گەلەکۆمەکێ
02/03/2024
گەلەکۆمەكێ خوو و نەریتێکی قێزەوەندی کۆنی خێڵە لە کاتیکدا کە یەکێك لە خێڵ بکوژرایە ئیتر هەموو خێڵ لەسەری هەڵیدەدایە یا یەکێك لەگەڵ خێڵێکی دیکەدا گرفتی هەبوایە ، کە حیزبە کوردییەکانیش دروست بوون ئەوان جێگای خێڵیان بۆ ماوەیەك گرتەوە و گەلەکۆمەکێکە بە فرمانی بەرپرسانی حیزب دەکرا. بەڵام ئێستا کە حیزب و خێڵ لە شانی یەکەوە بە ئاشتی دێن و دەڕؤن و دەژین هەردوولاشیان لە هەڵکشان و پشتگیری یەکدیدان هەر ئاواش خوو نەرێتی خێڵیش و خێڵگەراییش لە گەشە و هەڵکشاندایە.
حیزبەکان و خێڵەکان لە ئێستادا یەك ئاراستەیان هەیە ئەویش پیرۆزکردنی سەرانی خێڵە کە حیزبیش بووەتە خێڵ، هەوڵ و کۆششی هەردوولاش پاراستن و پیرۆزکردنی سەران و خێزانی خێڵ و بەرژەوەندییەکانیانە.
ئەوەی کە جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە خوو و نەریتی گەلەکۆمەکێ گوێزراوەتەوە بۆ ناو فەیسبووکیش. کاتێك کە شتێك دەنوسیت کە لەگەڵ لایەنێك یاخود ئایدۆلۆجیایەکدا نایەتەوە ئیتر خێڵی برادەرانی حیزب گەلەکۆمەکێت لێدەکەن و هەر یەك لە لایەکەوە هەڵدەداتێ ، رێگا نادەن وتارنووس یاخود نووسەری پۆست لەگەڵ ڕای بەرانبەریدا بگەنە ئەنجامێك، هەر ئەوەندە دەزانی خێڵی حیزب هەر یەکەو لە لایەکەوە دێتەوە ناوەوە دەبێتە گەلەکۆمەکێ. چەند ڕەوشتێکی قێزەوەندە.