Categories
Kurdish

هەڵوێست لە کاتی خۆیدا دەبێت وەرگیرێت، بڕیار لە کاتی خۆیدا دەبێت بدرێت

هەڵوێست لە کاتی خۆیدا دەبێت وەرگیرێت، بڕیار لە کاتی خۆیدا دەبێت بدرێت

زاهیر باهیر

06/03/2023

هەڵوێست ، بڕیار، قسە هەر هەموو ئەمانە دەبێت لە کات  و شوێنی خۆیاندا بن، نە درەنگ و نە زوو، گەر وانەبێت ئەوە سوودیان نابێت، بەڵکو زۆر جاریش بە زیان دەگەڕێنەوە.  ئەمەی کە دەییڵێم نەك هەر  لە کار و کاردانەوەی حیزبەکان و بزوتنەوەکاندا ڕاستن بەڵکو لە کاروبار و کاردانەوەی یاخود ڕووداوە کەسییەکانیشدا هەر ڕاستن.  کورد دەڵێت کنر و ماست بە وادەی خۆیان.

لە دوای بوومەلەرزە گەورەکەی تورکیا و سوریا پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، یەكلایەنانە ئاگربەستییان ڕاگەیاند وەکو هەڵوێستێکی مرۆیانە و نییازباشیی، دواتریش هەر یەك لە سەرکردەکانی پەکەکە لەم بارەیەوە، لێدوانیان لەسەر ئاگربەستییەکە دا.  لەم ڕۆژانەشدا جەمیل بایك هاوسەرۆکی کەجەکە ڕونتر لەو بارەوە ڕایگەیاند و هەڵوێستی ئاگربەستییەکەی و دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا بە چەند مەرج و بەندێکەوە بەستەوە.

من لێرەدا ستایشی ئەو هەڵوێستە دەکەم ، نەك هەر دەڵێم کارێکی زۆر باشە و هەنگاوێی ئیكجار سوودبەخش و گەوەرەیە ، بەڵکو دەشلێم گەر پەکەکە نەیانتوانیایە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2015د خۆیان بپارێزن لە داوەکەی ئەردۆگان لە هەڵگیرساندنەوەی  شەڕەکەدا، ئەوە دەبوایە هەر لەو ساڵەدا ئەم هەنگاوە گەورە و گرنگەیان بنایە و بۆ هەمیشە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ، نەك ڕادەستبوونەوەیان، ئیدی گرنگ نەبوو تورکیا حسابی بۆ دەکرد یا نەیدەکرد.

ناکرێت تۆ بەردەوام بیت لە یارییەك کە هیچ هیوایەکی سەرکەوتنی تێدا نەبێت هەتا ئەگەر بە زۆریش بەسەرتا سەپێنرابێت. ناشکرێت بەردەوامی بدەیت بە بزوتنەوەیەك کە بە درێژایی 8 ساڵی رابووردوو تاکە سوودێکی لە زیان زیاتر نەبووبێت.

من لێرەدا نامەوێت جارێکی دیکە خۆم دووبارە و دەبارە بکەمەوە سەبارەت بە بزوتنەوەی چەکداریی، بەتایبەت بزوتنەوەکەی پەکەکە، زۆرم لەسەر ئەمە نوسیوە و زۆریش پاساوی بێ سەروبەرەی بوونی ئەو بزوتنەوە چەکدارییەم بیستوە.  زەرەر و زیانی بوونی بزوتنەوەکەم لە زۆر پۆست و وتاردا نوسیوە. ئەوەی کە لەم نوسینە کورتەدا دەمەوێت بیڵێم دوو خالە:

یەك: ئایا ئاگربەستی ئێستا کارایی لە سەر بڕیاری ئاکەپە و خودی کەسی ئەردۆگان دادەنێت؟

ڕاگەیاندنی ئاگربەستیی، ئاشتەوایی، کاتیی بێت یاخود دائیمیی لە هەموو ڕویەکەوە کورد واتەنی هەزاری خێرە و دووهەزاری بەرەکەت، بەڵام هەرگیز ئەردۆگان و حکومەتەکەی نەك وەڵامی ئەرێیانەیان نابێت بەڵکو هەر ئاوڕیشی لێنادەنەوە.  هۆکارەکەشی ڕوونە یەك: زۆر زۆر درەنگە، پاش 8 ساڵی دوورودرێژی وێرانکاری و قوربانی زۆر.  دووش : حکومەتی فاشی تورکیا دەزانێت کە بڕیارەکەی پەکەکە لە لاوازییانەوەیە نەك لە بەهێزییانەوە. لە حاڵەتی ئاواشدا وەکو مێژوو پێماندەڵیت سازش لە هەڵوێستی لاوازەوە تەنها کەوڵەکەت دەپارێزێت.

دوو: بۆچی  ئەردۆگان و حکومەتەکەی بەدەم بانگەشە مرۆیانەکەی پەکەکەوە ناچن؟

ڕایسزیزم و فاشیزم و ڕیگرتن لە ئازادیی و مافە ڕەواکانی کورد بە مافی فەرهەنگ و  زمان و  سیاسەتی و کولتورییەوە  سیستماتیکییە واتە کراوە بە سیستەم و ئەمەش هەر لەسەر دەمی ئەتاتورکەوە تاکو ئێستا هەر ئاوا هاتووە.  ڕوونتر ڕایسیزم و فاشیززم لە تورکیادا پایەیەکی گەورەی ڕاگرتنی حکومەتە یەک بەدوایەکەکانی تورکیا بووە هەر ئەم هۆکارەش بووە کە چارەسەری پرسی کورد لەوێ لە لولەی تفەنگەوە نەکراوە و ئێستاش ناکرێت و پایەکە درز پێنابات، بەڵکو بەهێزتری دەکات .

