Categories
Kurdish

ئێمە بۆچی عاجزین لە گەیاندنی پەیام و فکرمانا؟

ئێمە بۆچی عاجزین لە گەیاندنی پەیام و فکرمانا؟

زاهیر باهیر

15/02/2021

دیارە لێرەدا زۆر هۆکار هەیە، من هەر پەنجە بۆ 3 دانەیان ڕادەکێشم:

یەکەم : کولتورە ، کە کولتوری کۆمەڵایەتییە:  ئیسلامی بێت ، خێڵەکی بێت یاخود بازاڕ-ئازاد، بمانەوێت و نەمانەوێت بەربەستن .  هەر ئەمەشە کە کردنی شۆڕش لە بواری کولتورییدا بە قەدەر شۆڕشی ئابووریی گرنگە .  هەر شتك کرا بە کولتوور زۆر زەحمەتە کە دڕی پێبدەیت، کولتور بەربەستێکی گەورەیە . گەلێك لە ئێمە ئەوەندە میکانیکیانە پەیوەندی نیوانی ژێرخانی کۆمەڵ [ ئابووریی] و سەرخانی کۆمەڵ [ کولتور، فەرهەنگ ، سیاسەت ، ڕؤشبیریی …. تد ] دەبینین، ئیتر وا دەزانین کردنی شۆڕشی ئابووری کافییە و سەرخانەکەش ئۆتۆماتیکی دەگۆڕێت .

بەڵام ئەوە وا نییە ئەو سەرخانە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕەگو ڕیشەکەی لە ناخی نەوەکانی ئەو سەردەمەدا دەمێنێتەوە،  دەبێت کاری بۆ بکەین و کاری لەسەر بکەین.  ئەگەر کار لەسەر ئەوە نەکرێت  ئەو عەقڵیەتەی کە هەیە لە مەدایەکی کەمدا ناگۆڕێت و وردە وردە دەچێتەوە سەر هەمان ڕێچکەی پێشوو و بەڕۆڵی خۆشی کار لەسەر ژێرخانەکە دەکاتەوە و هەوڵی گۆڕینی دەداتەوە.

دووهەم:  سەرەڕای ئەوەی کە کولتوور تا ڕادەیەك ڕێگرە لێمان، هاوکاتیش ئێمە فکرمان بە حیزبیانە کردووە کردوومانە بە سیاسەتێکی تەواو ، نەك جەماوەریکردنەوەی.   کەی توانیمان فکرمان جەماوەریانە بکەین ئیتر ئێمە پێویستمان نە بە حیزب و نە بە هیچ جۆرە ڕێکخراوێکی قووچکەیی نامنێنت ، بەڵکو کارکردنە لەسەر جەماوەر و جەماوەریش بە دەوری خۆی کاردانەوەی لەسەر ئێمە کە بەشێکین لێی، دەبێت، ئەو کاتەش ئێمە بە گوێرەی ئەوەی کە بارودۆخەکە یارمەتی دەدات هەڵدەسوڕێین ئاوێتەی جەماوەر دەبین.

سێیەم: لاوازی گەیاندنی پەیامەکانمانە: ئێمە لاوازین لە گەیاندنی پەیامەکانماندا، ئێمە نازانین چۆن گفتووگۆ لەگەڵ خەڵکیدا بکەین و پەیوەندییان لە تەكدا ببەستین، واتە کۆمینەکەیشنمان ، لاوازە. ئێمە شێوازی بەخوردی موسڵمانان و خەڵکانی ئاسایمان ، نادرووستە:  هێڕش دەکەینە سەر موسڵمانانی ئاسایی، جەدەل لەسەر بوونی خودا دەکەین ، جەدەل لەگەڵ ئەواندا  لەسەر ئاسمان و ئەو دونیا دەکەین ، ئێمە لەبری ئەوەی کە بەرەو یەککەوتن لەگەڵ ئەواندا بڕۆین و داوایان لێبکەین و جەدەلی ئەوەیان لەگەڵدا بکەین کە کێشەکانی ئێمە لەسەر زەوین، هەروەها حەلەکەشی ، کەچی دێین دووریان دەخەینەوە دەیانخەینە بەرەی نەیارەوە،  دێین قسە لەسەر شتێك دەکەین و دەمانەوێت ئەوەی پێبسەلمێنین کە خودا نییە ، بەهەشت و دۆزەخ نییە ، ئەگەر هەبێت  72 تان، تەنها کارتان دانی لەزەتی جنسیە بە پیاوێك.  ئێمە نەفی ئەوان دەکەینەوە کە کاریان لەگەڵدا بکەین سەبارەت بە پرسە بناخەییە  هەمە چەشنەکانی ڕۆژانە  کە کارایی لەسەر ژیانی ئەوان زۆر زیاترە تاکو هەندێکمان.

لە ڕاستیدا ئێمە ناکۆکی سەرەکیمان لەگەڵ ئەوان و دینەکەیانا هەیە  نەك لەگەڵ سیستەمەکە، دین بە ئەسڵی نەخۆشیەکە دەزانین، نەك ئەعرازەکانی. ئێمە دەبێت کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە بکەین کە دین و هەموو پووچگەراییەکی دیکە لە ئیفرازاتی سیستەمەکەیە.

 ئێمە دەبێت دژ بە دەوڵەت و هەموو جۆرێکی دەسەڵات بین ، چونکە هەمیشە دەسەڵات و دەوڵەتن لایەنگری دین و  پوچگەرایین وێڕای ئەوەی کە گوایە دینیان لە دەوڵەت جیاکردۆتەوە.  بریتانیا زیاتر لە 30 دادگای شەریعەی ئیسلامی هەیە ، بڕێکی زۆر لە ئەندمانی خانەی لۆردان کە بڕیارەکان دەکەنە یاسا ، ئیمتیازی لۆردایەتی بەوان بەخشراوە و ڕۆڵیان هەیە لە چەسپاندنی یاساکانا ، دەیاها قوتابخانەی دینی هەیە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دامەزراوەی پەروەردە و ڕؤشنبیریئ ئەم ولاتەوە نییە ، ڕۆژانە هەر بە تەنها بی بی سی زیاتر 10 خولەك  پەیامی دینی بڵاودەکاتەوە بۆ نموونە بی بی سی ڕادیۆ 4  لە پێش 6 ی بەیانییەوە پەیامێکی دینی ئیدی ئیسلامی یا مەسیحی یا دینی جووەکان بڵاودەکاتەوە.

ئەمەیە خاڵە لاوازە سەرەکییەکانی  ئێمە ، دەەبێت کاریان لەسەر بکەین ، ئەگەر نەیەکەین، شکست بە دوای شکستدا دەچنیننەوە.

Leave a Reply