Categories
Kurdish

ئایە دەکرێت لۆمەی خەڵکی بکەین لە ڕانەپەڕینیان دژ بە دەسەڵات؟

ئایە دەکرێت لۆمەی خەڵکی بکەین لە ڕانەپەڕینیان دژ بە دەسەڵات؟

زاهیر باهیر

04/03/2020

زۆرێك لە نوسەران و ڕۆشنبییران و ئەهلی فەیسبووك سوکایەتییەکی زۆر بە دانیشتوانی کوردستان دەکەن کە گوایە ترسنۆکن، هیچوپوچن، هەر شایستەی ئەو ژێردەستی و زۆرداری و نەبوونییەن.  هەندێکیشیان ئەهۆنانە و دەیانکەن بە مەڕ و پێویستبوونیان بە شوان.

من ڕایەکی زۆر جیاوازم لەو کەسانە هەیە و هەرگیزیش ڕێگا بەخۆم نادەم  ئەگەر  خۆم، یامنداڵەکانم لە پێشەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانەوە، نەبم و نەبن ، بێم و  بانگەشەیەکی  ئاوا بکەم و هاوکاتیش تاوانباریان بکەم بە نەکردنی کارێك  لەوانەی سەرەوە.

بەڕای من ئەوەی کە لە کوردستانا دەگوزەرێت هەمان شتە کە لە سەراپای وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدا و ئۆسترالیا و وڵاتانی دیکەدا دەگوزەرێت.  بە بەراوردیش بە دەوڵەمەندی ئەم وڵاتانە و ئەو جۆری ستاندەرەی کە ژیانی خەڵکی لێرە پێویست دەکات، زەمینەی ڕاپەڕین هەیە.  لەم وڵاتانەش زۆر داخوازیی و پرس هەیە کە خەڵکی دەبێت ڕۆژانە بۆی بچێتە سەر شەقام و تەنانەت لە وڵاتێکی وەکو بریتانیا و ئەمەریکادا زۆر ڕەوایە کە خەڵکی بە هەموو چەشنەکان دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات بکات بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانیان.

بەهەر حاڵ ئەوەیان پرسێکی دیکەیە و من زیاتر دەمەوێت لەسەر کوردستان [ باشور ] بدوێم و هۆکاری ئەوەی کە بۆچی خەڵکی ئامادەی ڕاپەڕین نییە، قسە بکەم.  گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخێکی یەکجار خراپ لە کوردستانا دەگوزەرێت و دانیشتوانی ئەوێ زۆر زیاتر لە ئێمەیەك کە لە دەرەوەی ئەوان دەژین دەزانن و هەر ئەوانیشن کە زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە باجەکەی دەدەن .

بەڕای من  هۆکارێك هەن کە خەڵكی لە کوردستانا ڕاناپەڕن و قەبوڵی ئەو بارودۆخە دەکەن. ئەو هۆکارانەش:

یەکەم: تێکەڵەیەکی  کولتوریی خێڵایەتی و دینی:  ئەمە  ڕێگرێکی گەورەیە لەوەی کە خەڵکی بە خۆیدا بێتەوە و بیەوێت چارەسەری زامەکانی خۆی بکات و پەنا بۆ شتێك لایەنێکی دیکە، نەبات.  ئەو کولتورە دینی و خێڵەکییە هەمیشە لەخزمەتی دەسەڵات و سەرەوەریی و باڵادەستیدا بووەو یارمەتی مانەوەی ئەوانی داوە و کاری داخوازیکردن بووە لە هەژاران و بە قەبوڵکردنی ئەو بارودۆخە ، نەبا خوا خراپەی خراپتر بدات ، کە ئەمەش لەڕێگادایە.

دووەم: کۆمەڵی کوردی:  لانی کەم کۆمەڵی کوردی  لە ساڵی 1946 وە تاکو ئێستا ڕێگای پینەدراوە کە بە مێشك و عەقڵی خۆی بیر بکاتەوە یاخود متمانە و بروا بکاتە سەر خودی خۆی ئەوەش بەشێکی بە هەبوونی هەمە چەشنە و زۆرینەی پارتی سیاسیی کە هەموو هەوڵ و کۆششیان لە پێناوی دەسەڵاتا بووە.  بۆ ئەمەش ئەوان شەڕی فکری و سەربازیی مەیدانییان کردووە بۆ زیادکردنی پانتایی هەژموون و دەسەڵاتیان.  هەر بەم هۆکارەشەوە ئەوان هەمیشە لە ڕواندنی تۆوی ئیدۆلۆجییەتی خۆیانا بوون لەو شوێنانەدا.  هەموو ئەمانەش وای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بڕوا و متمانە بکەنە سەر ئەوان ، لەبری خۆیان .

سێیەم: سیستەمی پەروەردەی خێزانی و ڕۆشنبیریی و فەرهەنگیی :  ئەمانەش کەهەر هەموویان لە سەر بناخەیەکی قوچکەیانە دامەزراون ، کار و هەوڵیان لە پێناوی دروستکردنی تاکی ئازاددا نەکردووە.  تاکێكیان دروستنەکردوە کە بناخەیەکی پتەوی خۆ خۆیی و سەربەخۆی ، هەبێت بەڵکو لەبری ئەوە تاکێکیان دروستکردووە کە دوای کولتوری کۆمەڵایەتی [ بەشە خراپەکەی]  و دینی و وابەستەیی و نامۆیی، ببێت.