جەنگ دابڕان و دورخستنەوە لە یەکدی،  کوشتن و ماڵوێرانکردن و نیشتمان و سروشت خاپورکردن، چاندنی ڕك و کینەی زیاتر، زۆری تر دەخولقێنیت، ئەمەش لە درەوەی ویست و خواستی کەسان و سەرکردەکانی بزوتنەوە چەکدارییەکەیە، جونکە ئەمە سروشتی بزوتنەوە و شەڕی چەکدارییە لە هەر شوێنێکدا ڕوویدابێت هەر ئەمەی بەستۆتەوە.

ئەوەندەی جەنگ، بە تایبەت جەنگێك بەهۆی بزوتنەوەی نەتەوەییەوە هەڵگیرسابێت، ئەوەندەی حکومەتەکە بەهێز دەکات، ئاشتی ئەوەندە بەهێزی ناکات. بەهێزکردنی دەوڵەتی عەسکەرتاریی بەهۆی بوونی دەسەڵات و دروستکردنی دەیەها دەزگەی تیرۆر و سەرکوتکردن و سیخوڕی و میدیا و قەڵەمفرۆش لە تەك بوونی ساماندا دەیهێنێتە ئاراوە و کارێکی زۆر گران نییە. نمونە لەو بارەوە حکومەتەکانی کۆنی عێراق ، ئێران ، سوریا ، ئیسرائیل، سریلانکە، کۆڵۆمبیا …تد کە بزوتنەوەی چەکداریی هەمیشە سوودمەندو و بەهێزی کردون.

زۆر جاریش جەنگ دەبێتە زەروورەی وەختیی/هەنووکەیی بۆ دەوڵەت کە لە کاتێکدا دەکەوێتە قەیرانەوە،  بە حساب، بۆ لاوازکردنی قەیرانەکە دروستکردنی جەنگ زۆر زەروورە لەو نموونانەش کە لە 50 ساڵی رابوردوودا بووە ، جەنگی ئێران و عێراق ، هێڕشی بریتانیا بۆ سەر دوورگەی فۆكلاند، داگیرکردنی کوێت لە لایەن صەدامەوە، بەرپەرچدانەوەی توندی وەحشیانەی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینیەکان… تد

هەر ئاواش حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بەردەوامیدانی شەرەکەی لەگەڵ پەکەکەدا هەناردەی قەیرانە وبە قازانجیانە و بە ملیار دۆلار بزوتنەوەیەکی ئاوا دەکڕن [ تکایە مەبەستم ئەوە نییە کە پەکەکە ئەیجنتی ئەوانە و کڕراوە] چونکە هەرچی خواست و ئامانجی ئاکەپە و لەسەرو حیزبەکەشەوە ئەردۆگان و فاشییەکان و گورگەبۆرەکانی تورکیایە دەچنێتەوە.

بزوتنەوە چەکدارییەکەی پەکەکە بۆ ئەوان ئەو پەیژەیەیە کە دەتوانن پێیدا هەڵزنێن بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان، ئەو پاساوەیە بۆ مانەوەیان و وەسفکرنیان بە دژە تیرۆر و تیرۆریسیت لە لایەن ئەوەی کە ناونراوە کۆمێنێتی نێودەوڵەتیی، ئەو خێرەیە کە زۆرێك لە کارگەکانی دروستکردنی چەك و تەقەمەنی و تانک و فڕۆکەی جەنگی بەکراوەیی دەهێڵێتەوە و کرێکارەکانیان بێ کار نابن، ئەو بیانوەیە کە کوردستانی باکور و بەشێك لە کوردستانی باشووریشی پێ خاپوور بکات، هەدەپە و ڕۆژئاواشی پێ لاواز بکات، ئەو دەستەیە کە سەرکوتی نەیارانی نێوخۆشی پیدەکات بە هەر پاساوێك کە  حکومەت دەیەوێت، ئەو فیتنەییە کە نێوانی ڕەش و ڕوت و چەوساوانی کورد و تورکی پێ تێكدەدات و دووبەرەکی دەخاتە ناویانەوە خۆشی سوودمەند دەبێت، ئەو بانگەشەی هەڵبژاردنەیە  کە دەنگی زیاتر بۆ ئاکەپە بە ناوی جەنگ دژ بە تیرۆ و تیرۆریستان و بەکرێگیراوانی بێیانەوە دەهێنێت، تا ئەو ڕادەیەی بە هۆی میدیای دەوڵەتییەوە بە ڕشتنی ژەهری بڕواهێنانی خەڵکی بەو پاگەندانە.

بەردەوامی شەڕی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەمیشە مایەی زیادبوونی دەنگدان بووە بە حکومەتەکانی تورکیا، ئەگەر ئەمجارەش ئاکەپە هەڵنەبژێررێتەوە هۆکارەکە وەستانی جەنگی یەکلایەنەی پەکەکە نییە بەڵکو بوومەلەزەکەیە کە تا ڕادەیەك لەسەر ئاکەپە دەکەوێت.

Leave a Reply