Categories
English

بۆچی سەرمایەداریی لە قەیراندا نییە ؟

بۆچی سەرمایەداریی لە قەیراندا نییە ؟

10/06/2023

ئەوانەی لەناو چەپەکاندا کە باوەڕیان وایە کە سەرمایەداریی لە ئەزمەدایە دوو جۆرن:

یەك: ئەوانەن کە پشتیان  بە قسەکەی مارکس پرسە ئابوورییەکەی بەستووە.  دیارە لێرەدا ڕەخنە لە مارکس ناگیرێت و تانە و تەشە نییە بۆ ئەو، چونکە مارکس تەواوی پێشبینییەکانی ئایندەی کۆمەڵی لەسەر بنەمای شیکردنەوە و توێژینەوەی ئابووریی ، پیشەسازی ، کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی کردووە .

دوو: ئەو هاوڕێیانەن کە تەنها سیستەمی سەرمایەداری وەکو پێکهاتە ئابوورییەکەی دەبینن . ئەوان کە دەبینن لێرە و لەوێ چەند بانقێکی گەورە ، چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاح مایەپووچ دەبن ئیتر لای ئەوان  ئەوە دەگەیەنێت کە سەرمایەداریی لە ئەزمەدایە .

ئەو هاوڕێیانە ئەوە لەبیردەکەن کە سەرمایەداریی سیستەمێکی سیاسیی ، کۆمەڵایەتیی ، کولتوریی ، بازاڕیی، ڕۆسنبیریی و فەرهەنگییە هەر وەکو چۆن سیستەمێکی ئابوورییە ، بە هەرەسهێنانی لایەنە ئابوورییەکەی نەك هەر سەرمایەداریی دەڕوخێ بەڵکو زۆر باشتر  و بەهێزتر لەوەی پێشتری دروستدبێتەوە. نموونەش بۆ راستی قسەکەم ، دوای هەڵسانەوەی سەرمایەداریی لە ” قەیرانەکانی”. نموونەی نوێ  قەیرانە داراییەکەی 2008 ، دواتر ئەوەندە بە گوڕ و بەهێز هەستاوەتەوە کە  ژیانی ئێستامان خراپترە لە 2008.

گۆڕانی سەرمایەداریی لایەنە ئابووریییەکەی هەرگیز گۆڕانکاری ڕاستەقینە دروست ناکات تا ئەو کاتەی کار لەسەر ئەو لایەنانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان دەکرێت بە تایبەت فەرهەنگ و کولتورەکەیەتی کە مێشکمانی داگیر کردووە لەبری هاندانمان بۆ زرگارکردنی خۆمان ، بەکاری دەهێنین بۆ زیاتر کۆیلەبوونی خۆمان لە ماڵ و موڵک و ساماندا.

من چەند جارێک ئەوەم وتووە هەر کۆمپانیایەك لە دونیادا بەڕیوەبەرەکانی بەجێی بهێلێت و ڕێگا بدرێت کە خودی کرێکارەکان بەڕیوەی بەرن دوای ماوەیەکی کورت هەر لە نێو خۆیاندا بەڕیوەبەر و چاودێر هەڵدەبژێرن، جێگای ئیدارە کۆنەکە دەگرنەوە ، هەر ئاواش سیستەمی پشك پشكێنە و قازانجی بەرهەمەکانیان دادەهێننەوە بە گوێرەی بریاری خۆیان بەڕیوەی دەبەن و خەڵکانی نێو کۆمۆنێتییەکەی کە لێوەی هاتوون بێ سوود دەبکەن و ئەو خەڵکەش هیچ ڕۆڵێکیشیان نابێت لە بڕیارەکان و دابەشکردنی بەروبوومەکانیاندا.  هۆکارەکەش ئەوەیە هێشتا زهنییەتی کرێکارەکان هەر ئەوەی کۆنە و مێشکیان لە لایەن فەرهەنگ و کولتوری سەرمایەدارییەوە داگیرکراوە و لەو خووە و نەرێت و موڵکدارێتی و مولكپەرستیە ڕزگاریان نەبووە .

هەر ئاواش پێشتریش وتومە کە دەڵێن سەرمایەداری لە قەیراندایە ، یانی لاوازە و بەرەو لاوازی و تا ڕادەی داڕمان دەڕوات .  بەڵام ئەگەر لاوازە و لە قەیراندایە چۆن مێشکی بەڕێوەبەرانی ئەو سیستەمە کە هەرە کەمینەی خەڵکن کار دەکات و شەڕ و بێ  کاری و بێ خانوو بەرەیی و گرانی و تاوان و هەڵکەندنمان لە شوێنی خۆمان وزۆر نەهامەتی دیکەمان دەتوانن بۆ دروست بکەن و بماندەن بە شەڕی هەمە جۆرە بە یەکدیدا ؟

سەرمایەداریی ئەو کاتە لە ئەزمەدایە و لە ئەزمەدا دەبێت کە ئێمە خۆمان لە دەرەوەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕێکبخەین ولە هەوڵی گۆڕینی کۆمەڵدا بین ، بەڵام پێش ئەوە دەبێت لە هەوڵی گۆڕینی خۆماندا بین .  پۆلیسەکەی ناو مێشکمان بکوژین ، داب و نەرێت و خووی سەردەم لە خۆمان پاکبکەینەوە، هەڵپەی پارە و موڵکییەت و سامان لە خۆماندا ڕەتبکەینەوە ، پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان دروستانە و مرۆیانە بکەینەوە.  ئەو کاتە بەگژاچوونەوەی سەرمایەداریی زۆر ئاسانە و لە ڕاستیشدا لە ئەزمەدا دەبێت .  بەڵام ئستا ئەوە ئێمەین لە ئەزمەداین نەك سەرمایەداریی.    

Leave a Reply