆرێکمان کە لە ژیاندا لە ئاشتی و ئاسایشدا نەحەسابیتەوە کە مردیت حەسانەوەی چی ئەزیزم؟ ئاسایش و ئاشتی چی؟ قسەی قۆڕ و بێ مانا…..
دەتوانین بڵیین تۆ ڕۆیشتیت بەرەو دوا هەوارت و ئێمەش لەبیر ناکەین یادو یادوەرییەکانت …دەیپارێزین ڕەوشت و خولقە جوانەکانت …مرۆڤانە مامەڵە و بەرخوردی ئەو کەسانە دەکەین کە ژیان وەکو تۆ لە سەرو زوڵمەکانییەوە زوڵمیکی دیکەشی لێکردون …..هاوکاتیش سوپاسگوزاری ئەو کات و وەختانەتین کە لەناومان بویت و خۆشیت پێداوین … پێزانین بۆ ئەو کاتانەی کە لە ڕیزی ڕێکخستنێکدا بوین و وزەو تین و هەوڵ و چالاکی خەباتکردنت بۆ هێناوین…
یاد و یادەوەرییەکانت بەخێر و بەرز دەنرخێنم.