گه‌مه‌یه‌کی تری سیاسسی و باجێکی گه‌وره!!!!!
زاهیر باهیر / له‌نده‌ن
06/12/2012
شتێک نییه بۆ ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ باشتربێت بۆ داپۆشین و سووککردنی قه‌یرانه‌کانی نێو خودی ده‌سه‌ڵات خۆیی و ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌شی که فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات، کارێک نییه بۆ ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ به‌ئاکامتر بێت بۆ “یه‌ککه‌وتنی ڕیزه‌کانی گه‌ل”. ئه‌وه‌شی بۆ ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتخوازان باشبێت، بێگومان بۆ زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانی وڵات و هاووڵاتییه‌کانی، خراپه. هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ هه‌تا به‌و جه‌نگانه‌شه‌وه که ناویان به ” جه‌نگی ڕه‌وا” براوه‌و ده‌برێت، جگه له‌وه‌ی که قه‌یرانێکی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی قوڵ ده‌خولقێنێت، هه‌رچی داخوازی و کێشه هه‌نووکه‌ییه‌کان و ئه‌وانه‌ی که پێشتریش له‌ئارادا بوون، ده‌کاته شتی زۆر لاوه‌کی و ده‌یانکاته قوربانی مه‌سه‌له هه‌ر گه‌وره‌که که جه‌نگه.
زۆربه‌ی وه‌خت که ده‌سه‌ڵات ڕوبه‌ڕوی کێشه ناوخۆییه‌کان و ده‌ره‌کییه‌کان ده‌بێته‌وه ، په‌نابردن بۆ جه‌نگ، قورتار بووونه له کێشه‌کان، گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی کاتیش بێت. هه‌ر بۆ نموونه دروستبوونی جه‌نگی عێراق و ئێران، که ڕه‌نگه ده‌وری له مانه‌وه‌ی ڕژێمی صه‌دام حسه‌یندا هه‌بووبێت، به‌ڵام ده‌توانم سه‌باره‌ت به ئێران بڵێم که ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی بینی له مانه‌وه‌ی ڕژێمی ئیسلامییه‌کانی ئێران‌دا.
.له ساڵی 1982 دا لێره‌ش “بریتانیا” که سه‌ره‌ک شالیارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێره، مارگرێت تاچه‌ر، له نابووتبووندا بوو پاش ئه‌وه‌ی که ڕێژه‌ی بێ‌کاری دووقات بووه‌و ناڕه‌زایی خه‌ڵکی دژی سیاسه‌تی به‌تایبه‌تکردنی که‌رته ده‌وڵه‌تییه‌کان، ڕۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌یان به‌ره‌و زیادی و به‌هێزی ده‌ڕۆیشت، ڕێژه‌ی سه‌دی که‌سایه‌تی و ناوبانگی تاچه‌ر هاتبووه خواره‌وه بۆ ڕێژه‌ی 25% ، بۆیه باشترین کارێک که کردی بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌و مراندنی گیانی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی به‌رامبه‌ر به سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی ، هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی فۆكلهند له‌گه‌ڵ ئه‌رجه‌نتینا، بوو. له ئه‌رجه‌نتینیشدا ئا له‌و کاته‌دا که به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و قهرزاربوونێکی زۆری ده‌وڵه‌ت و بێکارییه‌کی زۆر‌و هه‌بوونی که‌مپه‌ینی دژه ئیمپریالیزم و که‌مپه‌ینی مافی مرۆڤ بۆ داواکردنی ئازادییه‌کانیان و به‌ردانی ئه‌وانه‌ی که له به‌ندیخانه‌دا بوون و ئاشکراکردنی جێگا‌و ڕێگای ئه‌وانه‌شی که بێسه‌روشوێنکرابوون، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تاچه‌ر به جه‌نگ بۆ ئه‌رجه‌نتین، باشترین چاره‌سه‌رێک بوو بۆ ئه‌و کێشانه. که جه‌نگ هه‌ڵگیرساو کۆتایی هات به‌پێی پوڵێکی ڕاپرسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بریتانیا، که‌سایه‌تی و شۆره‌تی تاچه‌ر به‌رزبووه‌وه بۆ له 59% واته نزیکه‌ی دووقات چووه سه‌ره‌وه. له ئه‌رجه‌نتیناش بووه هۆی لاوازکردنی که‌مپه‌ینه‌کان و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی و به‌هێزکردنی ڕژێم و مراندنی گیانی دژه ئیمپریالێت.