چوارەم: ئەو بارودۆخە تایبەتییەی کە کوردستانی تیادایە :  ئەو بارو دۆخە تایبەتییە کە کە کوردد لەوێدا پێیدا تێپەڕیوە و هەر لە کارەساتی شەڕی نەگریسی کوردایەتی و ڕاگوێزینی  زۆرە ملیی و کوشتن و بڕین لە سەر دەستی حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا و کیماوی و ئەنفال و مانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەی گەورەتری حکومەتانی دەوروبەر :  عێراق، ئێران ، تورکیا ..  ئەمان هەمووی وبوونی بارێك لە ئەزموون بۆ خەڵکی وای لێکردوە کە دەڵێت ڕەنگە هەر ” دەستی لینەدەین، باشتر بێت” .  بی گومان میدیای دەسەڵات و حکومەتی هەرێم و حیزبەکانیش هەمیشە بەوە خەڵکی کوردستانیان ڕاگرتووە و ترساندووە.

پێنجەم : فاشییەتی دەسەڵات :  حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکەی هەر وەکو هەموو دەسەڵاتێکی دیکە دڕندە و فاشین لەسەرکوتکردنی خەڵکیدا. دەسەڵات هەر کات کار بگاتە سەر ئەوەی جێگایان پێ لەق بکرێت بە هیچ شێوەیەك دەستناپارێزن لە کوشتن و بڕین و هەموو شێوەیەکی تۆقاندن و تیرۆر دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیو بەکاردەهێنن.  خەڵکی لە کوردستانا ئەمەیان بیینوە و دەیبینن و ناکرێت هەر وا بە ئاسانی سنگی خۆیان و منداڵیان بنێنە بەر گولەی دەسەڵاتەوە.

شەشەم:  خودی بارودۆخی کوردستان:  ڕاستە ئەمڕۆ بارودۆخی کوردستان خراپە بەڵام هێشتا بە بەراورد بە خەڵکی بەغدا و باشور و ئێران و میسر و هیندستان و پاکستان و نایجیریا و خواروی ئەفەریقا و زۆری تر لە ولاتانی دونیا، بارودۆخی خەڵکی لە کوردستان زۆر لەوان باشترە .  ئیتر خەڵکی بە جۆرێك لە جۆرەکان ژیانی خۆی دەبر کردووە و ئەو برسێتی و ڕەشوڕووتییەی کە لەو شوێنانەی کە ناوم هێنان،  هەیە ، لە کورستاندا ئەوەندەی من بزانم، نییە.  دیارە ئەمەس ئەوە ناگەیەنیێت کە دەبێت  برسێتی و نەبوونیی، شۆڕش و ڕاپەڕین دروستبکات، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ڕۆڵی خۆی هەیە.

شەشەم : ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیست و ئەنارکیستەکان: لە ڕاستیدا چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕۆڵێکی ئەو تۆیان نەبووە لەناو خەڵکیدا.  شەڕی نێوخۆیی خۆیان  لەسەر دەسەڵات و پلەبەندیی نێو حیزبایەتی و شەڕی ئیدۆلۆجیانە کردونی بە چەندەها بەش و کەرتەوە کە ناتوانن دەورێکی ئاوایان لە کوردستانا هەبێت هەم لە پشتگیری خەڵکی و  هەم لە بەشداری خۆیشاندانەکانا،  لە هەر ڕووداوێکدا کە دێتە پێشەوە.

هەرچیش ئەنارکیستەکانە ئەوانیش پێگە و سەنگێکیان لە کوردستانا نییە تا ئێستاش  قورسایی سەرەکی خراوەتە سەر کردنی هەڵمـەتی ڕۆشنگەریی سەبارەت بە ئەنارکیزم و ناسینی و گواستنەوەی ئەزموونەکانی دەرەوە بۆ ئەوێ.  بە پلەی دووهەیش بانگەشەی دروستکردنی گروپی خۆجێیی ئاسۆیانە و ڕێکخراوی جەماوەریی ناقوچکەیی و کردنی کاری هەرەوەزی، دەکەن .  ئەمە جگە لەوەی کە ئەنارکیستەکان باوەڕیان بە حیزب و ڕۆلی حیزب و  سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی هیچ جۆرە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێك نییە.  ئەوەی کە ئەوان باوەڕیانە بەشداریکردنە و چالاکبوونە لەو ڕووداوانەدا و گواستەنەوەی ئەزموونەکانە و متمانەپێکردنی تاکە و دروستکردنی وەرکشۆپە بۆ لەیەکدییەوە فێر بوون و هاوبەشکردنی ڕۆشنبیریی و بەهرەی شەخسی [تالەنت] و سەلیقە و توانایە .  هاوکاتیش ڕێگەگرتن ، گەر بکرێت ، لە حزب و حیزبییەکان و کەسانی ناودار و ئیدۆلۆجیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەلكی و لە قاڵبدانیان بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ بەرژوەندی تایبەتی حیزبیان و کەسایەتییەکان و دەوڵەتانی دەرودراوسێ و ناوچەکە.

ئالێردا پێ لەوە دەنێم کە بەشێكی نەبوونی جوڵەی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئێمە هەموومان  کە دەکرێت  لۆمەی خۆمان بکەین ، نەك خەڵکی کە نەمان توانیوە ئەو پێگە و سەنگەمان هەبێت چونکە لە ڕاستیدا هۆکارێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە وەکو پێویست چالاك نین و نەمانتوانیوە و ناتوانین ، فکر و مەبادیئەکانمان بە باشی و بە ڕوونی بگەیەننیە خەڵکی .

 

Leave a Reply