Categories
Kurdish

ئایە بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو بەرزبوونەوەی نرخ ڕادەگرێت؟

ئایە بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو بەرزبوونەوەی نرخ ڕادەگرێت؟

11/05/2023

ئەمڕۆ بانقی مەرکەزی بریتانیا بۆ جاری دوازدەهەم لە مانگی دیسەمبەری 2021 وە جارێکی دیکەش ڕێژەی سووی بەرز کردەوە .  پاش ئەم زیادکردنە ئێستا  ڕێژەی سوو لە سەدا 4.5 .

هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو لەبەر ئەوەیە کە تێچووی ژیان ، بە پێناسەی ئابووریناسانی لیبرڵ هەڵئاوسانی پارە بەرزبووەتەوە و لە ئێستادا لەسەدا 10.1 .  بە حسابی ئەوان بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو یارمەتی دابەزینی تێچوی ژیان دەدات کە لەم مانگەدا لە ڕێژەی لە سەدا 19.1 وە سەرکەوت بۆ لە سەدا 20  .  ئەوان دەڵێن  ئیتر نرخی پێداویستی و شمەکەکان سەرناکەوێت .

ئەمەی کە ئەمان دەیلێن لە وەهم و درۆیەکی شاخدار زیاتر هیچی تر نییە .  چونکە لە کاتێکا کە سوو بەرزدەبیتەوە ئیتر سلەفەی عەقار ، کرێی خانوو ، ڕێژەی دانەوەی قەرزیش بەرزدەبێتەوە ، هەرەها بڕی پاشەکەوتیش بەرزتر دەبیتەوە کە هانی کڕینی زیاتر دەدات.  لە لایەکی دیکەوە  بزنس و بزنسمان  نایانەوێت زەرەر بکەن ئەوانیش دێن نرخی کاڵاکانیان بەرزدەکەنەوە .  بۆ نمووەنە : سوپەرمارکێتەکان پێداویستییەکانی ژیانی خەڵك لە کوێوە دەهێنن ؟ بێ گومان بەرهەمی کێڵگەکانە ، بەرهەمی کارگە و کارخانەکانە.  ئا لەم بارەشدا خاوەنکارگە و خاوەن کێڵگەکان ئەوانیش کە قەرزاری بانقن دێن نرخی کاڵا و بەرهەمەکانیان بەرزدەکەنەوە ، سوپەرمارکێت و شۆپەکانیش بە گرانتر دەیکڕن هەر ئاواش بە گرانتر لە پێشتر بە ئێمەی دەفرۆشنەوە.  کەواتە هەموو لایەکیان بە ڕۆڵی خۆیان ئەوەی کە زیاد کراوە لە سەریان، دەیخەنەوە سەر ئێمە . بەمشێوەیە  لەبری ئەوەی نرخ دابەزێت بە پێچەوانەوە نرخ بەرزدەبێتەوە ، ئەمەش زۆر جار وادەکات کە بانقی مەرکەزی جارێکی دیکەش ڕێژەی سوو سەربخات. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەیبینیت لە 15 بۆ 16 مانگدا 12 جار ئەم یارییە کراوە و هیچ سوودێکیشی نەبووە. لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئەگەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو بەرزکردنەوەی نرخی  ڕابوەستانەیە چی پێویستی دەکرد لە ماوەی ساڵێك زیاتردا 12 جار ڕێژەی سوو بەرزبکرێتەوە؟؟

بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو مانگی پێشوو 700 هەزار کەس کە سلفەی عەقاریان لەسەرە یا ئەوانەی کە کرێ دەدەن ، نەیانتوانی کرێ و سلفەکەیان بدەن .  هەر ئاواش پێشبینی دەکرێت پاش زیادکرنی زیاتری ڕێژەی سوو،  لەم مانگەدا ئەو ژمارەیە سەربکەوێت ، ئەمە لە کاتێکدا کە زیادبوونی ڕێژەی سوو کارایی خۆی لەسەر نزیکەی 2.5 ملیۆن کەس کە سلفەی عەقاریان لەسەرە داناوە.

هاوکاتیش بانقی فیداراڵی ئەمەریکی هەفتەی پێشوو ڕێژەی  سووی بەرزکردەوە بۆ لە سەدا 5.25 ، هەروەها بانقی مەرکەزی ئەوروپی ڕیژەی سوی بۆ لە سەدا 3.25 بەرزکردەوە.

دەبێت رەچاوی خالێکی دیکەش بکرێت، کاتێك کە بانقەکان هەمویان بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی ڕێژەی سوو بە هۆکارێکی سەرەکی دەزانن بۆ کۆنترۆڵکردنی یاخود دابەزینی هەڵئاوسانی پارە ئەمەش دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕیژەی سوو کە گەر هەر یەکێکیان ئەوە بکات تاکو بەهای دراوەکەیان لە ئاستی دراوەکانی دیکەدا نەشکێت چونکە بە بەرزکردنەوەی ڕیژەی سوو بەهای دراوی وڵات بەرزدەبێتەوە.

ئابووریی بریتانیا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە کە گەشە ئابووری تەنها بە ڕیژەی 0.25% پەرەدەسێنێت.  هەر ئەمەشە کە زۆرێك لە ئابوورینسان و پێشبینی دەکەم کە بریتانیا لە ئەزمەیەکی ئابووری قوڵدا دەبیت .

هەر بەو شرۆڤە سادەیەی سەروە دەسەلمێنرێت  ئەمەی کە بانق دەیکات تەنها وەهمە و هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتیانە.

Leave a Reply