که‌واته لای ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتخوازان ، کردنی گه‌مه‌یه‌کی سیاسی تاکو ده‌سه‌ڵاتداران به‌هه‌ر ڕێگایه‌ک بێت، له ده‌سه‌ڵاتدا بهێڵێته‌وه، با باجه‌که‌شی یه‌کجار سه‌خت بێت، مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه. ئیدی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ، ئه‌و جه‌نگه‌ی هه‌ڵیده‌گیرسێنن با بشبێته مایه‌ی قوربانیدانی سه‌دان هه‌زار که‌س و به سه‌دان هه‌زاری تریش له شوێنی خۆیان هه‌ڵبکه‌نرێن و کاریان له‌ده‌ست بچێت و ماڵ‌و منداڵیان برسی و ڕووت و ڕه‌جاڵ ببن، لای ئه‌مان نه‌ک هه‌ر هیچ نییه به‌ڵکو ده‌بێت سه‌رتاپای میلله‌ت خوایش و سوپاسگوزاری ئه‌وان بێت، چونکه ئه‌وان شه‌ڕیان له پێناوی ئه‌مان و خاک و نیشتمانه‌که‌یان و شۆره‌ت و که‌رامه‌تی “ئوومهدا” کردوه.
تازه‌ترین نموونه، نموونه‌ی ئه‌مجاره‌ی هێڕشی ئیسرائیل بوو بۆسه‌ر غه‌زه ، ده‌بینین که به‌ری ئه‌م جه‌نگه، ئه‌م گه‌مه سیاسییه، له مانگی جێنیوه‌ری ساڵی داهاتوودا، ده‌چنرێته‌وه، چونکه به‌م کاره‌ی که کرا نه‌ک هه‌ر هه‌مان ده‌سته‌و دایه‌ره ده‌هێنرێته‌وه سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات به‌ڵکو به ده‌نگی زۆربه‌ش ده‌بنه‌وه فه‌رمانڕه‌واو ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مانیشیان زیاد ده‌کات.
ئه‌مه‌ی ئێستاش که له کوردستاندا ڕووده‌دات ، شتێک نییه جگه له‌و گه‌مه سیاسییه‌ی که ده‌کرێت. هه‌مووان ده‌زانن که ڕژێمی ناوه‌ندی عێراق له قه‌یرانێکی له‌بننه‌هاتوی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا ، ده‌ژی. ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی کوردستانیش، هه‌مان قه‌یران ڕوبه‌ڕوویان بووه‌ته‌وه، وه‌لێ قه‌یرانه ئابورییه‌که له کوردستاندا چه‌شنی به‌شه‌کانی تری عێراق نییه، به‌ڵام له‌وه ده‌کات ئۆپۆزیشن له کوردستاندا ڕێکخراوترو تا ڕاده‌یه‌ک تۆکمه تر بێت، تاکو به‌شه‌کانی تری عێراق . جا چی له‌مه باشتر بۆ هه‌ردوولایان ده‌بێت جگه له هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێک که نه ده‌سه‌ڵاتداران و نه به‌رپرسان زیانێکی ڕۆحی و ئابوری کۆمه‌ڵایه‌تی تیاداناکه‌ن، بگره له هه‌ندێک ڕووه‌وه وه‌ک له سه‌ره‌وه باسم کرد، سوودیشی لێده‌بینین.
گه‌رچی ئه‌گه‌ری ڕوودانی شه‌ڕ زۆر زۆر که‌مه به حوکمی ئه‌وه‌ی که ئه‌مان، هه‌ردوولایان، به‌نه‌خوێنیان( دووخوێن) له‌ده‌ستی خۆیاندا نییه، بار‌و دۆخی ناوچه‌که‌ش له هه‌موو ڕویه‌که‌وه یارمه‌تیده‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێکی تر نییه له کاتێکدا که ئه‌وه حاڵی وڵاتانی عه‌ره‌ب و فه‌له‌ستین و ئێرانه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش له ئێستادا ئه‌مه‌ریکا نایه‌وێت ئه‌مه ڕووبدات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م گاره گاری شه‌ڕه کاریگه‌ری خراپی خۆی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و تاکه‌کانیشی چ له‌وێنده‌رێ و چ له ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش، داناوه.
ڕاگه‌یاندنه خراپه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسه‌کانی کورد له سه‌ره‌جه‌می میدیای کوردستاندا زۆر مه‌ترسیدارن ، به هه‌ڕه‌شه‌و گووڕه‌شه کردن و خۆ گیڤکردنهوهیان: که هێزی ئه‌مان هێزێکی پڕچهکو ئاماده‌یه بۆ جه‌نگ، ئه‌مان ده‌توانن نه‌ک هه‌ر ڕوبه‌ڕوی له‌شکری عێراقی ببنه‌وه به‌ڵکو له‌گۆڕی له‌شکری هه‌موو ئومه‌ی عه‌ره‌بیش دێن،…. یاخود گه‌ر کوردێک بکوژرێت ئه‌وه‌نده عه‌ره‌ب ده‌کوژرێته‌وه یا گه‌ر ماڵێکی کورد بسوتێنرێت ئه‌وه‌نده ماڵی عه‌ره‌ب ده‌سوتێنرێته‌وه … گه‌لێکی تر له‌م ڕاگه‌یاندنه بێسه‌روبه‌رانه.
من نازانم ئایا ئه‌مان له هۆشمه‌ندییه‌وه ئه‌م ڕاگه‌یاندنانه ده‌ده‌ن یان له نه‌زانینیانه‌وه‌یه؟!!. به‌ڵام له‌هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌کیانه‌وه سه‌ری گرتبێت، زۆر خه‌تارناکه، بیری ڕایسیسزم و شۆفێنیزم و فاشیزم به‌هێز ده‌کات ، خه‌ڵکی نه‌فام و خه‌ڵکانی سه‌ربه‌و جۆره هزرانه هانده‌دات هه‌ر که ته‌قه ده‌ستی پێ‌کرد ئه‌مان لێره‌وه ده‌ستی خۆیان به خوێنی ئه‌و خه‌ڵکه عه‌ره‌به هه‌ژارانه‌ی که بۆ په‌یداکردنی نانێک بۆخۆیان و خێزانیان، هاتوونه‌ته کوردستانه‌وه ، سوور بکه‌ن.
لایه‌نێکی تری ئه‌و پاگه‌نده‌یه‌ی که ئه‌م به‌رپرسانه بۆ جه‌نگی ده‌که‌ن، ده‌قاو ده‌ق پاساودانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی صه‌دام حسه‌ینه که دژی کورد کردی، که وه‌کو چۆن له‌سه‌ر کوڕیک که پێشمه‌رگه بوو، له شاخ بوو، خێزانه‌که‌ی ده‌گوێزرایه‌وه بۆ خواروی عێراق، به‌ند ده‌کرا ، جاری واش هه‌بوو تیرۆریش ده‌کرا. هه‌موو ئه‌وانه‌ی که صه‌دام کردی به ڕاگوێزانی گونده‌کان و ئه‌نفال و کیمیاوی و کوشتن و بڕین که له‌شکره‌که‌ی ده‌یکرد دژی خه‌ڵکانی دانیشتوانی بێتاوانی کوردستان هه‌ر هه‌مان بۆچوون وسه‌رچاوه‌یه که ئێستا ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسان له کاتی هه‌ڵگیرساندنی ئه‌م شه‌ڕه‌دا دووباره‌ی ده‌که‌نه‌وه چ به قسه‌و گوفتار، چ به کردار‌و ڕه‌فتار. باشه که‌واته بۆچی ده‌بێت ئیدی ئێمه له‌مه‌ولا گله‌ییمان له صه‌دام و ڕژێمه‌که‌یی و پیاوه‌کانی هه‌بێت ، که ئێمه خۆمان پاش زیاتر له 20 ساڵ هه‌مان گوفتارو ڕه‌فتار دووباره بکه‌ینه‌وه؟ باشه گوناح و تاوانی منداڵێک، ئافره‌تێک،پیرێک، گه‌نجێکی عه‌ره‌ب که له‌ماڵی خۆیدا دانیشتبێت، چییه هه‌تا باوکیشی، براشی ، کوڕیشی له‌ناو هێزی “دیجله‌دا” بێت؟ گه‌ر ئه‌وانه تاوانبار بن و ده‌بێت بکوژرێن هه‌ر به‌و پێوانه‌یه که‌واته ڕه‌واشه گه‌ر له‌شکری “دیجله‌ش” ده‌ستی بگاته ماڵ و خێزانی کورد که کوڕ‌و براکانیان له‌ناو ڕیزی پێشمه‌رگه‌دان، یا ده‌ستیان بگاته ماڵ و منداڵانی ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسان که‌له ماڵی خۆیان دانیشتوون و بێ‌تاوانن، بیانکوژن؟!!!
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌مان نیشان ده‌ده‌ن که بیروڕای ڕایسست و فاشیه‌ت له بره‌ودایه ، ئه‌و ڕاستییه ونده‌کات، یا ده‌شارێته‌وه که شه‌ڕه‌که شه‌ڕی کورد‌و عه‌ره‌ب نییه ، به‌ڵکو شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته‌کانه، گه‌ر ڕێگاش له‌و جۆره بیرکردنه‌وانه نه‌گیرێت، کاره‌ساتێک ده‌خولقێنێت، بۆیه ئه‌رکی سه‌رشانی ئازادیخوازان و سۆشیالیسته‌کانه، به کردنی که‌مپه‌ین و گرتنی کۆڕ‌و نوسین و لێدوان و مشت‌ومڕ کردن له ڕوبه‌ره‌کانی میدیادا، به‌ر به‌م قسه‌و بۆچون و فکره بێسهروبهرو به‌سه‌رچوانه ، بگرن. وه‌ختی ئه‌وه‌یه که هه‌مووان بڵێین نا بۆ شه‌ڕو ماڵکاولی و وێرانکاری، به‌ڵی بۆ یه‌ککه‌وتنه‌وه‌ی ڕیزه‌کانی خه‌ڵکانی هه‌ژارو چه‌وساوه بۆ خه‌باتکردنیان بۆ نان و ئازادی و دژی جه‌نگ و دژی چینی باڵاده‌ست و هه‌موو جۆره‌کانی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌رێتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته.