Categories
Kurdish

شۆڕشی سۆشیالیستیی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی سەرتاپاگیرییە

شۆڕشی سۆشیالیستیی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی سەرتاپاگیرییە

03/10/2023

حیزب هەرگیز ناتوانێت و نەیتوانیوە شۆڕش بکات. ئەو کودەتای سیاسی کردووە، پێش ئەوەشی لە دەسەڵاتی بکات لە جەماوەری کردووە. حیزب دەسەڵاتی سیاسی گرتۆتە دەست بەڵام دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، کولتوریی، فەرهەنگی و ڕۆشنبیری وەك خۆی بەجێهێشتووە. حیزب ناتونێت و نەیتوانیوە گۆڕانکاری لەو لایەنانەدا بکات هەر وەکو لە سەرەوە کردویەتی بەگرتنە دەستی دەسەڵات.

حیزب کە لە سەرەوە دەیەوێت کۆمەڵ بگۆڕێت، بە کۆمەڵێك ئامانجی بریقەدار خەڵکانێكی زۆر دەگرێتە خۆی، ئەو چاوەڕوانی ئەوە دەکات وردە وردە کاردانەوەی لەسەر کۆمەڵگە دانێت، بەڵام گرفتەکان و کەلێنە گەورەکانی نێو کۆمەڵ نەك بە حیزبی دەسەڵاتدار ، هەر حیزبێکە، چارەسەر ناکرێن بەڵکو گەورەتر دەبن چونکە حیزب خودی خۆی هەیکەلێك، دامەزراوەیەکی قوچکەییە ئیتر لۆژکی تێدا نییە کە باوەڕ بکەین تاکو بتوانێت چارەسەری ناکۆکی چینایەتی و کۆمەڵایەتی بکات.

هەرچیش بنەماکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە لە گروپ و ڕێکخراوی جەماوەریی کە ئاسۆیین کۆدەبنەوە و هەموو کون و قوژبن و کەلێنەکانی نێو کۆمەڵ پڕدەکەنەوە. ئەو گروپانەش کە لە هەزاران گروپ زیاترن هەر لە ژینگە و سڕینەوەی قەرزی نەتەوە هەژارەکان ، بێ کاران ، ئەوانەی دەناڵێنن بە نەخۆشییە کوشندەکانەوە، خانووبەرە، باخچەو پارکەکان، گەڕانەوەی شەقامەکان بۆ خودی خەڵکی، کەمئەندامان و خاوەنپێداویستی تایبەتی، داخوازی خواردن ، چارەسەر و تەندروستی باش، بەگریی لە پەنابەران و کۆچبەران، دژی جەنگ……تا دەگاتە سەدان گروپی دیکە .

هەر بەم شێوەیە کەموكوڕییەك نییە و نامێنێت کە گروپێکی بۆ دروست نەبوبێت، بە مانایەکی دیکە خەڵکی لە هەموو بوارەکاندا لە بنی کۆمەڵەوە خۆی ڕێكخستووە، خەباتی خۆی ڕاگەیاندووە تەنها خۆڕێکخستنی لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی  نیشتمانماوە. بەشداریکردنی گروپەکان لە تۆڕە گەورەکەدا دەبێتە زەروورەی خەباتی هاوبەشیان دژ بە هەبوونی دووژمنی هاوبەشێان کە سیستەمەکەیە. ئەمەش لەگەڵ بارودۆخی نالەباری خراپتر کە چی تر قەبوڵ ناکرێت زەمینەی ئەو شۆڕشە دەسازێنن.

Leave a Reply