ئەزموونی شکستخواردوی بزوتنەوەکانی دیکە لە باکوری کوردستاندا پشتگوێ دەخرێت
06/10/2023
مێژوی ٧٠ساڵەی بزوتنەوە چەکدارییەکان هەر لە بزوتنەوەکانی ڤێتنام و کەمبۆدیا و لاوس و فەلەستینییەکان و فارس-ی کۆڵۆمبیا و پڵنەکانی سریلانکە و تا دەگاتە بزوتنەوە کوردییەکانی خۆمان ئەگەر کارەساتیان بەسەر میللەتەکانیانا نەهێنابێت ئەوە ئیدارەیەکی لەوەی پێشتر کە هەوڵیان بۆ گۆڕانیان داوە، بەدەست نەهێناوە.
سەراپای ئەم بزتنەوانە دوو جەمسەری دژ بە یەك، هاوکاتیش هاوکار و کۆمەكکار بەیەک بوون.
چالاکی بزوتنەوە چەکدارییەکان کە بە خەبات و تێکۆشان ناسراوە، حکومەتە یەك بەدوا یەکەکانی لە وڵاتەکانی خۆیاندا بەهێز و بەهێزتر کردووە. هەرچیش حکومەتە ڕەفتار فاشییەکانیش بوون بە ڕۆڵی خۆیان لە سەرکوتکردن و وێرانکردنی ناوچە چەکدارییەکان کەمیان نەکردووە و بیانویەکی ئاوایان دراوەتە دەست کە تەواکەری بەجێگەیاندنی پلان و پیلانەکانیان بوون.
سەرەڕای ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ئەم پێزانین و لەیەكچوونەی بزوتنەوەکان کەچی هیچ وەخت تاکە یەکێکیان وانەیان لەوانی دیکەیان وەرنەگرتووە و بەردەوامبوون لە دووبارە و دەبارە کردنەوەی هەمان نشوست لە کاتی جیاوازدا یاخود هەمان کاتدا بەڵام لە شوێنی جیاوازدا.
بۆچی وانەکان بە هەند وەرنەگیراون؟
هۆکاری وەرنەگرتنی وانەکان زۆرن من هەر لێرەدا پەنجە بۆ هەندێکیان ڕادەکێشم.
+ پاشکۆیی و عەمالەتی بزوتنەوەکان بۆ دەوڵەتێکی دراوسێ یاخود دەزگەیەکی سیخووڕی زلهێزەکان.
+ کورتبینی و نەبوونی ئاوەز و دەركنەکردن بە لایەنە نەرێنی و ئەرێینەکانی بزوتنەوەکە و ڕەنگدانەوەی چالاکییەکانیا لەسەر میللەتەکانیان.
+ پاشکۆیی تاك و پابەندبوونی بە ڕابەر و سەرکردە و نەبوونی متمانە بەخۆ، تا ئەو ڕادەیەی کە لەڕووداوەکاندا عەقڵی خۆی بەکارنەهێنێت و چاوەڕوانی دەمی سەرکردە و ڕابەرەکانیان بکەن.
+ بە پیشەبوونی چەکدارێتی و دەست و پێ سپێتی سەرکردەکانی بزوتنەوەکان کە نزیکەی هەموو ژیانی کامڵێتی خۆیان لەوێدا سەرف کردووە و بووەنەتە شەڕکەر و بڕیاردەری سەرەکی. لە خامۆشبوونی بزوتنەوەکەدا ئەوان دەبنە سەربازێکی ون و هیچیان پێناکرێت و ناویان نابرێت.
بەردەوامبوونی بزوتنەوەکە دەسەڵاتێکی مەعنەوی و سیاسی و فیزیکییان دەداتێ بە حوکمی بوونی هەیکەلی حیزب و بزوتنەوەکە کە دامەزراوەیەکی قوچکەییە.
+ بوونی جۆرێك لە سەرکردە و رابەر کە هیچ ئیدراکێکی تریان نییە سەبارەت بە گەیشتن بە ئامانجەکانیان جگە لەبەردەوامیدان بە شەڕەکە. هاوکاتیش بوونی هەندێك سەرکردە و ڕابەر کە بە هۆشیاری و ناهۆشیارییانەوە لە خزمەتی حکومەتەکاندان بە گرتنەبەری پلان و کردنی جۆرێك لە سیاسەتی خۆکوژیی کە پەرچە کردارەکەی ئەوەندە گەورەیە وەکو کیمیابارانەکەی هەڵەبجە یاخود ئەوەی کە لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا لە لایەن بەشێكی پەکەکەوە [ وەکە زانراوە خۆشیان نکوڵییان لێنەکردووە] دژ بە سێ بەشی کوردستان: باکور، باشوور، ڕۆژئاوا .
بەداخەوە هەموو ئەو ڕوداوانە و کارەساتەکانی کە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەری خەڵکە هەژار و چەوساوەکانی میللەتەکانیان شکاوەتەوە دەشکێتەوە، هەر ئاواش ژینگە و گیانلەبەران و زیندەوەرانن کە قوربانییەکانی ئەم سیاسەتە ڕەشانەیە.