Categories
Kurdish

پۆلیس لە قوتابخانەکانی بریتانیادا چی دەکات؟؟

پۆلیس لە قوتابخانەکانی بریتانیادا چی دەکات؟؟

 17/01/2023

بوونی پۆلیس لە قوتابخانەکانی بریتایادا زانیارییەکە کە خەڵکانێکی زۆر تەنانەت زۆرێك لە دایکان و باوکانیش نایزانن .  لە ئێستادا ژمارەی ئەو پۆلیسانەی کە لە قوتابخانە نێوەندییەکانی بریتانیادان 979 پۆلیسن ئەم ژمارەیە لەساڵی 2021  650 پۆلیس بوون .  بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ لە ئێستادا پلانی ئەوە هەیە ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کە پێویست پۆلیسی تێدا بێت  بە ڕێژەی لە سەدا 7 بچێتە سەرەوە .

زۆربەی ئەو قوتابخانانەشی کە پۆلیس بنکەی خۆیان هەیە لە لەندەنن و ئەوانەن کە ژمارەی قوتابییانی ئیتنیکی و ڕەش پێستەکان زۆرینەن . بونی پۆلیس لەو قوتابخانەدا زۆربەیان لەسەر داخوازی ئیدارەی قوتابخانەکانن بە هۆی بوونی گرفتی شەڕو ئاژاوە و هەڵگرتنی چەقۆ و مادەی هۆشبەر و دروستبوونی دەستەی چەقۆوەشێنەوەیە.

 ساڵی 2020 لە قوتابخانەیەکی ڕؤژهەڵاتی لەندەن کچێکی تەمەن خوار 18 ساڵ لە لایەن دوو پۆلیسەوە لە سەر بانگکردنی ئیدارەی قوتابخانەکە تا ڕووتکردنەوە پشکێنرا بێ ئامادەبوونی مامۆستا گوایە ئەم کچە قوتابییە کە بە ناوی Child Q باسی لیدەکرا حەشیشی لە پۆشاکەکانیدا شاردۆتەوە و هاتۆتە قوتابخانە .  لەگەڵ ئەو پشکنینەشدا هیچ شتێک نەدۆزرایەوە بەڵام کچەکە زۆر تێشکا و ناچاری تەرکردنی قوتابخانە بوو و ئەو ڕووداوەش بووە کەیسێکی زۆر گەورە.

بێ گومان بوونی پۆلیس لە قوتابخانەکاندا جێگای سەرنج و لێپرسینەوەیە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەمایەتییە نەتەوەییەکان و ڕەش پێشتەکان و پارێزەر و گەلێك لە چەپەکانی کەلە پارتی لیبراڵ و کرێکارانی بریتانیشدا هەن .  ئەمان باس لە ڕؤڵی خراپی بوونی پۆلیس و کاردانەوەی نەرێیانە لەسەر دەرون و کەسایەتی قوتابییەکان دەکەن تا ئەو ڕادەیەی کە گەر قوتابی گرفتی هەبێت نەتوانێت بە مامۆستا یا بە ئیدارەی بڵێ لەبەر هەبوونی گومانی دانی زانیارییەکە بە پۆلیس.

لە لایەکی دیکەشەوە زۆربەمان دەزانن بوونی ئەو گرفتانە لەو قوتابخانانەدا شتێکی چاوەڕونکراوە بە هۆی گرفتی بژێوی و  ئابووری و شوێنی نیشتەجێبوونیان و کێشەی  خێزانی و کۆمەڵایەتیی و پاشخانی کۆمەڵایەتی باوکان و دایکانی قوتابیەکانەوە کە لەوانە ڕەنگە زۆربەیان بێ کار یا داهاتێکی کەمیان هەبێت بۆ ئاسوودەکردنی خۆیان و خۆێزانەکانیان .  لەمانەش زیاتر ڕێکلامەی زۆری ماتریاڵە نایابەکان کە لە منداڵەوە تاکو گەورە لەسەر دەستی بازاڕدا [ مارکێت] دەخولێنەوە و حوکم دەکات لە ژیانیانا و تا ڕادەیەك سەرچاوەی کێشەکانیانە.

وەکو وتم ئەوانە ڕونن بەڵام ئەوەی کە جێی پرسیارە و کە هیچ لایەنێك لەو لایەنانەی کە سەرنجیان لەسەر ئەم ڕووداوانە هەیە پرسیاری ڕیشەیی کێشەکە ناکەن کە بۆچی لە دووەم یا سێیەمی وڵاتی دەوڵەمەندی ئەوروپادا و پێنجەم یا شەشەم ولاتی دەوڵەمەندی دونیادا ئەم کێشەیە هەبێت ؟ بریاتانیا کە داهاتێكی زۆر زەبەلاحی هەیە و کە لەوانە 139 ملیار پاوەند کە باجن خڕبوونەتەوە ناگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت کەچی کۆناکرێنەوە؟ بۆچی بە ملیار پاوەند  هاوکاری چەك و تەقەمەنی ئۆکرانیا دەکرێت؟ بۆچی بە ملیار پاوەند بە گەندەڵی دەڕوات و بە ملیارەهای دیکە بە هەدەر لە سەرفکردنی سوپا و پۆلیس  و دەزگەی سیخوڕی و نانەوە و بەردەوامیدانی جەنگ و کێشە لە وڵاتانی دیکەدا دەچێت؟  بەڵام پارە نییە بۆ خودی هاووڵاتیانی خۆی ؟ پارە نییە بۆ منداڵانی ؟ پارە نییە بۆ قوتابخانە و خەستەخانەکان و داینکردنی ژەمی بەیانی و نیوڕۆی نانخوارن بۆ قوتابیانی سەرەتایی و نێوەندی؟  زۆری تر …. ئەمە ڕیشە و کرۆکی گرفتەکانن و حەلکردنیان ئاسانە گەر بیانەوێت .

Leave a Reply