بزوتنەوەی چەکداریی لە نێوانی ڕادەستبوون و بەرگرییدا
03/04/2023
بزوتنەوەی چەکداریی کە بە جەنگی بەرگریی لای زۆرینەیەك ناسراوە، لە ڕاستیدا بزوتنەوەی ڕادەستبوونە بە دوژمنەکەی، نەك بەرگریی لە خاك و نیشتمان و خەڵکەکەی. ڕادەستکردنی هەمو ئەو شتانەیە کە دەوڵەتی دوژمنت دەیخوازێت کە لە کاتی نەبوونی بزوتنەوەی چەكدارییدا یا هەر بۆی ناکرێت یاخود کردنیان زۆر زۆر گرانە. ڕاکێشانی زیاتری سوپای دەوڵەت و پۆلیس و سیخوڕەکانێتی بۆ ناوجەرگەی کۆمۆنێتییەکە، تاڵکردنی ژیانی خەڵکییە ، گرانکردنی ژیان و هاتووچۆ و چێژوەرنەگرتنە لە خواست و ئارەزووەکان ، وێرانکردنی خاك و بە کوشتدانی گەنجەکانێتی، داخستنی قوتابخانە و خەستخانە و ڕاگوێزانی گوندییەکان و خاپورکردنی ژیانی سروشتییانەیانە .
بۆ هەموو هێڕشێکی دوژمنانەی دەوڵەت بە سوپا و پۆلیس و دەزگەی سیخوڕییەوە بیانویەك ، پاساوێك پێویستە بۆ دابینکردنی ئامانجەکانی و لێدان لە بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی .
دەوڵەت باکی نییە لە نەخوێنەواریی خەڵكی گوندەکان و مانەوەیان بەو شێوەیەی کە هەن، گرنگ نییە لای بە هۆی داخستنی خەستەخانەوە جۆری نەخۆشییەکان بڵاودەبنەوە و خەڵکی دەمرێت یا نا!!! ، بۆ ئەو، حکومەت، ڕاگوێزان و وێرانکردن مەسرەفی کەمتر دەبێت لە دابینکردنی مامۆستا و دکتۆر و برینپێچ و ڕێگا و بان و پرۆژەی ئاوو و کارەبا و غاز و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بۆ دانیشتوانی گوندەکان، نەگەیشتنی حاسڵاتی گوندییەکان بە شارەکان و نەفرۆشتنیان و سەرنجامیش هەژاریبوونیی زیاتریان ، حکومەت بۆ ئەمە گونی خۆی نادات لە خومەوە.
ئایا ئەمانە ڕادەستبوونە بە دووژمن و ئامانجەکانی، یاخود خەباتکردن ؟ ڕادەستکردنی میللەتە بە دوژمن یاخود ڕزگارکردنێتی ؟ جەنگی بەرگرییە یاخودی جەنگی ڕادەستبوون؟ بڕوانە بارودۆخی باشور لەسەردەمی جەنگی بەناو بەرگریی دا ، جەنگی کوردایەتیی دا.. بڕوانە بارودۆخی فەلەستیییەکان لە سەردەمی بزوتنەوەی چەکدارییانەوە تاکو ئێستا.
جەنگی بەرگریی جەنگی بەرگرییە لە کۆمێنێتییەکە لە لایەن خودی خەڵکەکەیەوە کە خۆبەخشانەیە، سوپای جەماوەری نانیزامییە ، کە لە لایەن حیزب و سەرۆکی عێل و تیرە و خێڵەوە کۆنترۆڵ ناکرێت ، سوپایەکن پیشەیان چەکداریی نییە بەڵکو بەرگری و پێشەوەچونی کۆمۆنێتییەکەیانە کە دوژمن هێڕشی ئابوریی و سیاسی و سەربازی دەکاتە سەر و کولتور و دەستکەوتەکانیان وێران دەکات . جەنگی کۆبانی و سەرەکانی شێوەیەك بوون لە جەنگی بەرگریی هەروەها بەرگری لە عەفرین گەر چی حیزب ڕۆڵی سەرەکی هەبوو .