پرسیاری هاوڕێیەك و وەڵامی من
10/04/2025
هاوڕێیەك لە مێسنجەرەوە پرسیارێکی لێکردوم دەڵێت : بۆچی چەپەکان هەتا مارکسییەکانیش باوەڕیان بە دروستکردنی گروپی لۆکاڵی نییە بۆ خەباتکردن ؟
وەڵامی من :
هاوڕێ گیان سوپاس بۆ پرسیارەکەت . لێرەدا هەر بە کورتی هەوڵ دەدەم کە هۆکار یا پاساوی ئەو هاوڕێیانەت بۆ بەیان بکەم کە بۆچی باوەڕیان بە گروپی لۆکاڵی نییە و ئەو جۆرە چالاکییە بە چالاکی شؤڕشگێڕانە بۆ گەیشتن بە مەبەست نازانن:
یەك: ئەو هاوڕێیانە باوەڕیان بە خەباتکردنی حیزبیانە هەیە ، ئیتر ئەو حیزبە لۆکاڵی بێت یا جیهانی و نێونەتەوەیی ، یاخود مێژوویی بێت یا نامێژوویی . ئەوان حیزب وەکو سەرجەمی لیبراڵ و نیولیبراڵ سەرمایەدارەکان بە هۆکاری سەرەکی خەبات و گەیشتن بە ئامانجەکەیان لەو ڕێگەوە دەزانن .
دوو: گروپە لۆکاڵییە ئاسۆییەکان ، ئاسۆین واتە پلەبەندیی نین لەبەر ئەوەش نە سەرۆکیان هەیە و نە ڕابەر دوای ئەوەش هەموو بریارەکان بە جەماعی/ دەستەجەمعی دەدەن هەر ئاواش چالاکییەکان. هەرچیش حیزب و ڕێکخراوەکان هەن هەمویان هیرراشین / پلەبەندیین و سەرکردە و ڕابەر و لیژنەی سەرکردایەتییان هەیە هەر ئەوان بڕیارەکان دەدەن بێ گەڕانەوە بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ، بەڵام لە بەجێگەیاندنی هەندێك لە بڕیارەکانیاندا کە مەترسی و ئەرکی تێدا بێت ڕووبەڕوی ئەوانی دەکەنەوە. ئەمان ڕێکخراوی ئاسۆیانەی بێ سەرکردە و ڕابەریان پێ قەبوڵ نارکرێت.
سێ: ئەو هاوڕێیانە باوەڕیان بە خەبات و شۆڕشی کۆمەڵایەتی نییە یا جەماوەیانە نییە بەڵکو باوەڕیان بە خەباتی سیاسی هەیە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی، کە ئەو خەباتە سیاسییەش لە بازنە و چوارچێوەیەکی تەسکدا قەیتسیان دەکات .
چوار: ئەوان باوەڕیان بەوە نییە کە خودی کێشەکان دەبێت لەبنەوەی کۆمەڵەوە دەستی بۆ ببرێت هەر لەوێشەوە هەوڵی چارەسەرکردنی بۆ بدرێت ، بەڵکو لە ڕێگەی گرتنەبەری دەسەڵاتی سیاسییەوە دەیانەوێت کێشەکان حەل بکەن.
پێنج: ئەوان خەبات و یەکگرتنیان لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆجییەتە ، یا ئایدۆلپجیانەیە ، نەك لەسەر ئەو کێشە جیاوازیانەی کە گروپ و توێژاڵەکانی کۆمەڵ هەیانە . هەر یەك لەو توێژاڵانە ئەسبەقییەت دەدەن بەوەی کە خۆیان لایان مەبەستە و کە بە دەستییەوە گیرۆدەن ، نەك پرسی ئایدۆلۆجی و مەبەستی کۆتایی . بۆ نموونە کەمئەندامان و خاوەنپێداویستی تایبەتی گرنگی دەدەن بە گرفتەکەی خۆیان زیاتر لەوەی کە کەسێکی ئایدۆلۆجی مەبەستییەتی . نمونەیەکی دیکە کەسانی بێ خانووبەرەیە، ئەمانیش بایاخ دەدەن بەو دەردەی کە پێوەی دەناڵێنن و تێکۆشانی ئەوان بۆ ڕزگاربوونیانە لەو بارودۆخە و ناتوانن چاوەڕوان بکەن من ، تۆ یاخود حیزبێک پێیان بڵێت ” وەرن لە حیزبی ئێمەدا خۆتان ڕێك بخەن کە دەسەڵاتمان گرتە دەست ئەو کاتە گرفتەکانی ئێوە ئۆتۆماتیکی حەل دەبێت “، ئەو توێژاڵانە باوەڕیان بە شیردا بۆ داپیردا نییە یاخود چۆلەکەیەکی حازر کە لە دەستیاندایە نایدەن بە سەد چۆلەکەی قەرز، کە ڕەنگە هەر گریمانیێکیش بێت .
شەش: ئەوان تەنها باوەڕیان بە تێکۆشانی چینایەتی نیوانی کرێکاران و سەرمایەداران هەیە ، لەناو کرێکارانیشدا باوەڕیان بە کرێکارانی پیشەسازیی واتە بەوانەی کە لە کارگە و کۆمپانیاکاندا کار دەکەن، نەك کرێکارانی کە لە بواری کشتوکاڵ و خزمەتگوزارییەکان و جەماوەرکەی دیکە وەکو کاسبکاران و قوتابیان و خانەنشینان و پەککەوتوان و ئەوانەی کە کاری تەکسی دەکەن و مامۆستایان و کارگەرانی دیکەی وەکو ئەندازیار و ئەوانەی دیکەی کە ئەوان یا بە پیتی بورجوازی یاخود چینی مامناوەندی ناودەبەن . کێشەکانی تاك و کۆمەڵ و چینایەتی لە بازنەیەکی زۆر زۆر هەر ئێکجار بچوکدا تەسک دەکەنەوە لە تەنها کێشەی کرێکارانی پیشەسازیدا دەیبینن کە ئەوانیش هەر زۆر کەمن . بۆ نموونە لە ئەمڕۆی بریتانیادا لە سەرجەمی 29 ملیۆن بۆ 31 ملیۆن کرێکار هەیە بەڵام کەمتر لە 3 ملیۆنیان لە کارگە و کۆمپانیای بەرهەمهێناندا کار دەکەن . بێ گومان ژمارەی ئەم کرێکارانەش لە دوو دەیەیەکی دیکەدا ڕەنگە بەڕێژەی لە سەدا 99 دابەزێت بەهۆی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردەوە.
هاوڕێ گیان ئەمانەی سەرەوە چەند هۆکار و پاساوێکن ، بێگومان پاساوی دیکەش هەیە بەڵام لە ئێستتادا هەر ئەوەندەم لەبیرە . هیوادارم توانیبێتم وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە.