چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر نووسینێكی ئه‌م دواییه‌ی به‌ختیار عه‌لی
زاهیر باهیر-له‌نده‌ن
21/05/2011
پێشه‌كی:
به‌ختیار عه‌لی له مانگی ئازاری ئه‌م ساڵدا له كۆڕێكیدا كه له هۆڵی سۆڵیدارێتی له سلێمانی له ژێر ناوی ” گەڕان بە دوای تایبەتمەندییەکانی ئەم ساتەدا” گێڕا، دواتریش کردی به وتارێکو له ئاوێنه‌دا بڵاوی کرده‌وه.
كه‌س ناتوانێت ڕۆڵی به‌ختیار عه‌لی له بواری ڕۆمان و هۆنراوەنووسین و بواری فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵایه‌تی و نووسینی وتاری ڕامیاریی و ههرهوەها له گه‌لێك بواری دیكەیشدا ، فه‌رامۆش بكات ، هه‌ر وه‌كو نووسەرێكی سه‌ركه‌وتوو، خامه به‌بڕشت، به‌تایبه‌ت له بواری فه‌لسه‌فه و ڕۆماننووسیندا، به ڕۆڵی خۆی توانیویەتی خه‌ڵكانێكی زۆر بكاته خوێنه‌ر و گوێڕایه‌ڵی خۆی و هه‌تا هه‌ندێك له گه‌نجه‌كانمان هه‌ر به ته‌واوی سه‌رسامن به توانا و ڕۆشنبیریی به‌ختیار، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ته‌نانه‌ت گه‌ر به‌ختیار عه‌لی قسه‌ی بێسهروبهرهش بكات، ڕاستییه‌كانیش بشێوێنێت، ئه‌و خه‌ڵكانه هه‌ر ده‌ستخۆشی لێ ده‌كه‌ن و پێیدا هه‌ڵده‌ده‌ن.
به بڕوای من ڕواڵه‌تی پیاهه‌ڵدان و سه‌رسامبوون به كه‌سێك جا ئیدی هه‌ر كه‌سێك بێت، دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی پیرۆزكردن، كه كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌مه بووه‌ته به‌شێك له كه‌ڵچه‌ری ، ئیدی به منداڵدا، به خۆشه‌ویستاندا ، به خزم و كه‌سوكاردا هه‌تا به كاڵا و شته بێگیانهكانیشدا، كه هه‌یانن، هه‌ڵده‌ده‌ن. پیاهه‌ڵدانی زیاد له ڕادە ده‌كه‌ن ، كه به‌مه‌ش هیچ یەك له خه‌وشه‌كان ، ناڕێكییه‌كان ، قسه بێبهڵگهكان و زۆری دیکەش نابیندرێن.
من پێموایه ئایین و كه‌ڵچه‌ری خێڵ و سەرەرای ئەمانەش کارکردنی پارته كوردییه‌كان و بزووتنەوەی ناسیونالیستی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی دیكە ئه‌و ” پیرۆزكردنه”یان زیاتر خەست کردووەتەوە و چهسپاندوویانە و ئیشی زۆریشیان له‌سه‌ر كردووە. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه باسێكی دورودرێژه من لێره‌دا هه‌ر ویستم په‌نجه‌ی بۆ ڕاكێشم، چونكه په‌یوه‌ندی به‌م باسه‌وه هه‌یه.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه، من لەلام سه‌یر نییه، كه به‌ختیار عه‌لی و کەسانی دیکەش تەنانەت ئەگه‌ر قسه‌ی نالۆجیكییش بكه‌ن و ڕاسیتییهكانیش به‌چه‌واشه‌یی نیشانی خه‌ڵك بده‌ن، خه‌ڵكانێك هەن، نه‌ك هه‌ر قبوڵیان ده‌كه‌ن، بگره پاساویشیان بۆ دههێننهوە، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه، كه به‌ختیار عه‌لی پیرۆز كراوه. له‌به‌رئه‌مه‌ش شته‌كانی به‌چاوی ڕه‌خنه‌وه ناخوێندرێنه‌وه، قسه‌كانی به گوێیه‌ك ده‌بیسترێن، كه ئه‌و كه‌سێكی سوپه‌رمانه، ئاسمانییه و شایانی هه‌ڵه‌كردن نییه و هەڵە ناكات. كه خودی ئه‌مه‌ش ڕواڵه‌تێكی گه‌لێك خراپی هه‌یه بۆ هه‌ركه‌سێك كه ئاوا شت بخوێنێته‌وه یا ببیستێت. چونكه ئه‌مه هه‌موو دەرگەكانی بەرەوپێشهوهچوون و پێشكه‌وتن به ڕووی خودی كه‌سه‌كه‌دا داده‌خات، به لێوردنهبوونهوه و شینهكردنهوهی قسه و سه‌رنجه‌كان و دروستنه‌بوونی هیچ جۆره مشت‌ومڕێك لای ئه‌و كه‌سه ، ئیدی دەرگە به‌ڕووی بەرەوپێشه‌وه‌چوونی نه‌ك هه‌ر خۆیدا داده‌خات، بگره به‌ڕووی کۆمەڵگەكهشیدادادەخات.
ئێستاش با بێمه سه‌ر سه‌رنجه‌كانم، منیش هه‌ر به پێی ڕیزبه‌ندی وتاره‌كه ی خۆی ، ڕاو بۆچوونی خۆم له‌سه‌ریان ده‌رده‌بڕم.
«خوێندنەوەیەك بۆ ئەوەی له‌ئێستادا شكاوەو ئەوەی دەشێت بشكێت»
ئه‌وه‌ی كه زیاتر جێی سه‌رنجی منه له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی دا ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت:
“وشەی شۆڕش خۆ بە خۆ هیچ مانایەكی پێشوەختی نییەو تەنیا له‌سیاقێكی گەورەتردا دەتوانین تێیبگەین. شۆڕش روداوێكی مێژوویی گەورەیە، بەڵام ماهییەتی ئەم روداوە گەورەیە شتێك نییە له‌سەرەتاوە ئاشكرابێت، بەهای راستەقینەی هەموو شۆڕشێکو بزاوتێكی گەورە كەمتر له‌ساتی خۆیدا دەردەكەوێت، بەڵكو له‌داهاتوودا دەردەكەوێت، شۆڕشەكان سەرەتا تۆ‌و دەخەنو ئەو تۆوانە درەنگ بەردەگرن“.
لێره‌دا خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه که ئه‌و باس له شۆڕش ده‌كات و باسه‌كه‌ی ئه‌ویش بۆ خوێنه‌ر و گوێگری كورده، كه‌واته ئه‌و به‌گشتی لە شتێك دەدوێت، بەناوی شۆڕشی کورد.
ئه‌وه‌ی که بۆ من له‌و بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌وه‌یه که شۆڕش لای به‌ختیار عه‌لی پرۆسه‌یه‌کی دوورودرێژ نییه، خۆئاماده‌کردن و خۆڕێکخستن و کارله‌سه‌رکردن له‌لایه‌ن زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکانی خاوەن داخوازییهوه، نییه، شۆڕش لای ئه‌و کارێکی خۆڕسك نییه، واته کارێک نییه که پێداویستییە کۆمه‌ڵایەتی، ڕامیاریی و ئابووریی و پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ژیانی خه‌ڵکی ئاسایی بێبەشی کۆمه‌ڵگه ئافەراندبێتی، که پێویستی به بوونی خۆڕێکخستن و کارله‌سه‌رکردن و هه‌ڵخڕاندنی خه‌ڵکی، هه‌بێت، شۆڕشێك نه‌ك له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی ڕێکخراوه‌یی پارت ئاسا، به‌ڵکو له دووتوێی گروپه لۆکهڵییهکاندا، له نێوه‌ندی ته‌واوی خه‌ڵکدا له سه‌رتاپای ئه‌و شوێنانه‌ی که یه‌کی تێدا ده‌گرنه‌وه. بەڵام شۆڕش لای ئه‌و پلان بۆ داڕشتنه، دیاریکردنی کاتژێری سفره بۆی، گردبوونهوهیەتی له چوارچێوه‌ی پارتێکدا یا ڕێکخراوێکی دیسپلیندار له کۆمه‌ڵگەیه‌کی دیسپلینی له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ” تۆزێک له ئانارشێتی” له ژێر ڕکێفی سه‌رکرده‌یه‌کدا یا چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کدا، به‌لام گه‌ر بتوانرێت سه‌رکرده‌کان خوێنه‌وار و ڕۆشنبیر بن. ( من دواتر دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م خاڵه) چونکه شۆڕش لای ئه‌و پابەندی هونه‌ر و زانستی ڕامیارییە، که بە بۆچوونی ئەو خه‌ڵکانی ئاسایی ئه‌م تایبەتمەندییه باشانه‌یان تێدا نییە، هه‌ر بۆیه لای به‌ختیار وایه که ناتوانرێت سه‌ره‌نجامه‌کانی یا داهاتووی”‘شۆڕش” بزانرێت.
هه‌روه‌کو له سه‌ره‌وه وتم باسه‌که‌ی به‌ختیار بۆ گوێگر و خوێنه‌ری کورده و له‌به‌ر ڕۆشنایی بەناو “شؤڕشی کورد” و گه‌لانی تردا ئه‌و گه‌یشتۆته ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه و له‌به‌ر ئه‌وه‌شە، که ده‌توانین سه‌رئه‌نجام و پێشبینییه‌کانی داهاتووی “شۆڕش” باشتر ببینین، من بۆ زیاتر ڕوونکردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستی وتاره‌که‌م “شۆڕشی” كورد به‌تایبه‌تی، به نموونه ده‌هێنمه‌وه ، هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌توانین شێوه‌ی تریش له‌م “شۆڕشی” کورده ببینینه‌وه ، که له هه‌موویان نزیکتر لێمانه‌وه “شۆڕشی فه‌له‌ستینی”یه، ڕه‌نگه هی تریش هه‌بن، که لای به‌ختیار بچنه هه‌مان خانەوە.
به‌ڕای من هیچ کام له‌مانه شۆڕش نه‌بوون ، نه ئه‌مه‌ی كورد و نه ئه‌وه‌ی فهلهستینهكانیش، ئه‌مانه هه‌ردووكیان نه‌بوونیان زۆر له به‌رژه‌وندی گه‌لی كورد و گه‌لی فه‌له‌ستینی بوو. به‌ناو ” شۆڕشی” كورد و فهلسهستینی كۆپی یه‌كترن و نزیكایهكی زۆریش له نێوانیان هه‌بووه؛ هه‌ر له داگیركردنی خاكیان و له تاكتیك و سراتیج و ئه‌م به كاولكردنی کوردستان و ئه‌ویش به وێرانكردنی ئه‌وه‌یشی كه له ده‌ستیاندا مابوو. ئه‌مه‌وێت لێره‌دا ئه‌وه بڵێـم ، كه ئه‌مە راستیی ئەو دوو به‌ناو شۆڕشه، بووە و سه‌رئه‌نجامی هه‌ردوكیشیان ئاشكرایه.
له شوێنه‌كانی دیكەیشدا گه‌ر پارت به ئامانجی خۆی گه‌یشتبێت، ئه‌وه شۆڕش نه‌بووه و شۆڕشیشی نه‌كردوه، هیچکات سیسته‌مه‌كه‌ی نه‌گۆڕیوه. به‌ڵكو دهموچاوەكانی گۆڕیون ، ده‌ستی ده‌ستی به‌ده‌سه‌ڵات كردووه.
منیش ده‌ڵێـم هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌ك به‌بێ هه‌بوونی زه‌مینه‌یه‌ك ڕوونادات ، دوای ئه‌وه‌ش گه‌ر بیه‌وێت شتێك به‌ده‌ست بهێنێت ، ده‌بێت جۆرێك له ڕێكخستن به‌خۆیه‌وه بگرێت، به‌ڵام مه‌رج نییه كه ئه‌و ڕێكخستنه له شێوه‌ی ڕێکخستنی پارت و ڕێكخراودا بێت و هه‌مان ڕۆڵی ئه‌وان بگێڕێت له بانگهێشه‌ی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات.
دووهه‌میان: شتێكی زۆر ڕاسته له كاتی ڕوودانی بزووتنه‌وه‌یه‌كدا ، ئه‌وه‌ی كه ئه‌و پێی ده‌ڵێت “شۆڕش”، یا لای ئه‌و بووه‌ته شۆڕش ، یا هه‌تا له ده‌مه‌قاڵێی نێوانی دوو كه‌سیشدا، كه‌سێك ناتوانێت لە سەدا سەد ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی یا كۆتاییه‌كه‌ی بپێكێت. به‌ڵام هه‌موو سه‌ره‌تاییه‌ك ، واته سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هه‌ر شتێك، تێگه‌یشتن له پێکهاتە و تاكتیك و ستراتیجیه‌تی ئه‌و سه‌ره‌تایه ئیدی ده‌ستپێكردنی بزووتنەوەیه‌ك بێت ، دروستكردنی پارتییه‌ك بێت، ده‌توانێت پێشبینییه‌كی باش بكرێت بۆ كۆتاییه‌كه‌ی. بێگومان پارتێك به په‌یڕه‌و پڕۆگرام و به وتار و گوفتار گه‌ر ڕه‌یسست بێت ، بێگومان كه بە ده‌سه‌ڵات دەگات، پێشبینی باشتریان لێناكرێت. پارتی و یه‌كێتی كاتێك کە له شاخ بوون، ده‌ستیانكرد به تیرۆری خه‌ڵكانی ئۆپۆزسیۆنی ناو خۆیان، دوایی كه‌وتنه گیانی یه‌كتری چ له شاخ و چ له شاریش ، دواتر له كۆمه‌ڵه ، هێرشی یه‌كێتی بۆ سه‌ر حیزبی شیوعی و حسك، دوای ئه‌وانه‌ش شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی و پارتی ، تیرۆرکردنی حه‌مه حه‌لاق و براده‌ره‌کانی ، ساڵی 2000 یش تیرۆرکردنی پێنج (5) هاوڕێی پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق، دواتر لەتەك په‌كه‌كه و ئیسلامییه‌كان . پێویست ناكات، من باس له شته‌كانی دیكەیان بكه‌م، چونكه ڕه‌نگه هه‌موومان ئه‌وه بزانین، ئه‌م دوو پارته ئه‌وه‌نده‌ی مێژووی شه‌ڕه‌نگێزی و تیرۆریان هه‌یه، ئه‌وه‌نده مێژووی ئاشتیانه‌یان نییه، ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، كه ئه‌مه سه‌ره‌تاكه‌یان بێت ، بێگومان كۆتاییه‌كه‌ش تاڕاده‌یه‌كی باش زانراوه.
به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌وانێك، كه به ئاگر و ئاسن له ساڵی1961 تا گه‌یشتنه‌وه شار، فەرمانڕەواییان كردووه و ڕۆژیان داوه‌ته ده‌م شه‌و و شه‌ویشیان داوه‌ته‌وه ده‌م ڕۆژ. ئه‌مانه كه هه‌ر هه‌مان خه‌ڵكن و هه‌مان ڕامیارییان هه‌یه و هه‌مان ئاوەزیان هه‌یه، بگره خراپتریش له شاخ، ئیتر چۆن چاوه‌ڕوانیان لێ ده‌كرێت، ئێستا جۆرێكی دیكە ڕه‌فتار لەتەك خه‌ڵكدا بكه‌ن. كه‌واته گران نییه گه‌ر ته‌ماشای پێکهاتە و تاكتیك و داخوازی و شێوه‌ی كاركردنی پارتێك، بزووتنەوەیه‌ک “شۆڕشێك” بكه‌یت له نزیكههوه له پرۆسه و ڕێڕه‌وه‌كه‌ی ئاشنا بیت، ده‌شتوانیت ده‌رئه‌نجامه‌كانی بپێكیت.
دەرچوون له‌ترسی ئەبەدیی نەمان
به‌ختیار عه‌لی له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌ی دا زۆر به چڕی و به كورتی ده‌ست بۆ پرسێك ده‌بات . كه له‌لای من هیچی دیکە نییه جگه له شێواندن كردنی مێژوو ، جگه له چه‌واشه‌كردنی گه‌نجانی ئێستا كه چاویان له سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین و كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له کوردستاندا، هه‌ڵهێناوه، بێ ئه‌وه‌ی له پاڵپشتكردنی سه‌رنجه‌كه‌ی دا، په‌نجه بۆ ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌ك یا ڕوداوێك ڕابكێشێت، ئای كه ترسناك و ناڕاسته كه قسه‌یه‌ك بكه‌یت، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سێكی وه‌كو به‌ختیار عه‌لی و به‌ڵام ته‌نها به‌ڵگه‌یه‌كت پێنه‌بێت. بڕوانن له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌ی دا چی ده‌ڵێت:
” بەدرێژایی سەد ساڵی رابوردوو. تاكە شتێك كە بزوێنی شۆڕشەكانی ئێمە بووە، شەڕبووە له‌گەڵ داگیركەردا، جەنگی مان‌و نەمان بووە له‌گەڵ هەڕەشەی تواندنەوەو فەوتاندا، گوتاری باڵادەست لێرەدا پاراستنی كۆمەڵگاو نەتەوە بووە له‌له‌ناوچوون، ئەم شۆڕشانە هیچیان شۆڕشی ئیشكردنی كۆمەڵگای كورد نەبوون له‌سەر خۆی، شۆڕشی بیركردنەوەی مرۆڤی كورد نەبوون له‌سیستمی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی خۆی، بەڵكو شۆڕشی بیركردنەوە بوون لهدەربازبوون“
من لێره‌دا پێویستم به‌وه نییه به ” شۆڕشه‌كانی” شێخ مه‌حمود و ” بارزان” دا بچمه‌وه، كه له سه‌ره‌تای چه‌رخی پێشوودا ده‌ستیانپێكرد ، ته‌نها سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌و ڕاستییه ڕاده‌كێشم، كه هاوته‌مه‌نه‌كانی به‌ختار و منیش و به‌ته‌مه‌نتر له ئێمەش ئه‌و ڕاستیه ده‌زانن، كه پارتی و سه‌ركردایه‌تی پارتی له ساڵی 1961 دا ئیعلانی جه‌نگ ههڵگیرساندیان له‌سه‌ر میری عه‌بدولكه‌ریم قاسم و ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ی ئه‌وكاته‌ی عێراق، كرد . مێژوو شاهیده و زۆریش له‌وانه‌ی كه تاکو ئێستاش ماون و كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌نج بوون، ئه‌وه ده‌زانن كهعهبدولكهریم قاسم ئه‌گه‌ر بیشیویستایه ، به‌ڵام له‌و قۆناغه تازه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یده‌ویست، بانگێشه‌ی جه‌نگ به‌رامبەر كورد بكات. وه‌کو هه‌موان ده‌یزانین، عه‌بدولکه‌ریم قاسم زۆر نزیک بوو له حیزبی شیوعی عێراقه‌وه و ئه‌وانیش لەتەك باقی گروپ و پارت و خه‌ڵکه چه‌په‌کان، له پشتی عه‌بدولكه‌ریمه‌وه بوون، بۆیه تا ئه‌وکاته مه‌ترسییه‌ک نه‌بوو له‌وه‌ی که ئه‌و ئاڵای ڕیشه‌کێشکردنی کورد هه‌ڵگرێت. له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌وه ڕه‌چاو ده‌که‌ین، که به‌دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی کوردی ڕامیاریی ئه‌ویش گۆڕاو به‌ره‌و شه‌ڕه‌نگێزی ده‌ڕۆیشت.
من باوه‌ڕم وایه، جه‌نگ به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا سەپێندرا نه‌ك پێچه‌وانه‌وه‌کەی. ئه‌وه‌شی كه توزێك به ویژدانه‌وه قسه بكات و شایه‌تی ڕاستییه‌كان بێت، وه‌كو خۆی، نه‌ك وه‌كو به‌ختیار و هاوبیره‌كانی، میكانیزمی دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی كوردی ساڵی1961 ده‌زانێت، پێویستی به شیکردنەوە و توێژینه‌وه نییه. كورد له‌سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم دا خاوه‌نی پله‌وپایه‌ی گه‌وره بوو، هه‌م له ڕیزی بەڕێوەبەرایەتیە سڤیلییەكاندا و هه‌م له ڕیزی سه‌ربازیدا، ههرعهبدولكهریم بوو، كه له ده‌ستووری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراق دا ئه‌وه‌ی چه‌سپاند، كه كورد و عه‌ره‌ب بران و له‌م نیشتمانه‌دا هاوبه‌شن. گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردی سه‌ریان له ده‌سه‌ڵاتی عه‌بدولكه‌ریم نهشێواندایه و نه‌بوونایه‌ته دارده‌ستی ئه‌مه‌ریكا و هێزی بێگانه و ئاغا و شێخ و مالك و زه‌ویدارانی ئه‌و كاته‌ی کوردستان، عه‌بدولكه‌ریم قاسم له به‌رنامه‌ی دابوو، كه گه‌ڵێك شتی گرنگ بۆ كورد بكات، كه هه‌تا ئه‌و بمایه كیانی ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه و خاك پارێزراو بوو.
كه‌واته كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا بەپێچەوانەی “گوتاری مانه‌وه” ی (به‌ختیار عەلی)یەوە ، له ڕاستیدا جه‌نگی بۆ پاراستنی بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کوردستان ده‌ستپێكرد ، له‌وانه بۆ بەرگرتنی ڕیفۆرمی زه‌ویوزار، بۆ بەرگرتن بە چاوكردنهوی خه‌ڵكی دێهاتەکان و به خوێنده‌واربوونیان و بۆ بەرگرتن بە بنه‌بڕكردنی ئه‌و نه‌خۆشی و وهبایانهی كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بوون، بۆ بێبەشکردنی خه‌ڵكی كورد له ئاوی پاك، له شارێ و شەقامی چاك، له كاره‌با و گه‌لێك خزمه‌تگوزاری دیكە.
له سه‌ر ئاستی جیهانیش بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و خۆراوا به گشتی و بریتانیا به‌تایبه‌تی، كه “هاوپەیمانی به‌غداد” به هاتنی میری تازه هه‌ره‌سی هێنا و بارودۆخی تازه‌ی سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم ڕێگه‌ی خۆشكرد بۆ پێشكه‌وتنی پێگه‌ی شوره‌وی جاران و بیروباوه‌ڕی “كۆمۆنیستی ” .
به‌ختیار، ڕاستییه‌كان وه‌كو خۆی ناڵێت و نه‌هامه‌تییه‌ك كه هه‌ر له ساڵی 1961وه تاکو ئێستا به‌سه‌ر تاکی كورد و ناوچەی كوردستاندا هاتووه، به ته‌نها ده‌خاته سه‌رشانی “بێگانه” و دوژمنانی كورد، به‌ڵام ئه‌وه نابینێت یا ده‌مارگیری نەتەوەییانەی به‌ختیار ڕێگه‌ی پێنادات، كه هه‌ر هیچ نه‌بێت گه‌ر نیوه‌شی نه‌بێت ، سێیه‌كێكی بخاته ئه‌ستۆی پارته كوردییه‌كان و بزووتنه‌وی كوردی كه هه‌ر له دروستبوونیانه‌وه تا ئه‌م ساتە، كاریان له‌سه‌ر داڕوخانی میكانیزم و پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌ك هه‌ر له بواری ڕامیاری و ئابووری و بازرگانی كولتووری دا، بگره له بواری سیسته‌می خوێندن و په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ركردنیشدا، كردووه و ده‌كەن، بۆ نموونه هاندانی كردنه‌وه و زۆربوونی خه‌سته‌خانه‌ی تایبەتی و، خوێندنگە و زانكۆی تایبەتی ، كه هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه له‌سه‌ر حسابی به‌شه زۆره‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه، كه نه‌دار و هەژارن.
كۆتایی شوناسە دێرینەكان
له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌یدا كه به‌شێكه له كۆڕه‌كه‌ی، به‌ختیار جگه لهڕیزبهندكردنی چه‌ند وشه و دهستەواژهیهك چی دیكە نییه، لەتەك دووچاربوونی چه‌ند ناكۆكییه‌ك له‌و بابه‌تانه‌دا كه نازانێت كامیان ڕاسته: بزووتنه‌وه به ئایدیۆلۆجیاوه یا بزووتنه‌وه بێ ئایدیالۆژیا، له‌تەك ئایدۆلۆجیدایه و لهتەکییشیدا نییه. بڕوانن له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌یدا چۆن ده‌ستپێده‌كات:
“یه‌كێكی دیكە له‌و خاڵانەی كە وادەكات ئەم بزووتنەوەیە وەك دیاردەیەكی نوێ تەماشابكەین. دەرچوونە له‌كۆی دوولانە ئایدیۆلۆجییە كۆنەكان. ئەمە نە بزووتنەوەیەكی چینایەتی، نەبزووتنەوەیەكی ئایینی، نە بزووتنەوەیەكی ناسیۆنالیستییە. واتە بۆیەكەمجار بزووتنەوەیەكمان هەیە بەتەواوی ناچێتەوە ژێر چەتری ئەو دابەشبوونە تەقلیدیانەوە. ئەمە دیوێكی پۆزەتیڤە، كە ئەگەر بێت‌و كاری وردی له‌سەر نەكرێت، دەشێت نەگەتیڤو زیانبەخش بكەوێتەوە”
هه‌ڵبه‌ته به‌ختیار لێره‌دا مه‌به‌ستی له‌م بزووتنەوەیه، بزووتنەوەی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵكی کوردستانه، ئه‌و بزووتنەوەیه‌ی كه دواتر لیستی گۆڕان و گروپە ئیسلامییه‌كان و كه‌سانی لیبراڵی وه‌كو فاروق ڕه‌فیق و بەختیار خۆی و هاوه‌ڵه‌كانی ، ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت و خه‌ساندیان، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی دوای بە خوێنڕشتنێكی زۆر و ڕاونان و گرتنی به‌شێك له خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئاشبه‌تاڵی لێكرا.
جێی سه‌رنجه كه به‌ختیار ئاوا ئه‌و بزووتنەوەیه شی ده‌كاته‌وه: كه ده‌ڵێت نهچینایهتیه و نه ئایدیۆلۆجیه، نه ئایینیه و نه نێونه‌ته‌وه‌یی.
من پێش ئه‌وه‌ی قوڵتر بچمه ناو ئه‌و پرسه‌وه، ئه‌و پرسیاره له به‌ختیار ده‌كه‌م گه‌ر ئه‌و بزووتنەوەیه چینایه‌تی نه‌بوو، چۆن ئه‌و پاساوی سه‌رهه‌ڵدانی بوون و ڕودانی ده‌كات؟
بۆچی زه‌مینه‌ی ئه‌و بزووتنەوەیه، نه‌بوونی پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی کوردستان نه بوو؟ كام جۆر له خه‌ڵكی؟ كێن ئه‌وانه‌ی كه ئیشی باشیان نییه؟ كێن ئه‌وانه‌ی كه كرێی خانوویان به‌رزه، یان كرێی كاره‌كه‌یان ده‌ره‌قه‌تی خەرجی ڕۆژانه‌ی خۆیان و خێزانیان نایێت؟ كێن ئه‌وانه‌ی كه كاره‌بایان نییه ، ئاویان نییه، له بێکاریدا شەقام ده‌كوتن و چاوه‌ڕوانی كار ده‌ستكه‌وتن، دامەزران، ده‌كه‌ن؟ كێن ئه‌وانه‌ی كه له ته‌ڕ ده‌خۆن و له وشك ده‌نوون؟ ئه‌مانه به‌رپرسیاره‌كانی پارته‌كان و ده‌سه‌ڵاتن لەتەك كه‌سانی نزیك و دهستهوپەیوەندەكانیاندا، یان باقی خه‌ڵكه‌كه‌ی کوردستانه؟ كێ له دادپەروەری كۆمه‌ڵایه‌تی بێبه‌شه، خه‌ڵكانی سه‌ر شه‌قام و ڕاپه‌ڕیوان بوون یا به‌رپرسیاران و ده‌سه‌ڵاتداران به هه‌موو چه‌شنه‌كانیانه‌وه لەتەك پاره‌داران؟ كێن ئه‌وانه‌ی كه زه‌ویوزار و موڵك و ته‌لاریان هه‌یه ؟ خه‌ڵكه ئاساییه‌كه‌ی کوردستانن یا دیسانه‌وه به‌رپرسیار و ده‌سه‌ڵاتدارانن؟
به‌داخه‌وه پیرۆزایەتی به‌ختیار عه‌لی و ناو ناوبانگ و قهبهیهتیهكهی، گوێگرانی به‌ڕێزی كۆڕهكهشی یا خوێنه‌رانی نووسینه‌كه‌ی، حهپهساندبوو به سهرسامكردنیان له بیستنی ئه‌م قسه بێسەرەوبەرانەدا.
له‌م گوتاره‌ی به‌ختیاردا ئه‌وه به‌ئاشكرا ده‌بینین، نه‌ك به‌ختیار ته‌نها مێژووی شێواندوه، به‌ڵكو چینه‌كان و ململانێی نێوانیانیشی سڕیوەتەوە و باوه‌ڕی پێیان نییه و نه‌ماوه، ئه‌و باسی کۆمەڵگەی بێ‌چین و بێ ئایدیۆلۆجیا و بێهێز و بێ‌گیان ده‌كات. ئه‌مه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه، كه پێویسته به هه‌موومان ئه‌م ئایدیا لیبراڵییه‌ی به‌ختیار و هاوه‌ڵه‌كانی پووچ بكه‌ینه‌وه. ئه‌مه‌ی به‌ختیار قسه‌یه‌كی مارگرێت تاچه‌ری سه‌رۆكشالیارانی پێشووی بریتانیای هێنایه‌وه یادم ، كه له دیدارێكیدا وتی “شتێك نییه ناوی کۆمەڵگە بێت”، دیاره ئه‌مەیش مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، كه بڵێت شتێك نییه، ناوی چین بێت و پرسكێش نییه، كه ناوی كێشه یا پرسی چینایه‌تی بێت.
پاش ئه‌م هه‌موو ماوه درێژه، كه به‌ختیار له ئه‌وروپا ژیاوه و ده‌ژێت،، شتێك زیاتر له فه‌لسه‌فه نابینێت، ئه‌و ئه‌وه نابینێت، كه له‌م ماوه‌یه‌دا هاوكێشه‌كان گۆڕاون، ململانێی چینایه‌تی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، سەرمایەداری و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری كامڵتر و به‌هێزتر و دڕنده‌تر بووه. پرسەكه له‌وه ده‌رچووه، كه كێشه‌كه ته‌نها له سنووری ململانێی كرێكاران و بورجوازیدا یا سیسته‌مه‌كه‌یاندا قه‌تیس بكات. بگره سەرمایەداری كارێكی وای خولقاندووه، كه دوو به‌ره‌ی ته‌واوی دروستكردووه : به‌ره‌ی به‌رینی خه‌ڵكی له هه‌ر بستێكی ئه‌م سهرهزهمینهدا و به‌ره‌ی و كه‌مایه‌تی سه‌رمایه‌داران و دەسەلاتداران، بۆیه بزووتنەوەی هاوچەرخ چ له کوردستان چ له وڵاتانی عه‌ره‌بی و چ له ئه‌وروپا و چ له ئه‌مریكا و هه‌موو شوێنه‌كانی دیكە، هه‌ر كرێكاران بەتەنیا دژی”گۆڕهەڵکەنەکەی” كۆ ناكاته‌وه، بگره هه‌رچی توێژاڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وڵاته‌كه‌یه به خۆیه‌وه گرتوه و ده‌گرێت ، چونكه سیسته‌می هەنووکەیی نیئۆ لیبراڵ، كه به‌ختیار و هاوه‌ڵه‌كانی پێیدا هه‌ڵده‌ده‌ن و باس له گرنگی مرۆڤ، مرۆڤدوستی ناو ”کۆمەڵگە سڤیلییەکەی” ئه‌م سیسته‌مه ده‌كه‌ن، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر هه‌ر هه‌موویان دروستكردووه، ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ر ژینگه‌ش، هه‌ر بۆیه ئه‌و بزووتنەوەیه كه ئێستا له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و شوێنه‌كانی دیكە ده‌بینین، گه‌ر ته‌نها خه‌ڵكانی به‌رگریكه‌ر له ژینگه گه‌ر هیچ ئامانجێكی دیكەیشیان نه‌بێت، كه‌چی هێشتا له پێشه‌وه‌ی بزووتنەوەكهوهن، وه‌كو هه‌موو خه‌ڵكه‌كانی دیكە. ئه‌وه‌شی كه له کوردستان و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئێران ڕویدا و ڕوده‌دات هه‌ر له‌و چوارچیوه‌یه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه و له‌و پرنسپڵ و فۆرمه‌له‌یه ده‌رناچێت.
ئایا ئه‌م بزووتنه‌وانه بێ ئایدیۆلۆجیان؟ بێگومان نه‌خێر ، وەكو پێشتر وتم ئیمڕۆ دوو به‌ره هه‌ن، هه‌روه‌ها ئایدیۆلۆجیا و هزریش هه‌ن ، ئایدیۆلۆجی پارێزگاریكردن له سیسته‌می زاڵ، كه هه‌موو پارته ڕامیارییه‌كان، ته‌نانه‌ت به چه‌پ و كۆمۆنیستهكانیشهوه، له‌تەك ڕۆشنبیره لیبراڵه‌کانی وەکو به‌ختیار و هاوه‌ڵه‌کانیشی، په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، لە بەرامبەریدا تێڕوانین و هزری دژایه‌تیكردنی سیسته‌مەکە، خه‌ڵكانێك بۆی هه‌وڵ ده‌ده‌ن، كه باوه‌ڕیان به هێج جۆره ده‌سه‌ڵاتێك نییه و هه‌وڵیان له پێناوی دروستكردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ت و ئه‌و ده‌وڵه‌ت یا گۆڕینی ئه‌م ده‌موچاو به‌وی دیكەدا نییە ، بەلکو ئه‌وان له ڕاستیدا هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی به‌های ته‌واوی خودی مرۆڤ ده‌ده‌ن.
با ئیستاش ئه‌و پرسیاره له به‌ختیار بكه‌ینه‌وه، ئه‌و بزووتنەوە تازه‌یه له چ به‌ره‌یه‌كیاندا خۆی ده‌گرێته‌وه به چ ئایدیۆلۆجێیایهك له قاڵب درا؟
به‌ڕای من ئه‌و بزووتنەوەیه بزووتنەوەی خه‌ڵك بوو ، له پێناوی داخوازییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكدا بوو، به‌ڵام كرا به كێشه و بزووتنەوەیه‌كی ڕامیاریی تا له باری به‌رن، جا ئیتر ئه‌وه به ئاگاییه‌وه بوو بێت یا لە نائاگاییەوە، ئه‌وه‌یان من ناتوانم وه‌ڵامه‌كه‌ی بده‌مه‌وه، به‌ڵام به هه‌ر بارێكیاندا بووبێت، ده‌توانم هۆیەکانی تێشكانهكهی و كه‌موكوڕییه‌كانی بزانم، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه وانه‌ی لێ وه‌ربگیردرێت. به‌هه‌رحاڵ من ناچمه ئه‌و پرسه‌وه له ئیستادا، گه‌ر چی من پێشتر له چه‌ند كورته نووسینێكمدا باسم له‌وه كردوه.
ئه‌ی ئه‌و بزووتنەوەیه قاڵبی هیچ ئایدیۆلۆجیایه‌كی به‌خۆیه‌وه گرت؟ به دڵنیانیه‌وه ده‌ڵێم به‌ڵێ و ئایدیۆلۆجیای ئه‌و بزووتنەوەیه ئایدیۆلۆجیا كۆنه‌كه‌ی سه‌د ساڵ زیاتری پێشووتره، كه سه‌ده‌ها جار تێشكاوه، چونكه سه‌رئه‌نجامی ئه‌و بزووتنەوەیه، باشتر پارێزگاریكردن له‌م سیسته‌مه بوو، به گرتنه‌به‌ری ڕێگەی په‌ڕله‌مانتاری و گۆڕین و ده‌ستاوده‌ستپێكردنی ده‌سه‌ڵات، كه ته‌نها سووكه باری سهركهوتنیشیدا، مسۆگەرکەری دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و هێنەری بژێوی باش و خۆشی هه‌میشه‌یی بۆ خه‌ڵكی نه‌بوو، بار و ژیانی خه‌ڵكی زۆر به‌كه‌می ده‌گۆڕدرا، گه‌نده‌ڵی و ده‌وڵه‌مندی و خاوه‌ن-ئیمتیازه‌كان وه‌كو خۆیان ده‌مانه‌وه، سه‌روه‌ری یاسا، یاسای كۆنتۆرڵكردنی خه‌ڵكی و پارێزگاریكردن له دەولەمەندتربوونی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هەژارتربوونی هه‌ژاران، له به‌رده‌وامبوونی خاوەندارێتی تایبه‌تی و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوچەرخ و لەتەك هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی دیكەدا، هه‌ر به‌رقه‌رار و به‌رده‌وام ده‌بوو. به‌ڵام ئه‌مانه‌ش، بەو واتایە نین، كه پشتگیری لێ نه‌كرێت و پشتیوانی ئه‌و بارودۆخه جێگیره بكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاستییەکە، كه وتم . ئایا به‌ختیار ده‌توانێت گەره‌نتی ئه‌وه‌مان پێبدات، كه سه‌ركه‌وتنی بزووتنەوەیه‌كی ئاوا، نه‌ك هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی خوازراوی ئاوا بكات ، به‌ڵكو ده‌توانێت سیسته‌مێكی بیرۆكراتی وه‌كو ئه‌م سیسته‌مه‌ی كه له خۆراوا و ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه بهێنێته‌دی؟
له كۆتایی ئه‌و به‌شه‌یدا به‌ختیار ده‌یه‌وێت شتێكی تازه‌مان پێبڵێت سه‌باره‌ت به ئایدیۆلۆجیا كه خۆشی نازانێت چی ده‌ڵێت، جگه له قوتكردنه‌وه‌ی چه‌ند پرسیارێك، دواتر ڕێگەچارهیهكمان بۆ ده‌دوزێته‌وه و ده‌ڵێت :
“بەبۆچوونی من كارلێكی فیكری، فەزای كراوە، رەخنەی بەردەوام، دەتوانێت شوێنی ئایدیۆلۆجیا پڕبكاتەوە. گۆڕینی جیهان ئەمڕۆ پتر كەوتۆتە دەست ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەی كە فیكر‌و سیستمی كۆمۆنیكاتسیۆنو گەشەی زانست له‌گەڵ یەكدا كۆدەكاتەوە… چیتر ئایدیۆلۆجیاكان جیهان ناگۆڕن، بەڵكو ئەو فاكتەرانەی كە فەزای گشتی‌و گەشەی ئاستەكانی پەیوەندی بەرهەمیدەهێنن جیهان دەستكاریدەكەن. پاشەڕۆژ چیتر ئایدیۆلۆجیاكان نیگاری ناكێشن، بەڵكو پێكەوەكارلێكی بەردەوامی زانست‌و ئەخلاق‌و سیاسەت ئەوكارەدەكەن كە دەبێت لهپەیوەندییەكی بەردەوامدا بن‌و بەردەوامیش یەك چاوەدێری ئەوی دی بن. ئەمڕۆ ترسناكترین شتێك ئەوەیە كە یەك رەهەند، یەك كایە بیەوێت خۆی وەك شا بڕیاردەرو شا كایە بسەپێنێت. “
من نازانم به‌ختیار لێره‌دا مه‌به‌ستی له ئایدیۆلۆجیا چییه و کامه‌یه؟ گه‌رچی ئه‌و نموونه‌ی ئایدیۆلۆجیای نه‌هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام به پێی ڕێسای گریمان، ده‌توانین ئه‌وه‌ی که ئه‌و ده‌یکاته مه‌ته‌ڵ لێمان، هه‌ڵیبهێنین و بڵیین گه‌ر به‌ختیار باس له نه‌گۆڕینی جیهان ده‌کات له ڕێگەی ئایدۆلۆجیاوه، گه‌ر مه‌به‌ستی ئایدۆلۆجی نه‌ته‌وه‌یی ، ئایینی و مه‌زهه‌بی ، ڕه‌گه‌زی و ڕایسیستی و ماركسیستی و لێنینیستی و هتد بێت، من لەتەك به‌ختیاردا هاوڕام، گه‌رچی ئه‌مه‌ی که ده‌یڵێت دژه بهخۆیەتی ، چونكه ئه‌و بۆیه ده‌نووسێت، تاكو وه‌كو خۆی ده‌ڵێت هزر و ئایدیای بگاته خه‌ڵكی، خۆ ئەگه‌ر وانییه ئه‌و ده‌بێت له نووسین بوه‌ستێت.
له‌مه‌ش گرنگ تر ئه‌وه‌یه، ڕاسته به‌ختیار وا خۆی ده‌رده‌خات که ئه‌و له‌تەك ئایدیۆلۆجیدا نییه، به‌ڵام به‌کرده‌وه، واته به نووسین و به چالاکییه‌کانی، به‌درێژای مێژووی بره‌و و ته‌شه‌نه‌ی به ئایدیۆلۆجی داوه ، ئه‌ی ئه‌وه هه‌ر ئه‌و نییه که بانگهێشه‌ی کۆمه‌ڵگە و میری مه‌ده‌نیمان بۆ ده‌کات؟ هه‌ر ئه‌و نییه باوه‌ڕی به سیسته‌می دیمۆکراتی په‌ڕله‌مانته‌ری هه‌یه و به‌شانوباڵیدا هه‌ڵده‌دا؟ هه‌ر ئه‌و نییه که ڕێگاچاره‌ی مرۆڤایەتی و خۆشگوزه‌رانی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگە له‌و سیسته‌مه “مه‌ده‌نی”یە به‌ربه‌رییه‌دا ده‌بینێته‌وه؟ هه‌ر خۆی نییه که له ئێستاوه پلان بۆ داهاتوومان بۆ گه‌یشتن به‌و سیسته‌مه دیمۆکراتییه ده‌کێشێت و له قاڵبمان ده‌دات؟ پێویست ناکات، من باس له ژیان له سایەی ئه‌و سیسته‌مه”دیمۆکراتییه” و ئه‌و کۆمه‌ڵگە “مه‌ده‌نییه” بکه‌م ، به‌ڵکو ته‌نها هه‌ر ئهوهونده ده‌ڵێم، که مرۆڤی له مرۆڤایه‌تی خستووه. ئەو به‌هه‌مان ڕێگە کۆنه‌که‌دا ده‌مانباته‌وه، که چه‌نده‌ها جار نه‌ک هه‌ر ئێمه به‌ڵکو به‌شێکی زۆری مرۆڤایەت خۆی لێداوه، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر نه‌گیشتۆته مه‌به‌ست، به‌ڵکو بهفهلاکهتیش چووه!!!!. ئه‌ی ئه‌وه به‌ڕێکردنی ئایدۆلۆجیا و خواستی خودی ئایدۆلۆجیا خۆی نییه، ئەگەر نا، ئەدی چییه؟
“زانست و ئه‌خلاق و سیاسه‌ت” چۆن ده‌توانن کۆمه‌ڵگه بگۆڕن. گومان له‌وه‌دا نییه، که زاست ڕۆڵی هه‌یه و ده‌بێت له گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌دا، به خۆشکردنی زه‌مینه و خستنه‌به‌رده‌می هۆ و ته‌کنیکی نوێ ، به‌ڵام ناتوانێت کۆمه‌ڵگه بگۆڕێت به‌و واتایه‌ی که به‌ختیار و من و خه‌ڵکی تریش ده‌مانه‌وێت. ئه‌ی ئاکار (مۆڕاڵ) چییه؟ چۆن ئاکار ده‌توانێت کۆمه‌ڵگە بگۆڕێت؟ ئاکاری باش و خراپ چۆن دروست ده‌بن، سه‌رچاوه‌که‌یان چییە؟ ڕامیاری چییه، گه‌ر ئایدیا و هۆش و تێڕوانینێکی به‌خۆوه نه‌گرتبێت؟ دوای ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌مه‌ی که ئه‌و له خواره‌وه ده‌یڵێت واتای چییە:
” گەشەی زانست …………….و فاكتەرانەی كە فەزای گشتی‌و گەشەی ئاستەكانی پەیوەندی بەرهەمیدەهێنن جیهان دەستكاریدەكەن. پاشەڕۆژ چیتر ئایدیۆلۆجیاكان نیگاری ناكێشن“
له‌م دوو دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، خۆی ده‌خاته ناكۆكییه‌كی گه‌وره‌وه، چونكه ئه‌و ئامرازانه‌ی كه ئه‌و باسیان ده‌كات، هزر و هۆشمه‌ندی و ئایدیۆلۆجی دروست ده‌كەن، ئەگه‌ر وانییه، بۆچی فڕۆكه 3 سه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش دروست نه‌كرا، بۆ ئیمهیل و فه‌یسبووك و تویته‌ر و مۆبایه‌لفۆن و زۆری دیكەیش له سه‌رده‌می به‌ندایه‌تی و فیوداڵیستیدا دروست نه‌بوون؟
رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان دیسپلین‌و ئەنارشییەت لهكۆمەڵگادا.
له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌یدا . به‌ختیار باس له دیسپلین و ئه‌نارکیزم [نەك ئەنارشییەت] ده‌كات ، ئه‌و وای ده‌بینێت كه چه‌ندێك دیسپلین بۆ کۆمەڵگە و بۆ تاكه‌كانی ناو کۆمەڵگە گرنگه، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌نارکیزم پێویسته.
ئەگەر كه‌سێك لە هزر و ئایدیاکانی ئەنارکیزم وەك ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی زۆر به‌ئاگا نه‌بێت، له‌م چه‌ند دێرهیدا كه نووسیویەتی، به‌ختیار یا به ئه‌نارکیستبوون تاوانبار ده‌كات یا هیچ نه‌بێت به‌دۆستی ئه‌نارکیزمی ده‌زانێت. به‌ڵام له ڕاستییدا به‌ختیار به ئاگاییه‌وه یا بێئاگاییه‌وه زوڵم و ستەمێكی زۆر گه‌وره‌ی له ئه‌ناركیزم (ئەوەی ئەو بە هەڵە نووسیویەتی ئەنارشیەت) كردووه و هه‌م به شێواندنی ناوی ئه‌نارکیزم به ناوهێنانی به به‌ره‌ڵا و بێسەرەوبەرەیی (chaotic – فوضویة) ، هه‌م به بچووككردنه‌وه‌ی ئه‌و هزر و ڕێگەیهش كه سه‌دان ساڵه بوونی هه‌یه و قوربانییه‌كی زۆریش لە پێناویدا دراوه.
به‌ختیار ئه‌مه‌ی بە ته‌نها بۆ ڕاگرتنی بالانسێك له نێوان دیسپلین و بێسەرەوبەریی له کۆمەڵگەدا، به‌كاربردووه. ئه‌مه بێجگە له‌وه‌ی كه ئه‌و هزر و ئایدیای ئه‌نارکیستی بە بێسەرەوبەرەیی تێگەیشتووە و هەر لەوێشەوە شەیدایی و هۆگریی بۆ ” ئەنارشیەت” لا دروست بووە.
له‌لایه‌كه‌وه ده‌ڵێم، نه‌ده‌بووایه به‌ختیار ئه‌م پرسەیهشی به ئاوه‌ژویی و ناته‌واوی له گوێگرانی كۆڕه‌كه‌ی و خوێنه‌رانی وتاره‌كه‌ی نیشان بدایه. له‌لایه‌كی دیكەیشه‌وه ده‌ڵێم، ده‌بێت ئه‌و كرێدتهی بده‌مێ كه به‌ختیار له‌م وتاره‌ی دا له سه‌ره‌وه‌ی تا كۆتاییه‌كه‌ی له سه‌ر یه‌ك خه‌ت هاتووه و ناكۆكی له نووسینه‌كه‌یدا نییه، كه به‌وەش له شێواندندن و مێژوو ئاوه‌ژووكردنه‌وه و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ڕوداوه‌كان و نه‌هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه بۆ قسه‌كانی، درێغی نه‌كردووه.
ئه‌وه‌ی كه له‌م به‌شه‌ی كۆڕه‌كه‌یدا شێوێنراون، دوو پرسن:
یه‌كه‌میان: ئه‌و هه‌ر ناوی هزری ئه‌ناركیستی بەو جۆرەی لەلایەن دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانەوە بەکاربراوە، به‌كارهێناوه، تاكو هاوکێشەی دیسپلین و به‌ره‌ڵایی پێ بداته ده‌م یه‌ك، ئه‌گینا ئه‌وه‌ی شتێكی كه‌م له ئه‌نارکیزم بزانێت، ده‌زانێت ئه‌نارکیزم و بێسەرەوبەرەیی دوو شتی دژ به‌یه‌كن، له هه‌ر شوێنێك هزری ئه‌نارکیزم به‌هێز بێت ، بێسەرەوبەرەیی لاوازه ، پێچهوانهكاشی هه‌ر ڕاسته.
ئه‌نارکیزم هزر و ئایدیایه و ئاراستەی خۆشبەختی و ئاسوودەیی ژیانه ، ئایدیا و بیر و بۆچوونی من تۆ و هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك و هیچ ڕابه‌رێك نییه، بگره له‌و كاته‌وه‌ی مرۆڤ هه‌بووه و ئەنارکیزمیش هه‌یه و ئه‌وه‌ش ئارەزوو و ئاراستەی ژیانی تاكه‌كانی کۆمەڵگەیه، كه نایانه‌وێت له‌لایه‌ن كه‌سی دیكەوه كۆنترۆڵ بكرێن و بڕیاریشیان بەسەردا یا بۆ بدرێت ، نه خۆهەڵقورتان له ژیانی كه‌سدا بكه‌ن و نه كه‌سیش خۆهەڵقورتان له ژیانیاندا بكات. هه‌ر زۆر به كورتی ئه‌نارکیزم و ئه‌نارکی دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات و كۆنتۆڵكردنن، سیسته‌می ژیانی به‌یه‌كه‌وه‌بوون و كاركردنی هه‌ره‌وه‌زی و بڕیاردانی کۆمەڵیانه له‌سه‌ر سه‌رجه‌می كێشه و پرسە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و قسه‌كردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ره‌كه‌شی له ده‌ستی خۆیاندا ده‌مێنێته‌وه . سه‌رئه‌نجامیش خولقاندنی کۆمەڵگەیه‌ك كه دوور له پاره و پله‌وپایه و هه‌بوونی خاوەندارێتی تایبه‌تی، به‌ده‌ر له ده‌سه‌ڵاتی پارت و دەستەبژێر و ده‌وڵه‌ت و میری. له‌و کۆمەڵگەی ئەنارکیدا پرسە ڕامیارییه‌كان و پاره و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌م و ئه‌و ، کۆمەڵگە ههڵناسوڕێنێت ، به‌ڵكو پێداویستییه‌كانی خه‌ڵكی و سه‌رجه‌می ئه‌و شتانه‌ی دیكە، كه خۆشگوزه‌رانی و خۆشبه‌ختی بۆ تاکه‌كانی ناو کۆمەڵگەكه ده‌هێنن، هەروەها دینه‌مۆی به‌گه‌ڕخستن و پێشه‌وه‌چوونی کۆمەڵگەكهیه.
مێژووی ئه‌نارکیزم مێژووییه‌كی دورودرێژه و خاوه‌نی چه‌ندین بزووتنەوەی نه‌مری خۆیه‌تی و كه له‌و بزوتنههوانهدا خه‌ڵكی خۆی ڕێك ده‌خات و جڵه‌وی كاروباره‌كانی خودی کۆمەڵگەكه لەلایەن گشت تاكه‌كانی کۆمەڵگەكهوە دهگیردێنه ده‌ست و و شیرازه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنی کۆمەڵگە و ته‌بایی تاکه‌كانی ناوه‌وه‌ی به‌هێز تر و خۆشتر ده‌كات. ئه‌وه نییه كه به‌ختیار عه‌لی به‌یه‌ك دێڕی بێسه‌روبه‌ره به‌و گه‌نجانه‌ی ده‌فرۆشێته‌وه، هه‌ركه‌سیش بیه‌وێت له‌سه‌ر بزووتنەوەی ئهناکیستی و کۆمەڵگەیه‌ك كه ئهنارکییهكان ده‌یانه‌وێت له ئاینده‌دا بێتەدی، شتێك بزانێت، به سه‌دان سه‌رچاوه به سه‌رجه‌می زمانه سه‌ره‌كییه‌كانی جیهان هه‌ن، با تۆزێك له کاتی خۆی و وزەی هۆشیی خۆی بۆ چاوگێڕانێك بەو سەرچاوانەدا تەرخان بکات.
دووهه‌میان: ههڵهیەكی دیكەی به‌ختیار هه‌ر له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌ی دا ئه‌وه‌یه، كه دیسپلین هه‌ر به پارته‌وه په‌یوه‌ست ده‌كات و هه‌ر به‌كاری پارتیانه‌ی ده‌زانێت، ئه‌و ئێستاش پارته كوردییه‌كان هه‌ر به‌و پارتانه ده‌زانێت، كه له شاخ بوون و دیسپلینی ئه‌ندامان و دۆستانیان له ڕامیاریكردندا له بارودۆخی نهێنیدا، كردوویانە دەزانیت، ئەمە ئەگه‌ر مه‌به‌ستی له قسه‌كانی هه‌ر پارته كوردهییهكان بێت، خۆ ئەگه‌ر مه‌به‌ستیشی له پارته رامیارییه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا بێت، ئه‌مه‌شیان هه‌ر وانییه ، واته پارت دیسپلینی تاك ناكات.
من پێم وایه، به‌ختیار هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی کوردستان قسه ده‌كات، مه‌به‌ستی پارته كوردی یا كوردستانییه‌كانه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه‌ی له بیرچووه، كه پارته كوردییه‌كان به‌شێكن له ده‌وڵه‌ت و له‌وێدا چڕبوونه‌ته‌وه و بوونه‌ته میری، ئه‌وان ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ك بتوانن، دیسپلینی ئه‌ندامه‌كانیان بكه‌ن، به‌ڵام دیسپلین و كۆنترۆڵی تاکه‌كانی کۆمەڵگە و سه‌رجه‌می کۆمەڵگە له ڕێگەی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وان له ڕێەای په‌یڕه‌وپڕۆگرامی شومی پارتەکانیانهوه ئه‌و كۆنترۆڵ و دیسپلینه ناكه‌ن، به‌ڵكو له ڕێگەی ده‌ستووری ئه‌و ده‌وڵه‌ته یا ئه‌و نیمچه ده‌وڵه‌ته‌ی، كه بوونی هه‌یه و له ڕێگەی پهڕلهمانهكهیانهوه به بڕیاردان له‌سه‌ر یاسا و له ڕێگەی سه‌روه‌رێتی یاساوه، ده‌یكه‌ن ، ئه‌و یاسایه‌ی كه که‌م تا زۆر له یاسا و ده‌ستووری ئه‌م ولاتانه‌ی دیكەوه نزیكه. ئه‌وه‌تا ناتوانرێت خۆپیشاندانێك بكرێت، گه‌ر له‌لای دەزگەی ده‌وڵه‌تییه‌وه مۆڵه‌تی بۆ وه‌رنه‌گیردرێت، هه‌تا ده‌بێت ڕێگە و شوێن و كات و هه‌ڵسوڕاوانی ناو خۆپیشانده‌ران بزانرێت.
ئازادی و دیسپلین،ئازادی و ده‌سه‌ڵات، ئازادی و یاسا و ئازادی و ده‌وڵه‌ت، دوو شتن به هێڵێكی ته‌ریبدا ده‌ڕۆن، كه خاڵی به‌یه‌ك گه‌یشتنیان ئەستەمه ، تەنانەت نییه. له هه‌رشوێنێك ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، تاكه‌كانی کۆمەڵگە ئازادی ته‌وایان نییه، چونكه به یاسای سەروەری یەوە بەسترانهتهوه و ده‌به‌سترێنه‌وه، به‌و یاسایه‌وه كه چینایه‌تییه، بۆیه ئه‌و ئازادییانه‌ی كه به‌ژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و چین و كۆمه‌ڵی باڵاده‌ست ده‌خەنه مه‌ترسییه‌وه، ئه‌و ئازادییانه‌ی كه داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس و تەراتێنی دەزگه سیخوڕییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و ئازادییانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت ده‌ستدرێژی بانکه‌كان و كۆمپانییە زەبەلاحەکان كۆتا بكه‌ن، ئه‌و ئازادییانه‌ی كه ئامانجیان یا خود ئاراستەیان نه‌مانی هه‌ژاری و هه‌بوونی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه و هه‌وڵیان بۆ ده‌ده‌ن، لەتەك گه‌لێك ئازادی دیكەیش، هه‌ر به‌و یاسایه‌ی كه ناوی ئازادی تێدا تۆماركراوه و ده‌كرێته‌وه، به فیلتەری ئه‌و یاسایه‌دا ده‌بێته تاوان و به یاسایه‌كی دیكە فەرمانی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا ده‌درێت. یاسا له هه‌موو شوێنێكی ئه‌م دنیایه‌دا به کوردستانیشه‌وه، یاسای سه‌روه‌ران و پاره‌داران و خه‌ڵكانی پایه و پله به‌رزە، هەر بۆیه داڕێژراوه، تاكو پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ئه‌وان بكات و ئیمتیازاته‌كانیان بپارێزێت.
به‌ختیار ده‌ڵێت : “ ترسناكترین دوژمنی ئەم بزووتنەوەیە ئێستا باوكە پیرەكان نین، بەڵكو ئەوانەن كە راستەوخۆ دەیانەوێت خۆیان وەك ئەلتەرناتیڤی باوك پێشكەشبكەن… وەك ئەو باوكەی جێگای باوكی پیر دەگرێتەوە“
گه‌ر سه‌رنج له‌م ڕسته‌ی سه‌ره‌وه بده‌یت، به ئاشكرا ئه‌وه دهببینیت، كه به‌ختیار لەتەك ئه‌وه‌ی لهسهرههوی ئه‌م به‌شه‌دا ده‌ستی پێكردوه، ده‌كه‌وێته ناكۆكییه‌وه، كه له‌وێدا زۆر به هیواوه باس له‌و بزووتنەوە تازه‌یه ده‌كات، كه‌چی كۆتاییه‌كه‌ی به‌م دێڕه‌ی سه‌ره‌وه ده‌هێنێت، كه زۆر بێ هیوایە لێی، چونكه لێره‌دا به ئاگادێته‌وه یا ڕاستتر دێته‌وه سه‌ر ئه‌رزی واقیع و له‌وێوه پرسەكه ده‌بینێت و ئیدی واز له فه‌نتازییه‌كه‌ی پێشووتری ده‌هێنێت، لێره‌دا تێده‌گات، كه باوكه نوێیەكانی وه‌كو فاروق ڕه‌فیق و هه‌ڵسوڕاوانی لیستی گۆڕان و ڕێكخراوه ئیسلامیكانن ” كه ڕاسته‌وخۆ ده‌یانه‌وێت خۆیان وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیڤی باوك پێشكه‌ش بكه‌ن ” لێره‌دا جێی هیچ هیوایه‌ك ناهێڵێته‌وه، هیچ گوڕانكاریهك له داهاتووی ئه‌م بزووتنەوەیه‌دا نابینێته‌وه ، كوتومت وه‌كو پێشتری ده‌یهێڵێته‌وه، كه ده‌ڵێت ” وه‌ك ئه‌و باوكه‌ی جێگای پیر ده‌گرێته‌وه” ئه‌مه ناكۆكییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه كه له نێو لاپه‌ڕه‌ی نووسینه‌كه‌یدا یا خود (5) خوله‌کی كۆڕه‌كه‌یدا ده‌یبینیت، ڕه‌نگه ئه‌وه له‌لای هه‌ندێك خه‌ڵك زۆر گرنگ بێت، كه بزانن ئه‌و باوه‌ڕی به كامیان هه‌یه، به‌ڵام له لای من ئه‌وه گرنگه كه ئه‌و له باری دووهه‌مدا ڕاستی وتووه، به‌ڵام ئه‌ی بۆچی پێشتر لێره‌وه و له باسه‌كانی تریشیدا و له نامهكانیشیدا لەتەك هاوه‌ڵه‌كانیدا، ئه‌م ڕاستییه‌ی له خه‌ڵك ده‌شارده‌وه، بۆچی خۆڵی ده‌كرده چاوی خه‌ڵكییه‌وه؟ ئه‌مه پرسیارێكه بەشداربووانی كۆڕ و خوانی به‌ختیار ده‌بێت، داوای وه‌ڵامی لێ بكه‌ن .